پەڕتووکی ژووری ژنە ڕووتەکان؛ چاوە شاراوەکەی پیاوی کورد
لەنامیکەی ژووری ژنە ڕووتەکاندا، (#پێشڕەو عەبدڵڵا#) لە پێشەکیی نامیلکەکەدا دەڵێ:
مەبەستمانە سەفەرێک بەنێو جیهانە شاراوەکەى دەروونماندا بکەین. لەبەر ئەوەی بە بێ ناسینى ئەم جیهانە پەنهانە، ئەگەرى گەورەبوونى ڕۆحى و مەعنەوى لە دەروونى تاکى کورددا، وەک شیانێکى بەدەستنەهاتوو دەمێنێتەوە. گەورەنەبوونى لایەنى مەعنەوى تاکى کوردى و ئەو باوەشکردنە قایمەى دەیکات بە جیهانى ڕۆژاوادا و ئەو بەڕەڵابوونەى تووشى دێت، کاتێک بەتەنیا سەفەر دەکات یان کاتێک ئەو چاوە چاودێریکەرەى لەسەر لادەچێت یەکڕاست دەبێتەوە بە کائینێکی بایەلۆژی و غەریزی، هەمووشى پەیوەستە بەوەى کە تاکى ئێمە نە کارى لەسەر خۆى کردووە، نە هەوڵیشى داوە خۆى بناسێت و ژوورە تاریکەکانى دەروونى خۆى بپشکنێت. خۆ ئەگەر بێت و ئەم کارە ئەنجام بدات، لە زۆر گرێى دەروونى قوتارى دەبێت و زۆر ڕێگەى قوورسى لێ ئاسان دەبێت. یەکێک لەو بابەتە گرنگانەى کە پێویستە ئێمە لەگەڵ خۆماندا ساغی بکەینەوە، مامەڵەکردنمانە لەگەڵ ڕەگەزى بەرانبەر، کە ئەوەى من مەبەستمە پیاوانن، واتە چۆن مامەڵە لەگەڵ ژناندا دەکەین و چۆن لێیان دەڕوانین. ئەو چاوەى پیاو پێی لە ژن دەڕوانێت چ جۆرە چاوێکە؟ دیارە هەموو سەیرکردنەکانى پیاو پەیوەستە بە پێشینەى پیاوەکەوە، واتە ئایا پێشتر ئەو پیاوە لە دەروونى خۆیدا و بەتەنیا و ئەو کاتانەى دەکەوێتە نێو زیندە خەونەکانیەوە، چۆن بیر لە ژن دەکاتەوە؟ لە کاتى مامەڵەکردن و سەیرکردنى ژن لە واقعدا، ئەو بیرکردنەوە پێشوەختە، بینین و چۆنییەتى ئەو سەیرکردنە دیاری دەکات. واتا ژن لە نەستى شاراوەى پیاوەکەدا چ چۆنایەتییەکى وەرگرتبێت، ژن بۆ ئەو پیاوە ئەو مانا و مەبەستە دەگەێنێت. ئەگەر پیاو لە نەستى شاراوەیدا و لە بیرکردنەوە شاراوە و تایبەتەکانیدا، ژنى وەک جەستە و سەرچاوەى تێربوونى غەریزەى سێکسى بەرجەستە کردبێت، ئەوا لە واقعیشدا هەموو ئەو ژنانەى ڕۆژانە مامەڵەیان لەتەکدا دەکات، بە و چاوە و بە و مانایە لێیان دەڕوانێت، چونکە مرۆڤ ناتوانێت بە تەواوى خۆى لەو ئیحایانەى کە دەروونى ئاڕاستەى دەکەن، ڕزگار بکات.
هەمیشە سات و کاتى هەیە کە دەکەوێتەوە ژێر کۆنتڕۆڵى لایەنى مەعنەوی (ناخودئاگا) و تەمەنى نمایشکردن تێیدا کوورتە. ناخۆشبەختانە پیاوانى کۆمەڵگەى ئێمە، لە بەشە زۆرەکەیدا نەیتوانیوە بە درووستی سەیرى ژن بکات. زۆربەى نیگا و بینینەکانى بە لاى جەستەى ژندا شکاوەتەوە. بۆیە ژنانى کۆمەڵگەى کوردى، مەحکومن بە خۆشاردنەوە و سەرداخستن لەبەرانبەر پیاواندا، چونکە سەیرکردنى پیاوى ئێمە، سەیرکردنێکى بریندارکەر و بێزارکەرە. کۆمەڵگەى کوردى بۆ ژن کۆمەڵگەیەکى ئارام و سەلامەت نییە، هەمیشە فۆبیایەک لە خەونى ژنانى کۆمەڵگەى کوردیدا بوونی هەیە، ئەویش فۆبیاى پەلاماردان و لاقەکردن و بریندارکردنە بە سەیرکردنە غەریزی و جەستەییەکانى پیاو. بە مانایەکى تر، پیاوى کۆمەڵگەى کوردى نەیتوانیوە لە بەردەم ئەم پرسە گرنگ و چارەنووسسازەدا بوەستێت و بینینى بەنێو نەشتەرگەریدا ببات، هەتا بتوانێت ئازادانە مامەڵە لەگەڵ ژناندا بکات، چونکە مامەڵەى پیاوى کورد مامەڵەکردنێکى ئازادانە نییە، لەبەر ئەوەى پێشوەختە خەونى بە ژنەکانەوە دیوە، بۆیە ناتوانێت خۆى نەبان بکات لەو خەونە شاراوانەى بە ژنەکانەوە دیویەتى. لە کاتێکدا کۆمەڵگەى کوردى کۆمەڵگەیەکە، ڕەنگڕێژە بە ئایین، بە تایبەت ئایینى ئیسلام و زۆربەى پیاوەکان، بە دەزوویەکەوە بە ئایینەوە بەستراون.
دەبوایە ئێمە باشتر و زووتر ئەم بابەتەمان لەگەڵ خۆماندا یەکلا بکردبایەتەوە، چونکە بابەتى خۆپەروەردەکردن و هەوڵدان بۆ گەورەبوون لە ڕووى مەعنەوی و دەروونییەوە، زیاتر بابەتێکى ئایینییە، پێش ئەوەى بابەتێکى دەروونى یان فکرى یا فەلسەفى بێت. دیارە هۆکار زۆرن کە لێرەدا جێى دەهێڵم بۆ پیاوانى ئایینى. ئەوەى مەبەستمە لێرەدا ئەوەیە بچمە سەر بابەتە سەرەکییەکە، ئەویش ناساندنى ژوورە نهێنییەکەى جیهانى پیاوە (ژوورى ژنە ڕووتەکان) . [1]