$دۆخی چوارچێوەی هاوئاهەنگی دوای کشانەوەی سەدر لە هەوڵی پێکهێنانی حکومەت$
#یاسین تەها محەمەد#
#02-04-2022#
پاش نزیکەی شەش مانگ لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن و چوار مانگ لە پەسندکردنی ئەنجامە کێشە لەسەرەکان لە دادگەی فیدراڵیی ئێراق، سەدر مانۆڕێک و یارییەکی بێ پێشینەی کرد، ئەویش کاتێک وەک گەورەترین فراکسیۆنی شیعە (74 کورسی) و پێکهێنەری یەکەمی هاوپەیمانیی زۆرینە (ڕزگارکردنی نیشتمانی) ، داوای لە رکابەرەکانی کرد لە (چوارچێوەی هاوئاهەنگی) کە لە ماوەی 40 ڕۆژدا هەوڵی پێکهێنانی حکومەت بدەن. ئەگەر ئەوان توانییان سەرکەوتوو بن، ئەوا ئەم دەستبەرداری مافی خۆی دەبێت و دەچێتە بەرەی ئۆپۆزیسیۆن!
هەنگاوەکەی سەدر کە پێشتر لە دانیشتنەکەی ماڵی عامری لەگەڵ ڕکابەرەکانی (2ی دیسەمبەری 2021) وەک بژارە جەختی لەسەر کردبوو، زیاتر لە هەوڵی گەمارۆدان و شەرمەزارکردنی چوارچێوە شیعییەکەوە نزیکترە، تاوەکوو ئەوەی چانس و دەرفەتپێدانێکی ڕاستەقینە بێت، بەدوای ئەوەشدا هات کە لایەنە شیعەکانی ڕکابەری سەدر بۆ دووەم جار بە کۆکردنەوەی سێیەکی پەکخەر نەیانهێشت پلانەکەی بۆ ڕاسپاردنی خەزوور و ئامۆزا و هاوڕێ نزیکەکەی (جەعفەر سەدر) بۆ پێکهێنانی حکومەتی زۆرینەی نیشتمانی سەربگرێت. بۆ ئەمەش گرێی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆماریان کردە بیانوو کە بەگوێرەی بڕیاری دادگەی فیدراڵیی ئێراق پێویستی بە ئامادەبوونی 2/ 3ی پەڕڵەمانتارانە.
ناکۆکییەکانی خولی پێنجەمی پەڕڵەمان جیاواز لە جارەکانی دیکە کەمتر بە بەربژێرەکانی سەرۆکایەتیی کۆمار و وەزیرانەوە پەیوەستن و، زیاتر لەسەر میکانیزمی کارکردنیانە لە پاش ڕاسپاردن و متمانە وەرگرتن. جگە لەوەش، لایەنە شیعەکان ناتوانن بە ئاشکرا بەرەنگاری خستنەڕووی ناوی کوڕە تاقانەکەی ئایەتوڵڵا محەمەد باقر سەدر ببنەوە، بەڵام لەبەرئەوەی بە میکانیزم و دەستپێشخەریی سەدر کراوە، بە پاساوی جۆراوجۆر هەوڵی ڕاگرتن و شکستپێهێنانی ئەگەری ڕاسپاردنی دەدەن. لەو نێوانەشدا، لە یەکەم کاردانەوەدا لەسەر هەڵدانی تۆپەکە لەلایەن سەدرەوە بۆ گۆڕەپانی ئەوان، باسی مەرجەکانی بێلایەنی و شارەزایی و دەستپاکی دەکەن بۆ بەربژێری سەرۆکوەزیران لەگەڵ بەربژێرکردنی بە سازانی هەردوو بەرە شیعەکە کە دەکرێت ئەمەش، ناڕاستەوخۆ وەک ڕەتکردنەوەی جەعفەر سەدر بخوێنرێتەوە.
ڕاستە جەعفەر سەدر کوڕی باوکی ڕۆحیی ئیسلامیی سیاسی و چەکداری شیعەی ئێراقە، لە باوک و دایکیشەوە ئامۆزا و پوورزای هاوژینی ئەحمەد خومەیینییە و خوشکەزای ڕێبەری شوێن بزری شیعەی لوبنان مووسا سەدرە، بەڵام لە کۆتایی ساڵانی نەوەتی سەدەی ڕابردوودا کاتێک بە نوێنەرایەتیی باوکی موقتەدا سەدر چووەتە شاری قوم و نووسینگەی بۆ کردووەتەوە، لەلایەن ئێرانییەکانەوە دەستگیرکراوە و پاش داخستنی نووسینگەکەیشی هێندە تەنگەتاو کراوە کە بەیەکجاری ئێران بەرەو لوبنان بەجێ بهێڵێت. لە بەیرووتیش دەستبەرداری هەموو ژیانی فەقێیەتی خۆی بووە و لە دوا قۆناخی خوێندنی باڵای حەوزەدا (البحث الخارج) چووە بۆ خوێندنی ئەکادیمی کۆمەڵناسی و جبەو عەمامەکەی کردووەتە چاکەت و پانتۆڵ. هەر ئەمەش وایکرد ئێستا هەڵکشانی بۆ سەرۆکایەتی وەزیران بەر دیواری «سێیەکی پەکخەر» بکەوێت کە تان و پۆ و چوارچێوە بنەڕەتییەکەی ئێرانییە و گوزارشت لە بەرژەوەندی و دڵەخورتێکانی تاران لە هاوکێشەی پێکهێنانی حکومەت دا دەکات.
دەستهەڵگرتنی موقتەدا سەدر لە حکومەتی جەعفەر سەدر، بە ئامانجێکی کاتی و بۆ بەدیهێنانی چەند ئامانجێکی خێرایە کە گرنگترینیان پەکخستنی «سێیەکی پەکخەر»ە ئەگەر بۆ ماوەی 40 ڕۆژیش بێت. لەم دەرفەتەدا ئەو لایەنانەی هەموو توانای خۆیان خستەگەڕ بۆ ئەوەی یەکەم دانیشتنی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار لە 202 پەڕڵەمان دا چەق ببەستێت و نەیانهێشت بگاتە 220 ی پێویست، دەبێت هەوڵبدەن لە سێیەکەوە ببنە دوو لەسەر سێ کە ئەمەش دانووستاندن، ناچاری و کات و نرخێکی زۆری پێویستە.
چوارچێوەی هاوئاهەنگی تەنیا لەسەر دژایەتی سەدر بەتەواوی کۆکن، لەوە بترازێت لەبارەی حوکمڕانی و بەشکردنی حکومەت زۆر بەزەحمەت دەتوانن یەک دەنگ بن، چونکە تێکەڵەیەکن لە بەرژەوەندی و مەشرەبی جیاواز. لەم میانەیەشدا هێندە بەسە ئاماژە بکرێت کە ئەگەر هەوڵی ڕازیکردنی پارتی بدەن و بەڵێنی سەرخستنی بەربژێرەکەی بدەن بۆ سەرۆکایەتی کۆمار، ئەوا تووشی ئیحراجی و لەدەستدانی یەکێتی هاوپەیمانیان دەبنەوە کە هێلکەی قەپانی ڕاگرتنی سێیەکە پەکخەرەکەیان بوو. هەر ئەم ئاڵۆزییانەش لە پشت ڕاکردنی چوارچێوەکەن لە هەوڵی پێکهێنانی زۆرینە، بۆیە لە وەڵامی سەدردا جارێکی دیکە دەستیان بە سازان و بەشکردنی کونافەی حکومەتەوە گرت.
لادانە کاتییەکەی سەدر کارتی دەستی هێزە بچووک، مامناوەند و خۆڵەمێشی و بەربژێرە سەربەخۆ تاکەکانیشی سووتاند کە بۆ بەشداری و بایکۆت لە هەردوو لاوە خواست و گوشاری زۆریان لەسەر بوو، لە مەولا درووستکردنی زۆرینە بۆ «چوارچێوەی شیعی» پێویستی بە پارتی و سیادەی خەنجەر و حەلبووسی و پارێزگاریکردنیش لە #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان#ە، لەم دۆخەشدا کەس وەک جاری پێشوو وردە هێز و سەربەخۆکانی بیر نابێت.
لە پاش بەیاننامەکەی کۆتایی ئادار، سەدر ڕەمەزانێکی ئارام دەباتە سەر و خۆی یەکلایی دەکاتەوە بۆ ئیرشادی ئایینی لایەنگرەکانی. ڕکابەرەکانیشی هەر وتارە کۆنەکان دووبارە دەکەنەوە، حکومەتی کاربەڕێکەریش بە سەرۆکایەتی مستەفا کازمی لە کاری خۆی بەردەوام دەبێت کە لە کۆتاییدا نزیک و هاوپەیمانی سەدرە. دوای کۆتاییهاتنی دەرفەتەکەی سەدریش بە ئەگەری زۆر بارودۆخ دەگەڕێتەوە بۆ چوارگۆشەی یەکەم، بەڵام ئەم جارەیان هێزە شیعەکان بەشی زۆری کارتە میدیایی و دروشمەکانیان لەدەستدەدەن، بەتایبەت تۆمەتبارکردنی سەدر بە خۆسەپاندن و تاکڕەوی و کۆنەکردنەوەی زۆرترین لایەن، چونکە خۆشیان ئەوەی کۆتاییدان پێ ناکرێت و ئێراق دەچێتەوە نێو قۆناخێکی نوێ لە دەمەقاڵی و ململانێ کە ڕەنگە تەمەنی بنبەستی سیاسی نزیک بکاتەوە لە وادەی چاوەڕوانییەکانی خولی دووەم (2010) ، کە نۆ مانگی خایاند یان لەوەش تێیپەڕێنێت. زیانمەندی ئەمەش، دۆخی ئابووری ئێراق و پابەندییە دەستوورییەکانن.
لایەنەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لێیان ڕوونە پێکهێنانی هەر حکومەتێک بەبێ سەدر ئەگەرچی لە کوورت مەودادا سەرکەوتووش بێت، جێگەی چاوەڕوانی دوور مەودا نییە، چونکە گەورەترین بارستایی مرۆیی سەدرییەکان لە بەغدایە و ئەوکات ئێراق دەگەڕێتەوە بۆ قۆناخی خۆپیشاندانەکانی سەردەمی عەبادی و هەڵکوتانە سەر پەڕڵەمان و حکومەت و داخستنی دەرگاکانی ناوچەی سەوز (بەهاری 2016) ، بەهۆی ئەوەش کە هەردوو بەرەکە چەکدارن، ئەگەرەکانی پێکدادان زیاتر دەبێت، وا دیاریشە جگە لە هەوڵی دۆزینەوەی شێوازێک بۆ ڕێککەوتن کە دووبارەکردنەوەی کۆن نەبێت و لانی کەمی بەرژەوەندی و دڵەخورتێکانی ڕکابەرەکانی سەدر و پشتیوانە هەرێمییەکانیان لەبەرچاو بگرێت، هیچ چارەسەرێکی دیکە بۆ دوا قەیرانی سیاسی ئێراق نەبێت کە درێژکراوە و کەڵەکەبووی قەیرانی دیکەی زۆرە، لە پێش هەموویانەوە کێشەکانی دەستوورە بەرکارەکەی. [1]