ناونیشانی بابەت: میزۆپۆتامیا، لانکەی شارستانییەت بەرەو کوێ؟
ئامادەکردن: #مەدیحە سۆفی#
میزۆپۆتامیا، ئەو دەڤەرە بەرین و بەپیتەی، خاوەنی سەرهەڵدانی یەکەمین شارستانییەتی سەر گۆی زەوییە، ئەو سەرهەڵدانەی، ئێستاش هەموو ئەو بابەت و نووسینانەی لەمەڕ مێژوو، هونەر، یاسا، ئاودێری، دەستپێکی دەستنووس و کشتوکاڵی و تەلارسازیەوە ئامادە دەکرێن، بەبێگومان سەرچاوەکانیان دەگەڕێنەوە بۆ مێژووی دێرینی مێزوپۆتامیا و بەتایبەتی بۆ سەردەمی سۆمەریەکان، ئەو مێژووە دەوڵەمەندەی مرۆڤایەتی فێری هەنگاوە ئەرێنیەکانی ژیان کرد، بەرەو باشترکردنی بەرهەمهێنانی کشتوکاڵی، بەنداو و بەربەستی لافاو، ئاسنگەری، فەلەکناسی، کەرەستەی کێڵان، گەمی درووستکردن، پەیکەرتاشی و هەڵکەندن، کە مێژوویان دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە پێنج هەزار ساڵ پێش زاینی[[1] ]
شارستانییەت چییە؟ شارستانییەت بریتییە لە ڕەنگدانەوەی کۆمەڵێ گۆڕانی ئەرێنی لە ناوچەیەکی دیاریکراودا، کە تێهەڵکێش بەیەک و بە بنەماکانی نێو کۆمەڵگە دەبن، گەشە دەکەن و دەبنە هۆکاری سەرهەڵدانێک کە سەنگی سەقامگیری بواری ئابووری، کۆمەڵایەتی و پەرەسەندن دادەکوتێ، پاشتر دەبێتە چەقی تێڕوانین و ئاڵوگۆڕی بازرگانی و ئابووری لەگەڵ دەوروپشتیدا، هەروەها لەپێناو ئاوەدانکردنەوە، بوژانەوەی ژینگەی مرۆڤ و خزمەتی مرۆڤایەتیدا پەرەدەسێنێت. ئەم سەرهەڵدانی شارستانییەتە زۆربەی بوارەکانی گرتووەتەوە و دەگرێتەوە، بەڵام ناوەندی ئەم گەشەندنە لەسەر خاکێکی وشک و برینگ بنیات نانرێت و سەرهەڵنادات، ئەوەی کرۆکی ئەم گەشەسەندنەیە تەنیا گەنجینەیەکی بێوێنە و بێئەڵتەرناتیڤە، کە هیچ سامانێک ناتوانێ بەخستنەبری بێت، ئەویش (ئاو) ە، دۆڵی ڕافیدەینیش بەهۆی بوونی ڕوباری دیجلە و فورات و ئەو داهێنانەی لە حوکمڕانی ئەو کاتەدا لە بوارە جیاجیاکاندا کرا، توانی ببێتە خاوەنی ئەو گەشەسەندنەی، کۆنترین شارستانییەتی لەلایەن سۆمەریەکانەوە و لەنێو دۆڵی ڕافیدێنەوە کە بە میزۆپۆتامیا ناسراوە، سەری هەڵدا.
لە کاتێکدا کە مێژووی درووستکردنی بەنداوەکان بەتایبەتی لەسەردەمی سۆمەریەکاندا، بۆ پاراستنی ژیانی دانیشتووانی کەنارەکانی دیجلە و فۆرات لە کاریگەریی لافاو و بۆ گلدانەوەی ئاو بۆ کاتی پێویست، هەر لە میزۆپۆتامیاوە دەستی پێ کردووە، هەروەها چاندنی بەرهەمی کشتوکاڵی بەتایبەتی گەنم و جۆ، یەکێک بووە لە سیما دیارەکانی ئەو ناوچەیە، لە سۆنگەی ئەم پیشە دێرینە وە، پەیوەندییەکی بەتین لەنێو ژینگە و ژیانی مرۆڤدا درووست بووە و ناوچەکانی دەوروپشتیشی پریشکی ئەم لێهاتوویی، پەرەسەندن، گەشەسەندن و ئاوەدانکردنەوانەیان بەرکەوتووە، داهێنانی سیستەمی ئاودێری ساکار لەو دەمەدا، بەڵگەی ئەو هەوڵدان و گەشەکردنەی هزرەی مرۆڤ بووە بۆ خۆگونجان لەگەڵ سرووشت و خۆپاراستن لە لافاو و کارەساتە سرووشتییەکان، لە هەمان کاتدا بۆ بەرهەمهێنانی قووت و زادی خۆیان نەک بۆ کۆچکردن و جێهێشتنی زێدی ئەو کاتەیان، هەر ئەم ئاوەدانکردنەوەیەش بووە، کە ئەو ناوچەیەی ئێستا پێی دەوترێت ئێراق، کردووە بە لانکەی شارستانییەت.
=KTML_Bold=ئەوەی لە درووستکردنی بەنداوی ئیلیسو و ژێرئاوکەوتنی شارەدێی دێرینی حەسەنکێف بینرا، ککاریگەریی لەسەر شێواندن و وێرانکردنی ئەو شارستانییەتە دێرینە هەیە، کە هەموو ناوچەی میزۆپۆتامیا دەگرێتەوە=KTML_End=
یەکێک لە سیماکانی ناوچەی میزۆپۆتامیا، زەلکاوەکانی (أهوار) خوارووی ئێراقن، ئەم زەلکاوە سرووشتیانە، بە جوگرافیایەکی سرووشتی و دەگمەن لە جیهاندا ئەژمار دەکرێن و تەنیا لە باشووری ئێراقدا بوونی هەیە، ڕێکخراوی نێودەوڵەتی (یۆنیسکۆ) ، لە کۆنگرەیەکی ساڵی 1972 دا، بەگشتی بڕیاری پاراستنی ئەو شوێنە سرووشتی و شارستانیانەی لە جیهاندا دا، بۆ ئەوەی وەکوو کەلەپورێک بۆ نەوەی داهاتوو بمێننەوە، لە مانگی یولی ساڵی 2016 دا، ئەم ڕیکخراوە ناوی زەلکاوەکانی خوارووی ئێراقیشی وەکوو بەشێک لە کەلەپوری شارستانییەت، خستە نێو لیستی شوێنەوارە پارێزراوەکانی سرووشت لە جیهاندا، کە نابێ بەهیچ جۆرێک هەڕەشە لە لەناوبردنیان بکرێت، یا لە بەر ئەگەری بوونی سامانی سرووشتی وەکوو وزە لەو شوێنەدا، تێکبدرێت، جگە لەوەی پاراستنی ئەم کەلەپورە کولتووری و سرووشتییە، هەماهەنگی هەمەلایەنەی پێویستە و هەموو لایەک لێپرسراون لە مانەوەی.
تورکیا وڵاتێکە، بۆ هێنانەدی خەونە ڕەگەزپەرستییەکانی خۆی، نەک هەر بە هیچ شێوەیەک پاراستنی ئەو کولتوور و کەلەپورەی بۆ گرنگ نییە، بەڵکوو ئامانجەکەی وێرانکردنی ئەو کولتوور و شارستانییەتەیە کە لەو دەڤەرە مێژوویەدا بنیاتنراوە، وەکوو ئەوەی لە درووستکردنی بەنداوی ئیلیسو و ژێرئاوکەوتنی شارەدێی دێرینی حەسەنکێف بینرا، ئەو شارەی کەلەپوری زیاتر لە دە هەزار ساڵی پێش زاینی لە خۆ گرتووە، جگە لەوەی درووستکردنی سەرجەم ئەو بیست و دوو بەنداوانە و ئەو نۆزدە ویستگەی بەرهەمهێنانی کارەبایە، کە کاریگەریی تەواوی لەسەر کەمکردنەوەی ئاوی ڕوباری دیجلە و فورات و پاشتر لەسەر وشکبوونی زەلکاوەکاندا هەیە، کاریگەریی لەسەر شێواندن و وێرانکردنی ئەو شارستانییەتە دێرینە هەیە، کە هەموو ناوچەی میزۆپۆتامیا دەگرێتەوە.
لەگەڵ تەواوکردنی ئەو بەنداوانەی پڕۆژەی گاپ لە تورکیا، بڕی گلدانەوەی ئاو لە هەردوو ڕوباری دیجلە و فورات دەگاتە نزیکەی سەد ملیار مەتر سێجا، بە پێی لێکۆڵینەوەیەکی ڕێکخراوی نێونەتەوەیی و ناوەندی یەکێتی ئەوروپا بۆ کاروباری ئاو، ئەگەر بەو ئاستەی ئێستا ئاوی دیجلە و فورات گل بدرێتەوە، دوور نییە ئەو دوو ڕوبارە تا ساڵی 2040 لەناوبچن و وشک بن.
ئەگەرچی گۆڕانی کەشوهەوا، دووبارەبوونەوەی وشکەساڵی و کەمبوونەوەی باران، زۆربوونی دانیشتووان، نالەباری سیستەمی دابەشکردنی ئاو و تێکچوونی، نەبوونی سیستەمێکی تەندرووست بۆ بەڕێوەبردنی سامانی ئاو، ئەو فاکتەرانەن کە ئەوەندەیتر کێشەکانی ژینگەی ئێراق بە گشتی و کوردستان بەتایبەتی سەختتر دەکەن.
=KTML_Bold=ئەگەر یاسای نێودەوڵەتی بۆ سزادان هێشتا زیندوو بێت، دەبێ پێشێلکاریەکانی تورکیا، لەمەڕ گرنەوەی ئاو لە ڕۆژاوا و ئێراق و قۆرخکردنی، پەیڕەوکردنی سیاسەتی ئاو وەکوو دەسەڵاتی سیاسی و فشار خستنەسەر وڵاتانی دەوروپشت لەلایەن تورکیاوە، وەکوو تاوانێکی نێودەوڵەتی ئەژمار بکرێت=KTML_End=
تورکیا جگە لەوەی چنگی شەڕ و داگیرکاریەکەی گەیشتووەتە قەرەباغ، لیبیا، ڕۆژاوا (باکووری سووریا) ، باشووری کوردستان، قوبڕس و دەریای سپی ناوەڕاست، سامانی ئاوی دیجلە و فوڕاتیش وەکوو دەسەڵاتێکی سیاسی و کارتی فشار لەسەر وڵاتە دراوسێیەکانی بەرجەستە دەکات، بێ ئەوەی ڕەچاوی هیچ یاسا و ڕێسایەکی نێودەوڵەتی بۆ کاروباری سامانی ئاوی هاوبەش و ماڤی مرۆڤ بکات.
ئەگەر یاسای نێودەوڵەتی بۆ سزادان هێشتا زیندوو بێت، دەبێ پێشێلکاریەکانی تورکیا، لەمەڕ گرنەوەی ئاو لە ڕۆژاوا و ئێراق و قۆرخکردنی، پەیڕەوکردنی سیاسەتی ئاو وەکوو دەسەڵاتی سیاسی و فشار خستنەسەر وڵاتانی دەوروپشت لەلایەن تورکیاوە، وەکوو تاوانێکی نێودەوڵەتی ئەژمار بکرێت و بچێتە ڕیزی تاوانە یەک لەدوای یەکەکانی، چونکە ئەوەی لە دەڤەری میزۆپۆتامیا دەگوزەرێ، سیاسەتێکی نامرۆڤایەتییە، کە نابێ نێودەوڵەتی فەرامۆشی بکات.
کورد نیشتەجێی بەشێکی میزۆپۆتامیایە، بەشێکی باشی مێژووی شارستانییەتێکی دێرین دەیگرێتەوە، هەوڵدان بۆ پاراستنی کەلەپوری کۆن، یەکێکە لە ئەرکە پیرۆزەکان، لەدەستچوونی کەلەپوری شارەدێی حەسەنکێف، زیانێکی گەورەیە لە مێژووی ئەو ناوچەیە، بەڵام لە کوردستانی باشووردا ئەگەری ئەرێنی هەیە، کە بتوانرێ لەلایەن زانکۆکانەوە، ئەو پارچە مێژوویانە بپارێزرێ، یا توێژینەوە و لێکۆڵینەوەیان دەربارە بکرێ.
میزۆپۆتامیا، ئەو مێژووە دێرینەی، بەهاوپشتی هەردوو ڕوباری دیجلە و فوراتەوە بووە سەرچاوەی ئەو سەرهەڵدانی شارستانییەتە، وا لە سەدەی بیست و یەکدا؛ بە هۆکاری ڕەگەزپەرستی، فشاری دەسەڵاتی ئاو، لاوازی هەیبەتی دەسەڵاتی نێونەتەوەیی، گەمەکردنی تورکیا لەسەر هەردوو دیوی جەمسەرەکانی ڕووسیا و ئەمریکا بۆ بەدیهێنانی مەرامە نامرۆڤایەتییەکانی و دواتر سەرقاڵی وڵاتەکان بە کێشەی پەتای کۆڕۆناوە، بەرەو کوژانەوە و وێران بوون دەچێت، بە جۆرێک دانیشتووانی ئەو میزۆپۆتامیایەی، سەرچاوەی سەرهەڵدان و بوژانەوە و شارستانییەت بوو ، دوور نییە لە دەیەی داهاتوو لەبەر بێ ئاوی ئاوارە ببن و کۆچ بکەن. [1]