پەڕتووکی نیگای ژن بۆ ژیان
ئامادەکردن ماڵپەری وشە
پەڕتووکی نیگای ژن بۆ ژیان، لە نووسینی #ڕێزان حەسەن# و پێداچوونەوەی جیهان محەمەد ئیبراهیم و ئاواز فاتح جاف، لە دووتوێی 230 لاپەڕە لە چاپخانەی کارۆ چاپ کرا.
لەبارەی پەڕتووکەکەوە ڕێزان حەسەن بە وشەی گوت، پەڕتووکەکە پەروەردەییە و کاتپێدانێکە بە تۆ، کە هاوڕەگەزی خۆمی یان ڕەگەزی بەرانبەر، بۆ بینینی جوانییەکانت و جیاوازییەکانت بزانم و قبووڵیان بکەم، ئەوەیش لەپێناو درووستکردنی پێوەندییەکی ڕاستەقینەی سۆزدارانە یان مرۆییانە، سەرنجدانێکە بۆ ژیانی ناهەموواریی ژن لە کۆمەڵگە، هەنگاوێکە بۆ درووستکردنی پێوەندییەکی بەهێز لەسەر بنەمای متمانە و دڵسۆزی لەنێوان ژناندا.
زیاتر گوتی، پەڕتووکەکەم نامەیەکی دڵسۆزانەیە بۆ هەر ژنێک لە هەر کوێیەکی ئەم دنیایە بێت، بە مەبەستی بەئاگاهێنانیان لە ئاست پێگە و ماف و بەها مرۆڤانەییەکانیان، وەک لە پێشەکی پەڕتووکەکەدا ئاماژەم پێ داوە، وەک ژنێک باوەڕم وایە هەر ژنێک کە دەنووسێت، پێویستە بۆ جارێکیش بێت وەک ئەرکی ژنبوونی و لەپای پەراوێزخستنی لەمێژینەی ژنان، لەبارەی ژنەوە بنووسێت.
نووسەر ڕوونی کردەوە، ماوەی چوار ساڵە دەستم داوەتە نووسین، سەرەتا بە نووسینی چەندان وتار لە بواری ژنانەوە بۆ ڕۆژنامەی نەوژین، دواتر چەندان نووسینی ئەدەبی و لە بواری ژنانەوە بۆ سایت و گۆڤار و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەستم پێ کردووە. هاوکات هەنگاویشم بۆ نووسینی ئەم پەرتووکە ناوە، کە دەبێتە یەکەم بەرهەمی چاپکراوم.
لە تەواوی ئەم پەڕتووکە و لە هەموو ئەو وتار و بابەتانەیشی کە نووسیومە، هەمیشە دووپاتم لەوە کردووەتەوە کە هۆشیاربوونی ژنان، خاڵی وەرچەرخانی کۆمەڵگەیە و کارکردن بۆ خۆپێگەیاندنیان ئەرکێکی بنەڕەتی ژنانە، خوێندنەوە و نووسینیش شاڕێگەی ئەو هۆشیاربوونەوە و خۆپێگەیاندنەیە، ڕێزان حەسەن وای گوت.
شایەنی باسە ڕێزان حەسەن دانیشتووی گەرمیانە و ئەم پەڕتووکە یەکەم بەرهەمی چاپکراویەتی، کە جیهان محەمەد ئیبراهیم و ئاواز فاتح جاف پێداچوونەوەیان بۆ کردووە و لە دووتوێی 230 لاپەڕە لە چاپخانەی کارۆ چاپ کراوە. [1]