ناونیشانی بابەت: ڕادەستکردنەوەی چالاکانی ئیگۆر لە تورکیا بەرانبەر پێکوتەی چینیی بۆ کۆرۆنا؟
ئامادەکردن: د. #مەدیحە سۆفی#
سیاسەتی کڕین و فرۆشتن لای ئۆردوگان، لەسەر پێوەری فرۆشتنی بەها مرۆڤایەتییەکان، کڕینی بەرژەوەندیە ڕەگەزپەرستییەکانی و پتەوکردنی پێگەی دەسەڵاتدارێتی خۆیەتی، ئەم سیاسەتی کڕین و فرۆشتنەش، نەک هەر لە تورکیا بەڵکوو لە سنووری دەسەڵاتی ئیمپڕاتۆری عوسمانیدا دەگوزەرێ، ئۆردوگان ئەو دیکتاتۆرەی، سڵ لە هیچ هەنگاوێکی شەڕانگێزی و دژە مرۆڤایەتی ناکاتەوە، سڵ لە سووتانی دایک و منداڵ ناکاتەوە بۆ گەیشتن بەو مەرامە گڵاوانەی کە لە هەگبەی بەرنامە پڕ لە داگیرکاریەکانیدایە، هەر بۆ ئەم مەبەستەش، ئاڵووێڵی بازرگانی و گەمەی قێزەوەن بە هەموو گرووپ و ئیتنێک دەکات، بە پێی کات و جەشنی بەرژەوەندییەکانی خۆی ویستەکانی تاو دەدات، هەمیشەش بۆ پرۆڤۆکاتسیۆنی بەرانبەر ئامادەیە، چنگی شەڕانگێزی دەگەیەنێتە هەر شوێنێک، کە بۆنی وزەی لێ بێت، لە لیبیا، لە ئازەربایجان، لە سووریا، لە باشووری کوردستان، لەنێو دەریای سپی ناوەڕاست، لە قوبڕس و لە یۆنانیش.
ئیگۆرەکان کەمایەتییەکی موسڵمانی دانیشتووی وڵاتی چینن، چین ژمارەی ئیگورەکان بە نزیکەی پازدە ملیۆن کەس ئەژمار دەکات، ئەگەرچی زۆربەی بۆچوونەکان مەزەندەی زیاتر لە 35 ملیۆن کەسی بۆ دەکات، ناوچەی جێنشینی ئەم کەمایەتییە هەرێمی شینگیانگە لە باکووری ڕۆژاوای وڵاتی چین، ئەم هەرێمە سنووری لەگەڵ زۆربەی ئەو وڵاتانەدا هەیە کە سەربە هەرێمەکانی پێشووی یەکێتی سۆڤیەت بوون، وەکوو کازاخستان، ئوزبیکستان، کیرگستان و تاجیکستان، هەروەها سنووری لەگەڵ پاکستان و ئەفغانستانیشد هەیە.
چین دەمێکە کار لەسەر سڕینەوەی ناسنامەی ئیگورەکان دەکات، بە فاکتەری نائارامی و تێکدانی ئاساییشی نیشتمانی لەقەڵەم دەدات، سیاسەتی زەبر و زەنگ و چەوساندنەوەیان لەبەرانبەردا پەیڕەو دەکات، لە ئێستادا نزیکەی یەک ملیۆن لە ئیگورەکان لە چین زیندانی کراون، بە جۆرێک لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش؛ لەلایەن مافی مرۆڤی جیهانیەوە کێشەی ئەم کەمایەتییە بووە مانشێتی داکۆکیکردن لە پرسی ئیگۆرەکان و دۆخی ناهەموواری ژیانیان.
قۆزتنەوەی کێشەی ئیگورەکان لەلایەن ئۆردوگانەوە، بووە هۆکاری داڕێژانی پلانێکی ژێربەژێر و شارراوەی دەسەڵاتی تورکیا، کە لەپێناو گەیشتن بەهەندێ دەستکەوتی دیپلۆماتی و ئابووری لەلایەکەوە و لەلایەکیترەوە وەکوو فشار بۆ وڵاتی چێن بەکاریهێنا، بۆیە لەژیر سێبەری ئایین و خۆنزیکردنەوە وەکوو فریاڕەسێک بۆ ئیگورەکان خۆی نیشان دا و دەرگای داڵدەدانی بۆ کردنەوە و نزیکەی پەنجا هەزار ئیگور بەرەو تورکیا هەڵاتن، تورکیا بووە فریادڕەسی ئەو کەمایەتییە زۆرلێکراوە، تەنانەت هەندێکیان ناسنامەی هاووڵاتی تورکیشیان پێ بەخشرا، تورکیا بەڵێنی زۆری بە ئیگورەکان دابوو، کە هەڵوێستی ئەرێنی بەرانبەر ئەو سیاسەتە ناهەموارەی چین دەبێ، زۆربەیان بوونە چەکداری گرووپە توندڕەوە ئیسلامییەکان و بۆ واڵاکردنەوەی زیاتری دەسەڵاتی تورکیا لە شەڕدا بوون.
ئەو ئیگورانەی لە تورکیا داڵدە دراون، هەر خەڵکی ئاسایی نین، لەناویاندا کەسانێک هەن کە ئاکتیڤن و بۆ داواکاری مافی ڕەوای خۆیان ڕۆڵی سەرکردە دەبینن و چالاکن، یا پڕۆفیسۆر و خاوەن ئاستی بەرزی ڕۆشنبیرین، چین هەوڵێکی زۆر دەدات بۆ ڕادەستکردنی ئەو کەسانە، بەڵام گەمەکەی تورکیا لێرەدا ئەوەیە، کە دەزانێت چۆن ئەم ڕادەستکردنە دەکاتە دەستکەوت و بۆ بەدیهێنانی هەندێ لە ئامانجە ئابووری و دیپلۆماتەکانی خۆی قۆڕخی دەکات.
پێش چەند ساڵێک، چین ئەو هەلەی ڕەخساند؛ کە بە فەراهەمکردنی هەندێ لە دەستکەوتی ئابووری بۆ تورکیا دەتوانێ کێشەی هەڵاتووەکان لە تورکیا چارەسەر بکات، لەبەر ڕۆشنایی ئەو دەستکەوتانەشدا، تورکیا سەرکردە ئیگورە ئاکتیڤیستەکان ڕادەستی چین بکاتەوە وەکوو عەبدولقادر یاپجان، ئەم ڕێکەوتنە ماوەیەک سڕ کرا، وەلێ لە ئێستادا هەڵوێستی تورکیا بەرانبەر چین، بۆ ئیگورە هەڵاتووەکانی ناو تورکیا بووەتە جێی پرسیار، بەوەی کە تا ئێستا تورکیا هیچ بەڵێنێکی نەبردووەتە سەر، یەکێک لەو بەڵێنانەی ئەوەیە، کە تورکیا بەرانبەر ئەو سیاسەتەی چین دژ بە ئیگورەکان، بەتایبەتی ئەوانەی ئاخێنراونەتە نێو زیندان، بێدەنگە و خۆی دوورەپەرێز ڕاگرتووە.
لە ئێستادا، ڕێکەوتنی ڕادەستکردنی ئیگورەکان لەلایەن تورکیاوە، زیندوو بووەتەوە بووەتە جێگای سەرنجی ئیگورە پەنابەرکانی تورکیا، بورهان ئولویول، پڕۆفیسۆرێکی ئیگوری تەمەن پەنجا ساڵە و لە تورکیادا داڵدە دراوە، دەڵێ:
=KTML_Bold=”زۆرترین ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن، کە ڕێکەوتنەکە لەسەر هەناردەکردنی پێکوتەی کۆڕۆنا بێ بەرانبەر ڕادەستکردنی ئیگورە چالاکەکان بە دەسەڵاتی چین، دوور نییە ناوی منیش لەنێو لیستەکەدا بێ، چونکە لەم ماوەیەدا، ئەو پێکوتەیە لە تورکیادا تاقیکراوەتەوە و هەندێکیش بەو پێکوتەیە کوتراون، بۆ ئوردوگان بوونی ئەم پێکوتەیە، گەورەترین دەستکەوت و هەڵمەتی پشتگیری ناوخۆیە”=KTML_End=
ئەمە یەکەم و دوا ئاڵووێڵی بەرژەوەندی سیاسی ئوردوگان نییە، بابەتی کۆچبەران، گرتنەوەی ئاوی دیجلە و فورات لە ئێراق و ڕۆژاوای کوردستان، بەڵیندان بە تورکمانی کەرکووک، گەڕاندنەوەی بەرزاییەکانی قەرەباغ بۆ ئازەربایجان، بەشداری شەڕ لە لیبیا، گلدانەوەی سووریەکان وەکوو پەنابەر و زۆریتر لە سەرکێشیەکانی، هەموو ئەمانە بابەتی کارتی فشارن بۆ دەستکەوتی نەشیاو و هەیمەنەی دەسەڵات لەلایەن دیکتاتۆری سەردەمەوە. [1]