$ڕوخساری ڕاستەقینەی تورکیا$
#کاوە ئەمین#
#20-06-2015#
ساڵی 1990 بە قاچاخ و بۆ یەکەمین جار بەنیازی چوون بۆ ئەوروپا گەیشتمە تورکیا، ئیدی کاکی قاچاخچی کە کوردێکی باکوور بوو، بەردەوام ئامۆژگاریەکانی دووبارە دەکردەوە: نەڵێن کوردین، بڵێن عەرەبین، تورکمانین، فارسین، چی دەڵێن بڵێن تەنیا مەڵێن کوردین، کورد و کوردی یاساخە.
دوای ماوەیەک لەلایەن ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە وەکوو پەنابەر قبووڵ کراین و ڕەوانەی شارێکیان کردین بەناوی چانکری کە دوو کاتژمێرێک لە ئەنکەرەوە دوور بوو، شارێک دانیشتووانەکەی زۆر کۆنسەرڤەتیف و ئیسلامییەکی وشک بوون، هیچ چارەیەکی دیکەمان نەبوو دەبوو لەگەڵ ئەو وەزعەدا خۆمان بگونجێنین.
ڕۆژانە لە ڕۆژنامە تورکیەکاندا وێنەی کەسانێک بە کوژراوی بڵاودەکرانەوە کە جلکی کوردییان لەبەردا بوو، چەک و ڕەختەکانیشیان لە تەنیشتیانەوە ڕیزدەکردن، پێم سەیر بوو، لە ناخی خۆمدا پێم ناخۆش بوو، بەڵام نەمدەزانی چ باسە!
ڕۆژێک لەگەڵ هادیی هاوڕێم، بە کوردی قسەمان دەکرد و لە بەردەم کیۆسکێکی تەلەفۆندا وەستابووین، پیاوێکی کوورتەبنەی سەر ڕووتاوە کە لە ژوورەوە قسەی دەکرد، بە لاچاوێک سەیری دەکردین، ئێمەش وایان تێگەیاندبووین کە داروبەردی ئەو وڵاتە میتە و واماندەزانی هەموو بەدوای ئێمەوەن، بۆیە گومانمان لە هەموو کەسێک دەکرد، ناهەقیشمان نەبوو، خەڵکی ئەو شارە وەکوو سەگ تەماشای پەنابەرانیان دەکرد و لە چاوی ئەوانەوە هەموو ''یابانجی بێگانە بووین، کوردبوونیش سەرباری هەموویان بوو.
کابرا هاتە دەرەوە و بە کورمانجی پێیگوتین ''بابۆ هون کرمانجن؟''، ئێمەش گوتمان بەڵێ ئەزبەنی.
چیرۆکی ئەو پیاوە خۆی لە خۆیدا کوورتە پەڕتووکێکە، دوایی زانیمان کابرا مامۆستا بووە و لەسەر ئەوەی گومانی هاوکاریی پەکەکەیان لێکردبوو، لە ئامەدەوە نەفی ئەو شارەیان کردبوو. وەکوو خۆیشی دەیگوت، هەمیشە لەژێر چاودێریدابوو، بۆیە نەیدەهێشت بە ئاشکرا لەگەڵی ڕێگا بکەین یان بە ئاشکرا بیبینین، زیاتر لە چاخانەکاندا دەمانبینی. کوردبوون وەکوو دەردێک و نەخۆشییەک چاوی لێدەکرا، ترس و تۆقاندن و ئەشکەنجە و کوشتن وەکوو نان و ئاوی لێهاتبوو بۆ کوردی باکووری کوردستان. ئیدی تا دەهات زیاتر لە کوردی باکوور نزیکدەبووینەوە و ئەوەش زیاتر هەستی دژەتورکی لەلامان دەجوڵاند.
چەندین ساڵ تێپەڕبوون و ئێستا بەری ڕەنج و ماندووبوون و کوشتن و ئینکارکردنی کورد و خەباتی چپە چپی سەدانی وەکوو مامۆستا ئامەدییە نەفیکراوەکە، لە فۆرمی جیاوازدا دەبینینەوە!
دوای 25 ساڵ، ئێستا کوردی باکوور گەیشتوونەتە قۆناغێکی نوێ، ئیدی نەک کوردبوون تەنانەت وێنەی ئۆجەلان و #شەڕڤان#ان و وشەی کوردستانیش بەفەرمیش نەبێت، تەنانەت لەناو پەڕڵەمانی تورکیاشدا دەنگ دەدەنەوە. یەکێک لە دروشمە سەرەکییەکانی ئەوکاتی پەکەکە ئەوەبوو کە کوردستان کۆڵۆنییە و تورکیاش داگیرکەرە، ئامانج دەوڵەتێکی کوردی بوو، هەر چارەسەرییەکی دیکەی بە فشەچارەسەری دادەنا، ئێستا برایەتی گەلان و پێکەوەژیان جێی ئەو دروشمانەیان گرتووەتەوە و دەوڵەتی کوردیش وەکوو سیاسییەکیان گوتبووی ''خراوەتە تەنەکەی زبڵەوە''، چونکە بەقسەی ئەوان دەوڵەت ڕێگا بۆ چەوساندنەوەی نەتەوەیی خۆش دەکات.
پارتی کرێکارانی کوردستان لە هەردوو دروشمەکەیدا سەهوو بوو، بە هەزاران کورد لەپێناوی دامەزراندنی دەوڵەتی کوردیدا شوێنیان کەوتن و خۆیان بە شەهیدکردن دا، ئێستاش بە دروشمی خۆسەریی دیموکراتیک ملیۆنان کورد دەنگیان بە باڵی سیاسیی ئەو پارتە، پارتی دیموکراتی گەلان دا. جۆناتای تورکی لە ساڵی 1982 دا قانونێکیان بۆ هەڵبژاردن دانا کە بەربەستی 10%ی جێگیرکرد بۆچوونە نێو پەڕڵەمان. ئامانجی سەرەکیی ئەو بەربەستە ڕێگاگرتن بوو لە کورد و چەپەکان بۆ گەیشتنە پەڕڵەمانی ئەو وڵاتە. هادەپە بە ناردنی 80 پەرلەمێنتاری کورد و چەپی تورک، خەوە خۆشەکەی سوپای ئەوسای تورکیا و ئەردۆغانی ئێستای زڕاند.
شەڕی ئەردۆغان و گولەنییەکان، دژایەتی کورد و عەلەوی و چەپ و بەرتەسککردنەوەی ئازادیی ڕۆژنامەگەری و هەوڵدان بۆ گەڕانەوە بۆ سەردەمی سوڵتانەکان لە فۆرمێکی نوێدا، بوونە شەپۆلێکی بەهێز و کەشتییەکەی ئەردۆغانیان وەستاند.
پارتی داد و گەشەپێدان توانی لە ماوەی حوکمڕانیی خۆیدا کەمالیستەکان و سوپا کەلەپچە بکات کە لە بەرژەوەندیی کورد و خەڵکانی چەوساوەی ئەو وڵاتەدایە، بەڵام سیاسەتی ناڕوونی ئەردۆغان بەرانبەر پرسی کورد، ئەو وڵاتەی تەڤلیهەڤ کردووە و ڕەنگە لە داهاتوودا سەری ئاکپارتیش بەتەواوەتی بخوات.
ئێستا ئیدی تورکیا کەوتووەتە سەر دووڕیانێک، یان دەبێت بەرەو کرانەوەی تەواوەتی و دیموکراتی ڕۆژاوایی بڕوات، یان دەبێت بگەڕێتەوە بۆ سەر ڕێگای ئیخوان و سوڵتانەکان کە لەگەڵ ئەم سەردەمەدا ناگونجێ. ڕەنگە باشترین شت کە لە بەرژەوەندیی هەردوولادایە، پێکهێنانی دەوڵەتی هاوبەش بێت لەنێوان هادەپە و ئاکپارتیدا، چونکە نە هادەپە داوای دەوڵەتی کوردی دەکات و تورکیا پێی ڕازی نەبێت، نە ئاکپارتیش وەکوو پارتەکانی دیکە دەرگاکانی بەڕووی کورددا داخستووە.
ئەوەی ڕوون و ئاشکرایە، ئەوەیە کە جارێکی دیکە کورد ناچنەوە قەفەزی تورکبوونەوە، ئیدی دوای ئەم هەڵبژاردنە بەتەواوەتی قسەی ئەو ڕۆژنامەنووسە ئێرانییە هاتووەتە دی کە لە سەرەتای نەوەدەکاندا نووسیبووی ''کێشەی کورد لە تورکیا وەکوو ئەوە وابوو فیلێک بەزۆری زۆرداری بخەیتە ناو قەفەزێکەوە، ئێستا پەکەکە فیلەکەی بەرەڵا کردووە و مەحاڵە کەس بتوانێ بیخاتەوە ناو قەفەزەکە''.
نازانم مامۆستا ئامەدیەکەی هاوڕێم ماوە یان نا، بەڵام دڵنیام کە ئێستا لەژێر لێوەوە ناڵێت ''بابۆ هون کوردن؟''، بەڵکوو بە دەنگێکی بڵند و شانازییەوە دەڵێ، کوردین ئەم.
[1]