ئەو هێلکەیەی بڕیار بوو لەگەڵ چەند ماددەیەکی دیکەی خۆراکی لە هەرێمی کوردستان دابەش بکرێت، ئەمڕۆ ڕێکەوتی #03-05-2023# لە #هەولێر# دەست بە دابەشکردنی کرا.
بەڕێوەبەرایەتی پسوڵەی خۆراکی هەولێر بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە ڕێکەوتی 03-05-2023 دەستکرا بە دابەشکردنی هێلکەی مانگی ڕەمەزان.
ئاماژە بە ئەوەش کراوە، بۆ هەر پسوڵەیەکی خۆراک (سەرۆک خێزانێک) یەک تەبەق هێلکە دەدرێت.
باس لەوەش کراوە، دابەشکردنی هێلکە ڕاستەوخۆ دەبێت ئەو ڕۆژەی کە دەگاتە کۆگاکان هەمان ڕۆژ دابەشی سەر بریکارەکان دەکرێت.
لە بارەی ڕێکەوتی هێلکەکانەوە باس لە ئەوە کراوە، ڕێکەوتی هێلکەکە نوێیە و دەرچووی چەند ڕۆژێک پێش ئێستایە، پێویستە بریکارەکان بۆ وەرگرتنی بەشە خۆراک و هێلکە، ڕاستەوخۆ ئاگاداری هاووڵاتییان بکەنەوە.
لە شاری #سلێمانی# هێشتا ئەو هێلکەیە دابەش نەکراوە، بەڵام بریکارەکانی خۆراک ئاگادار کراونەتەوە کە لەم چەند ڕۆژەدا هێلکەیان پێدەگات بۆ ئەوەی بەسەر هاووڵاتییاندا دابەش بکرێت.
ئەوە لەکاتێکدایە کە بڕیار بوو ئەو هێلکەیە و چەند ماددەیەکی دیکەی خۆراکی لە مانگی ڕەمەزاندا دابەش بکرێت، بەڵام دوای تێپەڕینی زیاتر لە 10 ڕۆژ بەسەر مانگی ڕەمەزاندا لە شاری هەولێر دەست بە دابەشکردنی کرا. [1]