ناونیشانی بابەت: پێگەی پەتا کوشندەکان لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا
ئامادەکردن: #هاوڕێ حەسەن حەمە#
نەخۆشی و پەتا کوشندەکان چۆن بوون بە بابەت و پرسێکى گرنگ لە کایەى پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا؟
تا کۆتاییهاتنى جەنگى سارد لەنێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و یەکێتى سۆڤیەتى پێشوودا، نەخۆشی و پەتا کوشندەکان بە شێوەیەکى گشتى وەک مەترسی و هەڕەشە لەلایەن دەوڵەتانەوە سەیر نەدەکران. تێگەیشنى باو بۆ هەڕەشە و مەترسی لە بوارى پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا لەسەر ئەو لۆجیکە بوونیادنرابوو کە تاکە هەڕەشە لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا بریتییە لە هەڕەشە و پەلامارى سەربازى دەوڵەتێک بۆ سەر دەوڵەتێکى تر. لێرەوە، ئەم تێگەیشتنە کە بە تێگەیشتنى کۆن بۆ ئاساییش پێناسە دەکرێت دەوڵەتى وەک ئاکتەرى سەرەکى دەبینى، هەڕەشەى سەربازیشی وەک تاکە هەڕەشە بۆ سەر دەوڵەت دەبینى، لەگەڵ ئەمەشدا لایەنگرانى ئەم تێڕوانینە لەدژى هەر هەوڵێک بوون بۆ فراوانکردنى چەمکى ئاساییش بە شێوەیەک کە ئاکتەر و هەڕەشەى نوێ لەخۆبگرێت. ئەم تێڕوانینە سەربازییە دەوڵەت-سەنتەرییە بە تێڕوانینى ڕیالیزم دەناسرێت، کە لە سەردەمى جەنگى سارد باڵى بەسەر پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا کێشابو. هەروەها کاریگەرییەکى گەورەى هەبوو لەسەر سیاسەتى نێودەوڵەتى و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان. لە هەمان کاتیشدا، بەرپرسانى تەندورستىی گشتیى جیهانیى لە 1970کاندا بەوپەڕى متمانە وە پێیانوابوو مەترسی نەخۆشییە کوشندەکان کەمبوونەتەوە و بەم هۆیەوە ناکرێت وەک مەترسی بۆ سەر ئاساییشى نیشتمانى دەوڵەت سەیربکرێن. بەگشتى تێگەشتنێکى باو بۆ مەترسییە تەندرووستییەکان لەم قۆناغەدا بوونى هەبوو کە پێیوابوو چارەسەرە نوێیەکان، ڤاکسین و ئامڕازە پێشکەوتووەکان ڕێگەخۆشکەربوون بۆ لەناوبردنى نەخۆشییە مەترسیدارەکان کە هۆکاری سەرەکى گیان لەدەستدانن، بەم هۆیەشەوە ئەو نەخۆشییانە مەترسیی جدی نین. یەک دەیە دواتر، ئەم گەشبینیە هەڵە دەرچوو بە هۆى بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسى ئایدزو نەخۆشی مەلاریاو چەندین پەتاى کوشندەى ترەوە.
لە ساڵانى 1990کاندا ، هۆشیارییەک درووستبوو بەوەى نەخۆشی و پەتا کوشندەکان مەترسین بۆسەر تەندرووستى هاووڵاتییان و سەقامگیریى سیاسی و ئابوورى وڵاتانى ڕۆژاوا، بەم هۆیەشەوە وڵاتانى ڕۆژاوا وەک بەشێکى سەرەکى لە ئاساییشى نیشتمانییان ڕێوشوێنى ڕووبەڕوونەوەى نەخۆشییە کوشندەکانیان گرتەبەر. بەتایبەتى لەدواى ڕووخانى یەکێتى سۆڤیەت، مەترسی و هەڕەشە ناسەربازییەکان گرنگییەکى زۆرییان پێدرا لە سیاسەتى گشتى وڵاتاندا. ئەوەى کە کاریگەریی گەورەى هەبوو لە گرنگیدان بە پرس و مەترسییە تەندرووستییەکان وەک پرسێکى نێودەلۆەتى، ڕاپۆرتى دەزگاى گەشەپێدانى نەتەوە یەکگرتووەکان بوو بە ناوونیشانى “ڕەهەندە نوێیەکانى ئاساییشى مرۆیی” کە لە ساڵى 1994دا بڵاوبویەوە. ئەم ڕاپۆرتە وەرچەرخانێکى گەورەبوو لە بوارى ئەدەبیاتى ئاساییش لە دوو ڕووى سەرەکییەوە: یەکەم، ڕاپۆرتەکە بە پێچەوانەى تێگەیشتنى کۆن بۆ ئاساییش، گرنگى گەورەى بە ئاساییشى مرۆیی دەدا لەبرى گرنگیدان بە ئاساییشى دەوڵەت. دووەم، بە پێچەوانەى تێگەیشتنى کۆنى ئاساییش کە تەنیا هەڕەشەى سەربازى بەهەند وەردەگرت، ڕاپۆرتەکە زۆر بەوردى باسى لە حەوت هەڕەشە کردبوو بۆ سەر ئاساییشى مرۆیی و سێ لەو هەڕەشانەى وەک هەڕەشەى سەرەکى بۆ بەسەر ئاساییشى مرۆیی پۆڵین کردبوو کە بریتی بوون لە: ئاساییشى ئابوورى، ئاساییشى خۆراک، ئاساییشى تەندرووستى. ئەوەى تایبەت بوو بە ئاساییشى تەندورستى، ڕاپۆرتەکە بەم شێوەیە باسى لێوەرکردبوو:
” نەخۆشییە گوازاوەکان هۆکارى سەرەکى مردنن لە وڵاتانى دواکەوتوو، ساڵانە 17 ملیۆن کەس بەهۆی ئەم نەخۆشییانەوە گیان لەدەستدەدەن. هۆکارى سەرەکیی گیان لەدەستدان پەیوەندى هەیە بە خراپی خۆراک و نالەبارى ژینگە و ئاوی پسیبووەوە. بەڵام لە وڵاتە پێشکەوتووەکان ساڵانە نزیکەى 5.5 ملیۆن کەس گیان لەدەستدەدەن بە هۆى ئەو نەخۆشییانەى کە زیاتر پەیوەندییان هەیە بە شێوازى ژیانى و سیستمى خواردنى ڕۆژانەى خەڵکەوە”. ڕاپۆرتەکە بە شێوەیەکى سەرەکى هۆکارى گیان لەدەستدانى ئەو ژمارە زۆرەى دەگەڕاندەوە بۆ نەبوونى پزیشکى پێویست لە وڵاتە دواکەوتووەکاندا، بەپێى ڕاپۆرتەکە لە وڵاتانى دواکەوتوو یەک پزیشک هەیە بۆ هەر 7000 کەسێک، لەگەڵ ئەمەشدا کەرەستە و پێداویستى پزیشکى پێشکەوتوو بوونى نییە بۆ چارەسەرکردنى نەخۆش لە وڵاتانى دواکەوتوو بە بەراورد بە وڵاتانى پێشکەوتووەوە. هۆکارێکى تر، وڵاتە هەژارەکان بێتوانان لە دابینکردنى بوودجەیەکى پێویست بۆ بوارى تەندرووستى و بەم هۆیەشەوە کەرتى تەندرووستییان لاوازە. لەئەنجامدا، ئەو وەرچەرخانەى کە لە تێگەییشنى گشتى ئاساییشدا درووستبوو وایکرد دەوڵەتانى جیهان پاراستنى ئاساییشى مرۆیی بکەنە بەشێک لە ئەجێنداى سیاسەتى گشتییان، ئەمەش ڕێگەخۆشکەر بوو بۆ درووستبوونى هەوڵی نێودەوڵەتى بۆ بەرەنگاربوونەوەى ئەو مەترسییانەى کە ڕەهەندی تەندرووستیان هەیە بەتایبەت لە چوارچێوەى ڕێکخراوى نەتەوە یەکگرتووەکاندا.
جگە لەو بەرەوپێشچوونەى کە لەبوارى ئاساییشدا هاتەکایەوە، جیهانگیرى ڕۆڵێکى گەورەی هەبوو لەوەى کە پەتاو نەخۆشییە گوازراوەکان ببن بە پرسێکى گرنگ لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا. جیهانگیرى زۆر بەسادەیی، بەواتاى کرانەوەى وڵاتان بە ڕووى یەکتریدا و، زیادبوونى پشتبەیەکبەستن و زیادبوونى تێکەڵاوى و کاڵبوونەوەى سنوورە نەتەوەیییەکان دێت. ئەمەش کاریگەرییەکى گەورەی هەبوو لەسەر گۆڕینى سرووشتى کێشە و مەترسییەکان لە کێشە و مەترسی ناوخۆیییەوە بۆ کێشە و مەترسی نێودەوڵەتی. لە سەردەمى جیهانگیریدا، نەخۆشییە گوازراوەکان، ناسەقامگیرى سیاسی و ململانێ سەربازى و قەیرانى ئابوورى و دارایی چیتر سرووشتێکى لۆکاڵیان نییە، بەڵکوو نێودەوڵەتى و بەئاسانى سنووری نێودەوڵەتى دەبڕن.
لێرەوە دەوڵەتان ناچاربوون مەترسییە تەندرووستییەکان بەتایبەت پەتاو نەخۆشییە کوشندەو گوازراوەکان بکەن بە بەشێک لە ستراتیجى بەرگری نیشتمانییان، کە ئەمەش خۆى بۆخۆى بەرەوپێشچوونێکى گەورە بوو. ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا لەڕیزى یەکەمینى ئەو وڵاتانەبوو بۆ یەکەمین جار پەتاو نەخۆشییە گوازراوە و کوشندەکانى کرد بە بەشێک لە ستراتیجى بەرگرى وڵاتەکەى، ئەمەش لەبەر سێ هۆکاری سەرەکى بوو: یەکەم، ترسی ئەمریکا لە تیرۆری بایەلۆجی، ویلایەتە یەکگرتووەکان ترسی ئەوەى هەبوو کە ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان هەستن بە بڵاوکردنەوەى ڤایرۆس لەنێو شار و ڕاڕەوە و سینەما و شوێنە گشتییەکاندا، بەم هۆیەوە ئەم پرسە بوو بە بەشێک لە ستراتیجى سەربازى ئەمریکا و ڕەهەندێکى سەربازیى وەرگرت. دووەم، ترسی بڵاوبوونەوەى نەخۆشییەکان لە ڕێگەى ئەو گەشتیارانەى کە سەردانى ئەمریکا دەکەن، جیهانگیرى و زیادبوونى تێکەڵاویی لەنێو وڵاتاندا ئەو تێگەیشتنەى لەنێو درووستکەرانى بڕیارى ئەمریکییدا درووستکرد کە زیادبوونى پەیوەندی لەنێوان گەشتیارانى وڵاتانى دواکەوتوو وڵاتانى دەوڵەمەند مەترسی بڵابوونەوەی نەخۆشییە کوشندەکانى لێدەکرێت. زۆرێک لە نەخۆشییەکانى وەک مەلاریا و نایلی دواى ئەوەى کە تەشخیسکران لە ئەمریکا دەرکەوت لە ڕێگەى خەڵکى بیانیەوە بۆ ئەمریکا هاوردەکراون و گوازراونەتەوە. سێیەم، ویلایەتە یەکگرتووەکان وەک مەترسییەک لەسەر ئاساییشى نیشتمانیى ئەمریکا نەخۆشییە کوشندەکانى دەرەوەى وڵاتەکەی پێناسەکرد بەهۆى ئەو مەترسییانەى کە نەخۆشییە کوشندەکان لەسەر سەقامگیرى سیاسی و ئابوورى ئەمریکا و دورستیاندەکرد. لەگەڵ ئەمەشدا، بەرپرسانى ئەمریکا پێیانوابوو پەتا و نەخۆشییە کوشندەکان دەبنە هۆى لەناوچوونى ژیانى ئەو هاووڵاتییە ئەمریکییانەى کە خاوەنى شارەزایی و پسپۆڕیى دەگمەنن، بەم هۆیەشەوە مەترسی لەسەر ئاساییشى نیشتمانى ئەمریکا درووستدەکات. [1]