ناونیشانی بابەت: 16ی ئابی ئێمە جیاوازە!
ناوی نووسەر: #کاوە ئەمین#
#13-08-2016#
لەبیرم دێت، دەمەو نیوەڕۆ بوو، من و جەمالی هاوڕێم لەگەڵ بەرغەلەکەمان لە پشت مەکتەبەکەی ئاواییەوە، چەند مەترێک لەسەرووی ئەو جادەیەی گوندی نۆرک و بۆسکانی بە یەکەوە دەبەستەوە، لەبن دەوەنێکی چڕدا دانیشتبووین. بەرخەکان خەریکی مڵومووش بوون.
لەدوورەوە چەند پیاوێکمان بەدی کرد کە بەپێ بەجادەکەدا ڕووە و بۆسکان ملی ڕێگایان گرتبوو، لێمان نزیک دەبوونەوە، خەریک بوو بە بەردەمماندا ڕەت دەبوون، یەکێک لە پیاوەکان وتی: ئەوە کەی حەمەئەمین گوڵچین شەهید بووە.
ئێمە هیچ وەڵامێکمان نەدانەوە.
ڕاستییەکەی من باش تێنەگەیشتم و نەمزانی باسی چی دەکات، نازانم جەمال تێگەیشت یان نا، ئێمە هەمووی چەند سەد مەترێک لە سەرقەبرانی ئاواییەوە دووربووین، بەڵام هەستمان بە هیچ نەکردبوو.
دوای نیوەڕۆ، دەمەو عەسر بەرەو لای ئاوایی دەگەڕاینەوە، چەند پێشمەرگەیەک بەشێوەیەکی سەربازی لە دوو ڕیزدا لە بەردەم قەبرێکی تازە هەڵکەنراو ڕیزببوون، شەهید فەتاح ئاغا کە پێشتر چەند جارێکی دیکە بینیبووم و دەمناسییەوە، لە بەردەمی ڕیزی پێشەوەی پێشمەرگەکاندا وەستابوو، باڵایەکی بەرز و کەڵەگەت، دەمانچەیەک بەقەدەوە، بەخەمگینی لەپێش پێشمەرگەکانەوە وەستابوو، بەڵام هەموو بێدەنگن و کەس سرتەی لێوە نەدەهات، تەنیا جارجارێک باعەباعی یەکێک لە بەرخەکان بێدەنگیەکەی دەشکاند، ئێمە لە تەنیشتیانەوە دەڕۆین، ئەوان هێشتا بێ سرتە وەستاون بەدیار قەبرێکی تازە هەڵکەنراوەوە کە بەلای ئێمەشەوە نامۆیە. هەستێکی منداڵانە، هێشتا وەکوو دەڵێن سپی و ڕەش لە یەک جیاناکەینەوە، ئێمە ناپرسین چی بووە و کەسیش بۆمان باس ناکات، بەڵام حەپەساوین. لە بەردەمی ماڵی خاڵە مەجیدەوە خۆمان دەکەین بە نێو ئاواییدا، ئاوایی بەتەواوەتی شێواوە، دەنگی گریان لای ماڵی ئێمەوە دێت. خاڵۆ مەجید دەبینم هەموو سەرشانەکانی قوڕە، وەکوو شێت بە بەردەمی ماڵی ئێمە و حاجی سەعیددا دێت و دەچێت. بەرخەکان هەرزوو خۆیان دەکەن بەحەوشەکەدا و هەریەکە دایکی خۆی دەدۆزێتەوە و دەست بە مڵچەمڵچی شیرخواردن دەکەن. من و جەمال لەیەک جیابووینەتەوە، ئەوان ماڵەکەیان دەکەوێتە سەرەتای ئاواییەوە، لەخوار ئەو ڕێگایەی کە دەچێت بۆ کارێز، بە بەردەمی مەکتەبەکەماندا درێژ دەبێتەوە.
بەبینینی من، خاڵۆ مەجید هێندەی دیکە دەشڵەژێت و بەرەو ڕووم دێت: ماڵمان کاول بوو، قوڕ کرا بەسەرماندا، خاڵەمین (کوورتکراوەی حەمەئەمینە، وایان بە باوکم دەگوت) بەجێی هێشتین... هێشتا من هەر تەقەی سەرم دێت، ئەوەتا ماڵ هەمووی وەکوو خۆی بەپێوەیە، دارگوێزەکان لەجێگای خۆیان نەبزووتوون، شاتووەکانی بەردەم مزگەوتی ئاوایی لەجێگای خۆیانن ... باسی چی دەکات، خاڵۆمەجی؟!
لەناکاو دایکم دەبینم بە قژڕنینەوە بەرەوڕووم دێت، ئیدی تێدەگەم قەوماوە، دایکم بە دەم گریانەوە باوەشم پێدا دەکات، هەستدەکەم ڕوومەتەکانی ژاکاون و شوێنی ڕنینەوەیان پێوە دیارە، خەبەرە ناخۆشەکەم دەداتێ: ئیدی باوکتان نابیننەوە، ئیدی ئەو شەهید بوو.. جارێکی تر لەباوەشتان ناگرێت!
تێدەگەم باسی مردنە، بەڵام شەهیدبوون هێشتا لای من چ مانایەکی نییە، نازانم شەهیدبوون چییە، بەڵام تێدەگەم کە ڕۆژگارێکی سەخت چاوەڕێمان دەکات. دەمزانی کەسێک باوکی بمردایە، پێیان دەوت هەتیو بووە، وشەیەک کە ئێستاشی لەگەڵدابێت، هێندەی هەموو دنیا ڕقم لێدێتی.
من ئەو کاتە تەمەنم شەش ساڵ بوو، تەنیا وێنەیەکی شێواوی باوکم لەیاد ماوە، پیاوێکی لاوازی تا ڕادەیەک کەڵەگەت، هەمیشە جامانەی بەسەرەوە بوو، ئەوکاتانەی لە شەڕ دەهاتەوە، دەمانچەیەک و چەند هێردەکێکی بە شل و شێوای دەبەست و کڵاشینکۆفێکیشی بەشانەوە بوو، ئەوە هەموو یادگارییەکی منە کە لەبیرم بێت لەگەڵ باوکم. بەسەرهاتی تفەنگەکەی باوکم کە دوای شەهیدبوونیشی پاراستبوومان، بۆخۆی چیرۆکێکە.
ڕێکەوتێکی سەیرە، 16 ی ئابی 1974، بڵێسەی ئاگری شۆڕش لە بەرزیدایە، چیایەکی بەرزی وڵات لەلایەن داگیرکەرەوە دەستی بەسەردا گیراوە، چیای بە هەیبەتی کۆرەز. هێزێکی گەورەی پێشمەرگە لە #سلێمانی#یەوە بەهاواری ئەو دەڤەرەوە دەچن، دوای شەڕێکی دەستەویەخە، چیاکە لەژێر دەستی داگیرکەر دەردەهێننەوە، بەڵام 27 پێشمەرگە شەهید دەبن و لەو ژمارەیەش زیاتر بریندار دەبن، یەکێک لەو پێشمەرگانەی کە شەهید دەبێت باوکی من، حەمەئەمین گوڵچینە کە سەرلق بوو لە هێزی خەبات. هەتاوەکوو ئێستا دەیان جار چیرۆکی شەهیدبوونی باوکمم لەو پێشمەرگانە بیستووە کە لەگەڵیدابوون و هەندێکیان لە ژیاندا ماون، ئەگەرچی گێڕانەوەکان جیاوازیش بن، بەڵام هەموویان شایەتی لەسەر یەک شت دەدەن: ئازایەتی، خۆنەویستی و نیشتمانپەروەری.
بەڵێ ڕێکەوتێکی سەیرە، ئەو پۆلە پێشمەرگەیە لە 16ی ئابی 1974 دا شەهید دەبن، پارتیش هەر لەو ڕۆژەدا دامەزراوە و هەموو ساڵێک یادی دەکەنەوە، بەڵام ئەوە چل و چوار ساڵ تێدەپەڕێت و هێشتا بەرپرسێکی ئەو حیزبە لەو ڕۆژەدا خۆی نەکردووە بە ماڵماندا، هێشتا بەرپرسێکی پارتی لەو بۆنەیەدا، مەبەستم ڕۆژی شەهیدبوونی باوکمە، سەردانێکی دایکمی نەکردووە کە پرچی سپی هۆنیوەتەوە و هەموو ژیانی خۆی بۆ بەخێوکردنی ئێمە تەرخان کرد و وەفادار بەرانبەر باوکم و نەتەوەکەی مایەوە.
بەڵێ، 16ی ئابی ئێمە جیاوازە، ئێمە لەو ڕۆژەدا خوێنمان دا، کەچی ئێستا دەبینم کۆنە بەعسییەکان پێشوازییان لێدەکرێت و باوەشیان پێدادەکرێت. هەرچەندە خوێنی باوکم و هەزارانی وەکوو ئەو کە بۆ نەتەوە و خاک خۆیان بەشەهیدکردن داوە، لەوە گەورەترە بەرپرسێک سەردانی کەسوکاریان بکات. دوای تەمەنێک، هێشتا دایکم لە ناخی خۆیدا هەموو 16ی ئابێک، چرکە بە چرکەی ژیانی خۆی بەبیردێتەوە و دواڕۆژەکانی دەژمێرێت. کەچی هەتا بێت، ئێمە و دایکم خاکمان لا شیرینتر دەبێت. [1]