ناونیشانی بابەت: بژاردەکانی سەرۆکی حکومەت لەنێوان مەحاڵ و ئەستەمبووندا
ئامادەکردن: #ئاراس مەسیفی#
“لە ڕاستیدا بژاردەکانی بەردەم سەرۆکی حکومەت نەک تەنیا ئاسان نین، بەڵکوو لەنێوان مەحاڵ و ئەستەمن، چونکە سەرۆکی حکومەت ئەو ڕاستییە باش دەزانێت، کە خانەوادە و حیزبەکەی خۆی بەرپرسیاریەتی یەکەمی شکستی حوکمڕانیی کوردییان دەکەوێتە ئەستۆ، لەبەرئەوەی لە دوای ڕوخانی ڕژێمی سەدامەوە ڕۆژبەڕۆژ هەژمونی دەستەڵاتی خۆیان بەسەر جومگە گرنگەکانی دەستەڵاتدا سەپاندوە و ڕۆڵی لایەنە بەشداربوەکانی حکومەتیان لە پرسە سیاسی و ئابوورییە گرنگەکان لە پاشکۆیی کوورت کردۆتەوە”
سەرۆکی حکومەت مەسرور بارزانی لە وتارە تۆمارکراوەکەی ئەمدوایەیدا کۆتا خاڵی خستە دوای هەموو ئەو دێرانەی باسی شکستی حوکمڕانی کوردیان لە 29 ساڵی ڕابردودا دەکرد. بەمەش جەریئانە کۆتایی بە مشتومڕێک هێنا، کە دەمێکە لە ڕوی واقیعەوە وەکوو ڕاستییەک سەڵمێندراوە، بەڵام هەندێک کەس بەهۆی بەرژەوندیی تایبەتی و حزبییەوە نەک تەنیا نکۆڵییان لێ دەکرد، بەڵکوو لە هەوڵی بەردەوامیش دابوون بە پینەوپەرۆ ڕوپۆشی بکەن. هۆکار و پاڵنەرەکانی سەرۆکی حکومەت بۆ دداننان بەشکستی حوکمڕانیی کوردی ساڵەکانی ڕابردو هەرچییەک بن، هیچ لەو ڕاستییە ناگۆرێت کە هەرێمی کوردستانی لە ڕوی وتار و کردارەوە پێی ناوەتە قۆناغێکی تر، کە قۆناغی گەڕانە بەدوای چارەسەری بنەڕەتی. بۆ ئەمەش سەرۆکی حکومەت داوای پێدانی کاتی پێویست و دانبەخۆداگرتنی لە وڵاتییانی هەرێم و یەکرێزی و هەماهەنگی لەلایەنە سیاسییەکانی هەرێم کرد، بۆ ئەوەی هەموو لایەک بە یەکەوە بتوانن ئەم دۆخە تێبپەڕێنن، چونکە ئاشکرایە کە نە کات لە بەرژەوندیی ئەو دایە، نە ئەویش بەتەنیا دەتوانێت بەتەنیا ملبداتە بەر ئەو ئەرکە قوورسەی کە ڕایگەیاندووە.
حوکمڕانیی هەرێم تەنیا لە ڕوی سیاسی و ئابوورییەوە شکستی نەخواردوە، بەڵکوو لە ڕوی ئەخلاقی و مەعنەویشەوە زۆر بە قوڵی خزاوەتە خاڵی ژێر سفر. حوکمڕانی هەرێم لە ڕابردودا چەند بارتەقای قەرزی ماددی، قەرزی مەعنەوی لەسەر کەڵەکە بووە، کە ئەوەش بووەتە هۆی نەمانی هیچ متمانە و هیوا و ئومیدێک بە حوکمڕانانی هەرێمی کوردستان. لەبەرئەوەش پێدانی کات و پشتگیری وڵاتییان تەنیا پەیوەست نییە بە توانای سەرۆکی حکومەت و ستافەکەی، کە تا چەند سەرکەوتو دەبن لە خستنەڕوی ناوەرۆکی بەرنامە و کارنامەی حکومەتی هەرێم و میکانیزمەکانی جێبەجێکردنی هەنگاوەکان بە ئاڕاستەی دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەکی گونجاو بۆ دەرچون لەم دۆخەدا، بەڵکوو دەکەوێتەوە سەر خێرایی و جدییەتی هەنگاوی کرداری داهاتوی سەرۆکی حکومەت بۆ جێبەجێکردنی کارنامەکەی.
تا ئێستادا حکومەتی هەرێم و سەرۆکی حکومەت نەک تەنیا هیچ بەرنامە و پلانێکی گشتگیر و تێروتەسەل و واقیعی و بڕواپێهێنەر و متمانەبەخشیان پێشکەش بە وڵاتییان و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان نەکردووە، بەڵکوو بگرە لە ڕوی کرداریشەوە تەواو بە ئاڕاستەی پێچەوانە هەنگاودەنێن. ئەمەش گومانێکی یەکجار گەورە دەخاتە سەر توانا و جدییەتی سەرۆکی حکومەت بۆ درەبازکردنی دۆخی هەرێم لەم سەرگردانی و بێئومێدی و شێواوییەی تێیکەوتووە، کە لە ئەنجامدا لەوانەیە داروخانی یەکجارەکی دەستەڵاتی حوکمڕانیی هەرێمی بە دواوە بێت.
لە ڕاستیدا بژاردەکانی بەردەم سەرۆکی حکومەت نەک تەنیا ئاسان نین، بەڵکوو لەنێوان مەحاڵ و ئەستەمن، چونکە سەرۆکی حکومەت ئەو ڕاستییە باش دەزانێت، کە خانەوادە و حیزبەکەی خۆی بەرپرسیاریەتی یەکەمی شکستی حوکمڕانیی کوردییان دەکەوێتە ئەستۆ، لەبەرئەوەی لە دوای ڕوخانی ڕژێمی سەدامەوە ڕۆژبەڕۆژ هەژمونی دەستەڵاتی خۆیان بەسەر جومگە گرنگەکانی دەستەڵاتدا سەپاندوە و ڕۆڵی لایەنە بەشداربوەکانی حکومەتیان لە پرسە سیاسی و ئابوورییە گرنگەکان لە پاشکۆیی کوورت کردۆتەوە. هەر هەنگاوێکی جدی بە ئاڕاستەی ڕاستکردنەوەی هەڵەکانی ڕابردو، ئەگەر لە خانەوادەکەی خۆی دەستپێنەکات، نەک تەنیا هیچ بەرهەمێکی ئەرێنی بۆ خۆی و حکومەتەکەی نابێت، بەڵکوو دەبێتە هۆی زیاتر ئاڵۆزکردنی دۆخەکەش. بژاردە درووستەکە ئەوەیە، سەرۆکی حکومەت بە لێپرسینەوە لە باوک و برا و مام و ئامۆزاکانیەوە دەستپێبکات، کە نەک تەنیا لە ڕوی سیاسییەوە بەرپرسی سەرەکی شکستخواردنی حوکمڕانی هەرێمی کوردستانن، بەڵکوو زۆرترین قۆرغکاری ئابووریشیان ئەنجامداوە. دەستبردن بۆ ئەم بژاردەیە پێدەچێت مەحاڵ بێت، چونکە ئەگەر مەسرور کوری مەسعود بارزانی نەبوایە، نەدەبو بە سەرۆکی حکومەت.
کەواتە سەرۆکی حکومەت هیچ بژاردەیەکی تری بۆ نامێنێتەوە، جگە لەوەی، یان دەبێت لەلایەنە سیاسییەکانی ترەوە یانیش بە هاوکاری ئەوان دەستپێبکات. بۆ ئەمەش ئەستەمە سەرۆکی حکومەت بتوانێت بەرپرسیارێتیی شکستی حوکمڕانیی هەرێم هەموی بخاتە سەر لایەنێک یان چەند لایەنێکی تری سیاسی، بێئەوەی بچوکترین لێپرسینەوە لە ئەندامانی بنەماڵە و پارتەکەی خۆی کردبێت، چونکە هیچ لایەنێک نەک تەنیا ئامادە نییە بچێتە ژیر بەرپرسیارێتی بڕیاری بەزۆرداسەپێنراو، بەڵکوو لەوانەیە ئەندام و لایەن و بەشێکی وڵاتییانی ناڕازیش لە سەرۆکی حکومەت و پارتەکەی هانبدەن و قوڕەکە لە سەرۆکی حکومەت خەستتر بکەنەوە.
کەواتە لە کۆتاییدا سەرۆکی حکومەت هیچ بژاردەیەکی تری بۆ نامێنێتەوە، جگە لەوەی داوای هاوکاری و هەماهەنگیی لەلایەنە سیاسییەکانی تر بکات بەمەستی سەرخستنی هەنگاوەکانی حکومەت بۆ دەربازکردن و پەڕاندنەوەی دۆخی هەرێم. بۆ ئەمەش سەرۆکی حکومەت ناچاردەبێت پێش هەموو کەسێک ددان بە شکستی خۆیدا بنێت، لە پەرتەوازەکردن و پەراوێزخستنی لایەنەکان، چونکە هەر خۆی زەمینەی کاری هاوبەشی لەگەڵ لایەنەکانی تر بەتەواوی لەباربردووە. ئەمەش ئەگەر مەحاڵ نەبێت، ئەوا ئەستەمە، چونکە لایەنەکانیش بێگومان لەبەرانبەر چاوپۆشین لە بەرپرسیارێتیی بنەماڵە و پارتەکەی سەرۆک حکومەت لە شکستی حوکمڕانی ڕابردو، داوای چاوپۆشین لە بەرپرسیارێتیی خۆیان دەکەن، کە ئەوەش لە دەرئەنجامدا دەبێتە هۆی بەلاڕێدابردنی هەموو هەوڵەکانی ڕاستکردنەوەی شکستی حوکمڕانی هەرێم. ئەمەش نەک تەنیا دۆخەکە چارەسەر ناکات، بەڵکوو وڵاتییان زیاتر بێئومێد و بێهیوا دەکات لە حوکمڕانی هەرێم، کە ئەگەری داڕووخانی دەستەڵاتی ئێستا لە ڕێگەی توندوتیژی زۆر زیاتر دەکات، لە ئەگەری دەربازکردن و گواستنەوەی ئاشتییانەی دۆخی هەرێمی کوردستانی ئێراق.[1]