$گۆڵەکەی بارزانی!$
#کاوە ئەمین#
#16-11-2017#
ساڵی 1987 لە گوندی ڕاژان لە بارەگاکەی خۆی کاک #مەسعود بارزانی#م بینی، لەگەڵ مامۆستا عەلی عەبدوڵڵا و چەند کەسێکی دیکە لە ژوورێکی درێژکۆلەی سادە دانیشتبوون. بە بینینی من و خالید کە هەردووکمان باوکمان شەهید بوو، بەرزەپێ لە بەردەممان هەستایە سەرپێ و بەگەرمی بەخێریان هێناین و بەرانبەر خۆی دانیشتین. ئەوە یەکەم جارم بوو لە نزیکەوە بارزانی ببینم، پێمخۆش بوو سەرۆکێکی کورد لە جێگایەکی وا سادەدا بژی. ئەوەی زیاتر سەرنجی منی ڕادەکێشا، دەمانجە سمسە بچکۆلەکەی قەدی بوو، شایەلێکیشی ڕاست و چەپ بەستبوو. باسی زۆرشتی بۆ کردین، ئەوەی لەبیرم بێت، ڕووی تێکردین و گوتی: خۆزگە دەخوازم ڕۆژێک بێت بتوانین خزمەتی بنەماڵەی شەهیدان بکەین و کەمێک لە ئازار و خەمەکانیان کەمبکەینەوە.
دواجار کە کاک مەسعودم بینییەوە لە خواکوڕک بوو، پێشمەرگە بازنەیەکمان بەدەوریدا درووست کردبوو، ئەویش بە هێمنی بەڵام بە حەماسەتەوە دەیوت ئەو ڕۆژە نزیکە کە کوردستان ئازاد دەبێت و دەگەڕێینەوە بۆ ناو ماڵ و حاڵی خۆمان. کات بەخێرایی ڕۆیشت و گۆڕانکاریی گەورە لە ناوچەکەدا ڕوویدا، سەددام حسێن، دوژمنە گەورەکەی کورد لە سێدارە درا، کورد هەستانەوەیەکی گەورەی بەخۆیەوە بینی و هەنگاوی گەورەی بەرەو سەربەخۆیی نا، بەڵام هەر کورد خۆی بە دەستی خۆی ئێراقێکی کاول و وێران و بێچەکی هەستانەوە سەرپێ، ئەوکاتە زۆرمان هاوار کرد، بەڵام کەس گوێی لێنەگرتین، ئێستا کاک مەسعود گەیشتووەتە ئەو باوەڕەی کە سەرکردایەتی کورد هەڵەیان کرد و نەدەبوو بەو خێراییە بچنەوە بەغدا.
ئیدی من دوای خواکوڕک لە نزیکەوە کاک مەسعودم نەبینیوەتەوە، بەڵام لەم چەند ساڵەی دواییدا وەکوو کوردێک زیاتر سەرنجی ڕادەکێشام، بەتایبەتی کە زۆرجار باس و خواسی سەربەخۆیی دەهێنایە گۆڕێ و گوڕوتینێکی بە بیری نەتەوەیی دەدا، ئەوەش هیوایەکی گەورەبوو بۆ خەڵکانی نەتەوەیی کە ئامانجیان سەربەخۆیی کوردستانە.
ئەگەرچی زۆرشت هەبوون دەبوو کاک مەسعود بیکردنایە، بەتایبەتی ئەو سیستێمی یەکسانییە کە سەرۆک مستەفا بارزانی پەیڕەوی دەکرد، بەتایبەتی چوونە ناو خەڵک و بەشێکبوون لە خەڵک، ئاگاداری بژێوی خەڵک و کێشەکانی باشووری کوردستان و بەیەک مەسافە وەستان لەگەڵ هەموو دەڤەرەکانی کوردستان، هەروەک چۆن سەرۆک مستەفا بارزانی توانی لە #زاخۆ#وە هەتا #خانەقین# لەژێر چەتری سەرکردایەتی خۆیدا کۆبکاتەوە، بەڵام کاک مەسعود بەتەواوەتی ئەوەی بۆ نەکرا، دیارە بێ بەربەست نەبوو، بەڵام دەبێت بە چاوێکی ڕەخنەگرانەوە لە دەوروبەری خۆی بڕوانێت، بەتایبەتی لەشکری ڕاوێژکارانی کە دڵنیام ڕۆژێک لە ڕۆژان خەمی ئەو خەڵکەیان نەبردووەتە سەر مێزی کارکردنەکەی!
کاک مەسعود سەری ڕمی بەرەو سەربەخۆیی کوردستان بوو، لەم دوو ساڵەی دواییدا بە باشی ئەسپی خۆی تاودا، توانی خەڵکێکی زۆر لە دەوری خۆی کۆبکاتەوە و بەرەو سەربەخۆییان بەرێت، ئەگەرچی لەم یارییە چارەنووسسازەدا چەند گەمەکەرێکی باش هاوکاری بوون، گۆڵێکی گەورەی کرد بە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، بەڵام حەکەمە نادادپەروەرەکانی جیهان گۆڵەکەیان حساب نەکرد، بەڵام بەدیوەکەی دیکەدا لە گێمی دووەمدا بەهۆی ژاوەژاوی ناوخۆوە، خۆمان گۆڵێکی گورچکبڕمان لە خۆمان کرد کە هەروا بە ئاسانی ناتوانین قەرەبووی بکەینەوە و ناشزانین کەی جارێکی دیکە نۆرەمان دێتەوە بۆ یارییەکی وا چارەنووسساز.
داگیرکردنەوەی کەرکووک، داخێکی گرانە بەسەر دڵی هەموو کوردێکەوە کە تۆزقاڵێک هەستی نەتەوەیی هەبێت! ئێستا کاک مەسعود بە چاوخشاندنەوە بە کەموکوورتییەکان لە ئیشەکانیدا و بڕیاری ئازایانە و بەخشندەیی و دادپەوەری، بەتایبەتی چوونەوە بۆ نێو خەڵک، وەکوو #مام جەلال# دەیوت لە خانووە قوڕەکانەوە دەستپێدەکەینەوە، بەداخەوە مام جەلال بەو ئاواتەی نەگەیشت، بەڵام کاک مەسعود ئەگەر بیەوێت دەتوانێت لە خانووە قوڕەکانەوە دەستپێبکاتەوە، بەڵام خۆیشی لەناو خانووە قوڕەکاندا بێت، بۆ ئەوەش پێویستی بە وەستا و کرێکاری کارامە هەیە.
ئەوکاتە بە دڵنیاییەوە ئامانجەکەی ئەو و هەزاران خەڵکی ئەم کوردستانە دێتە دی، بەڵام دەبێت کوردستانێکی ئازاد و یەکسان بێت، ئەزموونی 26 ساڵی ڕابردوو بچێتە ناو لاپەڕەکانی مێژوو کە ڕەنگە نەوەی داهاتوو زۆر خۆشییان لێی نەیەت. [1]