ناونیشانی بابەت: باڵۆنەکەی یەکێتی
ئامادەکردن: #ئاراس مەسیفی#
بەپێچەوانەی مەسرور بارزانی هاوسەرۆکانی یەکێتی دەرفەتێکی باشتریان لە بەردەمدایە و بۆیان ئاسانترە کە لە نەوەی پێش خۆیان هەڵبگرێنەوەو و بەشێکیشیان ڕاپێچی بەردەم لێپىچینەوە بکەنەوە، بۆ ئەوەی خۆیان لە توڕەیی جەماوەر بپارێزن و داهاتوی خۆیان مسۆگەر بکەن. ئەگەر نا، ئەو باڵۆنەی کە لە دژی پارتی و مەسرور بارزانی فویان تێکردووە، پێش هەموو کەس بە خۆیاندا دەتەقێتەوە.
دوای بەستنی کۆنگرەی چوارەم یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان مژدەی نوێبوونەوە و هەستانەوەی بە ئەندام و هەوادارانی خۆی و بەشێکی وڵاتیانی هەرێمی کوردستان داوە. لەو کاتەوە ئەندامانی یەکێتی لەسەر ئاستی هەموو ئۆرگان و ڕێکخستنەکان لە میدیای حزبی و سیبەر و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەوڵی وێناکردنی یەکێتییەکی تازە دەدەن کە گوایە جیایە لە یەکێتی پێش کۆنگرە.
کێشەی زینی وەرتێ، داواکردنی لامەرکەزی بۆ پارێزگای سلێمانی و ملنەدان بۆ لابردنی پارێزبەندی سەر پەڕڵەمانتار سۆران عومەر لەلایەک و ململانێکانی نێوان مەسرور بارزانی و لاهور شێخ جەنگی لە میدیای سێبەر و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و لێدوان و تۆمەتبەخشینەوەی بەردەوامی بەشێکی ئەندامانی پەڕڵەمانی یەکێتی و پارتی دژ بە یەکتری لەلایەکی ترەوە، بوونەتە هۆی ئەوەی خەڵکێکی زۆری دەرەوەی یەکێتیش تا ئاستێک بڕوا بەوە بێنن، کە یەکێتی پێش کۆنگرە لە یەکێتی دوای کۆنگرە جیاوازترە. بەڵام دەنگدانی ئەندامانی فراکسیۆنی یەکێتی لە بەغدا بە فوئاد حسێن، بەربژێری پارتی بۆ وەزارەتی دەرەوەی ئێراق و نوێنەرایەتی کردنی وەفدی حکومەتی هەرێم لەلایەن قوباد تاڵەبانی بۆ بەغدا و بڵاوکردنەوەی ناوی بەربژێرانی یەکێتی بۆ پڕکردنەوەی پۆستە بەتاڵەکانی یەکێتی لە حکومەتی هەرێم گومانێکی زۆریان لەلای وڵاتیان لەسەر وتاری تازەی یەکێتییەکان درووست کردووە، کە گوایە یەکێتی دوای کۆنگرە چیتر بە برابچوکی پارتی ڕازی نییە.
گومان و دوودڵیی یەکێتییەکان و بەشێکی وڵاتیان لە سەرکردایەتی و هاوسەرۆکایەتی نوێ بێ هۆکار نییە. بەڵکوو ئەنجامی چەند ساڵە لەگەڵ بەڵێنەکانی سەرکردایەتی کۆنی یەکێتی، کە لە ماوەی ڕابردودا چەندین جار لەپێناو بەدەستهێنانی چەند دەستکەوتێکی بچوکی کەسیی و حزبی نەک تەنیا دەستیان لە ویست و حەسرەتی ئەندامان و بەشێکی وڵاتیان هەڵگرتووە، بەڵکوو بێشەرمانەش بوون بە پاشکۆیەکی زەلیلی سیاسەتە قورغکاریی و خۆپەرستییەکانی پارتی دژ بە بەرژەوندیە گشتییەکانی وڵاتیان. نموونەکان زۆرن، لە تێپەڕاندنی یاسای دەستوورەوە بگرە تا چاوپۆشی کردن و هاوبەشیکردن لە سیاسەتی سەربەخۆیی ئابووری و درێژکردنەوەی نایاسایی ماوەی سەرۆکایەتی مەسعود بارزانی و پاشکۆیی بڕیاری ڕیفراندۆم. ئەوەی وایکردووە، کە بەڵێنەکانی ئەم جارەی سەرکردایەتی تازەی یەکێتی بە ئاڕاستەی هاوسەنگ کردنەوەی هێز لە هەرێم تا ئاستێک گرەوی لەسەر بکرێت، دەرچون و هەڵگەڕانەوەی هاوسەرۆکانی یەکێتییە لە سیاسەتی فەرمی هەرێمی کوردستان بە سەرکردایەتی مەسعود بارزانی و بەشێکی سەرکردایەتی یەکێتی لە کاتی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، کە ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری بەدوای خۆیدا هێنا و هەرەوەها کردنی بەرهەم سالح بە سەرۆکی ئێراق، سەرەرای دژایەتی پارتی و نارەزایەتی بەشێکی زۆری سەرکردایەتی کۆنی یەکێتی بۆ ئەم هەوڵەی هاوسەرۆکانی یەکێتی. ئەمەش پرسیاری ئەوە بەدوای خۆیدا دەهێنێت، کە ئایا هاوسەرۆکانی یەکێتی ئەم جارەش ئامادەی بەزاندنی هێڵە سوورەکانن لە دژی پارتی؟
لە ئێستادا دۆخی هەرێم ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەرەو داروخان و شپرزەبوونی زیاتر دەچێێت و بازنەی نارەزایەتی وڵاتیانىش بە شێوەیەکی خێرا فراوانتر دەبێت. دۆخی خرۆشاوی هەرێم پێناچێت چیتر بەرگەی ئەم سیاسەتە دورویەی یەکێتی بگرێت، کە لەلایەک وڵاتیان دژی حکومەت هانبدات و لەلایەکی ترەوە هەوڵی پرکردنەوەی پۆستە بەتاڵەکان بدات و نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لە بەغدا بکات. هەرچەندە کابینەکەی مەسرور بارزانی نییە.ی چاکسازی بنەڕەتی لە حوکمڕانی هەرێم ڕاگەیاندوە، بەڵام وەک لە نووسینێکی تریشدا باسم کردووە، بژاردەکانی بەردەم سەرۆک حکومەت بۆ ئەم مەبەستە ئەگەر مەحاڵ نەبەن، ئەوا ئەستەمن. لە باشترین حاڵەتدا ئەگەری تۆڕەبوون و تۆرانی چینێکی تری کۆمەڵگەی هەرێمی کوردستانی بەدواوە دێت، ئەگەر هاتو سەرۆکی حکومەت باری خواری حوکمڕانی هەرێم تەنیا بخاتە سەر شانی چینی خاوەن پلەی تایبەت و باڵا و چینی لوتکەی دەسەڵات کە ماڵباتی خۆیەتی هەڵاوێرێت. ئەمەش ئەگەری تەقینەوەی دۆخەکە زۆر زیاتر دەکات، چونکە ئەم چینە تا ئێستا بڕبڕەی پشتی سیستەمی حوکمڕانی هەرێمی کوردستان بوون و بەهۆی بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان چاوپۆشیان لە هەموو گەندەڵییەکانی چینی باڵا دەست دەکرد، بەڵام لە کاتی لێدان لە بەرژەوەندیان ئەوە دور نییە.کە ئەوانیش بچنە بەرەی ناڕازیی و سیستەم بە تەواوی تووشی ئیفلیجبوون بکات.
تەقینەوەی دۆخەکە ئەم جارە ئەگەرێکی ڕاستەقینەوە و ترسێکی قوڵی خستۆتە دڵ و دەروونی کابینەکەی مەسرور بارزانی کە لە وتار و کردارەکانیاندا بە زەقی هەستی پێدەکرێت. لە ئێستادا پارتی هەڵوێستی خۆی یەکلایی کردۆتەوە کە ڕێگە بە هیچ هەوڵێکی نارەزایی دژی حکومەت لە ناوچەی زەرد نادات و هەر هەوڵێک بەو ئاڕاستەیە لە ڕێگەی هێز سەرکوت دەکات. لە ئەگەری ڕوبەروبوونەوەی پارتیش بەرانبەر دەنگی نارەزایی شەقام، یەکێتی هیچ ڕێگایەکی تری لە بەردەم نامێنێتەوە، جگە لەوەی هەڵوێستی خۆی یەکلایی بکاتەوە، بەوەی یان هاوشێوەی پارتی هەموو دەنگێکی ناڕازی لە ناوچەی سەوز لە ڕێگەی هێز سەرکوت بکات، وەک ئەوەی ماوەی ڕابردوو لە سلێمانی ڕویدا، یاخود ببێتە پێشەنگی پشتگیری لە دەنگی ناڕازی شەقام بەرانبەر بە کابینەکەی مەسرور بارزانی، چونکە بەپێچەوانەی مەسرور بارزانی هاوسەرۆکانی یەکێتی دەرفەتێکی باشتریان لە بەردەمدایە و بۆیان ئاسانترە کە لە نەوەی پێش خۆیان هەڵبگرێنەوەو و بەشێکیشیان ڕاپێچی بەردەم لێپىچینەوە بکەنەوە، بۆ ئەوەی خۆیان لە توڕەیی جەماوەر بپارێزن و داهاتوی خۆیان مسۆگەر بکەن. ئەگەر نا، ئەو باڵۆنەی کە لە دژی پارتی و مەسرور بارزانی فویان تێکردووە، پێش هەموو کەس بە خۆیاندا دەتەقێتەوە. بەمەش ئەو متمانە و سەنگە کەمەی دوای کۆنگرە کۆیان کردۆتەوە بۆ هەتاهەتایە لەدەستی دەدەن و ناچار دەبن لە ترسی ڕقی جەماوەر ببنەوە بە هاوچارەنووسی پارتی بە باش و خراپ، کە پارتىش ئەوکات تەنیا ئەوانی بە پاشکۆ قبووڵە، بەڵام ئەم جارە بە شێوەیەکی زەلیلتر و ناشیرینتر لە ڕابردوو. [1]