ناونیشانی بابەت: ئاواز جاف لەبارەى ڕۆمانى 57 دەدوێت
ئامادەکردن: لاڤین عومەر ماڵپەری نووچەنێت
#ئاواز فاتیح جاف# کە نووسەر و وەرگێڕێکى کوردە و لە سلێمانى نیشتەجێیە لە لێدوانێکى بۆ نوچەنێت باسى لە ناوەرۆکى دوایین پەڕتووکى کرد کە ڕۆمانێکى وەرگێڕدراوە بە ناونیشانى 57.
ئاواز جاف بۆ نوچەنێت گوتى، ئەم ڕۆمانە باس لە ڕووداوەکانی جەنگی هەشت ساڵەی ئێراق- ئێران دەکات، باس لە ئازار، کوشتن، هەژاریی، بێهیوایی گەنجانی وڵات لە بەدەستخستنی ژیانێکی شایستە و شکۆمەندانە لەسایەی دەسەڵاتێکی تۆتالیتار دەکات، باس لەوە دەکات سەردەمانێک ڕۆڵەکانی نیشتمان سیخوڕییان بەسەریەکترییەوە دەکرد، وڵات چ زیندانیکی گەورەی نهێنی بووە، هەڵهاتن بۆ ئەو دیوی سنوورەکان و ڕیسوایی و تاڵاوی غوربەت، هەروەها کارەساتەکانی دوای جەنگی کوێت و ساڵانی ئابڵۆقەى ئابووری تا برسێتی، گرانی و کۆچ، تا کەوتنی بەغدا لە ساڵی 2003 و بەتاڵانبردنی نیشتمان لەلایەن دارو دەستەیەکی گەندەڵ بە ناوی نەتەوە و ئایین تا دەگاتە تێکشکانی ڕۆحی تاک لە کۆمەڵگەی ئێراق.
ئەو نووسەرە ژنە کە پێشتر پێنج پەڕتووکى مێژوویى بڵاوکردووەتەوە و ئێستا پەڕتووکێکى تریشى لەژێر چاپە ، زانیارى ئەوەى بە نوچەنێت دا ڕۆمانەکە لەلایەن زید عومەران نووسراوە و چاپە کوردییەکەى لە 171 لاپەڕە پێکهاتووە.
لەبارەى گرنگى ڕۆمانەکە ئاواز جاف گوتى، گرنگی ڕۆمانەکە بانگهێشتکردنە بۆ لێبوردەیی و لێخۆشبوون و نەهێشتنی جیاوازییەکان، تا گەلی ئێراق بتوانێت بە تەبایی پێکەوە بژین، زۆر بە ڕاشکاوی من سەرسامم بە شێوازی نووسینی زەید عومران ئاستێکی ئەدەبی بەرز و قوڵبوونەوەیەکی فەلسەفی هەیە. [1]