#ڕێبەر ئەحمەد#: حکومەتی ئێراق نابەرپرسیارە
وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێم حکوومەتى ئێراق بە نابەرپرسیار ناو دەبات و دەڵێت: حکومەتی ئێراق ئەرکی خۆی جێبەجێناکات.
ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێم لە مەراسیمی کردنەوەی ناوەندێکی UNHCR بۆ هاوکاریکردن و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بۆ پەنابەران باسی لەوەکرد، پێشبینیدەکرێت ئەم ناوەندە خزمەتگوزاری پێشکەش بە زیاتر لە 100 هەزار پەنابەر لە پارێزگای #هەولێر# بکات.
وەزیری ناوخۆ دەڵێت: وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی ئێراق زۆر نابەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ ئاوارە و پەنابەران لە هەرێم دەکات، ڕاستە ئێراق وڵاتێکی دەوڵەمەندە و بودجەی زۆر گەورەی هەیە، بەڵام بەداخەوە لە بواری ئاوارە و پەنابەر ئەرکی خۆی جێبەجێناکات.
دەشڵێت، داوا لەکۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین ئەرکی هاوکاریکردنی پەنابەران بۆ حکومەت و خەڵکی هەرێمی کوردستان جێنەهێڵن.
وەزیری ناوخۆ ئاماژەی بەوەشدا، لەسەدا 50ی ئەو پەنابەرانەی هاتونەتە هەرێم لە هەولێر نیشتەجێن، بەداخەوە بارودۆخ هێشتا ئاسایی نەبووەتەوە و ڕێکارەکانیش وەک پێویست نین، بۆ ئەوەی پەنابەران لە هەرێم ئارەزومەندانە بگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان. [1]