ناونیشانی بابەت: کێشەکانی بەراوردکاری
ئامادەکردن: #ئاراس مەسیفی#
بەراوردکاری یەکێکە لە خەسڵەتەکانی مرۆڤ، کە بە مەبەستی هەلسەنگاندنی نێوانی دیاریدەکان، بژاردەکان، بابەتەکان هتد دەیکات. زانایانی نویرۆلۆژی و دەروونی گەیشتونەتە ئەو ئەنجامەی کە بەشی بڕیاریدانی مێشکی مرۆڤ بە شێوەیەکی (instinctive) ، واتە زگمانگى بە شێویەکی لا شعوری ئەم کارە ئەنجامدەدات بە مەبەستی ئاسانکاریکردن لە هەڵسەنگادن و بڕیاردان. مێشکی مرۆڤ ئەم کارە لە ڕێگەی تاوتوێکردنی هەموو زانیاری و ئەزموونە بەردەستەکانی ناو مێشکی مرۆڤ بە شێوەیەکی لا شعوری بۆ هەڵسەنگاندن و بڕیاردان لەسەر دیاریدەکان، بژاردەکان، بابەتەکان هتد ئەنجام دەدەت. جا تا زانیاری و ئەزموونە بەردەستەکانی ناو مێشکمان زۆرتر و دەوڵەمەندتر بن، هەڵسەنگاندن و بڕیاردانمان لەسەر شتەکان هاوسەنگتر دەبێت. چەندەش زانیاریەکانمان کەمتر بن، هەڵسەنگاندەکانمان ناهاوسەنگتر دەبن. کێشەکە، بەڵام، لێرە دایە، کە هیچ مرۆڤێک زانیاری و ئەزموونی تەواوی لەسەر هەموو بابەتەکان نییە، لەگەڵ ئەوەشدا زۆربەیان دەیانەوێت لە ڕێگەی بەراوردکاریی ڕوکەشانە هەڵسەنگاندن بۆ زۆربەی بابەتەکان و دیاریدەکان بکەن و بڕیاریان لە بارەیەوە بدەن. ئەمە خەسڵەتێکی گەردونیی مرۆڤ، تایبەت نییە بە هیچ کلتوورێکی دیاریکراو.
ئەمە کاتێک دەبێتە کێشە بۆ مرۆڤایەتی، کاتێک مرۆڤ بێ هیچ هەوڵێکی وەدەستهێنانی زانیاری پیویست دەربارەی بابەتێک، تەنیا بە پشتبەستن بە چەند زانیارییەکی ناتەواو و لە ڕێگەی هەستەوە، بەتایبەتتریش لە ئەمڕۆدا کە زانیارییەکان وەک تیشکی خۆر بەخێرایی لە ڕێی سۆشیەڵ میدیاوە بە دونیادا بڵاودەبنەوە، بڕیار لەسەر بابەتی گشتیی دەدەن. لەسەر ئاستی کۆمەڵگەکان ڕەوتە پۆپۆلیستییە ئایدۆلۆژی و ئایینییەکان لە کۆنەوە تا ئێستاش کاریان لەسەر ئەو خەسڵەتە زگماکیی مرۆڤ کردووە و دەکەن، چونکە کاتێک مرۆڤ بەهۆی سنوورداری زانیارییەکانیان بڕیارەکانیان دەدەنە دەست هەستەکانیان، توانای ئەوەیان نامێنێت، هەموو ڕەنگەکانی نێوان ڕەش و سپی ببینن و بەمەش دەبنە نێچیرێکی ئاسانی ڕەوتە پۆپۆلیستییەکان و لە دژی یەکتر هاندەدرێن. بەشێکی بنەڕەتی ئەو هەموو جیاکاری و دوژمنکارییە چینایەتی، ڕەگەزی و ئایینی و سیاسی و هتد. دەگەڕێتەوە بۆ ئەم خەسڵەتە زگماکییەی مرۆڤایەتییەوە.
دیوێکی تری بەراوردکاری لەسەر ئاستی تاک دەکرێت هۆکارەکەی خۆبەکەمزانین یان خۆگەورەبینین بینین بێت، کە ڕەگی هەردوگیان بۆ کێشەی گرێی دەروونی دەگەڕێتەوە. بەشێکی مرۆڤەکان هەمیشە ئارەزوی ئەوە دەکەن بۆ بەرزکردنەوەی بەهای خۆیان یان کلتوورەکانیان و بەکەم دانانی ئەوانی تر، دیاریدەیەک یان بابەتێکی باشی خۆیان لەگەڵ دیاریدەیێک یان بابەتێکی خراپی کەسانی تر بەراورد بکەن، بێگومان پێچەوانەکەشی بە هەمان شێوە ڕاستە، کاتێک کەسێک بۆ بەرزکردنەوەی بەهای کەسیی خۆی خەسڵەتێکی باشی ئەوانی تر لەگەڵ خەسەڵەتێکی خراپی ناو کولتووری خۆی بەراورد دەکات، تەنیا بەمەستی خۆبەزۆرزانین لەسەر حیسانی بەکەمبینینی هاوکلتوورەکانی خۆی.
ڕۆژانە لەسەر دیواری هاورێیانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ماڵپەرەکان چەندین بەراوردکاری لەنێوان ئێرە و ئەوێ، ئەم شار و ئەو شاری کوردستان، کوردستان و وڵاتانی ئەوروپا، کوردستان و ئەمریکا، کوردستان و وڵاتانی ئەفریقیا، هتد دەبینین، کە تەنیا مەبەست لێیان بە باش پىشاندانی لایەنێک و بە خراپ هەڵسەنگاندنی لایەنێکی ترە. ئیتر هەر کەس و بەبێ زانیاری و ئەزموونی بەردەستی خۆی و گرێ دەروونییەکانی پەسەند یان دژایەتییان دەکات.
نوێترین نموونەش ئەو بەراوردکارییەی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتانی ترە لە هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوی پەتای کۆرۆنا. ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە کە کارمەند و کادیرە ماندونەناسەکانی کەرتی تەندرووستی هەرێم شەونوخونییەکی زۆر دەکەن بۆ ڕزگارکردنی ژیانی هاووڵاتییان. لایەنە پەیوەندیدارەکانی تری هەرێمی کوردستانیش بە هەمان شێوە جێگەی دەستیان دیارە پەیوەست بە ڕوبەڕوبەنوەی ڤایرۆسەکە، بەڵام ئەوە بە هیچ شێوەیەکی ئەوە ناگەیێنێت، کە هەرێمی کوردستان لە وڵاتانی تر باشتر یان خراپتر هەڵسوکەوتی کردووە. کاتێک تۆ بەراوردکاری لەنێوان ڕێککارەکانی وڵاتێکی تر لەگەڵ هی هەرێمی کوردستان دەکەیت، ئەوە دەبێت زانیاری تەواوت لەسەر پێکهاتەی کولتووری و کۆمەڵایەتی، ئابووری، سیاسی هتد هەردو وڵات هەبێت و بەراوردکارییەکەت هەموو دیو و ڕەهەندەکانی پەیوەست بەو کێشەیە یان پرسە بگرێتەوە، ئەگەر نا بەراوردکارییەکەت تەنیا ئەکتێکی پۆپۆلیستییانەیەی سیاسییە یان بە مەبەستی خۆهەڵکێشانە لەسەر حیسابی ئەوانی تر.
بۆ چی دەبێت پێمانوابێت وڵاتانی ئەوروپی، ئەمریکا یان هەر وڵاتێکی تری ئەم جیهانە ئەقڵیان بەمە ناشکێت، هاووڵاتییانی خۆیان بە ۆمەڵ کەرەنتێن بکەن وەکوو ئەوەی هەرێمی کوردستان کردویەتی و پێویستە بێن ڕاوێژ لە هەرێمی کوردستان وەرگرن؟ بیرت لەوە کردۆتەوە، کە تەنیا یەک کۆمپانیای مامناوەندی ئەورپی یان ئەمریکی بودجەی ساڵانەی هێندەی بودجەی هەموو هەرێمی کوردستانە؟ دەزانی لە زۆبەی وڵاتان داخستنی کارگەکان لە دەستی حکومەت نییە و لە کاتی داخستنی دەبێت حکومەت قەرەبویان بکاتەوە؟ بیرت بۆ ئەوە چوە، کە لە وڵاتێکی دیموکراتی ئاسان نییە بۆ دەستەڵاتداران، هاووڵاتییانی خۆیان بەکۆمەڵ بخەنە کونجی ماڵەکانیان بێ ڕەزامەندی جەماوەری پێشوەختە؟ درکت بەمە کردووە کە لە وڵاتێکی دیموکراتی پێش دەرکردنی هەر بڕیارێک دەبێت زەمینەی جەماوەری لەسەر بنەمای زانیاریی درووست و پاساوی باوەرپێهێنەر بۆ ساز بکرێت؟ چەند پەیمانگا و کۆمپانیای لێکۆڵینەوە و ڕاوێژکاری پسپۆری نەخۆشییەکان و دەرمان لە هەرێم هەن کە ڕۆژانە ڕاوێژ و زانیاری درووست بدەنە دەستەڵاتدارانی هەرێم؟ ڕەچاوەی ئەو ڕاستییەت کردووە لە وڵاتێک کە یاسا تیایدا سەرەوەو بێت، هەموو تاکێک بۆی هەیە دەستەڵاتدار و بەرپرسان بداتە دادگا، ئەگەر بەهۆی بڕیارێکی ئەوان لەسەر بنەمای زانیاریی ناتەواو زیانی بەر بەرژەوەندی کەوتبێت؟ بەراوردکاریت لەنێوان سیستەمی تەندرووستی هەرێمی کوردستان و وڵاتانی تر کردووە کە چەند دکتۆر و پەرستیار بۆ چەند هاووڵاتی بەردەستە؟ چەند جێگەی بەتاڵ بۆ چارەسەری چڕی هەر نەخۆشێک بەردەستە؟ ئەم بەراوردکارییانە بۆ باش پىشاندان و خراپ پێشاندانی لایەنێک نییە لەسەر حیسابی لایەنێکی تر، چونکە هەموو وڵاتێک تایبەتمەندی و هەلومەرجی خۆی هەیە و لەسەر ئەو بنەمایانە بڕیاردەدات، بەڵکوو تەنیا ڕونکردنەوەی زیاترە، کە ناکرێت بەراوردکاری نێوان دو شت بکرێت، ئەگەر هەموو ڕەهەند و دیوەکانی تریان ڕەچاو نەکرێت. ئەم ڕاستییەش نەک تەنیا بۆ ڕێککارەکان ڕوبەروبوونەوی پەتای کۆرۆنا، بەڵکوو بۆ بەراوردکارییەکانی تری نێوان بابەتەکانی تریش هەر درووستە. [1]