$شەوی شیعرەکەی هێمن بۆ هاواری هاوژینی شێخ شەهاب$
#کاوە ئەمین#
#04-04-2022#
زۆرن ئەوانەی لەگەڵ مامۆستا هێمندا، یادەوەرییان هەیە، هەریەکەو لە گۆشەنیگایەکەوە باسی مرۆڤبوون، شاعیربوون، هەستناسکی و کوردایەتی ئەو پیاوە هەڵکەوتووەی کوردیان کردووە. ئێمە پێشتر چەند نامەیەکی مامۆستا هێمنمان بڵاو کردنەوە کە بۆ شوکرییە ڕەسوڵی ناردبوون کە تەژی بوون لە هەستی خۆشەویستی، ژن و جوانپەرستی، هەرچەندە ئەو لە نامەکاندا شوکرییە بە کچی خۆی دەچووێنێ، بەڵام لە درێژەی نامەکاندا هەستی خۆی بۆ ژن بەشێوەیەک دەردەبڕێت کە تێیدا دەتوێتەوە.
دەمێک بوو، دەمویست لە نزیکەوە مامۆستا مەلا محەمەدی شەڵماشی بدوێنم و هەندێک بابەتی مێژوویی لەگەڵ یەکلای بکەمەوە، بەتایبەتی شەهیدکردنی مەلا ئاوارەی برای کە لەلایەن دەستی ناوخۆییەوە دەخرێتە داوە وە و ڕژێمی شای ئێرانیش لەسێدارەی دەدات.
بە تەلەفۆن ناونیشانی ماڵەکەیم لێوەرگرت، هێندە بەجوانی بۆی شیکردمەوە، بەبێ پرسیارکردن لە کەس، تاست لە دەرگە سوورەکەم دا. مامۆستا خۆی قیت و قۆز کرد بوو. وەکوو هەمیشە جلی مەلایەتی لەبەردا، مێزەرە سپییەکەی بەسەرەوە بوو، ژوورەکەی پەڕتووکخانەیەکی بچووکی تێدابوو و چەند وێنەیەکی ڕەش و سپی بە دیوارەکانیدا هەڵواسرابوون.
من پێشتر لە ڕێگەی خوێندنەوەی ڕۆمانی (بێ نەوایان) لە نووسینی ڤیکتۆر هیگۆ و وەرگێڕانی مەلا محەمەدی شەڵماشی بە ناوی مامۆستا ئاشناببووم. دەمویست زۆرترین پرسیاری لێبکەم، بەتایبەتی لەسەر مامۆستا هێمن و هەژار، ئاخر مامۆستا ئاشنایەتییەکی چاکی لەگەڵ ئەدەبیاتی کلاسیکی کوردی دا هەیە، بەتایبەتی لەنێو شیعرەکانی مەولەوی و مەحویدا تواوەتەوە، هەروەها لە نزیکەوە ئاشنایەتی لەگەڵ مامۆستایان هێمن و هەژار دا هەبووە، بەتایبەتیش هێمن. مامۆستا دەیگوت، هەژار لە هێمن عالمتر بوو. تێروانینی سیاسی و دنیابینییان، درزی نەخستووەتە نێو دۆستایەتییان، مامۆستا بە دەم پێکەنینەوە دەیگوت: خۆ دەزانی هێمن ئارەقخۆرێکی چاک بوو. لێرەدا تەنیا دوو بەسەرهاتی مەلا محەمەد لەگەڵ مامۆستا هێمن دەگێڕمەوە.
مامۆستا باسی سەردانێکی هێمن و چەند کەسایەتییەکی دیکەی ڕۆژهەڵاتی بۆ #سلێمانی# لە ساڵی 1972ی باش لەبیرە، لە ماڵی خۆیان میواندارییەکی باشیان دەکات، ماڵەکەی مامۆستا حەوشەیەکی گەورەی بەدەمەوەیە، وەک خۆی دەیوت ئەوسا بە چیمەن و گوڵ و گوڵزار دەمانڕازاندەوە، میوانەکانی لە حەوشەی ماڵەکەیدا دەحەوێنێتەوە، مامۆستا هێمن دۆخەکەی زۆر پێخۆش دەبێت و دەڵێت: حەیفە ئەمە ماڵی مەلا بێت، بەڕاستی ئەم ماڵە بۆ ماڵی مەلا نابێت، شتێکی کەمە؟
مەلا محەمەد گوتی تێگەیشتم مەبەستی لە شتەکە (ئارەق) بوو، دەیوست بڵێت ماڵی ئارەقخواردنەوەیە، ئێ خۆ منیش لەو شتانە بەدووربووم.
هەرچەندە مامۆستا پیاوێکی ئایینییە، بەڵام بەشێک لە ڕێگەکانی دەچنەوە سەر کانیاوی ئەدەبیات و دۆستایەتەکانی لەگەڵ شاعیر و نووسەرە گەورەکانی وەک مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس و شێخی خاڵ و گەورەپیاوانی دیکە، ئێمە لە بەرنامەی پەنجەمۆردا زۆرتر لەسەر ئەو کەسایەتییانە قسەمان کردووە، بۆیە دەمەوێت هەر لەسەر گێڕانەوەکانی مامۆستا هێمن بمێنینەوە و بزانین مام هێمن بەدەم بادە نۆشینەوە چ شاکارێکی خوڵقاندووە.
مامۆستا شەڵماشی گێڕایەوە و گوتی:” لەگەڵ چەند هاوڕێیەکدا چووبووینە بەغدا، من دەبوو سەردانی دوکتۆرێک بکەم کە لە ڕووسیاوە هاتبوو، د.قاسملۆ منی نارد. شەو لەگەڵ مامۆستا هێمن و کەریمی حیسامی دانیشتبووین، ژنێک بەدەم گریانەوە سەردانی کردین، هاتبوو کەریمی حیسامی ببینێ، ئەو ژنە زانیبووی کەریمی حیسامی دۆستایەتی لەگەڵ سۆڤیەتییەکان خۆشە، بۆیە داوای هاوکاری لێکرد، بەڵکوو لە ڕێگەی سۆڤیەتییەکانەوە مێردەکەی کە چاوەڕوانی لە سێدارەدان بوو، ڕزگار بکات. کە پرسیم ئەو ژنە کێ بوو؟ گوتیان ژنی شێخ شەهاب، یەکێک لە سەرکردەکانی کۆمەڵەیە، کە بە لەسێدارەدان حکوم دراوە.”
بەیانی کە مامۆستا هێمن لەخەو هەستا گوتی ئەمشەو ئەو قەسیدەیەم بۆ ئەو ژنە نووسیووە، دواتر ئەو شیعرە وەکوو تۆپ لە هەموو کوردستاندا تەقییەوە و دەنگیدایەوە کە ئاوا دەست پێدەکات:
ئەگەرچی شەو درەنگە ساقی بۆم تێکە کەمێکی تر
کە وا ئەمشەو سەری هەڵدا لە ناخمدا خەمێکی تر
لە بادە ئەم ژەمە تێر کە منی تینووی جگەرسووتاو
بەچی دیارە کە دەیبینم شەوێکی تر، ژەمێکی تر! [1]