تاراوگەنشینانی کورد لە ئەوڕوپا؛ قەیرانی شوناس
ئامادەکردن: داستان جاسم
=KTML_Bold=ئەم وتارە لە ڕۆژی 28-02-2020 نووسراوە و بڵاوکراوەتەوە=KTML_End=
تا ڕۆژگاری ئەمڕۆمان، هەروەک پەیمانگەی کوردیی پێشبینیدەکات، بەلایەنی کەمەوە ملیۆنێک و دوو سەد هەزار کورد لە تاراوگە دەژین. ئەو ژمارە کوردە هەندێکات پەیوەندییەکی بەهێزیان لەگەڵ وڵاتەکانی خۆیان هەیە، هەندێکاتیش ئەو پەیوەندییە کەمتر بووە. لە سەرەتای ساڵانی 1950کان و 1960کان، ژمارەیەکی زۆر لە کوردەکان وەک پەنابەری کارکەر لە تورکیاوە ڕوویان لەدەرەوەی وڵات کرد، بەتایبەتی بۆ ئەڵمانیا. زۆربەی کوردەکانی ئێراقیش لەو کاتەی گۆڕانکاریی بنەڕەتی بەسەر ڕژێمی ئێراق داهات لە کۆتایی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو و درووستبوونی کۆماری ئیسلامی لە ئێران ڕوویان لەدەرەوە کرد، هەروەها هەڵگیرسانی شەڕی نێوان ئێران و ئێراق، دواجاریش هەڵمەتی ئەنفال، وایکرد چەندان ملیۆن ماڵ و حاڵیان جێبهێڵن و ڕوو لە هەندەران بکەن. تا ساڵی 1990ەکان، چەندان کورد بەهۆی بۆردمانە سەربازییە فراوانەکانی دەوڵەتی تورکیا وڵاتیان جێهێشت، بەتایبەتی لە ناوچە گوندینشینەکان لە باکووری کوردستان، هەروەها زۆرێکیش لەو کوردانەی جا بە شێوەی جوزئی یان بەتەواوی کە لەلایەن دەولًەتی تورکیاوە باوەشیان بۆ کرایەوە، ئەوا لە تاراوگە خەریکی دووبارە پێناسەکردنەوەی کولتووری خۆیان بوون. بەهەرحاڵ، زۆرێکیش لە کوردەکانی ئێراق بەهۆی درووستبوونی دوو هێزە سەرەکییەی کوردستان و هەڵگیرسانی شەڕی نێوخۆ ڕوویان لەدەرەوە کرد. لەگەڵ هەڵگیرسانی شەڕی نەگریس لە سووریا و هێرشە بەردەوامەکان بۆ سەر کوردانی ڕۆژاڤا، زۆرێک لە کوردەکان ماڵ و حاڵیان جێهێشت و بەدوای پەنابەریی گەڕان، بەزۆریش لە وڵاتانی ئەوروپا. شەپۆلە جیاوازەکانی کۆچی کوردان لە ماوەی سەد ساڵی ڕابردوو بەرەوپێشچوونی زۆری بەخۆیەوە بینیووە، کوردەکان خاوەن هۆکارگەلی جیاواز و تایبەتمەندیی جیاوازن.
کوردەکانی ئێراق، لەمەڕ بابەتی کاراکتەری تاراوگەیی (diasporic character) خاوەن گۆڕانکارییەکی سەرنجراکێشن. لەکاتێکدا ئەوانەی لە ساڵانی هەشتاکان یان پێشتر ڕوویان لە تاراوگە کردووە، ئەوانەشی دوای ڕاپەڕینی ساڵی 1991 و تەنانەت لەمیانەی سەردەمی براکوژی و ئەوانەشی لە ساڵانی 2000ەوە تاکوو ئێستا ڕوویان لە هەندەران کردووە، هەموو ئەمانە بەهۆی پێکهاتەی (سترەکچەر) خودی هەرێمی کوردستانەوە وڵاتیان جێهێشتووە. ئەو نەوەیەی لەدوای ساڵی 1991ەوە وڵاتی جێهێشتووە، لەدەرەوەی وڵاتدا کەمتر تێکەڵ بە چالاکیی کەلتووریی و سیاسیی بووە، هیچ گرنگیان نەداوە بەوەی منداڵەکانیان لە ڕێگەی نەریتی ڕەچەڵەکی خۆیانەوە پەروەردە بکەن و بەتەنیا جێیان هێشتوون بەبێ ئەوەی بزانن لە بنەڕەتدا ئەوان کێن. بەزۆری، بە جۆرێک منداڵەکانیان گەورەکردووە و چوونەتە سەر ڕێگەیەک کە ڕژدی و سووربوونی ئەوتۆی لەگەڵدا نییە، تەنیا هەوڵیانداوە لە ئاشتییدا بژین و تێکەڵ بەو سیاسەتانە بن کە وایکردووە لایەنەکان لە کوردستان شەڕی یەکتری بکەن و بۆ چەندان ساڵ ڕووبەڕووی یەکتری بوەستنەوە. ئەم نەوەیە گەنجێکی تاراوگەی درووستکردووە کە تەنیا ململانێ دەکا تا شوناسی خۆی بدۆزێتەوە.
لە توێژینەوەکەمدا هەوڵمداوە لە خەڵکی کوردی خۆم تێبگەم، کاتێ گەرابوومەوە کورستان کاتێکی زۆرم بۆ تەرخانکرد، لەوێ لە کورستان خەریکی توێژینەوە بووم و دواتر گەڕامەوە ئەڵمانیا. کێشەکە لەوە دایە لەگەڵ هەریەک لەم جۆرە ئەزموونانە، جیاوازییەکان لەنێوان گەنجەکانی کوردستان لەگەڵ ئەوانەی تاراوگە، هەروەها ئەو جیاوازییانەی گرووپە تاراوگەنشینەکانی کورد هەیانە، ڕۆژ دوای ڕۆژ زیاتر و زیاتر دەبێ.
لە سەرژمێرییەک کە لەگەڵ 600 کوردی تاراوگەنیشینی ئەڵمانیا لە شوباتی 2019 ئەنجامم داوە، بۆ نموونە، تێگەیشتم لەوەی کە ئێستاش چەندان کورد هەیە کە لە تاراوگە تێکەڵ بە سیاسەت بووە و چالاکە. پرسیاری ئەوەم لێکردوون ئایا ئێوەی کورد زیاتر بایەخ بە سیاسەتی ناوخۆ یان سیاسەتی دەرەکی دەدەن، بەشێکی زۆری ئەو کوردانە کە لەدایکبووی ئەڵمانیان، گوتوویانە کە زیاتر بایەخ بە سیاسەتی دەرەکی دەدەن، تەنانەت بەشێکی زۆری ئەوانەشی لەداییکبووی تورکیا یان ئێراقن هەمان وەڵامیان هەبووە. سەیری ئەو نموونەی خوارەوە بکەن کە تیایدا کوردەکانی لەداییکبووی ئەڵمانیا، بەشێکی زۆریان گوزارشت لە پێوەری ژمارە 1 دەکەن کە (تیایدا زۆر تێکەڵ بە سیاسەت نین و چالاک نین) بۆ ژمارە 6 (کە بریتییە لەوەی لەڕووی سیاسییەوە زۆر چالاکن) ، هەر بۆیە ئەمە دەریدەخات کە زۆر چالاکن.
بۆیە، ئێمە بەتەواوی دەتوانین لەو ئەنجامانە تێبگەین. هەریەکەیان دەیەوێ بزانێ لە کوێوە هاتووە. سەرەڕای هەبوونی ململانێیە جیاوازەکانی کوردستان کە بەو نزیکانە کۆتایی پێ نایەت، زۆرێک لەوانەی لە تاراوگە هاتوونەتە دونیاوە و لەوێش پەروەردەبوونە، بەڵام لەگەڵ ئەوەش پەیوەندییەکی بەهێزیان لەگەڵ وڵاتی خۆیان هەیە. بەهەرحاڵ، لەگەڵ ئەم ڕوانینە تاراوگەیییانە بۆ سەر کوردستان چەندان کێشەش سەرهەڵدەدەن.
بۆ =KTML_Bold=بینینی هێلکارییەکە بڕوانە فایلی پەیوەندیدار=KTML_End=
=KTML_Bold=هێلکاری ئاستی بەشداری سیاسیی کەسەکان=KTML_End=
زۆرێک لەو کوردانەی لە تەمەنی (من) دان، مەبەستم ئەوانەی تەمەنیان لەنێوان 20-35 ساڵییە و لە بنەڕەتدا خەڵکی کوردستانی باشوورن و لە تاراوگە لەداییکبوونە، ئەوا بە خۆیان دەڵێن” کەسانی نیشتمانی یان نەتەوەپەرست”. ئەوانە هێرش دەکەنەسەر دامەزراوەی سیاسیی و هەرکەسێکیش کە خاوەن ڕوانینی پێچەوانەیان بێت یەکسەر بە “جاش” بانگی دەکەن. ئەوانە پشت بە مامەڵەیەکی نەتەوەیی-رادیکاڵی دەبەستن، بانگەشەی ئەوەی دەکەن کە خۆیان کەسانێکن پشتگیری لە سەربەخۆیی دەکەن و لە دژی بەغدان، هەرکەسێک کە بانگەشەی هەبوونی پەیوەندییەکی تەندرووست لەنێوان بەغدا و هەولێر دەکات، ئەوا بە ناپاکیکار ناوزەندی دەکەن و تەنانەت ئەوانەش کە خاوەن داییک و باوکێکن پێشتر لەژێر کۆنترۆڵی ڕژیمی بەعس بوونە. لە گەڕانیان بەدوای شوناسدا، ئەو نەوەیە برەویان بە بیرۆکەیەک داوە کە لە کوردستاندا زۆر تایبەتە، ئەویش ئەوەیە کە لەنێو تۆڕەکانی ئینتەرنێت ڕق و کینە بڵاودەکەنەوە و لە کەسایەتی ئەو کەسانەش کەمدەکەنەوە کە شوێنی هەمان بڕوای ئەوان ناکەون. ئایرۆنیەکە ئەوەیە کە ئەوان هەر بەوەندە ناوەستن؛ بۆ نموونە، خەڵکی کوردستان، ئەوانەی کە لەراستیدا لە هەرێمی کوردستاندا دەژین، ئەو خەڵکەی کە ماندوو و بێزارە، ئەوانەی کە ڕەخنە لە حکومەت دەگرن، دانەمەزروان و کێشەی کەمیی خزمەتگوزارییان هەیە، گاڵتە بەو خەڵکانەش دەکەن. ئەمانە هێڵێکی هاوتەریبیان لەنێوان سەردەمی ئەنفال و کێشە سیاسییە هاوچەرخەکانی ئەمڕۆدا کێشاوە، هاوکات بە چاوێکی کەم لە کێشەکانی ئەمڕۆ دەڕوانن و لە نرخیان کەمدەکەنەوە.
زۆرێک لە کوردەکانی ئێرانیش تێکەڵ بەم باسوخواسە دەبن. زۆرێک لەو کوردانە پشتگیریان لە هەڵمەتەکانی مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتیی دیموکراتیی کوردستان، کرد و پێشیانوایە کە وتاری نەتەوەیییان بەهێزترە، بەتایبەتی ئەوکاتەی لەلایەن براکانیان لە باشووری کوردستانەوە پشتگیرییان لێدەکرا. ئایرۆنیەکە لێرەدا ئەوەیە ئەو جۆرە خەڵکانە بانگەشەی ئەوەدەکەن کە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی بە شێوەیەکی بێهاوتا لەلایەن تەواوی کوردەکانەوە پشتگیری لێکرا، کەچی لە هەمان کاتدا زۆرێک لە کوردەکان بەتایبەتی ئەوانەی لە چینی خوارەوەن، لە ئەنجامی لێکەوتە خراپە ئابوورییەکانی ئەو ڕیفراندۆمە دەترسن. هەرچۆنێک بێ، بابەتی ئابووریی و ئاساییش، ئەوەندە جێگەی بایەخی کەسێک نییە کە لە تاراوگە دەژی و هەموو شتەکانی بۆ فەراهەم کراوە و لەدەرەوەی کوردستانە و بەهەموو شێوەیەک پارێزراوە.
پێچەوانەی ئەم چینەش، هەندێ کوردی دیکە هەن کە لە تاراوگە دەژین و لە بنەڕەتدا خەڵکی کوردستانی باکوورن، ئەوا بە شێوەیەکی بەرچاو پشتگیری لە بیرۆکەکانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەکەن بەڵام بە شێوەیەکی یەکجار سادە. لەگەڵ ئەو خەڵکانە زەحمەتە بتوانی گفتوگۆ بکەی، ئەوانە پێیانوایە بە جێبەجێکردنی سیستەمی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتی هەموو شتێک چارەسەردەبێ. کوردستانی باشوور وەک شوێنێک کە تیایدا پاسیڤبوون و بێئاگایی تیێدا زاڵە، دادەنرێت، کەچی کوردستانی باکوور و ڕۆژاڤا وەک شوێنگەلێک تەماشادەکرێن کە لوتکەی شۆڕش و شۆڕشگێڕی لێیە. ئەمانە بێئاگان لەوەی کە لە کوردستانی باکوور و ڕۆژاوا، پاسەوانانی گوند و سترەکچەری هۆزیی هێشتا شتێکی بەربڵاوە، ئەوانە پێیانوایە ناوچەکانیان دەبێتە یۆتۆپیایەک بۆ چەپگەرایی و ڕێککارییان بۆ هەموو شتێک کردووە، بەڵام کوردستانی باشوور نەیتوانیووە ئەمە بکات. هەروەها، ئەم وێنەیە بە ڕۆمانسی کراوە، پێشیان خۆشە لەنێو وڵاتانی ڕۆژاوادا زیاتر قسە لەسەر بیرۆکەی یۆتۆپیای چەپگەرایی بکەن.
کێشەی سەرەکییەکە ئەوەیە کە ئەو کوردانەی دەتوانن کەمپەین بۆ بابەت و کێشەکان ڕێکبخەن، ئەوا بەشێوەیەی چالاکانە دەتوانن یارمەتیی خەڵکی کورد بدەن لەنێوخۆی کوردستاندا، ئەمانە خەڵکانێکن کە زۆر مژۆلن و خەریکی دۆزینەوەی چارەسەرن بۆ قەیرانی شوناسیان، هاوکات کوردستان وەک شوێنێک بەکاردێنن کە ڕەنگدانەوەی خودی شۆڤێنیزمی خۆیانە. یەکێک لەو ئاڵنگارییانەی چاوەڕواندەکرێ دووچاری خەڵکی کورد لە تاراوگە و خودی نێوخۆی کوردی کوردستان بێ ئەوەیە کە دووبارە پەیوەندی درووستبکاتەوە و ئەو وتارانە بەکاربێنێ.
ئەو ڕەوەندە کوردییەی پەیوەندی لەگەڵ ڕاستییەکانی ژیانی کوردستانی پچراندووە، ئەوا ڕەوەندێکی ونە و ناتوانێت سوودێکی ئەوتۆ بگەیەنێت. ئەو خەڵکانە بوون بە خاوەن کەلتوورێکی لاوەکیی و خۆپەسەند کە هیچ پەیوەندییەکیان بە واقیع نەماوە و ناتوانن لۆبی بۆ خەڵکێک بکەن کە لە مەترسی دان، مەبەستیش لە خەڵکە ڕاستەقینەکەی کوردستانە. تاکە سەرچاوە بۆ درووستکردنی شوناس لە تاراوگە لەوانەیە بریتی بێ لەوەی ببی بە بەشێک لە هەندێ لە حیزب و بزووتنەوەکان کە گوزارشت لە ئایدیۆلۆژیایەک یان نموونەیەکی بەرزی کوردستان دەکەن. ئەم شێوازە لەوانەیە وەک ڕێگەیەکی کرداریی بێتدەربکەوێ، بەڵام ئەوە بەو شێوەیە کە بتوانێت فەزایەکی گشتیی درووستبکات کە لە ڕاستییە ئاڵۆزەکان تێبگات. [1]