$دیوی دووەمی بودجە$
#یاسین مەحمود#
#10-04-2021#
دوای چەندین سەردان و دەیان کاژێر لە گفتوگۆ و دانووستاندن، دوا جار هەرێمی کوردستان و بەغدا ڕێککەوتن و پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی ئێراقدا جێگیر کرا کە بودجەی گشتیی ئێراق بۆ ساڵی 2021 زیاتر لە 164 تریلیۆن دینارە، بە کوورتهێنانەکەیشیوە پشکی هەرێمی کوردستان لە پڕۆژە یاساکەدا 13 ترلیۆن و 904 ملیار و 12 ملیۆن و 452 هەزار دینارە کە دەکاتە ڕێژەی 12، 67٪ی کۆی گشتیی بودجە.
ئەوەیش لە کاتێکدایە کە دەبێت هەرێمی کوردستان نزیکەی 250 هەزار بەرمیل لە نەوتەکەی بەنرخی سۆمۆ لەگەڵ نیوەی داهاتیدا ڕادەستی ناوەند بکات. بەو پێیەیش هەرێمی کوردستان پشکی مانگانەی لەم بودجە زەبلاحەدا لە چاو ساڵانی تردا زۆر کەم دەکات، بەڵام کاتێک سەیری
دیوی دووەمی بودجەکە دەکەین، هەرێمی کوردستان دەتوانێت دەرفەتی گەورە بۆ خوی دەستەبەر بکات کە ڕێخۆشکەرە بۆ ئەوەی لەدوای جێبەجێکردنی ناوەرۆکی یاسای بودجە، حکومەتی هەرێمی کوردستان جارێکی تر چانسی باش بەدەستبهێنێت و قەرەبووی نەهامەتییەکانی حەوت ساڵی ڕابردووی قەیرانە یەک لەدوای یەکەکان بکاتەوە. ئەویش ئەگەر کۆرۆنا و وشکەساڵی بەرۆکی هەرێمی کوردستان و حکومەتەکەی بەر بدەن.
ئێستا کە نرخی نەوت بەرەو هەڵکشانە و ئەگەر بەو شێوازەی ئێستای لە بازاڕەکانی جیهاندا بەرزبوونەوە بە خۆوە ببنێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان دەتوانێت لە ڕێگەیەوە پاڵپشت بەوەی دەستی دەکەوێت و ئەوەیش کە لەدوای ڕێککەوتنی لەگەڵ بەغدا وەک بەشە بودجە دەگاتە دەستی، چاکسازییەکانی چڕتر بکاتەوە و چاوێک بە یاساکانی پاراستنی بەرهەمە خۆماڵییەکان و وەبەرهێنان و یاسای فلێزی و لافلێزی و کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتیدا بخشێنێتەوە.
هەر لە سۆنگەی لێکەوتەکانی دوای جێگیرکردنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستانەوە، گرنگە چاودێریی دۆخی بازاڕ و پڕۆژەکان زیاتر بکات، بەتایبەتی کەرتەکانی پیشەسازی و گەشتوگوزار و کشتوکاڵ پلانی تۆکمەیان دەوێت کە گرنگە حکومەت لەم لایەنەوە ڕۆڵی زیاتر بە وەبەرهێنەری خۆماڵی بدات.
کارێکی تر کە هەرێمی کوردستان دەبووژێنێتەوە و دوای قەیران و نەهامەتییەکانی سەرپێی دەخات، هاوتەریب لەگەڵ هەوڵەکانی تری، ڕاکێشانی سەرمایەی دەرەکییە کە ئەمە دەبێت کاری لەپێشینەی ئەنجوومەنی باڵا و دەستەی وەبەرهێنان بێت. هەرورها وەبەرهێنانی سەرەکیمان لەو کەرتانە ببێت کە لە سەرەوە ئاماژەم پێداون، ئەم هەوڵەیش بە هەوڵی جیددیی حکومەت لە کەمکردنەوەی ڕۆتین و ڕایکردنی مامەڵەی وەبەرهێنەران و پێڕەوکردنی سیاسەتی یەکپەنجەرەدا بەتینتر دەبێت کە ئەم کابینەی حوکمەت زۆر بانگەشەی بۆ دەکات.
کاتێک بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان دەگات، پاڵپشت بە داهاتی ناوخۆ و ئەوەی کە لە فرۆشی نەوت دێتەوە خەزێنەکەی، گرنگە پڕۆژە وەستاوەکان بەگەڕ بخرێنەوە و داهاتووبینی بۆ پڕۆژەی ستراتیژییش بکرێت، مووچە لە کاتی خۆیدا بەبێ لێبڕین بدرێت. باشتر وایە کە سەرۆکایەتیی حکومەت دەسەڵاتی زیاتر بداتە پارێزگارەکان بۆ پڕۆژەی هەر پارێزگایەک، بەڵام گەرەنتی بکرێت کە ئەو دەسەڵاتە بۆ بەرژەوەندیی تایبەتی بەکارنەهێنرێت.
ئێمە لە یەکێتیی وەبەرهێنەرانی کوردستان کاتێک سەیری دیوی دووەمی پڕۆژەیاسای بودجە دەکەین، لە هەموو کەس زیاتر هەست بە دەستکەوت و سەرکەوتنی هەرێمی کوردستان دەکەین، ئەگەر ئەم خاڵانەیش لەبەرچاو بگرین، بە ڕەچاوکردنی ڕێکارەکانی خۆپارێزی:
1- ئاسانکاری بۆ هاتنی گەشتیاری شارەکانی ناوەڕاست و خوارووی ئێراق بکرێت
2-ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانمان لەگەڵ ناوەند بۆ بەرژەوەندیی هەرێمەکەمان بێت تا بتوانین هەناردەمان زیاد بکەین و هاوردە کەم بکەینەوە، ئەوەیش لە ڕێگەی بایەخدان بە پیشەسازی و بەرهەمی کشتوکاڵیمان.
3- زیاتر ڕێگە خۆش بکەین ئاسانکاری بکرێت بۆ هاووڵاتییانی شارەکانی تری ئێراق تا بتوانن بە ئاسانی یەکەی نیشتەجێبوون لە شارەکانی هەرێمی کوردستان بکڕن کە زیاتر لە 100 هەزار خانوو و شوقە لە پڕۆژە نیشتەجێبوونەکاندا مۆڵەتیان وەرگرتووە و پێویستیان بە بازاڕکردنە.
4- حوکمەت بە فەرمی سەرمایەدار و وەبەرهێنەرەکانی ئێراق بەگشتی بانگهێشت بکات و بۆ مەبەستی بەگەڕخستنی سەرمایەکانیان و جێبەجێکردنی پڕۆژەی جۆراوجۆر هانیان بدات.
بەم شێوازە دەتوانین جووڵەی بازاڕ و پڕۆژەکانمان زیاد بکەین و چەندین ملیاری تری بوجەی ئێراق ڕابکێشینە هەرێمی کوردستان و سەتان هەلی کاربەدەستبهێنین.
بەڵام لە بیرمان نەچێت، ئەگەر بەرپرس و کۆمپانیا حیزبییەکان ئەم ماوەیە کەمێک ڕەحم بە بازاڕ نەکەن، بە تایبەتی دەبێت کەرتەکانی پیشەسازی و گەشتوگوزار و کشتوکاڵ هێڵی سوور بن بۆ دواکردنی پشک کە گرنگە حکومەت لەم لایەنەوە جیاوازی نەکات و
بە هاوسەنگی ڕۆڵ بە هەمووان بدات، ئەگەر نا نەک ئەم چانسەیشمان لە دەست دەچێت، بەڵکوو ڕێسەکەیشمان دەبێتەوە بە خوری. [1]