ناونیشانی بابەت: جلوبەرگی ڕەسەنی ژنانی کوردی ئێزدی
ئامادەکردنی: #سەوسەن سنەیی#
جلوبەرگی ڕەسەنی #کورد#ی، وەک ھێما و پێناسەیەکی کولتووری گرنگە بۆ ناسنامەی نەتەوەییمان. لە ھەر شوێنێکی کوردستان بیت، دەتوانین بەھۆی جلوبەرگەوە کولتوور و کەسایەتیی ئەو ناوچەیە دیار بکەین.
جلوبەرگی ژنانی #ئێزدی#ش تایبەتمەندیی خۆی ھەیە، سەرباری بەکارھێنانی دیزایینی کوردیی ڕەسەن، ھەندێک ئایکۆنی ئایینییش بەکار دەھێنن. ژنانی ئێزدی چەند جۆرێک جلوبەرگیان ھەیە و بەپێی ھەڵکەوتەی جوگرافییان دەگۆڕێت، بەتایبەتی جلوبەرگی شنگالی و مەرگە و دنانی، کە سێ جۆری جیاوازن، بەڵام بەگشتی ڕەنگی سپی وەک ھێمایەک بۆ پاکێتی بەکار دەھێنن و کۆمک و ڕەشک لەسەر دادەنێن، کە بە سیمبول و زۆر وردەکارییەوە ڕازاوەتەوە، جگەلەوەش، دوو کەزی بۆ جوانیی دەخەنە دەرەوە، ھەروەھا بەروانکە، یان کۆڵوانەی ژنی ئێزدی زۆر گرنگە، زۆربەی ژنانی شنگالی کۆڵوانەکانیان لە خوریی سپی درووست دەکەن، بەڵام ژنانی مەرگە و ناوچەکانی شێخان و باشیک کۆڵوانەی ڕەنگاوڕەنگ و کراسی ڕەنگاوڕەنگیش دەپۆشن، ھەروەھا ژنانی شنگالی پشتێن دەبەستن و ڕەنگی پرتەقاڵی لەسەرسپی بەکار دەھێنن، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ گوڵی بەیبوون، کە لە ناوچەکانیان زۆرە.
بە شێوەیەکی گشتی، جلوبەرگی ژنانی ئێزدی ڕەنگیان سپی و سوورە، جگەلەوەی ڕەشک لەسەر دەکەن، کە ڕەنگەکەی ڕەش و خۆڵەمێشییە. لە کۆندا ئەگەر ئافرەتی ئێزدی ڕەشک و مێزەری لەسەر بوایە، مانای وابوو شووی کردووە، بەڵام ئێستا کچانیش لە بۆنەکانیاندا لە سەری دەنێن.
بەگشتی، سەرپۆشی ژنانی ئێزدی ڕەنگی سپییە و ھەندێکیان سپییەکی شیرییە، ئەمەش جیاوازیی ناوچەکانی ( وەلاتی) و (شەمالی) دەردەخەن. ھەروەھا گرنگییش دەدەن بە ڕەنگەکانی دیکە، جگە لە ڕەنگی شین، کە ڕەنگێکی دڵخواز نییە بۆیان و پێیان وایە ڕەنگی ئاسمانە و شین و ناخۆشیی بۆیان دەھێنێت.
جلوبەرگی ئێزدی مێژوویەکی کۆنی ھەیە و لە زۆربەی پاشماوەکانی سۆمەرییدا، کە ھێمان بۆ شارستانێتیی ناوچەکانیان، جلوبەرگی ئێزدی دەبینرێت، ئەمەش گەواھیی ئەوەمان بۆ دەدات، کە جلوبەرگێکی ڕەسەن و کۆنی کوردە و تا ئێستاش ژنانی ئێزدی دەیپارێزن و لە بۆنە و ڕێوڕەسمە ئایینییەکانیان دەیپۆشن.
$سەرچاوە: $
* پەڕتووکی ( ھونەری پیرۆز) ، نووسینی: حەمە ھاشم - 2019 .. بڕوانە لاپەڕە 83- 88.
* زانیاریی مەیدانی.[1]