$مووسا عەنتەر، کوردایەتی و برینا ڕەش$
#کاوە ئەمین#
#17-07-2021#
لەگەڵ خوێندنەوەی هەر لاپەڕەیەکی بیرەوەرییەکانی ئاپێ مووسا عەنتەر، تێدەگەیت کە نەتەوەی کورد سەتان ساڵە لەنێوان دوو بەرداشدا دەهاڕدرێت، بەرداشی خۆبەکەمزانی و خیانەت، لەلایەکی دیکەوە بەرداشی دوژمنێکی هۆڤ کە لە هیچ شتێک ناسڵەمێتەوە بۆ توانەوە و بنبڕکردنی نەتەوەی کورد، جا لە قەدەخەکردنی زمان و فەرهەنگەوە بگرە تاوەکوو دەگاتە جینۆسایدی فیزیکی، کەچی هێشتا ئەم گەلە توانیویەتی لەسەر پێی خۆی بوەستێت، ئەوەش بەرهەمی بەرگریکردنی خەڵکانی وەک مووسا عەنتەرە کە بەهۆی خۆراگری و بەرگرییەکانی لە دۆزی نەتەوەکەی، بەهەق توانیویەتی دادگاکانی تورکیا بکاتە مەسخەرە.
دەکرێت لەنێو بیرەوەرییەکانی مووسا عەنتەردا، بیرۆکەی چەندین فیلمی دۆکیۆمێنتاری هەڵێنجرێت، ئاخر ئەو هاتووە چاک و خراپی تاکەکانی کوردی نووسیوە، باسی کوردی بەنامووس و کوردی بێشەرەفیش دەکات کە خزمەتی دوژمنیان کردووە، پێیان دەڵێت کەر، ئەحمەق، شەرەفسز.
بەسەرهاتی گرووپی 49 کان کە باس لە زیندانیکردنی 49 تێکۆشەری کورد کە مووسا عەنتەر خۆی یەکێکبووە لەوان، خۆی لە خۆیدا کەرەستەی فیلمێکی سینەماییە کە دەتوانێت کێشەی کورد بە دنیا بناسێنێت. مووسا عەنتەر وەک خۆی دەڵێت و ئەوانەی کە لە زینداندا لەگەڵی بوون دەگێڕنەوە، هەمیشە ڕۆڵی دایک و باوکی بۆ ئەو زیندانییە کوردانە بینیوە کە لە زیندان دا لەگەڵیدا بوون، بەتایبەتی بۆ لاوە تازە پێگەیشتووەکان.
جگە لەوەی دەیان پەرتووکی نووسیوە و لە هەمووواندا باسی کورد و کوردایەتی و بەگژداچوونەوەی داگیرکەر دەکات، سەرنووسەری چەندین ڕۆژنامە و گۆڤار بە زمانی تورکی و کوردی بووە، کەم نووسینی هەیە لەسەری دادگایی نەکرابێت. کاک جەمال عەلەمدار کە ماوەیەک لەگەڵ ئاپێ مووسا عەنتەر لە زیندان دا بووە و لە بەرنامەی (پەنجەمۆر) دا هەندێک بەسەرهاتی دەگێڕێتەوە کە لە داهاتوودا بڵاوی دەکەینەوە دەڵێت: مووسا عەنتەر کوردێکی ناوازە بوو، لە مەحکەمدا بە قسە و مەتەڵۆکەکانی دادوەر و پۆلیس و بەشداربووانی دەهێنایە پێکەنین و مەحکەمەی دەکردە مەسخەرەبازاڕ، بەشێوەیەک دەدوا سیستمی کەمالیزمی دەهەژاند.
وەنەبێت مووسا عەنتەر زیندانیکردن و ئاوارەیی و نەفیکردنی کردبێتە منەت بەسەر گەلەکەیەوە، ئاخر لە گفتوگۆی نێوان ئەو و چەند گەنجێکی #پەکەکە#یدا بەڕوونی دەردەکەوێت کە چەند پیاوێکی خاکەرا و بێمنەت بووە. لەسەرەتادا یەکێک لە دروشمەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان ئەوەبوو کە ئەوان لە سفرەوە دەستیان پێکردووە و فویان بە دەمی کوردێکی مردوودا کردووە و زیندویان کردووەتەوە. ڕۆژێک چەند لاوێکی پەکەکەیی لەسەر هەمان پەیام لەگەڵ ئاپێ مووسا عەنتەر دەکەونە گفتوگۆوە و دەیانەوێت قەناعەتی پێبکەن کە ئەوان لە سفرەوە دەستیان پێکردووە و پێش ئەوان شتێک نەبوو بەناوی کوردایەتی، دەگەنە خاڵێکی بنبەست و کۆتایی، ئاپێ مووسا عەنتەر ڕوویان تێدەکات و پێیان دەڵێت: کوڕەکانم ڕەنگە وابێت، بەڵام لە یادی نەکەن ئێمەش تاوەکوو سەر سفرمان هێنا.
کاشکی برادەرانی پەکەکە وەک بەڵێنیان دابوو کوردستانێکی یەکگرتوو و سەربەخۆیان بۆ بنیات بناینایە، خۆزگە هەر چوار دەوری دەوڵەتەکەشیان بە دڕکەزی بتەنیایە، بەڵام کورد خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی بووایە، چش با ئێمەش وەک کۆریای باکوورمان بەسەر بهاتایە و مێژووی کوردیش لە سفرەکەی ئەوانەوە دەستی پێبکردایە، بەڵام بەداخەوە کورد هێشتا نەگەیشتووەتە سفرەکەی مووسا عەنتەر، ئاخر ئەوە نییە تازە پەکەکە دەیەوێت لە #ئامێدی# و کانی ماسێ وە پڕۆژەی بە دیموکراتیبوونی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بنیات بنێت.
مووسا عەنتەر هێشتا لە زیندان دا دەبێت کە شانۆنامەی (برینا ڕەش) دەنووسێت کە باس لە پلانەکانی دوژمن بۆ بنبڕکردنی کورد دەکات، ئەوەتا دەیانەوێت لە پەنجاکانی سەدەی ڕابردوودا لە ڕێگەی ناردنی بنەتۆوی گەنمی ژەهراوییەوە و لە ڕێگەی ئاغا و خەڵکانی خۆفرۆشی کوردەوە ئەو گەنمە ژەهراوییە دەچێندرا و پاشان دەکرایە ئارد و خەڵکی هەژار و بەلەنگازی کورد بەکاریان دەهێنا، لە ئەنجامدا برینێکی ڕەش لەسەر جەستەی خەڵکەکە پەیدا دەبوو، بە سەتان منداڵی کورد بوونە قوربانی خۆراکی نانی گەنمی ژەهراوی، ژمارەیەکی زۆر لە ئافرەتانی کورد دووچاری نەزۆکی بوون، خەڵک بەو نەخۆشییەیان دەوت برینا ڕەش.
ئەگەر کوردایەتی پێناسەیەکی تەواو کوردانەی بۆ بکرێت زیادەڕۆیی نییە بڵێم کەسایەتی و ژیانی ئاپێ مووسا پڕ بە پێستی پێناسی کوردایەتییە. بابزانین لە یەکێک لە دادگەکانی تورکیا، مووسا عەنتەر چۆن وەڵامی دادوەر دەداتەوە:
دانیشتنی دادگە دەستی پێ کرد، لەبەرئەوەی ئەوەندە زۆر چووبوومە ئەو دادگایە، بۆیە لەگەڵ سەرۆکەکەی ببوومە نیمچە برادەرێک، ناسنامەکەمی بە کاتیبەکە نووسی و پێیوتم: چ کارێک دەکەیت؟
کوردایەتی، بەو وەڵامەم داواکارە گشتییەکە سەر و میزاجی تێکچوو. سەرۆکی دادگە بە خەندەوە پرسی ئەوە چ کارێکە؟ وەڵاممدایەوە لەسەر کوردایەتی تاوانبارکرام، دادگەی تێهەڵچوونەوەش بڕیارەکەی پەسند کرد، ئێستاش لەبەر کوردایەتی لە چەنەقەلە لەژێر چاودێریدام، وا لەلای ئێوەش لەسەر کوردایەتی دادگایی دەکرێم، بۆیە لە دۆخێکی ئاوا ئەگەر پیشەکەم کوردایەتی نەبێت دەبێ چی بێ؟
دادوەر پێکەنی و بە کاتیبەکەی گوت: کچم بنووسە پیشەی ئازاد، بە سەرێک قسەکەی دادوەر مانای ئەوەبوو، کوردایەتی پیشەیەکی ئازادە.
بەسەرهات و یادەوەرییەکانی ئاپێ مووسا، شایەنی ئەوەن زۆریان لەسەر بگوترێت و بنووسرێت، بۆیە ئەمە کۆتایی نییە و هێشتا بۆ سەر سفرەکەی ئاپێ مووسا زۆری ماوە. [1]