$کۆمەڵکوژی تەواو نابێت$
#کاوە ئەمین#
#13-07-2015#
سەدەی ڕابردوو، یەکێکە لەو سەدانەی کە مێژووی مرۆڤایەتی شانازی پێوە ناکات، چونکە سەدەیەک بوو تژی لە کۆمەڵکوژی، شەڕ و وێرانکاری. دوو جەنگی جیهانی کە بە ملیۆنان خەڵک تێیاندا بوونە قوربانی و ملیۆنان مرۆڤی سڤیل بوونە خۆراکی ئەو جەنگانەی کە لە هەڵگیرساندنیاندا هیچ ڕۆڵێکیان نەبوو.
ئەوەی لێرەدا دەمەوێت بە کوورتی باسی بکەم، شەڕی یوگسلاڤیای جارانە کە لە ساڵی 1992 دەستی پێ کرد و چەند ساڵێکی خایاند تا دواجار ئەو وڵاتەی لەبەریەک هەڵوەشاند، بەڵام هەزاران کەس بە ناهەق بوونە قوربانی و کۆکوژ کران.
11ی تەمووز، 20 ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژیی سرێبرێنیچا لە بۆسنیا تێپەڕی، یەکێک لە ترسناکترین کۆمەڵکوژییەکان کە لە ناوجەرگەی ئەوروپادا بەربەرچاوی هێزە ئاشتیپارێزەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانەوە ئەنجامدرا، ترسانک بوو چونکە جگە لەوەی هەشت هەزار کەس تاکبڕکران، سربەکان هەوڵیان دا بچووکترین بەڵگە لە دوای خۆیان بەجێنەهێڵن. کوشتاری خەڵکی بۆ#سنە# کە زۆرینەی دانیشتووانەکەی موسڵمانن، لەوەختی خۆیدا ڕێگەی لێ نەگیرا، دواتریش کە یەکێتی ئەوروپا و ناتۆ یەخەی خۆیان دادڕی و تەسفیە حسابیان لەگەڵ سربەکان کرد، بە پلەی یەکەم ئەوەیان بۆ دژایەتی ڕووسیا کرد نەک لەبەرخاتری مرۆڤایەتی.
وڵاتانی ئیسلامیش لەلای خۆیانەوە هاتنە دەنگ، بەڵام ئەوانیش لە دووڕوویی و ڕیایی خۆیانەوە ئەوەیان کرد و ویستیان بیخەنە قاڵبی شەڕی کریستیان و ئیسلامەوە، دەنا لەپاڵ خۆیانەوە کورد دەیان جار ئەنفال کران و بە وشەیەک باسیان لێوە نەکرد. هەر بە بەرچاوی ئەوانیشەوە کوردی ئێزدی ئەنفال و تاڵان کران.
دیبلۆماتکار ی سویدی، ڕۆڵف ئێکیۆس کە لە نزیکەوە چاودێری کۆمەڵکوژیی سرێبرێنیچای کردووە، لە وتارێکیدا باسی ئەوە دەکات کە چۆن سربەکان بۆ شاردنەوەی تاوانەکەیان هەوڵی لەناوبردنی بەڵگەکانیان داوە بکوژەکان هەوڵی ئەوەیان دابوو کە زۆر بە خەمساردی و بێ ویژدانانە، بەڵگەکان لەناوبەرن. لە ڕێگای ئامێری هەڵکەندنی زەویەوە، گۆڕە کۆنەکانیان هەڵداوەتەوە و لاشەی کوژراوەکانیان بەناو گۆڕە کۆنەکاندا دابەشکردووە، بەوهیوایەی کە نەتوانرێت بناسرێنەوە، ئێسقانی قوربانییەکانیان تێکەڵ بە ئێسکە کۆنەکان کردووە تا نەناسرێنەوە. بەوشێوەیە هەوڵی ئەوەیان داوە کە نەک تەنیا ژیانی مرۆڤەکان بسڕنەوە، بەڵکوو ناسنامەی مرۆڤەکانیش بسڕنەوە.
لەم ساڵانەی کۆتاییدا چەندین کەس کە لە تاوانی سرێبرێنیچاوە گلابوون لەلایەن کۆماری سربیا و پۆلیسی ئینتەرپۆڵەوە دەستگیرکران و لە دادگای لاهای دادگایی کران.
ئەگەرچی سربستان نکۆڵی لە تاوانی سرێبرێنیچا ناکات، بەڵام وەکوو نەتەوەیەک کە لە ناوچەکەدا شانازی بەخۆیانەوە دەکەن و بەڕەوای هەقی نازانن تەنیا ئەوان تاوانبار بکرێن، ئێستا ئیدی تەرازووی هێز بڕیاری لەسەر کۆمەڵکوژیەکانیش دەدات، هەر بۆیە سربستان توانی لە ڕێگای چین و ڕووسیاوە، ڕێگا لە پێشنیازی بەریتانیا بگرێت بۆ بە جینۆسایدناساندنی قەسابخانەی سرێبرێنیچا لە نەتەوە یەکگرتووەکاندا.
ناساندنی کۆمەڵکوژی سرێبرێنیچا وەکوو جینۆساید لەلایەن کۆمەڵگەی نێونەتەوەییە گورزێکی دیکەیە لە گەلکوژەکان دەدرێت، کوردیش کە یەکێکە لەو نەتەوانەی پشکی شێری لە جینۆساید پێبڕاوە لە سەدەی ڕابردوودا، دەبێت پشتیووانی گەلانی هەڕەشەلێکراو و جینۆسایدکراو بکات.
ئەوەی کە چاوەڕوان دەکرێت ئەوەیە کە لە داهاتوودا، دەوڵەتی ئیسلامی #داعش# و گرووپە توندئاژۆکان کە لە ئێستاوە ڕەگ و ڕیشەی خۆیان لە کۆسۆڤۆ و بۆسنیا داکوتاوە، کۆمەڵکوژییەکان بەکاربێنن بۆ بزواندنی هەستی ئایینیی موسڵمانانی ناوچەی باڵکان و دووبارە سەرهەڵدانەوەی ناکۆکییەکان، لە حاڵەتێکی وادا، جارێکی دیکە تەڕ و وشک پێکەوە دەسووتێن، ئێستا سەلەفیەکانی کۆسۆڤۆ و بۆسنە بە خشکەیی کار بۆ ئەوە دەکەن. [1]