ناونیشانی بابەت: بەرپرسیاریێتیی زۆرینە بەرانبەر مافی کەمینەکان
ئامادەکردن: #ئاراس مەسیفی#
پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکانی پەیوەست بە کەمینەکان هەموو ئەو کەس و گرووپانەی کە لەڕوی کولتوریی، زمانەوانی، ئایینی و مەزەهەبی یانیش نەتەوەیی لە زۆرینەی کۆمەڵگە جیاوازن بە کەمینە پێناسە دەکات و بەرپرسیارەتی پاراستنی شوناسی کولتوریی و ئایینیی و زمانەوەنیی و نەتەوەیی و مافە پەیوەستدارەکانیان دەخاتە ئەستوی ئەو وڵاتانەی کە تیایدا دەژین. گەلی کورد لە وڵاتانانەی بەسەری دابەشکراوە بەپێی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان هەموو پێناسەکانی کەمینەبوون دەیگرێتەوە. بۆ نموونە لە ئێراق، کورد بەشی زۆری موسڵمانی سونییە، لە ڕوی کوردبوونیەوە، کەمینەیە بەرانبەر عەرەب، لە ڕوی مەزهەبییەوە کەمینەیە بەرانبەر شیعە. هەرەوەها لە ڕوی ئایینییەوە ئێزیدییەکان بەرانبەر هەردو کورد و عەرەبی موسڵمان کەمینەن هتد. لە بەشەکانی تری کوردستانیش هاوکێشەکە بە کەمێک جیاوازی بە هەمان شێوەیە. هەرێمی کوردستانیش وەکوو زۆربەی وڵاتانی ناوچەکە وڵاتێکی فرەڕەنگ و هەمەجۆرە لە ڕوی جیاوازی کولتووری و ئایینی و زمانەوانی و نەتەوەیییەوە. وابزانم ڕێزنەگرتن لە یاسا نێودەوڵەتییەکان و نموونەکانی پێشێلکردنی مافەکانی گەلی کورد لە ئێراق و سووریا و ئێران و تورکیا لە ساتی درووستبوونیانەوە تا ئێستا بۆ هەموو کەسێک ئاشکران و پێویست بە خستنەوەڕویان ناکات. ئەمەش وایکردووە کە میللەتی کورد لە هەموو کەس زیاتر مانایی کەمینەبوون تێبگات و پێویستە بە هەمان شێوەش بەرانبەر هەر پێشێلکارییەک بەرانبەر مافی کەمینەکان هەستیار بێت.
چەشتنی ئازار و زوڵمی کەمینەبوون وای کردووە کە زۆرینەی گەلی کورد پشتیووانی و پشتگیری هەر هەوڵێکی حزبی و حکومی بکەن بۆ پارێزگاریکردن و پاراستنی شوناس و مافەکانی کەمینەکانی هەرێمی کوردستان. تەرخانکردنی ڕێژەی 11 کورسی بۆ کەمینەکانیش هەر لەو چوارچێوەیەدا بووە، کە لایەنی باش و خراپی خۆی هەیە. بە بۆچونی من ناکرێت مافی کەمینەکان تەنیا لە چەند کورسییەکی پەڕڵەمانی کوورتبکرێتەوە، بەڵکوو پێویستە نوێنەرایەتییان لەسەر ئاستی هەموو دەزگا و دەمەزراوە باڵاکانی فەرمی و نافەرمی، بگرە لە قەبارەی خۆشیان زیاتر مسۆگەر بکرێت، بۆ ئەوەی جگە لە نوێنەرایەتی کەمینەکانی خۆیان ببنە ئامرازێکی ئەڕێنی هاوسەنگیی و بێلایەنیی نێوان هێز و لایەنە سیاسییەکانی نەتەوەی زۆرینەش، کە کوردی سونییە. هیچ لەوە باشتر دەبێت، ئەگەر تورکمانێکی دور لە حزبە کوردییەکان ببێتە سەرۆکی دەزگای دادوەری هەرێمی کوردستان و دامەزراوەی دادەوری بکاتە دامەزراوەیەکی هاوسەنگ و بێلایەنی حزبیی؟ ئەی بۆ کریستیانێک نەبێتە سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە یان هەر دەمەزراوەیەکی تر؟ چی دەبێت ئەگەر ئێزیدییەک ببێتە وەزیری پێشمەرگە؟ دەبێت ددان بەوە دابنرێت، کە حکومەت و حزبە کوردییەکانی هەرێمی کوردستان بەگشتی کەمتەرخەم بوون لە دابینکردنی مافی هاووڵاتیبوون و وەکیەکیی کەمینەکان بەو شێوەیەی کە پێویستی دەکرد. دەکرێت ئەم کەموکووڕییەش بخرێتە چوارچێوەی کۆی کەموکووڕییەکانی حوکمڕانیی کوردی، بەو پێیەی زۆرینە و کەمینە وەکوو یەک شکست و کەموکووڕییەکانی حوکمڕانیی کوردییان بەرکەوتووە.
هەرێمی کوردستان ئەو شتانەی کە زۆر شانازی پێوەدەکرد و دەکات، پارێزگاریکردن و دابینکردنی مافی کەمینەکان بو، بەڵام ئەویش خەریکە لە مانای ڕاستەقینەی خۆی خاڵیدەکرێتەوە و دەبێتە نمایشێکی ناشیرین، کە جگە لە تۆراندن و ئازاردانی کەمینەکان، لەوانەیە پەلبهاوێت بۆ تێکدانی ئاشتیی کۆمەڵایەتی ناو پێکهاتەی کەمینەکان. ئەوەی پارتی لەم ساڵانەی دوایی بەرانبەر مافی کەمینەکان دەستیداوەتێ ناچێتە چوارچێوەی کەموکوری و هەڵەی سیاسییەوە، بەڵکوو بە هەموو پێوەرە سیاسی و یاسایی و ئەخڵاقییەکان دەچێتە چوارچێوەی زەوتکردنی مافی کەمینەکان بە کارێکی بەرنامە-بۆ -ارێژراو، کە ئەمەش پێش کەمینەکان، زۆرینەی هەرێمی کوردستان لێی بەرپرسیارن، کە تا ئێستا بێدەنگیان لێ کردووە. شتێکی نەک تەنیا ئاسایە، بەڵکوو زۆر پێویستیشە کە دەرگای حزبە کوردییەکان بۆ کەمینەکانیش واڵا بێت، دەرگای حزبە عەرەبییەکان بۆ کوردەکان کراوە بێت، تا لە ڕێگەی حزبەوە بتوانن زۆرترین دەسکەوت بۆ خۆیان، کەمینەکانی خۆیان و ئەو حزبەی تێیدان دەستەبەر بکەن، بەڵام ئاسایی نییە کە حزبی زۆرینەی کوردی مافێک، کە بەپێ یاسا بە کەمینەکان دراوە، زەوت بکات. هەموو کەسێک لە هەر کەمینەیەک ئازادە بچێتە ناو هەر حزبێک و کاری حزبایەتی بکات، بەڵام بۆ حزبی سیاسیی کوردی نەهاتووە دەستبخاتە ناو کاروباری کەمینەکان و تێکەڵکردنیان بە ناکۆکیی سیاسی نێوان حزبە کوردییەکان، چونکە ئەوە جگەی لەوەی دوبەرەکی دەخاتە ناو کەمینەکان، هەستیاری نێوان زۆرینە و کەمینەش زیاتر دەکات هەروەها پاساوێکی باش دەداتە دەست بەشێک لە زۆرینەی عەرەبی ئێراقیش هەمان کار بەرانبەر کەمینەی کورد بکەن، ئەگەر بۆیان ڕەخسا.
کوردی هەرێمی کوردستان دەبوایە پێش هەموو کەس زیاتر بەرانبەر بە لێکەوتە سیاسییەکانی ئەم کارەی پارتی هەستیار بوونایە، چونکە دامەزراوەکانی ڕژێمی سەددام حسێن بە هەمان شێوە و بۆ هەمان مەبەست پر کراوبوون لە کورد، گوایە ئەمانە نوێنەرایەتی کورد دەکەن. چ کوردێک هەیە بە بیستنی ناوی کوردەکانی ناو ڕژێمی بەعس هەست بە شەرمەزاری و دڵتەنگی نەکات؟ هەمومان بینیمان ڕژێمی سەددام حسێن بەم سیاسەتەی چ ئازارێکی دەروونی گەلی کوردستانی دەدا و کۆمەڵگەی کوردی چۆن دابەش کردبو. ڕاستە حکومەتی هەرێم لەگەڵ ڕژێمی سەددام بەراورد ناکرێت، بەڵام لەم خاڵەدا بەداخەوە هەمان سیاسەت و وەکوو ڕێکەوت وایویستبێت هەمان شوێنە. هەڵەیە پێمان وابێت، لەبەر ئەوەی ئێمە لە هەرێمی کوردستان زۆرینەین، ئاساییە کەمینەکان بۆ بەرژەوەندی ئەم حزب و ئەو حزب بەکار بهێندرێن، بێ ئەوەی بچوکترین بەرژەوندیان لە ململانێ نێوان هێزە کوردییەکاندا هەبێت. [1]