$گرنگیی دامەزراندنی سندووقی خانەنشینی$
#هێڤیدار ئەحمەد#
#15-12-2021#
لە دەرەنجامی یاسای چاکسازیی ژمارە (2) ی ساڵی 2020 کە لە پەڕڵەمانی کوردستان دەرچووە و لە ماددەی (8) ی یاساکە باسی دامەزراندنی سندووقی خانەنشینی دەکات لە هەرێمی کوردستان. ئەمە هەنگاوێکی یەکجار گرینگە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە جێبەجێکردنی یاساکە هاوێشتی و سندووقی خانەنشینی دامەزراندن.
$بۆچی سندووقەکە دەبێت هەبێت؟$
سندووقی خانەنشینی مسۆگەرکردنی ژیانێکی سەربەرزانەیە بۆ هەموو ئەو کەسانەی دەگەنە تەمەنی خانەنشینبوون. بە گەورەترین سندووقی کۆکردنەوەی داهات لەسەر ئاستی هەرێم دادەنرێت و ئەوانەی سوودمەند دەبن لە داهاتی سندووقەکە، بۆ ئەوەیە لە کۆتایی تەمەنی خۆیاندا و دوای خزمەتی گشتی، بەبێ هیچ کێشەیەک مانگانە مووچە و شایستەی دارایی خۆیان وەربگرن.
$ئەرکی ئەم سندووقە چی دەبێت؟$
1. لەمەودا هەموو مانگێک بڕی ئەو پارەیەی لە مووچەی فەرمانبەران دەبڕدرێت لەسەر ناوی (خانەنشینی) بەگوێرەی یاسا بەرکارەکان کە دەتوانین بڵێین (7%) ی مووچەی ئیسمیی فەرمانبەرانە، لەو سندووقەدا هەڵدەگیرێت. تاوەکوو ئێستا لەبەر نەبوونی سندووقەکە، ئەو پارەیە هەڵنەدەگیرا و حکومەت لەسەر خۆی کردووەتە ماڵ و لە مووچەی گشتی، مووچەی خانەنشینی دەدرێت.
2. حکومەتی هەرێمی کوردستان مانگانە بۆ هەموو فەرمانبەرێکی (مەدەنی یان سەربازی) ئەوەی بە فەرمی مووچە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان وەردەگرێت، ڕێژەی 12%ی لە مووچەی ئیسمیی هەر فەرمانبەرێک هەڵدەگیرێت و دەخرێتە نێو سندووقەکە. واتە ئەو مووچەی ئێستا کە فەرمانبەر وەریدەگرێت هەر وەکوو خۆی دەمێنێتەوە، پێشتر حکومەت مووچەی داوە و (بە حیساب) خانەنشینیەکەی لێ بڕیوە و لای خۆشی لەسەر تەواوکردووە، کاتێک فەرمانبەر خانەنشین دەبێت، حکومەت مولزەم بووە خانەنشینییەکەی بداتێ.
3. ئەو پارانەی لە سندووقی خانەنشینی هەڵدەگیرێت، ئەنجوومەنی سندووقەکە دەتوانێت کاری وەبەرهێنانی تێدا بکات و داهاتی سندووقەکە زیاد ببێت.
4. هەموو ئەو هاوکاری و بەخشینانەی پێشکێشی سندووقەکە دەکرێت، لە ناوەوەی هەرێم یان لەدەرەوە بە ڕەزامەندیی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران دەخرێتە نێو سندووقەکە.
5. دەبێت زانیاریی تەواوی هەموو مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ڕادەستی سندووقی خانەنشینی بکرێت.
6. هەموو ئەو داهاتەی لەنێو سندووقەکەی هەیە، بۆ هیچ مەبەستێکی دیکە خەرج ناکرێت.
7. ژمێری سندووقی خانەنشینی دەکەوێتە بەر چاودێری و وردبینیی دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی کوردستان.
8. نزیکەی 20%ی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خانەنشینن، کە ژمارەیان دەگاتە دەوروبەری 250 هەزار خانەنشین.
9. مانگانە نزیکەی 21 ملیار دینار لە مووچەی مووچەخۆران (7%) مووچەی ئیسمی و 36-38 ملیار دینار کە دەکاتە (12%) مووچەی ئیسمی کە حکومەت لە ئەستۆی خۆی دەگرێت، دەخرێتە سەر حیسابی فەرمانبەر تاوەکوو خانەنشین دەبێت؛ کە خانەنشین بوو، مووچەی مانگانەی خانەنشینی خۆی وەردەگیرێت. واتە بەگشتی مانگانە (نزیکەی 60 ملیار دینار دەچێتە نێو سندووقی خانەنشینی) . ئەمە جگە لە هەر هاوکارییەکی دیکە کە بۆ سندووقی خانەنشینی دێت.
$مەرجەکانی خانەنشین بوون لە هەرێمی کوردستان:$
بەگوێرەی یاسای چاکسازی کە لە ساڵی 2020 لە پەڕڵەمانی کوردستان دەرچووە
یەکەم: هەر فەرمانبەرێک 15 ساڵ خزمەتی هەبێت و تەمەنی 45 ساڵ و بۆ سەرەوە بێت، ئەوا دەتوانێت بە ئارەزوومەندانە، واتە (ئیختیاری) خۆی خانەنشین بکات.
دووەم: هەر فەرمانبەرێک تەمەنی گەیشتبێتە (63 ساڵ) ، ئەوا بە ناچاری خانەنشین دەبێت.
سێیەم: هەر فەرمانبەرێک لە چ پلە و پۆستێکدا بێت، کاتێک خانەنشین بوو، ناتوانێت لە هیچ دامودەزگایەکی حکومەتدا، کار بکات و جگە لە مووچەی خانەنشینی، مووچەیەکی دیکە یان بڕە پارەیەکی دیکەی لەژێر هەر ناونیشانێک پێبدرێت، جگە لەو مووچەی خانەنشینییەی وەردەگیرێت، هەر بڕە پارەیەکی دیکەی بۆ خەرج بکرێت، بە نایاسایی هەژمار دەکرێت. مەبەست لەم بڕگە یاساییە لە یاسای چاکسازیدا، ئەوەیە کە لە هەرێمی کوردستان خەڵک خۆی خانەنشین دەکرد و بەناوی جیاجیا دیسان لە فەرمانگەکانی حکومەت دەوامیان دەکرد و مووچەیەکی دیکەیان وەردەگرت.
چوارەم: هەر فەرمانبەرێک تەمەنی گەیشتبێتە 63 ساڵ، بەڵام ساڵانی خزمەتی 12 ساڵ بن، واتە سێ ساڵ کەمتر بێت، لە ساڵانی خزمەت کە دەبێت 15 ساڵ بێت، ئەوا دەتوانێت لێبڕینی مووچەی سێ ساڵ لەسەر یەک بدات و وەکوو هەموو فەرمانبەرێکی دیکەی ئاسایی مووچەی خانەنشینی مانگانەی لەلایەن حکومەتەوە پێدەدرێت.
پێنجەم: ئەوانەی لە سەندیکا کاریان کردووە، وەکوو (پارێزەر، ئەندازیار، ڕۆژنامەنووس و ... هتد) ئابوونەی ساڵانەی خۆی دابێت، هەردوو مەرجی خاڵی یەکەم و دووەمی ئەم نووسینە بەشی مەرجەکانی خانەنشین بوون) بگرێت، ئەوا لێبڕینی 10 ساڵ دەداتە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشینی، وەکوو هەموو فەرمانبەرێک بە مووچەیەکی دیاریکراو خانەنشین دەبێت.
ئەمە وەکوو هەنگاوی یەکەم، کارێکی پیرۆزە لە هەرێمی کوردستان کرا، بەڵام بۆ ئەوەی کارەکە تەواوبێت، پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەندیکاکان پڕۆژەیاسایەک ئامادە بکەن بۆ پەڕڵەمانی کوردستان، کە ئەو کەسانەی لە کەرتی تایبەتیش کار دەکەن و مانگانە (لێبڕینی خانەنشینی) بدەن، لەو سندووقە سوودمەندبن و چیدیکە خەڵک چاوی لە دامەزراندن نەبێت، بۆ ئەوەی بڵێت: لەبەرئەوەی کەرتی گشتی (حکومەت) گرینگە، چونکە ژیانت مسۆگەرە و خانەنشین دەبیت. [1]