$شۆڕشی شوقەکان$
#هێڤیدار ئەحمەد#
#28-12-2021#
هەرێمی کوردستان لە قەیرانی نیشتەجێبووندا نییە تاوەکوو ئەو هەموو تاوەر و شوقانە درووستبکرێن! عەجاییب دەچییە هەر شەقامێک چەندین تاوەری لێ درووستدەکرێن.
وەبەرهێنان لە کەرتی نێشتەجێبووندا لە سەرەتای دەرچوونی یاسای وەبەرهێنان لە ساڵی 2006 لە پەڕڵەمانی کوردستان چارەسەری گرفتێک بووە، بەڵام ئێستا بەخۆی بووەتە گرفتێکی گەورە. وابڕوات وەک بڵقێک دەتەقێتەوە.
ئێمە لە هەرێمی کوردستان پێویستیمان بە بناخەی ئابووریی بەهێزە، پێویستیمان بە شۆڕشی پیشەسازییە، نەک شۆڕشی شوقە و تاوەرەکان.
ئێستا زۆربەی شوقەکان دەبینین کە تەواوبوونە، کەس نییە بچێتە ناویان، ئەمە جگە لەوەی ئەم هەموو پارەیە بە شوقە و پڕۆژەی نیشتەجێبوون دەدرێت، دەچێتە دەرەوەی کوردستان. پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون وەک ئیسفەنج پارەی ئەم هەرێمە هەڵدەمژن و دەیبەنە دەرەوەی وڵات. بەناوی ئەوەی درووستکەرانی پڕۆژەکان زۆربەیان لەدەرەوەی هەرێمی کوردستانەوە دێن و کەرەستەکانی هەر لەدەرەوە دێنن، ئەمەش وادەکات بە سەتان ملیۆن دۆلاری ئەم هەرێمە بچێتە دەرەوە.
$خۆمان بۆ 2030 ئامادە بکەین$
ئێمە لە بەردەم مەترسییەکی زۆر گەورەی ژینگەییداین. بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و تێکچوونی کەشوهەوا، باران کەمبوونەتەوە، دابینکردنی خۆراک کەوتووەتە بەر مەترسییەکی گەورە، لە 2030دا مەترسییەکی زۆر هەیە لەسەر گرانبوونی خۆراکە سەرەکییەکان، کە کەم و گران دەبێت.
70٪ی خاکی کشتوکاڵی ئێراق چیدیکە بەهۆی کەمبوونی ئاو، بەکارناهێت بۆ کشتوکاڵکردن و تووشی خوێبوون بووە.
لە هەرێمی کوردستان کەڵک لە ئاوی سەر زەوی نابینین و ئاوی ژێرزەوی دەردەهێنرێت. ئەمانە مەترسیی ڕاستەقینەن کە هەر ئێستا ئەگەر بە جیدی لەسەری نەوەستین، دوای 6 ساڵی دیکە، ڕووبەڕووی گەورەترین ئاڵنگاری دەبینەوە.
$خانوو و شوقە زۆرترینن$
بەگوێرەی بەدواداچوونێکی کاری پەڕڵەمانیم لەسەر ئەنجامدانی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان لە #01-08-2006# تاوەکوو #15-09-2021# لە هەرێمی کوردستان بایی نزیکەی 59 ملیار دۆلار بووەتە پڕۆژەی وەبەرهێنان.
تاوەکوو ئێستا هەر یەک لە کەرتەکانی (بازرگانی، پیشەسازی، تەندرووستی و بانکەکان و خزمەتگوزاری و گەیاندن و گواستنەوە و فێرکردن) لەکۆی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان 48.6٪ بووە. بەڵام تەنیا لە پڕۆژەی نیشتەجێبوون و گەشتیاری کە خانوو و شوقە لەخۆدەگرێت 51٪.
بە پارەش لە کۆی نزیکەی 59 ملیار دۆلار تەنیا 28 ملیار دۆلار بۆ کەرتەکانی (بازرگانی، پیشەسازی، تەندرووستی، بانکەکان، خزمەتگوزاری، گەیاندن، گواستنەوە و فێرکردن) بووە و 30 ملیار دۆلار بۆ پڕۆژەی نیشتەجێبوون و گەشتیاری بووە. تەنیا بۆ شوقە و خانووەکانی وەبەرهێنانی تێدا کراوە و زیاتر لە 17 ملیار دۆلار بووە!
لە ماوەی دوو مانگ دوای ئەم ئامارانە واتە تاوەکوو مانگی 11/2021 گوژمەی 225 ملیۆن دۆلار لە ڕێگەی دەستەی وەبەرهێنانەوە لەلایەن وەبەرهێنەرەکان مۆڵەتیان وەرگرتووە بۆ ئەنجامدانی پڕۆژە. لەو گوژمەیە 167 ملیۆن دۆلار بۆ پڕۆژکانی نیشتەجێبوون و گەشتیاری بووە.
$چی بکەین بۆ کشتوکاڵ و پیشەسازی؟$
زۆربەی ئەوانەی سوودمەندن لە پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون کە لە ڕێگەی وەبەرهێنان درووستکراون، خەڵکی دەوڵەمەند بوون نەک ئەوانەی کەمدەرامەتن. ئەوە بابەتێکی دیکەیە قسەی لەسەر بکەین، من لێرە تەنیا باسی پڕۆژەی ستراتیژیی ئابووری دەکەم کە بناخەکەی لە هەرێمی کوردستان بەهێز نییە.
پێویستە حکومەت باشترین ئاسانکاری بۆ ئەو وەبەرهێنەرانە بکات کە لە کەرتەکانی (کشتوکاڵ، پیشەسازی و بازرگانی) دا وەبەرهێنان دەکەن. بە پێدانی موڵک، دابەزاندنی نرخی کارەبا، کەمکردنەوەی ڕسومات، باج و گومرک، تاوەکوو ئەم کەرتانە پێشبکەون و لەسەرپێی خۆیان دەوەستن. حکومەت دواتر لەو هاوکارییانە زۆر زیاتری دەستدەکەوێت، وەک:
1. درووستبوونی بناخەی ئابووری
2. زیادبوونی بەرهەمی ناوخۆ
3. دۆزینەوەی دەرفەتی کار
یەکێک لە پێوەرەکانی ئەوەی بزانی ئەم هەرێمە یان ئەم دەوڵەتە لە چ کەرتێکدا پێشکەوتووە، یەکسەر داوا لە وەزارەتی کارەبا دەکرێت. زۆرترین پێدانی کارەبا بۆ چ کەرتێکە؟ لە ڕێگەی پرسیاری پەڕڵەمانی بۆ وەزارەتی کارەبا کە کارەبا چەند و چۆن بەسەر کەرتەکاندا دابەشبووە؟ وەڵامەکە سەرسوورهێنەرە!
بازرگانی 6.5٪
پیشەسازی 22٪
کشتوکاڵ 2.5٪
میری (حکومەت) 7٪
ماڵان 62٪
واتە هەر سێ کەرتی سەرەکی بۆ پێشخستنی وڵات کە خۆی لە (کشتوکاڵ، پیشەسازی و بازرگانی) دا دەبینێتەوە 31٪ی کۆی کارەبای هەرێمی کوردستان دەبەن، فەرمانگەکانی حکومەت و ماڵەکانیش 69٪!
دڵنیام دوای ئەو هەموو پڕۆژانەی ئێستا لە بواری جێبەجێکردندان لە شوقە و خانووەکان، بەرهەمهێنانی کارەبا بۆ ماڵان زۆر زیاتر دەبێت و کاریگەریی دەکاتە سەر پڕۆژەکانی دیکەی پێشخستنی وڵات کە کشتوکاڵ، پیشەسازی و بازرگانی دەگرێتەوە. [1]