ناونیشانی بابەت: باشوورێکی بێ کاریزما
ئامادەکردن: #مەدیحە سۆفی#
ئەو نەوتەی بڕبڕەی پشتی ئابووریە، لە باشوور بووەتە ئەو هێزەی کولتوور، زمان، پەروەردە، تەندرووستی، سامانی مرۆیی و دواڕۆژی تاک-بە-تاکی کوردی وێران و بێبەها کردووە، بەرنامەکانی میتی تورکیا زۆر بە سەلیقە و لێزانی قۆرخی هەموو کونج و گۆشەیەکی نیشتمانی کردووە، مۆرک و بۆن و سیمای تورکیای کردووەتە کراسێکی زۆرەملێ و لە هەموو شوێنێک ئامادەیی هەیە.
ئاشکرایە کە جوگرافیای کوردستان جوگرافیایەکی سەختە، وەلێ دەکرا و دەکرێ بە پاڵپشتی جوگرافیای ڕۆژاوای کوردستانەوە، ببوایە بە جوگرافیایەکی ستراتیژی بۆ دواڕۆژ، بەڵام عیشقی کورسی و ( انا العلیا ) ی سەر کورسی، ئەو نەخۆشییەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لێی ڕاست نابێتەوە، هەمیشە ڕیسی کۆشش و قوربانیدانی هەژار و خۆنەویستەکانی کردووەتەوە بە خوری.
کاتێک لە مانگی تەموزی ساڵی 2014دا لیوای تایبەت لە هەرێم دەستی بەسەر کێڵگەکانی نەوت و غازی کەرکووکدا گرت، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئەوکاتە گوتی: ئیتر ئێمە باسی ماددەی 140 ناکەین، واتە ماددەی 140 بە دەستبەسەراگرتنی وزەی کەرکووک کوژایەوە، کە بەشێکی زۆری کرایە دیاری بۆ ئەنقەرە، بێئەوەی باس لە خەڵک و مافی خەڵک بکرێ، بێئەوەی ڕەچاوی ئەوە بکرێ کە ئەم پەیامە چەند لەسەر کورد و پرسی کورد لەو ناوچانەدا دەکەوێ، کە هیچ ئەمنییەتێک و هیچ ئاساییشێکی تێدا نییە.
پاشتر ئەوە بوو کە نەوتی کەرکووک بە لوولەکانی دیکەی نەوتی هەرێمەوە بەسترا و بەرەو بەندەری جیهان ڕەوانە کرا، یا ڕوونتر بڵێین بەرەو گەرووی تورکیا، چونکە تورکیا خۆی بە خاوەن کەرکووک و تەنانەت خۆی بە خاوەن قەیسەری کەرکووک دادەنێت، ئاگرکەوتنەوەکە لە قەیسەرییەکەی گوماندەکرێت دەستی تورکیای لە پشت بێت وەک چۆن ئێستا بە دیزاینی تورکیی نۆژەندەکرێتەوە.
لە ئێستادا تورکیا بەو قۆناغی داڕمانە ئابووریەی ئەوەندەیتر جەخت لەسەر دادۆشینی نەوت و غازی باشووری کوردستان دەکات، نەخشە و پلانی ئەردۆگان زۆر لەو عەدەسە ڵێڵ و تاریکەی کورد، زۆر ئەوڵاتر و واوەترە، ئەی بەچی شەڕی لیبیا، سووریا، دەریای ناوەڕاست و قەرەباغ و هتد دەکات. ئەردۆگان دەڵێت: ئێستا توانیمان بەرزایییەکانی قەرەباغ بۆ برا ئازەریەکانمان بگەڕێنینەوە. فراوانخوازیی تورکیا دەگاتە هەموو شوێنێک کە مەرامی خۆی تێدا بێت، لە بابەتێکی (دێر شپیگل) ی ئەڵمانیادا، بە چڕی باس لەوە دەکات، چۆن گەنجە پەنابەر سوورییەکانی بەرەو شەڕی قەرەباغ ڕەوانە کردووە، گەڕانەوەیان تەنیا گەڕانەوەی تەرمەکانیانە.
سیاسەتی باشوور، لە جیاتی ئەوەی لەگەڵ ناوەندی بەغدا کۆک بێت و ئاساییشی خۆراک و ئاساییشی نیشتمانی بپارێزێ، بووە دوژمنی و خەڵکی باشووری ڕەزیل کرد. ئەو کەرکووکەی کردە پاشکۆی تورکیا و نەوتەکەی کردە دیاری ئەنقەرە، ئەو کەرکووکەی بەبارستایی خۆی خوێنی بۆ قوربانی کراوە، گرێبەستی لەگەڵ چین و ڕووسیا کرد، پاوانخوازییەکەی ئەم دەستەڵاتە هەموو سنوورێکی بەزاندووە.
ئێمەی کورد لە باشوور دەمێکە نووستووین، بڕواننە ئەو شۆڕشە کولتوورییەی تورکیا بەسەر زمان، کولتوور، هونەر، بازاڕ، خواردن، تەندرووستی و پەروەردە و تەنانەت هەڵسوکەوتماندا کردی، ئێستا بەهۆی ئەو دراما ژەنگاوییانەی تورکیاوە، خەڵکی ناوی منداڵەکانیان بە ناوی پاڵەوانی ئەو دراما ژەهراوییانەوە دەنێن، کە ناوەرۆکەکەی ڕق و نەفرەتە لە کورد. سی ساڵە خوێندنگای تورکی منداڵی کورد فێری زمانی تورکی و کولتووری دەکات، چ تاوانێکە منداڵت لەو خوێندنگایانەدا پەروەردە بکرێن؟
تورکیا چی نەکرد، تا هەوڵ بدات ژیلەمۆی شۆڕش لە ڕۆژاوای کوردستاندا بکوژێنێتەوە، بەڵام چونکە فەلسەفەیەکی زیندوو و بڕوای پتەو بوو، هەروا گەشتر دەبێتەوە، ئەی خێرە تورکیا ئەو هەموو خۆراک و کەرەستەیە بنێرێتە باشوور و ژەهراوی نەبێ، دڵنیا بن هەمووی خاشاک و ماوە بەسەرچووە، باشوورێک بە سی ساڵ نەیتوانی بەرهەمی خۆماڵی هەبێ و خۆی نەچەمێنێتەوە بۆ تەماتە و پیاز و سەوزەی ئێران و تورکیا، سی ساڵ بەو هەموو داهات و دەستی کار و زانکۆیەوە کە هەمووی (بطالة مقنعة) ن، نەیتوانی ڕوویەکی زانستی و پێشکەوتنی خۆی پیشان جیهان بدات.
باشوور بەو هەموو سامانی وزەیەی، نەیتوانی ماڵی پێنج ملیۆن خەڵک لە سەرمای زستاندا گەرم بکاتەوە و لە هاوینیشدا ماڵێکی فێنکیان هەبێت، کەچی بەشێکی زۆری قازانج لە نەوتەکەی بۆ ئەنقەرە دەڕوات. بە پێی زانیاری عەلی ئەدیب ئۆغڵو، ئەندام پەڕڵەمانی سەر بە پارێزگای هەتایی، داعش نەوتی موسڵ و باکووری سووریای گەیاندۆتە هەتایی و ئورفا و بە سنووری تورکیادا گواستویەتییەوە و حکومەتی تورکیا و حکومەتی هەرێمیش هەموو ئاسانکاریەکی بۆ کردوون.
ئەم دەستەڵاتە، کەڕامەتی خەڵکی پێشێل کرد، ناخ و دەروونی خەڵکی فێری تکا و دوعا کرد، فێری دەستەمۆیی و ژێر چەپۆکی کرد، سامانێکی مرۆیی گەنج و بەتوانای هەیە، هەمووی کردە خۆڵەمێشی چاوەڕوانی، بێهیوایی و بێزاری، کەس لە سبەی دڵنیا نییە، کەس پلانی نییە، کەس ژیانی نییە، گەر بێنە گۆ، هاوشێوەی چالاکوانانی بادینان دەئاخنرێنە کونجی زیندانەوە، کوردستان لە هیچی کەم نییە، لە کاریزمای سەرکردەیەکی خۆنەویست نەبێ، لە فەلسەفەیەکی زیندوو نەبێ. [1]