$دار زەیتوونەکانی #عەفرین#!$
#کاوە ئەمین#
#09-02-2018#
وێنەکانی پێش هێرشەکەی تورکیا بۆ سەر عەفرین، شارێکی داپۆشراو بە زەیتوونمان نیشان دەدات، لە دوورەوە لە دەریایەکی سەوز دەچێت، زەیتوون لە قورئاندا ناوی هاتووە، رەنگە هەر لەبەر پیرۆزیەکەی بێت کە خەڵکی عەفرین و دەوروبەری بەو شێوەیە گرنگییان بە چاندنی زەیتوون داوە.
تورکیا لەوبەر سنوورەوە چەند ساڵێکە خەریکی تیژکردنی تەورەکانییەتی، بە پێچەوانەی خەڵکی عەفرینەوە، خەو بە بڕینەوەی دار زەیتوونەکانی کوردەوە دەبینێ. ئاخر خۆ ئەوانیش دەزانن زەیتوونەکانی عەفرین هەمان زەیتوونن کە خوا لە قورئاندا ناوی هێناوە، کەچی ئەوان بڕینەوەی دارەکان و کاولکردنی گوند و شارە کوردییەکان بەناوی هێرشی چڵە زیتوونەوە ناودەنێن، ئاخۆ ئەوە سووکایەتی نییە بە ئایینی ئیسلام و خودا، بەڵام ئەوان وایان لە خۆیان گەیاندووە کە خودای کورد جیاوازە.
پێشمەرگە لە باشوور و #شەڕڤان#ان لە ڕۆژاوا، جەستەی خۆیان کردە دیوارێک تا ڕێگا لە شەمشەمەکوێرەکانی #داعش# بگرن، هەتاوەکوو ئێمەی خەڵکی مەدەنی لە کوردستان و وڵاتانی ئەوروپا بە ئاسوودەیی بخەوین، دەیانوت کورد لە جیاتی هەموو جیهان شەڕی تیرۆر دەکەن، ئافەرینتان دەکەین، لەنێو پەڕڵەمانەکانی ئەوروپا شیرینییان دەبەخشییەوە، ئێمەی کوردیش شاگەشکە بووین بەوەی کە لە جیاتی جیهان شەڕ دەکەین و دەکوژرێین و خاکمان وێران دەکرێت، چەند بیرکردنەوەیەکی ساویلکانە بوو! کاتێکیش داعش لەسەردەستی پێشمەرگە و شەڕڤانان تێکشکا، وەکوو ئەوەی جنۆکە دەستی لێ وەشاندبن، دۆستەکانمان تاک و تەرایان نەبێت، خۆیان ون کرد! گورگە بۆرەکانی چواردەورمان لیک بەدەمیاندا دەهاتە خوارەوە و چاوەڕێی ڕەوینەوەی تەمومژ بوون، هێندەی نەبرد هەموویان گەلەکۆمەکەیان لێ کردین، ئاخر ئەوان ئازادی و سەربەخۆیی کورد، یەکسان دەکەن بە مەرگی خۆیان!
جار بەجارێک لە ڕووداوەوە پیرەژنێک دەبینم کە دەڵێت تەنیا خودا شک دەبەم، ئاخر ئەو دایکە ڕاست دەکات، کەس نابینێت بە دەوری خۆیەوە! دۆستە قەدیمیەکانمان داوا لە تورکیا دەکەن: تکایە با هێرشەکانی سەر عەفرین، سنووردار بن، واتە کورد بکوژن، بەڵام تاکبڕیان مەکەن!
ئەوکاتەی داعش هەوڵی گرتنی کۆبانێی دەدا، جیهان پشتیووانیی کۆبانێیان دەکرد، ئاخر داگیرکردنی کۆبانێ وەکوو کردنەوەی دەرگای دۆزەخ وابوو بۆ جیهان و دەبوو بەجێگای جرت و فرتی تیرۆریستان، بەڵام کاتێک تورکیا دەیەوێت عەفرین بکات بە کۆبانێ، بێدەنگی باڵی بەسەر جیهاندا کێشاوە، چونکە داگیرکردنی عەفرین بۆ ئەوان لەلایەن تورکیاوە زەڕی بۆ پەزی کەس نییە!
عەفرین بەرخۆدانێکی گەورە دەکات، سەربکەوێت یان نا، دەبێتە شانازییەکی گەورە لە مێژووی گەلی کورددا! تورکەکان ناتوانن تاسەر بە تەورەکانیان دار زیتوونەکان ببڕنەوە! چەندین نەوەی دوای ئەتاتورک، بەو خەیاڵەوە سەریان نایەوە کە بتوانن گۆڕێکی هەمیشەیی بۆ کورد هەڵبکەنن، بەڵام کورد لە شوێنی خۆی مایەوە، هەروەک چۆن دارزەیتوونەکان دەمێننەوە. دۆڵەکانی دەوروبەری عەفرینیش جێگای گەلەگورگیان تێدا نابێتەوە، ڕۆژێک دێت منداڵانی عەفرین بڵێن: ئەمە گۆڕستانی گورگە بۆرەکانە. دەڵێن، شەهید ئارام هەمیشە لە کاتی تەنگانەدا گوتوویەتی: لە پیاوان دەقەومێت!
ئێستا کە تەوارەکانی عەفرین و پیاو و منداڵ و داروبەردی شارەکە لە یەک سەنگەردان، ناهێڵن دارزەیتوونەکان بەدەستی داگیرکەر موتوربە بکرێت، ئەگەریش بقەومێت لە هەمووان دەقەومێت. [1]