$پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون و پاشەکشێی بازاڕ دۆخی ئابووریی کوردستان ناسەقامگیرتر دەکەن$
#یاسین مەحمود#
#28-04-2023#
ئاشکرایە کە پڕۆژەکانی وەبەرهێنان گەشەیەکی بەرچاویان بە ئابووریی هەرێمی کوردستان داوە و هۆکاربوون بۆ بووژانەوە و سەرپێکەوتنی پڕۆسەی ئاوەدانی، بەتایبەت پڕۆژە نیشتەجێبوونەکان کە بەشێکی سەرەکیی پڕۆژەی وەبەرهێنانن و لە ماوەکانی ڕابردووشدا خواستێکی زۆریان لەسەر بووە، بەڵام سەروەخت لەگەڵ سەرهەڵدانی قەیرانەکان بەراورد بەو ڕابردووە پڕ جووڵەیەی کە هەبوو، بازاڕی یەکەی نیشتەجێبوون پاشەکشەیەکی زۆری کردووە و بە ڕێژەیەکی گەورە خواستی هاووڵاتییان بۆ ئەم سێکتەرەی وەبەرهێنان کەمیکردووە، ئەویش بەهۆی کاریگەریی نەرێنی دۆخە جیاوازەکان، کە لە خوارەوە ڕوونیان دەکەینەوە کە هەندێکیان هۆکاری سیاسی یاخود ئابوورین، بەڵام هەندێکیان ڕاستەخۆ پەیوەندییان بە خودی پڕۆژەکان و وەبەرهێنەرانەوە هەیە ئەوانیش:
ڕێکخستنی زەمینەیەکی لەبار و ئاسان لەلایەن حکومەتی ناوەندی بۆ وەبەرهێنەر و پڕۆژەکانی وەبەرهێنان لەنێوەڕاست و خوارووی ئێراق و پشتگیریکردنیان بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەی نیشتەجێبوون و پێدانی قەرزی ئاسانکاری، کە فاکتەرێکی کاریگەر بووە وەبەرهێنەران بەهۆیەوە ڕوو لە پارێزگاکانی نێوەڕاست و خوارووی ئێراق بکەن بۆ بوونیادنانی پڕۆژەی نیشتەجێبوون، لە ئەنجامی ئەو ئاسانکارییانەی بۆیان دەکرێت وەبەرهێنەران دەتوانن پڕۆژەکانیان بە کوالێتییەکی باش و قیستی درێژخان جێبەجێ بکەن ئەمەش هۆکارێکی سەرەکییە بۆ زیادبوونی خواستی هاووڵاتییان لە ناوەڕاست و خوارووی ئێراق لەبەرانبەریشدا کەمبوونەوەی خواست لەسەر یەکەی نیشتەجێبوون لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان.
2. نەناردنی شایستە داراییەکان و بەشە بودجەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی ناوەند کە ئەمەش بووتە هۆی کوورتهێنانی بودجەی هەرێمی کوردستان و کەمبوونەوەی نەختینە لە بانکەکاندا کە بارگرژییەکی ئابووریی هێناوەتە کایە و کاریگەریی خراپی درووستکردووە لەسەر ڕەوشی وەبەرهێنان بە گشتی و پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون بە تایبەتی، لەبەرئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەهۆی کەمیی بودجەوە نەیتوانیوە پێشینە و شایستە داراییەکانی وەبەرهێنەران خەرج بکات و مافەکانی فەرمانبەرانی حکومەت وەک پێویست بدات، کە ئەمەش بووەتە هۆی زیادبوونی بێکاری و سستیی بازاڕ و کەمکردنەوەی خواستی بازاڕ بە گشتی و پڕۆژە نیشتەجێبوونەکانی وەبەرهێنان بە تایبەتی.
3. یەکێک لە بنەماکانی گەشە و پێشکەوتنی ئابووری بە گشتی و پڕۆژەکانی وەبەرهێنان بە تایبەتی، بە دیاریکراوی سێکتەری نیشتەجێبوون بریتییە لە سەقامگیری و ئاساییشی سیاسی، بەڵام نائارامی و ململانێی سیاسی لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان لەلایەک و کێشە و گرفتەکان لەگەڵ حکومەتی ناوەند لەلایەکی دیکەوە سەرباری کێشە و گرفتە ئابوورییەکان هۆکارێکی زۆر کاریگەربوون بۆ نەهێشتنی متمانەی وەبەرهێنەران و پاشەکشەی بازاڕی یەکەی نیشتەجێبوون و کەمبوونەوەی خواست لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان.
4. وەستان و ڕاگرتنی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی ناوەندەوە هۆکارێکی دیکەی دابەزینی ئاستی بازاڕی یەکەی نیشتەجێبوونە.
5. زۆریی مۆڵەتپێدانی پڕۆژەی نیشتەجێبوون و بێ بەرنامەیی لە هەڵنەسەنگاندنی ئەو وەبەرهێنەرە نوێیانەی داوای مۆڵەت دەکەن، ئەمەش ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە کوالێتیی پڕۆژە نیشتەجێبوونەکانەوە هەیە لەبەرئەوەی کاتێک وەبەرهێنەرێکی بێ ئەزموون مۆڵەتێک بەدەست دەهێنێت، بێگومان کوالێتیی پڕۆژە نیشتەجێبوونەکەشی نزم دەبێت و لە ئاست داخوازی و ویستی هاووڵاتییاندا نابێت، بەمەش پاشەکشە لە بازاڕی یەکەی نیشتەجێبوون دێنێتە کایەوە.
6. زۆربەی پڕۆژە نیشتەجێبوونەکان تێچوویان زۆرە، ماوەی گێڕانەوەی قیستەکانیان زۆر کوورتن و لە (3 بۆ 5) ساڵ زیاتر نین، ژمارەیەکی کەم لە هاووڵاتییان لە توانایاندا بەشداری لەم پڕۆژانەدا بکەن بە واتایەکی دیکە خواست لەسەر ئەم پڕۆژانە کەمە بەگشتی دەبێتە هۆی داکشانی بازاڕی یەکەی نیشتەجێبوون، بۆ چارەسەرکردنی ئەم لایەنەش پێویستە هانی وەبەرهێنەران بدرێت پشتگیرییان بکرێت تاوەکوو پڕۆژەی نیشتەجێبوون بە قیستی درێژخایەن بفرۆشن بە جۆرێک کە نرخی یەکەکان لە ماوەی (10 بۆ 15) ساڵ لە بەشداربووان وەربگرنەوە، بەم هۆیەشەوە زۆربەی چین و توێژەکانی کۆمەڵگە دەتوانن بەشداربن کە ئەمەش دەبێتە هۆی زۆربوونی خواست و دواجار بووژانەوە و هەڵکشانی بازاڕی یەکەی نیشتەجێبوون.
7. گرانیی بەدەستهێنانی ڕەزامەندیی مانەوە (إقامە) لەلایەن هاووڵاتییانی نێوەڕاست و خوارووی ئێراق و تەنانەت خەڵکانی بیانی کە کاریگەرییەکی گەورەیان هەیە لەسەر بازاڕی یەکەی نیشتەجێبوون لەبەرئەوەی زۆرینەیان خوازیاری کڕینی یەکەن لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، بەڵام بەهۆی بەدەستنەهێنانی ڕەزامەندی مانەوە ناتوانن یەکە بکڕن.
8. ناسەقامگیریی بەهای دیناری ئێراقی بەرانبەر دۆلار و زۆربەی دراوەکانی دیکە بە گشتی هۆکارێکی دیکەی سستبوونی بازاڕن لە هەرێمی کوردستان، سەرەڕای دیاریکردنی نرخەکەی، بەڵام تاوەکوو ئێستا نرخی دینار بەهاکەی لە بازاڕدا کەمترە لەو نرخەی لەلایەن بانکی ناوەندیی ئێراقییەوە دیاریکراوە کە سەرئەنجام ئەمەش پشێویی بازاڕ و دابەزینی خواستی هاووڵاتییانی بەدوای خۆیدا هێناوە و کاریگەریی خراپی لەسەر بازاڕی یەکەنیشتەجێبوونەکان درووستکردووە.
9. ڕوودانی بوومەلەرزە کارەساتبارەکەی وڵاتی تورکیا کە بووە هۆی داڕمانی چەندین باڵەخانەی نیشتەجێبوون ترس و دوودڵی درووستکرد لای هاووڵاتییانی ناوچەکە و هەرێمی کوردستان بە تایبەتی بە جۆرێک کە خواستیان بۆ کڕینی شوقە کەمبووەتەوە.
10. هەبوونی ئارەزووی زیاتر بۆ نیشتەجێبوون لە ڤێلا و خانوو لە جیاتی (شوقە) لەلایەن هاووڵاتییانەوە کە ئەمەش کاریگەریی نەرێنی هەیە لەسەر کەمیی بازاڕی یەکەی نیشتەجێبوون بە گشتی لەبەرئەوەی زۆربەی پڕۆژە نیشتەجێبوونەکانی وەبەرهێنان لە ئێستادا بە شێوازی ستوونی (شوقە) جێبەجێ دەکرێن.
لە کۆتاییدا پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان بیر لە چارەسەرێکی بەپەلە بکاتەوە، ئەو پاشەکشێیەی کە
لە ماوەی ڕابردوودا تەنیا خۆی لە 20% بۆ 25% دەبینێتەوە، دوور نییە نەبێتە هەرسهێنانێکی گەورە بۆ ئەم سێکتەرە کە لە ئێستادا بەهای نزیکەی 10 ملیار دۆلاری تێدا بەگەڕخراوە.
ڕوون و ئاشکرا دیارە کە بەهۆی پاشەکشێی ئەم کەرتە داهاتی ناوخۆیی و نانەوتی هەرێمی کوردستانیش ڕووی لە دابەزین کردووە و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ڕوو لە کەمی دەکات، لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، سەدان و بگرە هەزاران هەلی کار لەدەستدراون و دەستی کاری ناوخۆ بێکار و جووڵە ماونەتەوە و بوونەتە بارگرانییەکی دیکەی سەر بازاڕی کاری ئەم هەرێمە. [1]