ئایا فەلسەفە و سیاسەتی پەروەردەییمان هەیە؟
ئامادەکردن: #عەبدولڕەحمان ئەحمەد وەهاب#
لەپاش پڕۆسەی داگیرکردنی ئێراق لەلایەن ئەمەریکاوە و بەهۆی ئەو دۆخە سیاسی و ئابوورییەی پڕۆسەکە لەپاش ساڵی 2003 هێنایە گۆڕێ، ڕەخنەگرتن لە پڕۆسە و سیستەمی پەروەردە لە هەرێمی کوردستاندا بە شێوەیەکی بەرچاو تەشەنەی سەند. دەتوانین ئەو کێشانەی پەروەردە کە ڕەخنەگران و سیاسەتوانانی پەروەردەیی و حکومی ئاماژەیان بۆ دەکەن بۆ سێ ئاست پۆلپۆل بکەین: ڕەخنەکانی ئاستی فیکر و فەلسەفە و سیاسەتی پەروەردەیی؛ ڕەخنەکانی ئاستی سیستەم و بەڕێوەبردنی پەروەردەیی؛ ڕەخنەکانی ئاستی مامەڵەکانی نێو ناوەندەکانی خوێندن.
زۆرن ئەوانەی بە شێوە و لە ئاستی جۆراوجۆردا ڕەخنە لە پەروەردەی ڕەسمی لە کوردستاندا دەگرن و گازندەیان لێی هەیە، بەڵام ئەم ڕەخنەگرتن و گازندانە پێویستە بە میتۆدێکی ورد و ڕون بکرێن تا لە لایەک بتوانین ڕەخنەی جیددی و گلەییی سەرپێیی لێک جودا بکەینەوە، لە لایەکی دیکەوە لەوە دڵنیا ببینەوە کە ڕەخنەکان لە جێی خۆیاندان. لە ڕاستیدا بەشێکی بەرچاوی ڕەخنە و گازندەکان نەیانتوانیوە ئەو هێڵە گشتییانە بدۆزنەوە کە کێشە پەروەردەیییەکان پێکەوە گرێ دەدەن. بوونی میتۆد و ڕوانگەیەکی گشتگر بۆ توێژینەوە و دیتنی مەسەلە پەروەردەیییەکان مانای وایە لە باسی کێشەکاندا سەرپێیی و توندڕۆ نابین و، لەکاتی پێشنیازکردنی چارەسەریشدا خۆشباوەڕ و پشوکوورت نابین. ڕوانگەی گشتگر و ڕەخنەیی لە ناسین و مامەڵەکردن لەگەڵ کێشەکانی پەروەردەدا سەری لە چارەسەری ڕەخنەیی و جیددی و گشتگرەوە دەردەچێت. دەبێت چارەسەری کێشەکانی پەروەردە جۆراوجۆر و فرەلایەن بن، لە هەمان کاتدا دەبێت هاوئاهەنگ بن تا سەرلێشێوان و بێئومێدی و کەسبەکەسی نەیێتە گۆڕێ.
ئەو ڕەخنانەی لە ئاستی فیکر و فەلسەفە و سیاسەتی پەروەردەییی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەگیرێن بە شێوەیەکی دیارکراو لە لایەکەوە بە زەقی بە هەڵەدا چون و، لە لایەکی دیکەوە نەیانتوانیوە بەوردی و بە فراوانی لە کێشە فیکری و سیاسییەکانی پەروەردەی ڕەسمی بڕوانن. ئەمەش بە دیارکراوی بەهۆی بەکارنەبردنی میتۆدێکی ڕەخنەیییە لە ناسینی مەسەلە پەروەردەیییەکان و فراواننەبوونی مەودای بینینی کێشەکانە. ئەم ڕایەش شکاندن و ناچیزکردنی ڕەخنەکان نییە، بەڵکە ئاماژەکردنە بە کەمیی توێژینەوەی ڕەخنەیی و گشتگر لە بواری پەروەردەدا لای ڕەخنەگران و نەبوونی بەرچاوڕوونی و بەرفراوانیی ڕوانگەی چاکسازی لای سیاسەتوان و بڕیاربەدەستانی پەروەردەیی. لە ئاستی فیکر و فەلسەفە و سیاسەتی پەروەردەیی لە هەرێمی کوردستاندا ڕەخنەی هەرەباو ئەوەیە کە حکومەتی هەرێم فەلسەفەیەکی پەروەردەییی ڕوونی نییە، پلان و ستراتیجیی بۆ پێشخستنی کەرتی پەروەردە نییە، تەواوی پڕۆسەی پەروەردەی ڕەسمی لەسەر سیاسەتێکی پەروەردەییی تۆکمە ناڕوات و چەندین ڕەخنە و گازندەی لەم جۆرە. ئاسانترین هەڵوێست لەم ڕوەوە ئەوەیە کە بڵێین ڕاستە، حکومەتی هەرێمی کوردستان سیاسەتی پەروەردەییی نییە و بەرچاوی ڕون نییە.
=KTML_Bold=بەڵام، هەر بە ڕاست، ئایا حکومەتی هەرێمی کوردستان فەلسەفە و سیاسەتی پەروەردەییی هەیە؟=KTML_End=
میتۆد و ڕوانگەی ڕەخنەیی و گشتگر لە بواری پەروەردەدا بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە، جارێ لە سەرەتادا دەپرسێت: ئایا دەکرێت هیچ سیستەمێکی پەروەردەیی بێ فەلسەفە و سیاسەتێکی ڕون بێت؟ بۆ ئەوەی بتوانین گفتوگۆی جیددی لەسەر پڕۆسەی پەروەردە و خوێندنی ڕەسمی بکەین، دەبێت بڕیار بدەین کە نەخێر، هیچ پڕۆسە و سیستەمێکی پەروەردەیی نییە فەلسەفە و سیاسەتی دیاریکراوی خۆی نەبێت. هەر پڕۆسەیەکی پەروەردەیی لەسەر بنەمایەکی فەلسەفی و ڕێڕەوێکی سیاسی کار دەکات. بیهێنە بەر چاوی خۆت: بۆچی لە گشت کونج و سوچێکی ئەم کوردستانەدا خوێندنگەکان لەسەر هەمان بنەما دامەزراون، چاوەڕێ دەکرێت مامۆستایان هەمان ڕێنمایی پەیڕەو بکەن، خوێندکاران هەمان بەرنامەی خوێندنیان هەبێت و بۆ هەمان ئامانج تێبکۆشن؟ بوونی هەمان یاسا و سیستەم و هەمان ئامانج و چاوەڕوانی مانای بوونی هەمان فەلسەفە و سیاسەتی پەروەردەیییە.
لێرەوەڕا، دەبێت بپرسین: کامەیە ئەو ڕێڕەوە فیکری و سیاسییەی کە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هێشتنەوە و بەڕێوەبردنی پڕۆسەی خوێندنی ڕەسمیدا گرتویەتییە بەر؟ بە لێکۆڵینەوە و شیکردنەوەی وردی بەڵگەنامە پەروەردەیییە ڕەسمییەکانی حکومەتی هەرێم کە لە ماوەی 28 ساڵی ڕابردودا دەریکردون، سەرەکیترینی هەوڵەکانی حکومەتی هەرێم دامەزراندن و پتەوکردنی سیستەمێکی مۆدێرنە بۆ پەروەردە.
سیستەمی پەروەردەییی مۆدێرن پێکهاتەیەکی سیاسیی بیرۆکراسییە کە لەنێو سیستەمێکی فراوانتری حوکمڕانیی مۆدێرندا مانا دەدات و، پەیوەندیی بە مێژوی سەرهەڵدان و پێشکەوتنە جۆراوجۆرەکانی پڕۆسەی مۆدێرنێتییەوە هەیە. بە شێوەیەکی دیکە بڵێم، کارکردن لەپێناوی دامەزراندن و هێشتنەوە و پەرەپێدانی ئەو سیستەمە پەروەردەیییەی ئێمە پێی ئاشناین دەکەوێتە نێو بازنەی دامەزراندن و هێشتنەوە و پەرەپێدانی پێکهاتە بیرۆکراسییەکانی دەوڵەتی مۆدێرنەوە. بنەمای فیکریی دەوڵەتی مۆدێرنیش ناسیۆنالیزمە، بە مانای یەکێتیی زمان و فەرهەنگ و مێژو و خاک و تەنانەت ڕەگەزیش. پەیوەندییەکی دوجەمسەریش لەنێوان ناسیۆنالیزم و شکڵ و شێوەی دەوڵەت و دەستگاکانیدا هەیە. ئەمە مانای وایە کە بوونی یان هێنانەئارای یەکێتیی زمان و فەرهەنگ و مێژو کار دەکاتە سەر شێوازی دامەزراندن و بەڕێوەچونی دەوڵەت، لە هەمان کاتدا میکانیزمەکانی بەڕێوەبردنی دەوڵەتیش دەبنە هۆی یەکخستنی زمان و فەرهەنگ و مێژو. مۆدێرنێتی لە ڕێی تۆڕێکی ئاڵۆزی ڕوانگەی فیکری و ئەخلاقی و هەڵوێست و دەستگا و کار و مامەڵەی دیاریکراوە وە خۆی دەنوێنێت. دەوڵەتی مۆدێرن و دەستگاکانی، بە نموونە پەروەردە و خوێندنی ڕەسمی، بەرهەم و بەرهەمهێنەری مۆدێرنێتین. سیستەمی پەروەردەی ڕەسمی پێویستی بەوەیە کە یەکێتیی زمان و فەرهەنگ و مێژو هەبێت و، بە شێوەیەکی سەرەکیش هەوڵ دەدات ئەم پێویستییانەی خۆی دەستەبەر بکات. یانی، سیستەمی مۆدێرن خۆی خۆی درووست دەکات و پتەو دەکات و مانەوەی خۆی دڵنیا دەکاتەوە. مەبەستیشم لە سیستەمی پەروەردەییی مۆدێرن هەر ئەمەیە کە لەنێو بازنەی فیکری و سیاسیی دەوڵەتی مۆدێرندا، کە ناسیۆنالیزمە، مانا دەدات و خۆی دەنوێنێ. سیاسەتی پەروەردەییی حکومەتی هەرێم هەر لە سەرەتاوە بە ئاڕاستەی دامەزراندن و پتەوکردنی دەستگاکانی پەروەردەدا ڕۆیشتوە و دەڕوات. کە وایە، سیاسەتی پەروەردەییی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە گشتی سیاسەتی دامەزراندنی دەستگای پەروەردەییی دەوڵەتی مۆدێرنە. ئەم بنەما سیاسییە کۆمەڵایەتییە مێژویییە دەتوانین بکەینە سەرەتایەک تا باشتر لە وردەکاریی کێشەکانی پڕۆسەی پەروەردەی ڕەسمی لە هەرێمی کوردستان بگەین، تا بتوانین قوڵتر ڕۆبچینە نێو ئاڵۆزییەکانی سیستەمی پەروەردەی کوردستان و فراوانیی مەوداکانی چارەسەر درک پێ بکەین.
نموونەیەکی سەرەکیی ڕەخنەی ڕەخنەگران لە ئاستی فیکر و سیاسەتی پەروەردەییی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەیە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان سیاسەتێکی پەروەردەییی بەعسیانەی هەیە، یان لەسەر هەمان سیاسەتی پەروەردەییی حکومەتی دیکتاتۆریی ئێراقی دەڕوات. ئەوەی ئەم جۆرە گازندەیە ڕوونی ناکاتەوە یان نایناسێتەوە ئەوەیە کە سیاسەتی حکومەتی بەعسی ئێراقیش سیاسەتی دەوڵەتی مۆدێرن بووە و هەوڵی دامەزراندنی نەتەوەی داوە لە ڕێی دامەزراندن و تۆکمەکردنی دەستگای گشتگر و مەرکەزی بۆ بەدەستهێنانی یەکێتیی زمان و فەرهەنگ و مێژو لە چوارچێوەی سنوورە سیاسییەکەی دەوڵەتی مۆدێرنی ئێراقدا. حکومەتی بەعسی ئێراقی حکومەتێکی ناسیۆنالیستی بووە و هیی هەرێمی کوردستانیش بە هەمان شێوەیە (بە مانای ئەوەی بنەما فیکری و سیاسییەکەی حکومەت و دەستگاکانی لەسەر بنەمای چەمکی نەتەوە دامەزراون) . بۆیە مامەڵە یاسایی و ئیدارییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کەرتی پەروەردەدا لە هیی حکومەتی بەعسی ئێراقی دەچن. جیاوازییەکانیش بەهۆی جیاوازیی مێژوی سەرهەڵدان و گەشەسەندن و ئاستەنگ و دەرفەتەکانی بەردەم ناسیۆنالیزمی کوردی و عەرەبی/بەعسییەوەیە لە ئێراقدا. بەڵام هەنگاوە ئیداری و بیرۆکراسییەکانی سیستەمی پەروەردەیی لە ئێراقدا بە هەرێمی کوردستانیشەوە هەنگاو و پڕۆسەی تەواو مۆدێرنن. بۆیە ئاسایییە لێکچون لەنێوانیاندا هەبێت. گرێدانی کێشەکانی پەروەردە لە هەرێمی کوردستاندا بە نەبوونی فەلسەفە و سیاسەتی پەروەردەیییەوە یان بە چواندنێکی سادەی سیستەمەکە بە هیی حکومەتی بەعسی ئێراقی دەبنە گازندە و هوتافی حەماسی، بەڵام داننان بەوەی کە بەڵێ، فەلسەفەی پەروەردەکە ڕونە و سیاسەتەکەشی داهێنراوێکی نوێ نییە و لەمێژینە و تۆکمە و دووبارەیە، دەبێتە سەرەتای ڕەخنە و توێژینەوەی جیددی.
ئەم میتۆدەی توێژینەوە لە پڕۆسەی پەروەردەدا یارمەتیی ئەوەشمان دەدات باشتر لە کێشەکانی سیستەم و مامەڵە و کارەکانی هەر ئاستێکی پڕۆسەی پەروەردە و خوێندن بگەین و ڕێمان لە چارەسەری پەیوەندیدار و جۆراوجۆر بکەوێت. [1]