ناونیشانی بابەت: ڕێگاکانی کەمکردنەوەی ئازاری منداڵبوونی سرووشتی
ئامادەکردن: د. #کەژان کاوە تەها#
زۆرێک لە خانمان پرسیاری ئەوە دەکەن ئایا هیچ ڕێگایەک هەیە بۆ کەمکردنەوەی ئازاری منداڵبوونی سرووشتی؟
پێش هەموو شتێک پێویستە خانمەکە بە هەموو شێوەیە لە ڕووی دەروونییەوە خۆی بۆ ئامادە کردبێت و بزانێت چۆن بەسەر ئەو قەلەقی و دڵەڕاوکێیەی هەیە زاڵ بێت تێگەیشتنی تەواوی هەبێت بۆ هەموو ئەو قسانەی لەلایەن پزیشکەکەیەوە پێی دەوترێت، لەکاتی منداڵبوونەکەدا پێویستە ئەو کەسەی لەگەڵییەتی ئەزموونی منداڵبوونی سرووشتی کردبێت و زانیاری باشی لەسەری هەبێت کە یارمەتیدەر و پاڵپشتییە بۆ خانمە دووگیانەکە.
هەندێک دەرمان و ڕێگای یارمەتیدەر هەیە بۆ کەمکردنەوە لەوانە:-
- بەکارهێنانی حەوزی جاکوزی:
واتە منداڵبوون لەناو ئاودا کە پلەی گەرمییەکەی لەلایەن پزیشکەوە چاودێری دەکرێت ئەمە ژانی منداڵبوون سەد لە سەد ناشکێنێت بەڵام یارمەتیدەرێکی باشە بۆ خاوبوونەوەی ماسوولکەکانی حەوز و ئەمەش وادەکات ئازارەکە کەم بێتەوە.
- بەکارهێنانی گاز:
بریتییە لە تێکەڵەی گازی ئۆکسجین و ئۆکسیدی نایترۆز (گازی پێکەنین) ، ئەم گازە وادەکات کە بتوانیت بەرگەی ژانەکە بگریت و پێویستە خانمەکە کرانەوەی هەبێت و بڕیاری منالبوونی سرووشتی درابێت ئەوکات دەتوانرێ بەکار بهێنرێت. ئەم گازە هیچ کاریگەرییەکی لاوەکی لەسەر منداڵەکە نییە.
- بەکارهێنانی دەرزی (pethidine)
یەکێکە لە ئازارشکێنە بەهێزەکان و هەندێ کاتیش لەدوای نەشتەرگەری بەکار دەهێنرێت، دەتوانرێت لەگەڵ گاز بەکارهێنانەکە بەکاربهێنرێ و کاریگەریی ئەم دەرزییە لەنێوان 2 بۆ 4 کاتژمێرە.
- بەکارهێنانی دەرزی پشت (epidural)
ئەم جۆرە دەرزیەیان لەلایەن پزیشکی سڕکردن (بەنج) دەدرێت و سەد لە سەد هیچ هەست بە ژان ناکەیت بەڵام کاتی منداڵبوونەکە درێژتر دەکاتەوە لەبەر کەمبوونەوەی هێزی ئەو ناوچەیە و لەوانەیە پێویست بە هەندێ ئامێر بکات بۆ یارمەتیدانی بوونی منداڵەکە. [1]