نامەی عەبدوڵڵا #گۆران# بۆ #پیرەمێرد# .
ئوستادی موحتەرەم!
ڕەنگە لە بیریشتان چووبێت: ھاوینی ڕابردوو لە دووکانی حەماغای عەتتار، بە مولاقاتێکی بچووکتان، فەیزی گەورەم چنگ کەوت بەرانبەر بە مەلەکەی شیعرم، لە زیمنی تەشویقا موتەفائیل دیار بوون. ھەرچەن ئەم ئیلتیفاتەم حەرفیەن بەجدی وەرنەگرت، بەڵام چونکە لە شەخسیەتێکی سەڵاحیەتدار و تەجروبەدیدەی شیعرەوە سادیر بووبوو، حاشا ناکەم، قووەتێکی موئەسسیری بە ھیوام بەخشی. زاتەن پێش ئەوەی مەفتوونی (پەریی شیعر) بووم، ئینجا بە ھەموو ئیشتھایەکەوە، تێی ئاڵام (یاخۆ لەشێکی ئەسیری ئاڵام، کە ھەر ساتە بە ڕەنگێک، لە شکڵی ئەوا، دێتە پێش چاوم..)
حاسڵی، چ ئەو بێت، چ شەیتانێک لە شکڵی ئەوا، بەرانبەر بە خوێنێکی زۆری جگەرم دڵی نەرم بووە. چەند جارێک خۆی ڕادەست کردووم.. بەری ئەم عیشقە ئاگرینە چەند ڕۆڵەیەکە، ھیچیان لە ھیچیان ناچن و ھەریەکە خوێنێکی جیاوازیان بە لەشا ئەگەڕێت. بەعزێکیان دڵۆپێک چییە خوێنی کوردیان تیا نییە، بەڵام کەم و زۆر جەریانێکی پەریی پەتی لەناو دەماریانا ھەیە، بەعزێکیشیان بە عەکسەوە..
لەم ڕۆژانەدا، لە دەمی خۆرکەوتنا، لەناو مەنزەرەیەکی جوانی بەھارا، ئاخر بێچوومان ھاتە دنیا، بە خوێن، بە کاڵا، بە باڵا، لە بەچکەی کورد، لە ڕۆڵەی پەری ئەچوو.. لە خۆشیانا وەختە بوو گەشکەم پێ بگات.. نەختێک یان گەلێک لاواز بوو مع ما فیهی لاوازی لای من مەتڵەب نەبوو. من تەلیسمی سکوزای شیعرم ئەویست، شیعری کوردیم بۆ ساغ بێتەوە.
ئا بە شەوقی ئەم ئاوات و ئەحلامە شیرینەوە کە لەپاش تاریکستانی گومڕایی وەک نووری ئیمان، ڕۆحی لە ئەشکەنجە ئازاد کردم؛ کەوتمە ناو کۆڵانەکانی ھەڵەبجە.. بەتەما بووم شەھادەتنامەی جنسییەت، بۆ ئەم جگەرگۆشە عەزیزەم بە ھەیئەتی ئیختیاری (وڵاتی خەیاڵ) تەسدیق بکەم..
ھەیھات! ھەیئەتی ئیختیاریە، بە جلی بێگانە وە نەبێ، پەریزادە ناناسنەوە.
وتیان: پۆیلانەی موتەنەبی و مەعەرریی عەرەب، موجەوھەراتی حافز و سەعدیی عەجەم، متوموورووی نەفعی و باقیی تورکی پێوە نییە. لەبەر ئەوە، تەبیعی، لە ڕەونەق و جازیبەی جەمال، مەحروومە. ئەتوانین بڵێین، ھیچ وێنەیەکی لە پەریی شیعر و خەیاڵ ناچێ، ھەروا سەرم سوڕما.. چەن جارێکی تر، بە سکەی قەڵب و ناڕەواج، بە دراوی بێگانە ئەشهەدوبیللام لەم زاتانە کڕیوە نازانم ئەوان سکەی ساغ ناناسن یا من حەقایەق پێچەوانە وەرئەگرم..
بەشکوو ئەوان موصیب بن! بەشکوو من عیللەتێکی نەفسیم لەگەڵ بێت، سەلامەتیی فیکر و زەوقی تێک دابم! بەشکوو من لە ڕێگەی زەلالەت بم..
شەیتانێکی فاحیشە، بە عیشقێکی حەرام، بە عیشقێکی سەفیلی مەلووس ئیغوای کردبم؟!
ئەفسووس.. عومری جوانیم بە خەسار گیرا لەپێناوی عەشقێکا کە مایەی ھەیکەلی موقەددەسی خاتیرەی حەرامزادەیەک دەرچوو!.. بەدەم ئەم چەشنە موجادەلەوە لە بەینی یەئس و تەڕەدووددا بیابانی خەیاڵم گرتە بەر، نازانم کەمم پشکنی، زۆرم پشکنی، ئەوەندە ئەزانم لەپڕ بەرانبەر بە مەنزەرەیەکی عولووی حەپەسام.. لە جێی خۆم ھەر وەک مێخ داچەقیم.. لەسەر یاڵێکی بەرزی سەوز، پڕ گوڵاڵە، داوێن دارستان، لەژێر سێبەری ڕەنگاوڕەنگی چەن پەڵەھەورێکی تەنک تەنکا، دەروێشێکی نوورانی بەرانبەر بە ڕۆژ ڕاوەستابوو.. پڕ بە دۆڵەکەی بەردەمی کە چەمێکی گەورەی پێچپێچۆکەی ھاژەھاژ پیا ئەکشا، پەپوولەی ھەزار تەرحە ئەجریوایەوە، ھەزاران بێچووە پەری، بە دەوروپشتی سەریا، ھەڵفڕیان بوو، کە ھەریەکەیان ئەوەندەی کۆترێکی تەقڵەباز ئەبوون، بەڵام گەلێ جوانتر بوون، ورشەورشی پەپوولەیان گەلێ زیاتر بوو، دەستی ڕاستی، عاسایەکی پرشنگاوی درێژی پێ گرتبوو.
بە دەستی چەپیش، دڵێکی لاوی خوێنگەرم و پڕ نەبزی، بە سنگی خۆیەوە نووسانبوو پرچێکی خاوی درێژ، وەک چۆڕی شیر، بە سەر شان و ملیا پەخشان بووبوو.. ڕیشێکی سپی سپی سەرسنگی، لەگەڵ بەشێکی زۆری دڵە جوانەکەی، باوەشی داپۆشیبوو.. دەستی عاساکەی لێ ھەڵتەکانم.. بە ھەڕاکردن ملم نا بۆ لای.. لە پاش زیارەتی داوێنی کەوڵەکەی بە خوشووعێکەوە پرسیم: قوربان! بێئەدەبی نەبێ ئێوە کێن؟ بە زەردەخەیەکی شیرینەوە جوابی دامەوە: قەلەندەر*
ناسیم.. ئیتر حاجەت نەما بپرسین: لە مەعنای عاساکەی دەستی، دڵە تازەکەی باوەشی، ڕاوەستانی لەناو ئەم مەنزەرە شاعیرانەدا.. گورج پەلی ھەتیوە بەدبەختەکەم گرت و فڕێم دایە بەر پێی.. دەستم کرد بە باخەڵما، سوڕەتی شەھادەتنامەکەم دەرھێنا کە ئیمزا نەکرابوو و تەقدیمم کرد.. بەئیسرارێکی ئیستیڕحامکارانەوە دەستم کرد بە ڵاڵانەوە:
(توو ئەم جێگا موقەددەسە! توو ئەو شیعارانەی بە ھەردوو دەست گرتووتن! ھەرچی ڕاستە ئەوەم پێ بڵێ..
ئەم ھەتیوە، حەڵاڵزادەیە یا حەرامزادە؟ ئەگەر حەڵاڵزادەیە با نەجاتم بێت لە دەست ئەشکەنجەی وەسوەسە، ئەگەر حەرامزادەشە، با جەرگی دایکە فاحیشەکەی بسووتێنم، زیندەبەچاڵی کەم!...)
لەو حەلەوە، بە ئاگری چاوەنواڕی ئەتوێمەوە: ئاخۆ کەی بێ، حووکمی قەتعی، لە قەلەندەری موحتەرەم ببیەم؟
عەبدوڵڵا سلێمان
هەڵەبجە، 04ی نیسان، 1932
ئەرشیفی: ئومێد ئاشنا (1945 2000)
نوێژەنکردنەوەی ڕێنووس: زیاد ئەسعەد**
* قەلەندەر، مەبەستی پیرەمێردە.
لێرەدا گۆران هێشتا نازناوی گۆرانی بۆ خۆی هەڵنەبژاردووە بۆیە بە ناوی خۆی، عەبدوڵڵا سلێمان، نامەکەی ناردووە. ساڵانی دواتر هەر بە گۆران، یان عەبدوڵڵا گۆران نامەی بۆ دۆستانی دەنووسی.
** ئەم نامەیە پێشتر #ئومێد ئاشنا# (1945 2000) بڵاوی کردبووەوە، بەڵام پڕ بوو لە هەڵە. وشە عەرەبییەکان بە کوردی ڕێنووس نەکرابوون. شێوەیەکی ترم دیت کە چەند وشەیەکیان لێ گۆڕیبوو، ئەویش سەرجەمیان هەڵە داکەوتبوون. بۆ نموونە، عطار، کە دەبێتە عەتتار، بە عەگار نووسرابوو؛ ضمن، کە دەبێتە زیمن/ زێمن، بە چمن نووسرابوو؛ اثیر، کە دەبێتە ئەسیر، بە ئەپیر نووسرابوو و ئیدی ئاوا. [1]