ناونیشانی بابەت: کوردستانێکی کۆڵۆنیال
ئامادەکردن: د. #مەدیحە سۆفی#
لەگەڵ دەسپێکی گەڕان بەشوێن دۆزینەوەی کیشوەرەکاندا و لەگەڵ پێشکەوتنی کەشتییەوانی و دەریاوانیدا، بەتایبەتی لەلایەن ئیسپانیا و پورتوگالەوە، زۆربەی وڵاتە تازە دۆزراوەکان، بوونە کۆڵۆنیالی وڵاتە بەهێزەکان و تاڵان دەکران.
لە سەردەمی پێش هەڵگیرسانی جەنگی جیهانی یەکەمدا، زۆربەی وڵاتانی جیهان کۆڵۆنیالی ژێر دەستی وڵاتە دەسەڵاتدارەکانی ئەوروپا بوون وەکوو بەریتانیا، فەڕەنسا، پورتوگال، ئیسپانیا، هۆڵەندا، بەلجیکا، ئیتاڵیا و دانیمارک، بە بیانووی بەگەڕخستنی پێشکەوتن و یارمەتیدانی وڵاتە کۆڵۆنیالەکاندا، هەرچی سامانی سرووشتی و داهاتی ئەو وڵاتانە بوو قۆرخ و تاڵان دەکرا، جگە لە وڵاتە ئەوروپیەکان، ژاپۆنیش توانی بگاتە تایوان، کۆریا و زۆربەی ناوچەکانی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا.
بۆ ڕاییکردنی ئەو گەشەکردن و بەرهەمهێنانەی، لە هەندێ لە وڵاتە ئەوروپیەکاندا سەریهەڵدا بوو، کەرەستەی خاو، وزە، کان و کانزا، پێداویستییەکی سەرەکی ئەو وڵاتانە بوون بۆ بوژانەوە و داکوتانی سنگی دەسەڵات و پێگەی خۆیان، وڵاتە کۆڵۆنیەکان، لە لایەکەوە دەبنە بازاڕی باش بۆ ساغکردنەوەی کەلوپەل و بەرهەمی وڵاتە داگیرکەرەکان، لەلایەکیترەوە دەبنە سەرچاوەی تاڵانکردن و قۆرخکردنی سامانی سرووشتی و داهاتەکانیان.
زۆر جار ئەو وڵاتە بەکۆلۆنیال کراوە، بەشاراوەیی لەلایەن دەوڵەتە بەهێزەکەوە پلانی بەڕێوەبردنی بۆ دادەڕێژرێت و بە پێی مەبەستی بەرژەوەندییەکان ئاڕاستە دەکرێت، دوای شەڕی جیهانی دووەم جۆرێکی نوێ لە کۆڵۆنیالیزم هاتە ئاراوە، ئەویش ئینتیداب بوو.
داردەستی سەرەکی بەکۆڵۆنیالیکردنی زۆر وڵات، هەر بە بیانووی سەقامگیرکردنی ئاشتی، بەهاناوە چوون، کپکردنەوەی شەڕ و ئاشوب بووە، شادەماری هەندێ لەو بەکۆڵۆنیالکردنەش، جەخت کردن بووە لەسەر پەیڕەوکردنی ئایین و واڵاکردنەوە و گەشانەوەی چەمکی ئایین، کە لە کۆمەڵگە دواکەوتوووە بێ کاریزماکاندا توانیویەتی زۆر بە سەرکەوتوویی و ئاسانتر ڕۆڵی خۆی ببینێ و ئامانجەکانی بپێکێ.
لە سەدەکانی ناوەڕاستدا، کاتێ ڕۆژاوا لەژێر ناوی (الاسەڵاح الدیني) دا دەستی بە گەڕان بەدوای نێچیری خۆیدا کرد و لە کەنارەکانی ئەفریقادا بنکەی بازرگانیان جێگیر کرد، دوابەدوای ئەوان بەریتانیا و فەرەنسا بوونە ڕکابەری یەکتری و ئەوەبوو بەریتانیا بەرەو هیندستان و ناپلیۆنیش هێزەکانی فەڕەنسای بەرەو میسر و شام و پاشان بەرەو جەزائیر و زۆر وڵاتی دیکە واڵاکردەوە، ئیتاڵیاش هێزەکانی خۆی لە سۆماڵ و ئیریتیریا جێگیر کرد.
ئەم دەوڵەتانەش، ئەوەندەی بۆیان لوا بێت، زۆردار، نادادپەروەر و خاوەن ئاکاری داگیرکەر بوونە، بە دڵنیاییشەوە بە پشتیووانی حوکمڕانیەکی موزەیەف و خەڵکە خۆفرۆشەکەی وڵاتە کۆڵۆنیەکە، ئەوەندەیتر توانیویانە خۆیان جێگیر بکەن، لە ئێستادا زۆربەی وڵاتەکانی کیشوەری ئەفریقا، بەهۆی بازاڕی ئازادە وە، بەرهەمی نێوخۆیان پۆکاوەتەوە و مایە پووچ بوونە، لەکاتێکدا پێشتر، سەرهەڵدانێکی باش لە بواری بەرهەمی کشتوکاڵی و گۆشتدا، دەستی پێ کردبوو، بەڵام بەهۆی بازاڕی ئازادە وە، وڵاتانی ڕۆژاوا بازاڕەکانی ئەفریقایان بۆ ساخکردنەوەی کاڵا و بەرهەمی خۆیان قۆرخ کرد، تا گەیشتە ئەو ڕادەیەی، بەرهەمی نێوخۆی ئەوان هیچ نرخێکی نەکرد و بازاڕەکانیان بۆ بەرهەمی خۆماڵی داخران، ئەویش لەو کاتەی وڵاتانی ڕۆژاوا بازارەکانیان پڕ کرد لە مریشکی بەستوو و بە نزخێکی هەرزان، ئیدی کەس مریشکی خۆماڵی نەکڕی.
سیفاتی کۆڵۆنیالیزمی مۆدێرن، هیچ جیاوازیەکی لەگەڵ کۆڵۆنیالیزمی سەدەکانی ناوەڕاستدا نییە، زیندووترین نموونەش، لەسەدەی ڕابووردووەوە و بەم سەدەیەی ئێستاشەوە باشووری کوردستانە، کە تێیدا سیاسەتێک، بۆ برسیکردن، داپڵۆسینی سەنگی مرۆڤایەتی، قایلبوون بە هەموو دەرئەنجام و پێشهاتێک، تاڵانکردنی سامان سرووشتییەکەی، شێواندنی سیستەمی خوێندن و تەندرووستی، بەرقەرارە، ئەگەر لەسەدەکانی ناوەڕاستدا بەناوی بەهاناچوون و (اصلاح الدینی) ەوە کاریان لەسەر خەڵکەکەی کردبێ، ئەوە لە باشووری کوردستاندا زۆر ئاسانتر و خێراتر، بەناوی واڵاکردنەوەی ڕیچکە و قاڵبوونەوە بە ناوی ئایین و ئایینداریدا، لەلایەکەوە فریوی ڕوح و بوونی کوردی داوە، لەلایەکیترەوەش دەسەڵاتی ئابووری، جوگرافی و سیاسی تێدا قۆرخ کراون.
=KTML_Bold=ماکەکانی کۆڵۆنیالیزم لە باشووری کوردستاندا:=KTML_End=
ماکەکانی کۆڵۆنیالی لە باشووری کوردستاندا و لە مەودای سی ساڵدا، ئەوەندە ڕوون و ئاشکران؛ کە خۆی لە ڕادەستکردنی دەسەڵاتی ئابووری، جوگرافی و سیاسیدا دەبینێتەوە،
باشووری کوردستان، نموونەیەکی زیندووی کۆڵۆنیالی تورکیایە، بەتایبەتی دوای دۆزینەوەی وزە و بڕیاردانی هەناردەکردنی نەوت و غازی سرووشتی، ئەگەر ئەوروپیەکان کەرەستەی خاو و بەرهەمی وەکوو لۆکە، توتن، ئاڵەتی وەکوو دارچین و هاوشێوەکای، قاوە و کەکاویان بەرەو وڵاتەکانی خۆیان هاوردە کردووە، ئەوا تورکیا شاخوێنبەری ئابووری و دەسەڵاتی جوگرافی باشووری کوردستانی تاڵان کردووە؛ بنەمای پیشەسازی و گەشەسەندنی قۆرخ کردووە، کلیلی بەردەوامیدانی دیکتاتۆریەتەکەی دەست کەوتووە، ئەویش وزەیە، لەوە ناهەموارتر، تورکیا کولتووری خۆی، لە ڕێی زنجیرەکانی تی ڤی، میوانداری و خواردنگەوە، تەلارسازی، گەشتوگوزار، کردنەوەی زانکۆی تورکی، خوێندنگا و فێرکردنی زمانی تورکی و کاڵکردنەوەی زمانی دایکدا، بەسەر کۆمەڵگەی باشووری کوردستانەوە سەپاندووە، بە پێی بەرنامەیەکی تۆکمە و بگرە زۆر ڕاستەوخۆوە، گۆڕانێکی بنەڕەتی لە بنەمای کۆەڵگای کوردیدا دەستپێکرد وە کە لاواز و بێ کاری دەکا، بێ ئیرادە و بێزاری دەکا، پەلاماری هۆشیاریەکەی دەدا، تا بکرێ، لەبەر برسێتی و گیرفان بەتاڵی، بێئاگای دەکا لە هەموو مافەکانی، تەنیا ئەرکێک کە بە هاووڵاتی دەسپێرن، تەنیا بێ دەنگیە.
یەکێک لە ئاکارەکانی کۆڵۆنیال، تاڵانکردنی کەرەستەی خاوی کۆڵۆنیالەکە و هاوردەکردنی کەستەی ئامادەکراوە، ئەویش بۆ شکاندنی پشتی بەرهەمی ناوخۆ و پوکانەوەیەتی، ئەگەر نا، باشووری کوردستان لە سەرەتادا خاوەنی چەندین فابریکی بچوک و سەرەتایی بوو (کە خاوەنداریەکەی دەگەڕایەوە بۆ خێزانێک یا چەند کەسێکی هاوبەش) جگە لە بوونی چەندین کارگەی بچوک بۆ بەرهەمهێنانی بەرهەمی خۆماڵی وەکوو ڕستن و چنین، بەروبوومی شیر و سپیایی، چیمەنتۆ، جگەرە، سۆندە، دەستەسڕ، بەستەنی، چەندین جۆر شێرینی و چەندینی هاوشێوەی ئەم کارگە بچوکانە؛ کە لەگەڵ پڕۆسەی ئازادیدا یا دەرگایان داخرا، یا کەرەستە ئامادەکراوەکانی تورکیا بوونە جێگرەوە و بەرهەمە خۆماڵییەکەش بازاڕی پوکایەوە.
بەگوێرەی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشەپێدانی بازرگانی و پیشەسازی لە وەزارەتی پیشەسازی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا، لەکۆی سێ هەزار و حەوسەد و سی و یەک کارگە، کە پێشتر لەلایەن حکوومەتی هەرێمەوە مۆڵەتیان پێدرابوو، دوو هەزار و دووسەد و هەشتا و حەوت کارگە داخراون، بەو هۆیەوە زیاتر لە نۆ هەزار کرێکار کارەکانیان لە دەستداوە کە پێشتر لەو کارگانەدا کاریان دەکرد، زۆربەی کارگەکانیش کارگەی بیناسازی و ئاوەدانکردنەوەن، کە هاوردەی کەرەستەکانی زیاتر لە تورکیاوە هاوردە دەکرێن.
بۆ نزیکەی ساڵێک دەچێت، بە بیانووی کۆڕۆناوە، هەرچی خوێندنگا و زانکۆ هەیە داخراون، مامۆستا بێ مووچە و خوێندکار بێ بەرچاوڕوونی ئاخێنراونەتە ماڵەوە، ئەگەر ئەمە ویستی دەسەڵاتی کۆڵۆنیال نەبێ، چۆن دەرگای زانست و وشیاری کڵۆم دەدرێ؟
ئەگەر باشووری کوردستان کۆڵۆنیال نەبێ، ئەی بۆ خاوەنی چەندین چاڵەنەوت و غازە، بەتایبەتی لە بواری بوونی غازی سرووشتیدا کە لە ڕیزبەندی دە وڵاتی یەکەمی جیهانین، لێ خاوەنی ئەوەندە پاڵاوگە نین، کە بەشی پێداویستی ناوخۆ بکات؟
ئەگەر کۆڵۆنیاڵ نەبێ، بۆ بەو هەموو ئاو و خاک و دەستی کارەوە، چاوەڕوانی تەنانەت دەسکە توور و تەماتەیەکی تورکیا بێت؟
ئەگەر کۆڵۆنیال نەبێ، بۆ بەو هەموو سرووشتە جوانەوە، گەشتوگوزار لە تورکیا دەکرێ؟
ئەگەر ئەم داڕمانە ویستی وڵاتی کۆڵۆنیالکەرەکە نەبێ، بۆ پەروەردەکەی وا وێران و تەندرووستییەکەی وا داڕوخاو دەبێ؟
ئەگەر کۆڵۆنیال نەبێ؟ بۆ وا بۆ دوو ساڵ دەچێ، بەبیانووی کۆڕۆناوە، دەرگای خوێندنگا و زانکۆکانی داخراون؟ لە کاتێکدا دەرگای بازاڕ و پارک و شوێنە گشتییەکان کراوەن؟
ئەگەر کۆڵۆنیال نییە و بۆ ڕوخاندنی مۆڕاڵی خەڵک نەبێ، بۆ ئەو هەموو خوێندنگا تایبەتەی منداڵان هەن؟ جیاکردنەوەی چێنەکانی کۆمەڵگە بەو زەقی و ئاشکرایە دەردەکەون؟
ئەگەر کۆڵۆنیاڵ نیە؛ بۆ ڕەوە لەشکرێک گەنج و بەتوانا، دەرچوونی زانکۆ و پەیمانگا، بەو شێوەیە دەست بەتاڵ و بێگار و بێکار، خۆیان ئاخنیوەتە نێو ماڵەوە و پیش دەخۆنەوە یا ئاڵوودەی ماددەی هۆشبەر دەبن؟
ئەگەر کۆڵۆنیال نیە؛ بۆ ئازاد و دەستکراوە نییە لە بڕیارداندا؟ بۆ ناتوانێ مامەڵە بە سامانی سرووشتی خۆی و داهاتی ژێرخان و سەرخانی خۆی بکات؟
ئەگەر کۆڵۆنیال نیە؛ ئەو هەموو بنکە و ویستگەی میت و ئیتیڵاعاتە چی دەکەن وا سنگی لەنێوخۆی داکوتیوە؟
ئەگەر کۆڵۆنیال نییە، بۆ لە دوو دەروازەوە ماددەی هۆشبەری بۆ دەنێررێتە نێوەوە، تا گەنجەکانی لە بێزاری و دەستبەتاڵیدا، خووی پیوە بگرن و ئاڵوودەی بن، پاشان کۆمەڵگەیەکی وێران و بێ فەڕی لێ بکەوێتەوە؟
باشووری کوردستان، دەبێ ئابووریەکەی وێرانی هەبێ، دەبێ کولتوورەکەی بەرەو دواوە بچێ، دەبێ لە پشت پەردەی ئایدۆلۆژیای ئایینەوە کاری سڕینەوەی ئینتیما و خۆشەویستی خاکی لەسەر بکرێ ، کە مەودای ئاسانکاریەکی زۆر، بۆ قۆرخکردنی ڕوح و هزری مرۆڤی کورد واڵا دەکات و فراوانترین کایەی بۆ دەڕەخسێنێ، تاکوو تاکی کورد دەستبەرداری هەموو ئەو چەمکانە بێت، کە تا ئێستا بۆ بەدیهێنانی پیرۆزیەکانی تێکۆشاوە، لە ئێستادا دەبێ ببێتە بازاڕ بۆ ساغکردنەوەی کاڵای ئێران و تورکیا، دەبێ گەل برسی و هەژار بکرێ، دەبێ نوزەی پاڕانەوەی بێ، دەبێ زستان سەرما و هاوین گەرمای بێ، دەبێ بانقەکانی تورکیا پڕ لە داهاتی باشووری کوردستان بێ، دەبێ نیشتمان بێ کاریزمایەکی سیاسی کاریگەر بێ، ئەی کۆڵۆنیال چۆن دەبێ؟ [1]