ئامادەکردن: بەپۆلیسکردنی حوکمڕانی هەرێمی کوردستان مەحکومە بە شکست
ئامادەکردن: #ئاراس مەسیفی#
حوکمڕانی پۆلیسی دەستەڵاتێکی پارانۆیایە، تەنیا کار لەسەر ترساندنی و دەستەمۆکردنی هاووڵاتییان دەکات. هەموو هۆیەک و ئامرازێکی متمانە لەناودەبات. ئەمانە هەمان خەسڵەتەکانی کەسانی تووشبو بە نەخۆشی پارانۆیایە، کە هەمیشە ترس و گومانیان لە دەوروبەر هەیە، هەمیشە پێیان وایە کە کەسانی دەوروبەر نیازی فێللێکرن و زیان پێگەیاندنیان هەیە، بێئەوەی هیچ بەڵگەیەکیشیان بۆ ئەوە هەبێت. ئەم دیاریدەیە یەکێکە لە خەسڵەتە بنەڕەتییەکانی دەزگا هەواڵگری و ئەمنییەکان. کەسانی ئەمنی و هەواڵگری هەمیشە گومان لە خەڵک دەکەن و بەوردی چاویان لەسەر هەڵسوکەوت و وتەکان و کردەوکانیانە. بە مانایەکی تر، سرووشتی کارەکەیان وا دەخوازێ، لە هەموو کەسێک و جولەیەک بە گومان بن و وەکوو دوژمن و نەیار هەژماریان بکەن.
وڵاتانی دیموکراتی بەهۆی دامەزراوەکانی بەهێزی یاسادانان و دادوەریی و میدیایی، کاری دەزگا ئەمنی و هەوالگیریەکان سنووردار دەکەن. کاتێک سنووری دەستەڵاتە دیاریکراوەکانی خۆیان دەبەزێنن، میدیا و ڕای گشتی پێدەزانێت و لێپێچینەوەی یاسایی و سیاسی بەدوادێت. لەو وڵاتانەی کە دامەزراوەکانی تری دەوڵەت وەکوو دامەزراوەی یاسادانان و دادوەریی و میدیایی بێهێزن، دەوڵەت و کۆی پڕۆسەی سیاسی دەبنە بارمتەی بەرژەوندی ناوەندە هەواڵگیری و ئەمنییەکان. نموونەی ئەو وڵاتانەش زۆرن، دیاریترینیان پاکستان و تورکیان، کە تیایاندا بە ئاشکرا باس لە بوونی دەوڵەتی قوڵ دەکرێت. لە وڵاتانە هىچ شتێک بێ ڕەزامەندی و پشتیووانی دەزگا هەواڵگرییەکان و ئەمنییەکان سەرکەوتو نابێت، هەر کارێکی دەوڵەتیان بەدڵ نەبێت، هەوڵی تێکدانی دەدەن. لەو وڵاتانی کە دامەزراوەکانی تری دەوڵەت تەنیا ڕوکەشن، عەقڵی دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکان دەبێتە ژیری و لۆژیکی سیاسەتی فەرمی دەوڵەت. لە زانستی سیاسیی بەم وڵاتانە دەڵێن دەوڵەتی پۆلیسی، کە تیایدا هاووڵاتییان هەمیشە وەکوو مەترسی یان تاوانبار لێیان دەروانرێت. نموونەی ئەم وڵاتانەش کۆریای باکوور، ڕژێمەکانی پێشوی سەدام و قەذافی و ئێستای بەشار ئەسەد و عەبدولفەتاح سیسیین. کاتێک لۆژیک و عەقڵی هەواڵگیری و ئەمنی سیاسەتی فەرمی حوکمڕانی ئاڕاستە دەکات. ئەوکاتە هەموو دامەزراوەکانی تری دەوڵەت لە وەزیفە و ئەرکی ڕاستەقینەیان بەتاڵ دەکرێنەوە، هیچ پەراوێزێک بۆ مافی هاووڵاتییبوون نامێنێتەوە، هاووڵاتییان نەک تەنیا لە هەموو مافێکی بنەڕەتی بێبەش دەکرێن، بەڵکوو تەنیا باسکردنی ئەو مافانەش، دەبێتە هۆکارێک بۆ دەستگیرکردن و بێسەروشوێن کردن. بەمەش ترس جێگەی متمانە دەگرێتەوە.
حوکمڕانیی هەرێمی کوردستان بە هەندێک جیاوازی بچوک تا درووستبوونی کابینەی نۆیەم زیاتر لە نموونەکانی پاکستان و تورکیا نزیکتر بو. دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکان لە پەراوێزی پڕۆسەی سیاسی کاری ئەمنیی و هەواڵگریی خۆیان دەکرد و تەنیا لە پرسە هەستیار و گرنگەکانی حزبی و حکومی خۆیان دەردەکەوتن. دوای درووستبوونی کابینەی نۆیەمی حکومەت بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، ڕۆژبەڕۆژ هەژمونی عەقڵی هەواڵگریی و ئەمنیی جێگە بە ژیری و لۆژیکی مەدەنی و یاسایی و سیاسی لێژ دەکات، چونکە مەسرور بارزانی جگە لە خۆی کە پیاوێکی هەواڵگریی و ئەمنییە، پشتیشی بە ستافێک بەستوە، کە زیاتر لە کاری هەواڵگریی و ئەمنییەوە شارەزان بەهۆی نزیکایەتیی پشتریان لەگەڵ بارزانیی و هەوڵی دڵخۆشکردنیشی.
لای هەموو کەس ئاشکرایە، کە ئێستا هەرێمی کوردستان بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت و کەمبوونەوەی داهاتی ناوخۆی کەوتۆتە قەیرانێکی ڕاستەقینە. ڕاستە ڕوبەڕوبوونەوی ڤایرۆسی کۆرۆنا پێویستی بە ڕێککاریی خێرا و گونجاوە، بەڵام ئەوە مانای ئەوە نییە، کە حکومەت ڤایرۆسی کۆرۆنا بکاتە بەهانەیەک بۆ پێشێلکردنی مافی هاووڵاتییان و بێنرخکردنی دامەزراوەکان. بڕیار و کارەکانی حکومەت ڕۆژبەڕۆژ خەسڵەتی دەوڵەتی پۆلیسی وەردەگرن. دامەزراوەکانی یاسایی و دادوەری خەریکە بەتەواوی لەکاردەخرێن، دامەزراوە میدیایییەکان دەمێکە بەتەواوی کەوتونەتە دەست حزب و دەزگا ئەمنییەکان و هیچ قوورسایی و سەنگ و متمانەیان لای هاووڵاتییان نەماوە. ئەمەش وادەکات ئەو بەشە متمانەی خەڵکیش بە حکومەت ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لاوازتر بێت. ڕۆژنامەنووس و چالاکوان بەئاشکرا دەستگیردەکرێن، تەنیا بە مەبەستی چاوترساندن و چاوسوورکردنەوە و دەستەمۆکردنی هاووڵاتییان، ئەگەرنا دەچێتە عەقلی کێ کەسێکی وەکوو هێمن مامەند یان زریان محەمەد بتوانن مەترسیی لەسەر حکومەت درووستبکەن؟
دەوڵەتی پۆلیسی تەنیا کاتێک سەردەگرێت و دەتوانێت بەردەوام بێت کە دەستەڵات لە ناوخۆی یەکگرتو و ڕێکخراو بێت، سنوورەکانی دیاریکراو بێت و بەروی دەرەوە کۆنترۆل کراوبێت، ئامرازەکانی پەیوەندی و گواستنەوە بە شێوەیەکی ڕەها بە دەست دەستەڵات بێت و ئابوورییەکەشی تا ڕادەیەک بەهێز بێت، یان مەترسییەکانی دەرەوە زۆر لەوانە گەورەتر بن و خەڵک مەترسییەکەی دەرەوە بەخراپتر بزانن لە بەپۆلیسکردنی حکومڕانیی ناوخۆ، وەک ئێستای سووریا. دەستەڵات بۆ ئەوە دەبێت خاوەنی سەروەری نێودەوڵەتی بێت، بۆ ئەوەی کەس نەتوانێت دەستتێوەردانی ناوخۆیی بکات و بە لایەنی کەمەوە چەند وڵاتێکی بەهێزی دۆست، بەهەر هۆیەکەوە بێت، پشتیووانی لێ بکەن.
هەرێمی کوردستان هیچ لەو مەرجانەی تێدا نییە، چونکە جگە لەوەی لە ناوخۆ یەکگرتو و ڕێکخراو نییە، تا ئێستاش بەشێکە لە دامەزراوەی دەستووریی و یاسایی دەوڵەتی ئێراق، کە سەرەرای هەموو کەموکوڕتییەکانی وڵاتێکی خاوەن سیستەمێکی مەدەنییە و دەستەڵات بە شێوەیەکی ئاشتییانە و لە ڕێگەی هەڵبژاردنەوە دەستاو دەست دەکرێت. هەرێم ناتوانێت سنوورەکان بۆ هەمیشە لەسەر بەشەکانی تری ئێراق دابخات، کۆنترۆلکردنی ئامرازەکانی پەیوەندی و گواستنەوە لە دەستی حکومەتی ناوەندییدان. هەرێمێکی پۆلیسی، ئەگەر کێشە ناوخۆیییەکانیشی بەلاوە بنێت، مەحاڵە بتوانێت لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی مەدەنیی بەردەوام بێت. جگە لەمانەش حوکمڕانی هەرێم، هەمیشە چاوی لە دەستی وڵاتانی هاوپەیمانانە، کە بۆ ئەوانیش ئاسان نابێت بتوانن پشتیووانی هەرێمێکی پۆلیسی بکەن لە دژی حکومەتێکی مەدەنیی ناوەندیی. خۆ ئەگەر خوانەخواستە، بەغدایش بەرەو حوکمڕانیی پۆلیسی هەنگاوینا، ئەوە هەرێم دووبارە پێویستی بە پشتیووانی و پشتگیری هاوپەیمانان دەبێتەوە، بۆ ئەوەی لەبەرانبەر بەغدا پارێزگاری لێ بکەن. لەبەر ئەوە هەنگاوەکانی بەپۆلیسکردنی حوکمڕانیی هەرێمی کوردستان چارەنووسیان لە هەنگاوەکانی بەسەربەخۆییکردنی فرۆشتنی نەوت و ڕیفراندۆم باشتر نابێت. لەوانەیە بەهۆی قەیرانی کۆرۆنا تا ماوەیەک چاوپۆشی لێ بکرێت، بەڵام لە مەودای نزیکدا ڕوخان و لەناوچونی حوکمڕانی هەرێمیش دەکاتە شتێکی حەتمیی، جا پێش یان دوای لەناوچونی کۆرۆنا بێت. [1]