$شەفیق قەزاز و ڕاستکردنەوەیەکی مێژوویی بەر لە ماڵاوایی$
#کاوە ئەمین#
#24-10-2020#
لە ماوەی یەک دوو ساڵی ڕابردوودا، چەندین جار لە ماڵەکەی لەو بناری گۆیژەیە کە ماوەیەک بە ماڵی وەزیرەکە ناسرابوو، سەردانی دکتۆر شەفیق قەزازم کردووە، هەموو جارێک بەپێکەنینەوە دەیگوت، بەخوا تۆ لەکۆڵم نابیتەوە، کەچی هەموو جارێکیش کە دێیت کۆڵێک دڵم ڕووندەکەیتەوە. دکتۆر دەریایەک بوو لە زانیاری، دەمێک بوو لەسەر ئەوە ڕێککەوتبووین کە لە چەند ئەڵقەیەکی (پەنجەمۆر)دا هەندێک لە بیرەوەرییەکانی بگێڕینەوە، بەڵام بەبیانووی ئەوەی کە دەیوت خەریکی نووسینەوەی یادەوەرییەکانی خۆمم، پەلەم لێ مەکە! بەداخەوە کات هات و ڕۆیشت، سەرئەنجام مانگ و نیوێک پێش ئێستا سەردانمان کرد بۆ بەڵگە فیلمێک، وەک جاران دەم بە پێکەنین و ماوەی دوو کاژێر لەگەڵی دانیشتین، بەدەم قاوە خواردنەوەوە، زۆر شتی باس کرد، منیش وەک هەمیشە هەندێکجار، ڕیکۆردەرەکەم دادەنێم، ئێستا چەند بابەتێکی زۆر گرنگی ئەوم لایە، بێگومان لەکاتی خۆیدا کەڵکیان لێ وەردەگرم، دیارە ئەگەر تەمەن مەودا بدات. ئاخر دکتۆر شەفیق، هەموو جارێک دەیگوت، شتم زۆرە بینووسم، پەنجەمۆر ماوە، کاکە خۆ بەنیاز نیم وازوو بمرم. دواجار کە بینیمان، ماوەی زیاتر لە کاژێرێک قسەی بۆ کردین لەسەر بابەتێکی گرنگ و مێژوویی، هەمووی تۆمارکراوە و لە داهاتوودا بۆ دۆکیۆمێنتارییەکە کەڵکی لێوەردەگیرێت.
شتێک هەبوو کە زۆر مەراقم بوو لێی بپرسم، بەڵام بە هەر هۆیەک بێت نەمدەپرسی، ئەمجارەیان وەک ئەوەی نەیبینمەوە، گوتم، دکتۆر پرسیارێکی مێژوویی هەیە مەگەر تۆ وەڵامی بدەیەوە؟
بەبزەیەکەوە گوتی، یا ئەڵڵا خێر؟
گوتم دکتۆر دوایین دیداری ژەنەراڵ بارزانی و شای ئێران، ئێوە لەگەڵی بوون، لە چەند شوێنێکدا کە بۆ مەرامی سیاسی نووسراون، باسی ئەوە دەکرێت کە مەلا مستەفا، دەستی شای ئێرانی ماچ کردووە، بۆ مێژوو کە تۆ خۆت لەگەڵیدا بوویت، چۆن بوو؟
دکتۆر شەفیق قەزاز گوتی: من یەکێکم لەوانەی کە لە سەرۆک مستەفا بارزانییەوە نزیک بووم، تەنانەت کە لە ئەمریکا بوو، چەندین شەو، لە بەردەم ئەو ژوورەی کە بارزانی تێیدا چارەسەر دەکرا، وەکوو پاسەوانێک دەمامەوە، ئەوەی کە تۆ باسی دەکەیت، هیچ بنەمایەکی نییە و دوورە لە ڕاستییەوە، من و دکتۆر مەحموود و موحسین دزەیی لە خزمەتیدا بووین لەو سەردانەدا، ئەگەر وابووبێت خۆ دەبوو ئێمەش دەستی شا ماچ بکەین، ئەوە نەک ڕاست نییە، بەڵکوو شەرم و شوورەییە، شتی وا لەسەر بارزانی بگوترێت.
بەڕاستی من نەمدەزانی ئەوە دوایین دیدارم دەبێت لەگەڵ دکتۆر شەفیق قەزاز، هەروەکوو جارانی پێشتر بە قسەی خۆش و پێکەنین تاوەکوو بەردەمی دەرگەی خوارەوە لەگەڵمان هات و گوتی، پەیوەندیمان دەبێت و ئاگاتان لە خۆتان بێت، با منیش بچم کەمێک خەریکی گوڵەکانم بم.
یادت بەخێر، پیاوە نیشتمانپەروەر، دیپلۆماتکاری لێزان، پەڕتووکدۆست و خوێندەواری کورد. [1]