ناونیشانی بابەت: کاریزمای سیاسی، ئەوەی ئێمە نیمانە
ئامادەکردن: مەدیحە سۆفی
ئەم =KTML_Bold=وتارە لە 05-08-2020 نووسراوە و بڵاوکراوەتەوە=KTML_End=
لە ئێستادا هەموو خەونی کورد لە باشووری کوردستاندا، لە بوونی لەتێک نان، مشتێ ئاو و کاتژمێرێک کارەبادا کوورت کراوەتەوە، هەر ئەوەندەش بەسە بۆ ئەوەی دڵنیابین؛ ئێمە لە کام خولگەی گۆڕڕانەکانی جیهاندا دەسوڕێینەوە.
بەرهەمی شۆڕش و قوربانی لە باشووری کوردستاندا ئەوەندە ناجۆرە، لە جیاتی پاراستنی شکۆ، دابینکردنی یەکسانی کۆمەڵایەتی، مافی مرۆڤ، کۆکردنەوەی هێزە ئەرێنیەکان، بەرزڕاگرتنی یەکسانیی ڕەگەز و بەگەڕخستنی سامانی مرۆیی لە بەرهەمهێناندا، لە جیاتی جەختکردنە سەر پشتبەستن بە هێزی کار و بەرهەمی خۆماڵی، هێزی گەلی لەتلەت کرد، هزر و ڕۆشنبیری بەرەو دواوە برد، ئینتیما و وابەستەبوونی بە خاکەوە سست کرد، کۆچ و کۆچڕەو بووە هەلێک بۆ دەرباز بوون بەرەو ژیان، کۆمەڵگە دابەش بووە سەر دوو چینی تەواو لەیەک دوور و تۆراو، چینێکی تەنکی دەوڵەمەندی سیاسی و بازرگان لەگەڵ چینێکی ئەستووری هەژار، بێکار و نەدار، ئەو چینەی گەیشتن بەرەو ئەودیوی سنووری نیشتمان یا خۆکوشتن، تەنیا دەرفەتی ڕزگار بوونییەتی لە مەینەتییەی پێی دەڵێن نیشتمان.
لە نیشتمانێکدا، کە خاوەنی یەک زمان، یەک ڕەنگی پێست، یەک ئامانج بۆ ئازادی و سەربەخۆیی بێت، وەلێ ڕەنگی جیاوازی حیزبەکان، زۆر لە ڕەنگی جیاوازی پێستەکان کاریگەرتر بوون، هەر ئەو جیاوازیی ڕەنگی حیزبەش، بووە منداڵدانی لەدایکبوونی چەندین جیاوازی کە تێکڕا ڕق و کینە و کێبڕکێی ناپەسەندی بەدوای خۆیدا هێنا، نیشتمانێک خاوەن زۆرترین قەرز و زۆرترین ڕێژەی هەژاری بێت، ئەو هاوکێشەیەی، هەتا ئەم سەرمایەدارە سیاسەتمەدارانە حوکمڕانی بن، هەر بە ناهاوسەنگی دەمێنێتەوە.
فیلمی (Invictus) (نەبەزیو) فیلمێکی ئەمریکییە، لە ساڵی 1999 دا بەرهەمهێنراوە و بۆ چەندین خەڵات پاڵێوراوە، لەم فیلمەدا باس لە کاریزمای نیڵسن ماندێلا دەکات، باس لەو دووربینی و ڕێگا چارەسەرە دەکات کە لە کاتی حوکمڕانی خۆیدا، بۆ بنبڕکردنی ڕەگەزپەرستی لە باشووری ئەفریقادا پەیڕەوی کردووە.
لە ڕۆژی یازدەی شوباتی ساڵی 1990، پاش بیست و حەوت ساڵ زیندانی، نیڵسن ماندێلا ئازاد کرا، لە یەکەم لێدوانی جەماوەریدا گوتی ” ئیدی دەبێ سەردەمی ڕەگەزپەرستی بەسەرچێت”.
لە هەڵبژاردنی ساڵی 1994 دا، ماندێلا بوو بە یەکەم سەرۆکی پێست ڕەش لەو وڵاتەدا و یەکسەر پەیامەکەی خۆی ڕاگەیاند و گوتی” لەمەودوا کاتی تەبایی و ساڕێژکردنی برینەکانە”.
نێلسن ماندێلا کەسایەتییەکی قاڵ و سیاسیەکی زیرەک بوو، هەمیشە لە هاوبەشێک دەگەڕا، کە زۆرترین جەماوەری تیادا کۆبکاتەوە، دۆزینەوەی خاڵێکی هاوبەشی بەهێز، کە بتوانێ بەو هۆیەوە سەرنج و سۆز و ئینتیمای زۆرترین هاونیشتمانی ڕاکێشێت، هەوڵێکی ئاسان نەبوو، بەتایبەتی لە وڵاتێکی وەکوو باشووری ئەفریقادا، کە هاووڵاتییەکانی ڕەشپێست و سپیپێست بوون و ڕەگەزپەرستی لە مۆخی کەسایەتیاندا چەقی بەستبوو.
بەهۆی لەتبوون و دابەشبوونی ئەو وڵاتە بەسەر دوو بەرەی سپیپێست و ڕەشپێستدا، ڕەگەزپەرستی لەوێ ببووە سیمایەکی ئاسایی، تەنانەت جۆری وەرزشەکەیان جودا بوو، لەو وەرزشانەی لە باشووری ئەفریقادا باون، پێست ڕەشەکان زیاتر وەرزشی دووگۆڵی و پێست سپیەکانیش وەرزشی ڕەگبی دەکەن، لە ساڵی 1995 دا باشووری ئەفریقا ئەو دەرفەتەی پێ بەخشرا، کە یاریی جامی جیهانی ڕەگبی لەو وڵاتەدا بکرێ، هەرچەندە تیپەکەی باشووری ئەفریقا لە تیپە زۆر بەهێزەکان نەبوو، بەڵام خاوەنی کاریزمایەکی وەکوو ماندێلا بوو.
بە هاندانی ماندێلا، تیپی باشووری ئەفریقا گەیشتە دوا گەمەی ئەو جامی جیهانییە، لە دوا گەمەدا تیپەکەی باشووری ئەفریقا کەوتە بەرانبەر تیپی نیوزیلاندا، ماندێلا داوای لە پێست ڕەشەکان کرد، بۆ هاندانی تیپی ڕەگبی (تیپی سپی پێستەکان) ئەوان لە یاریگاکەدا ئامادەبن و بەشداربن لە هاندانی تیپی ڕەگبی وڵاتەکەیان، پێست ڕەشەکان ویستیان یاخی بن، بەڕای ئەوان چۆن دەبێ ئەوان بۆ هاندانی کەمینەیەکی وەکوو تیپی ڕەگبی سپی پێست بەشدار بن، بەڵام ماندێلا ئەو هەلەی بۆ ساڕێژکردنی برین و تەبایی قۆزتەوە، باشترین خاڵی هاوبەشی دۆزیەوە کە سۆزی زۆربەی هاووڵاتی خواروی ئەفریقا بگرێتەوە، گۆڕەپانی یاریگاکە پڕبوون لە هاووڵاتی ڕەش پێست و تێکەڵ بە هاووڵاتی سپی پێست بوون، ئەو ڕۆژە وەرزش جوانترین ئەرک و گرنگترین خاڵی هاوبەش بوو کە سپی پێست و ڕەش پێستەکانی پێکەوە کۆکردەوە، ڕوحی ئەو هاندانەش بوو، کە تیپەکەی باشووری ئەفریقای کردە پاڵەوانی ئەو جامی جیهانیە و ماندێلا خۆی جامەکەی پێشکەش بە کاپتنە پێست سپیەکەی تیپەکەی ڕەگبی کرد و گوتی ”وەرزش باشترین ئالیەتی چەکەرەکردنی تەبایی و کوژانەوەی ڕەگەزپەرستی بوو”.
چاکردنەوەی درزەکان، ڕایەڵکردنی توێژەکان پێکەوە، هۆنینەوەی ڕا و بۆچوونە جیاوازەکان بۆ بنیاتنانێکی ئەرێنی، ئاشتکردنەوەی جەماوەرە تۆراوەکان کاریزمای دەوێت، کاریزمای سیاسی دەوێت، کاریزمایەک کە پەیڕەوی فەلسەفەیەکی زیندوو بکات، دابەشبووەکان لە یەکتەر نزیک بکاتەوە، جیاوازیەکان لە یەک هاوبەشدا کۆکاتەوە، بەرژەوەندی جەماوەر، لە سیستەمێکی نوێخوازدا پێش بەرژەوەندی حیزب بخات، بتوانێ تەبایی، نەک ڕق و ڕەنگی حیزب بکاتە پەیام، بتوانێ خەونی خەڵک لە بوونی لەتێک نان و تەنەکەیەک نەوتدا کوورت نەکاتەوە.
باشووری کوردستان، یەک ڕەنگی پێست، یەک زمان و یەک کولتور، وەلێ خاوەن چەندین ڕەنگی دوبەرەکییە. لەبەر ئەوەی کاریزمایەکی سیاسیی کامڵی نییە، خاوەن فەلسەفەیەکی زیندوو نییە، خاوەن سەرکردەیەکی خۆنەویست نییە، نەتوانرا بنەمایەکی تۆکمەی، بۆ گەشەکردن و پەرەسەندن تێدا بنیات بنرێت، کە تیایدا بەرژەوەندی تاک، بەبێ ڕەچاوکردنی ڕەنگی حیزب، بپارێزێت. ئەوەی لە باشووری کوردستاندا لەم سەدەی بیست و یەکەدا بەرهەم هێنرا، کۆکردنەوەی کۆمەڵێ بنەماڵە و زیندووکردنەوەی چەندین عەشیرەت بوو، کە هیچ پیرۆزیەکی نیشتمانی و نەتەوەیی هاوبەشیان نییە، هیچ لێکچوویەکی ڕوحی تێدا نەچێنرا، هیچ سوێندێکی پاراستنی گەل و خاکیان نەخواردووە، بەڵام سوێندی پاشکۆبوونی دەسەڵاتێکی دواکەوتوو و گەندڵیان بۆ بەرژەوەندی خۆیان پیرۆز کردووە، ئێمە لە باشووردا لەبەر ئەوەی قەیرانی کاریزمای سیاسیمان هەیە، قەیرانی فەلسەفەیەکی زیندوومان هەیە، بۆیە خاوەنی کۆمەڵێ قەیرانی نەزۆک و نامۆین. [1]