$زمانی کوردی لەنێوان عەبدولئیلا و گیول دا!$
#کاوە ئەمین#
#04-07-2022#
لە گەشتی ئەمجارەم دا بۆ تورکیا و باکووری کوردستان، ژمارەیەک کەسایەتی سیاسی و فەرهەنگی کوردم بینین، هەروەها سەردانی مۆزەخانەکەی ئاپێ مووسا عەنتەرم کرد لە گوندەکەی خۆی. چوومە سەر ئەو گۆڕەپانەی کە شێخ سەعیدی پیرانیان تێدا لە سێدارە دابوو، بەڵام هێشتا جێگەیەک نییە کە خەڵک سەردانی بکەن و بڵێن ئەمە گۆڕی شێخ سەعیدە، ئاخر تورکەکان هەر ئەو شەوەی شێخ سەعید و 72 لە یاوەرانی لەسێدارە دەدەن لە جێگەیەکی دیکە بە خاکیان دەسپێرن، بەڵام دوای 93 ساڵ هێشتا شوێنی قەبرەکانیان بە نهێنی هێڵدراوەتەوە. کاتێک شێخ عەبدولئیلا فورات نەوەی شێخ سەعیدم بینی و لێمپرسی، ئایا شوێنی گۆڕی شێخ سەعید دەزانن؟ بە دەنگێکی گڕەوە گوتی: ئەی چۆن نازانین، بەڵام دەوڵەت ڕێگە نادات بچینە ئەو شوێنە کە مۆڵگەیەکی سەربازی گەورەیە لەناو جەرگەی دیاربەکر (#ئامەد#) ە.
نامەوێت لەم وتارەدا بچمە سەر باسی سەرهەڵدانی شێخ سەعید و دەرەنجامەکانی، بەڵکوو دەمەوێت لەسەر بابەتێک قسە بکەم کە لەگەڵ نەوەکەی شێخ سەعید قسەمان لەسەر کرد، ئەویش گرنگی زمانی کوردییە. هەموو لایەک لەسەر ئەوە کۆکن، نەتەوەیەک زمانەکەی نەپارێزێت، چارەنووسی لە دایناسۆرەکان باشتر نابێت کە ئێستا تۆیان لەسەر زەوی نەماوە.
نەوەکانی شێخ سەعید بەسەر چەند بەرەیەکدا دابەشبوونە، بەشێکیان بە حوکمی موسڵمانێتی و شێخایەتییەکەیان، بوونەتە بەشێک لە پارتە سیاسییە ئیسلامییەکانی وەکوو ڕەفا، ئاک پارتی و سەعادەت، بەشێکی کەمیشیان لەنێو هادەپدان.
شێخ عەبدولئیلا فورات لە ڕێگەی نەجمەدین ئاربەکانەوە دەچێتە نێو پارتی ڕەفاوە و تا ئێستاش هەر لەسەر هەمان ڕێچکە بەردەوامە، هەرچەندە پارتی ڕەفا بە یاسا قەدەخەکراوە، بەڵام هەوادارانی لە پارتێکی دیکەدا خۆیان ڕێکخستووەتەوە. شێخ پێداگری دەکرد کە نەجمەدین ئاربەکان کوڕی یەکێک لە سەرۆک خێڵە کوردەکانە و کوردە، هیچ کاتێک لای ئەو نکۆڵی لە کوردبوونی خۆی نەکردووە، بەڵام شێخ دەیوت هەمیشە پێیدەگوتم تکایە ئەم مەسەلەی کوردبوونەی من هەڵبگرە بۆ دوای مردنەکەم، چونکە دەزانم لە هەموو لایەکەوە پەلامارم دەدەن.
ئەوەی کە بەلامەوە سەرنجڕاکێش بوو، نەوەکەی شێخ سەعید بە کوردییەکی پاک و بێگەرد قسەی دەکرد، تەنانەت نەوەکانی ئەویش هەمان ڕێچکەی باب و باپیرانیان گرتووە و لەگەڵ هەموو ئاستەنگییەکان زمانەکی خۆیان پاراستووە. شێخ سەبارەت گرنگی زمانی کوردی دەیگوت، تەنانەت بەشێکی زۆر لە ئیسلامییە تورکەکان زەندەقیان لە زمانی کوردی چووە، چونکە ئەوانیش بە بیانووی هەموومان موسڵمان و برای یەکین، دەیانەوێت کورد زمانەکەی لەبیر بچێتەوە و ئاڵای سپی تورکبوونیان هەڵکەن، ببنە تورکێکی موسڵمان، ئاخر کورد بە زمانەکەیەوە کوردە، دەنا با تاوەکوو ئێوارە ملیۆنان کورد بە تورکی بڵێن کوردین!
شێخ سەبارەت سیاسەتمەداری تورک عەبدوڵڵا گیول گێڕایەوە و گوتی: دراوسێبووین و لە یەک حیزبدا کارمان دەکرد، هەموو ڕۆژێک لە یەک کاتدا کوڕەکانمان دەبردە قوتابخانە، چونکە لە یەک قوتابخانە دەیانخوێند، جیاوازییەکە ئەوەبوو من بەدیار چاوی هەمووانەوە بە کوردی لەگەڵ کوڕەکەم قسەم دەکرد، بەڵام نەمدەزانی کوردی قسەکردنەکەم بووەتە گرێکوێرەیەک لەسەر دڵی عەبدوڵڵا گیول. ڕۆژێک لە کۆنفرانسی پارتەکەماندا کە زۆربەی سەرکردەکان بە ئەردۆغانیشەوە ئامادەبوون، عەبدوڵڵا گیول خۆی بۆ نەگیرا و گوتی: دەزانن ئەم نەوەیەی شێخ سەعید لە ئەتاتورک مەترسیدارترە؟ جەماعەت هەموو بەلایانەوە سەیربوو، خۆیشم زۆرم بەلاوە سەیر بوو! گیول گوتی ئەم پیاوە تا ئێستاش بە کوردی قسە لەگەڵ کوڕەکەی دەکات، بۆیە ئەتاتورک چەند بۆ ئیسلام خراپ بووە، بە کوردی قسەکردنیش ئەوەندە بۆ تورکیا خراپە!.
ئەم تێڕوانییە هەڵە و نەیارانەیە بەرانبەر کورد و زمانەکەی زیاتر لە سەد ساڵە برەوی پێدەدرێت، بەداخەوە هەوڵەکانی دەوڵەت خەریکە دەگاتە ئامانجەکانی. ئێستا زمانی کوردی لە باکوور و تورکیا لەوپەڕی خراپیدایە، بەرەو لەنێوچوون دەچێت، بۆیە دەبێ هەموو قوورسایی خەباتی کورد لە پاراستن و زیندووکردنەوەی زمانەکەیان دا چڕبکەنەوە، دەنا بیست ساڵی دیکە نەتەوەیەک پەیدا دەبێت بە تورکی دەڵێن: بابام کورد، ئانێم کورد، ئەما ئەز کرمانجی نزانم. وەک مەسەلە کوردییەکە دەڵێت بۆ ڕیش چووین سمێڵمان لەسەر دانا، کوردی باکووریش دەبێت بڵێن، شۆڕشمان بۆ درووستکردنی دەوڵەت کرد، بەڵام زمانەکەشمان لەبیرچووەوە. [1]