ناونیشانی بابەت: زۆربوونی ژمارەی دانیشتووانی ئێراق
ئامادەکردن: #مەدیحە سۆفی#
بێگومان ئەو زۆربوونەی دانیشتووان لە هەموو شوێنێکی جیهاندا، کاریگەریی لەسەر زیاتر بەکاربردنی وزە دەبێ بۆ ژیانی ڕۆژانە، نیشتەجێبوون، هاتوچۆ و بەرهەمهێنان، جگە لە بەکاربردنی ئاو و کەڵەکەبوونی خاشاک، پێویستی بە زیاتر بەرهەمهێنانی سەرجەم پێداویستییەکانی ژیان دەبێت، کە بەبێ سووتاندنی وزە هیچ بەرهەمێک بوونی نابێت، ئەمەش ڕەنگدانەوەی لەسەر تێکچوونی ژینگە و گۆڕانی کەشوهەوا دەبێت.
بە پێی پێشبینیەکان، تا ساڵی 2030 ژمارەی دانیشتووانی هیندستان لە ژمارەی دانیشتووانی وڵاتی چین زیاتر دەبێ، جگە لەوەی ژمارەی دانیشتووانی نیجیریا، ئیندۆنیزیا، پاکستان، بەڕازیل، ئیتیوبیا، کۆنگۆ و بەنگلادیش بە ڕێژەیەکی زۆر لە هەڵکشاندا دەبێ، بە پێچەوانەوە ئەگەری زۆرە کە وڵاتانی وەکوو ژاپۆن و ڕووسیا ژمارەی دانیشتووانیان کەمتر ببێتەوە، ئەوروپاش کە بە کیشوەرە پیرەکە ناوزەدە دەکرێ، لە زۆربەی وڵاتەکانیدا ژمارەی دانیشتووانی بەرەو پاشەکشە دەچێت، بەڵام لە کۆچڕەوەکەی ساڵی 2015 دا بینرا، هەندێ وڵات لەوانە ئەڵمانیا بە پشت بەستن بەو دووربینیەی بۆ هاوسەنگکردنی دەستی کار و ژمارەی خانەنشینی لە دواڕۆژدا، دەرگای بۆ زیاتر لە یەک ملیۆن کەسی وەکوو پەنابەر کردەوە.
جگە لەو وڵاتانەی کە لە سەرەوە ئاماژەیان پێکرا، بە پێی پێشبینیەکان ئێراقیش یەکێکە لەو وڵاتانەی، کە لەلایەکەوە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابوردوودا ژمارەی دانیشتووانی بەخێرایی زیادی کردووە، لە لایەکی ترەوە وا چاوەڕوان دەکرێ بۆ داهاتووش ئەو ژمارەیە هەر لە زیادبووندا بێت، بە جۆرێک کە شاری بەغدا دەچێتە ڕیزی یەکێک لەو شارانەی جیهان، کە ژمارەی دانیشتووانی لە دە ملیۆن کەس زیاتر بێت.
بە پێی سەرژمێری ساڵی 1947، ژمارەی دانیشتووانی ئێراق بریتی بوو لە 4، 799، 500 کەس، لە سەرژمێری ساڵی 1957 دا، ژمارەکەی بووە بە 6، 300، 000 کەس، لە ئێستادا واتە پێشبینی ساڵی 2019 دا، ژمارەی دانیشتووانی ئێراق زیاتر لە 40 ملیۆن کەس دەخەمڵێنرێ، بۆ ساڵی 2050 و بە پێی توێژینەوەکان، ئەو ژمارەیە نزیک دەبێتەوە لە پەنجا ملیۆن کەس، کە لەم بارودۆخە تێهەڵکێشراوە ئاڵۆزەدا، ئەگەری زۆرە ئەم زۆربوونە ببێتە زەمینەیەکی بەپیت بۆ گەشەکردنی کێشە ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئایینی، تائیفی و ئیتنیەکان لەو وڵاتەدا.
ئەو زیادبوونە لە ژمارەی دانیشتووان، پێویستی بە دابینکردنی خزمەتگوزاری، خوێندنگا و پێداویستی ڕۆژانەی ژیان هەیە، کە لە ئێستادا کێشەی ئاو و کارەبا و کار هەن، هەروەها بەپێی پۆلینکردنی تەمەن، 40٪ ی خەڵک لەژێر تەمەنی پازدە ساڵیدان، ئەمەش لەلایەکەوە سامانێکی مرۆیی گەورە و پڕ لە توانای بەرهەمهێنانە ئەگەر قۆرخ بکرێ، لەلایەکی ترەوە نەبوونی سیستەمێکی زانستی هەمە لایەنە بۆ خستنەگەڕی توانا و دابینکردنی کار پاش تەواوکردنی خوێندن، یا هیچ نەبێ بوونی دەرفەتی فێرکردنی خوێندەواری، ئەم گەنجینەیە پێچەوانە دەکاتەوە و دەیکاتە پشت و پشتیووانی گرووپە شەڕانگێز و توندڕەوە جۆراوجۆرەکان، پاشان هەڵکشانی ئەو نەریتە باوانەی نێو کۆمەڵگەیەکی دواکەوتوو، کە مەودای هاوسەرگیری بۆ کچانی تەمەن ژێر هەژدە ساڵ واڵا دەکاتەوە، ئەو کچانەی، نە دەرفەتی خوێندن و نە کارکردنیان بۆ دەڕەخسێ، دواکەوتنی کۆمەڵگە لە بواری کۆمەڵایەتی، ئابووری و وشیاریەوە و سەرهەڵدانی نەریتە باوە نەرێنیەکان هاندەری سەرەکی ئەو جۆرە هاوسەرگیریەن، بەتایبەت هاوسەرگیری دەرەوەی دادگا بۆ تەمەنە ڕێ پێنەدراوەکان، بە پێی زانیارییەکان لە ئێراقدا، لەنێوان هەزار کچ لە تەمەنی نێوان 15- 19 ساڵدا، لەدایکبوونی نزیکەی 54، 400 منداڵی لێ کەوتووەتەوە، کە بەڵگەی هاوسەرگیری خوار تەمەنی 18 ساڵ، هەروەها دابڕانی کچان لە خوێندن و کارکردنن. بێگومان، کارکردن و خوێندن دوو سیمای مۆدێرنی وڵاتە پێشکەوتووەکانە، کە وشیاری تیایدا بووەتە چەقی بڕیاردان بۆ ژیانێکی شایستە و ڕۆڵ لە هاوسەرگیری درەنگتر و پاشان کەمکردنەوەی منداڵبوون دەبینێت، وەکوو ئەوەی لە زۆربەی وڵاتانی ئەوروپادا هەیە.
لە کاتێکدا جگە لە کێشە سیاسییەکان، کە گەندەڵی، کێشەی تائیفی و ئیتنی سەرچاوەیەکی سەرەکییەتی، کێشە ژینگەیی و ئیکۆنۆمیەکانیش لەمپەڕێکی زیندوون بۆ تێکدانی ئاساییشی نیشتمانی، لەوانە کێشەی کەمی ئاوی شیرینە، ئەساڵەتی ئێراق و بوونی وەکوو پارچەیەکی هەمیشە زیندوو، ئاوەدان و مێژوویی کە بەهۆی هەردوو ڕوباری دیجلە و فوراتەوە بە میزۆپۆتامیا ناوزەدە کراوە، مێژووی سەرهەڵدانەکەی لەگەڵ پەرەسەندنی کشتوکاڵ، درووستکردنی بەنداو و گلدانەوەی ئاو، ئاڵوگۆڕی بازرگانی، سەرهەڵدانی زانستی و ئەدەبی و بوونی ئەو ناوچەیە بە سەرچاوەی زیندوبوونەوە و پەرەسەندن و پەرەپێدان، بوونێکی نوێ نییە، ئەگەر گەڕێک، بە ناو هەموو پەڕتووکە زانستی و توێژینەوە و لێکۆڵینەوەکانی جیهاندا لەبارەی سەرەتای سەرهەڵدانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەکردنی شارستانیدا، بکەی، یەکسەر بە سەرەداوێکی ڕاست و درووست دەتگەڕێنێتەوە بەرەو چەق و دەستپێکێکی دێرین لە میزۆپۆتامیا، لەوێوە مرۆڤ فێری دارەدارەی ژیان و بوژانەوە، بەرهەمهێنان، ڕەواندنەوەی سام لە سرووشت، دابینکردنی بژێوی بۆ زستان و گلدانەوەی ئاو بۆ هاوینی وشک و برینگ بووە، لەوێوە باری گەنم و جۆ و زادی دامرکاندنەوەی گرانی دەگەیشتنە گۆشە ساردوسڕ و کوێرە دێیەکانی دەوروبەری.
ئێراق خاوەنی مێژوویەکی دێرین، وەلێ خاوەنی مێژوویەکی وێرانەی تازەشە، هەموو دەزانین، هێز لە دەسەڵاتە، دەسەڵاتیش لە خاوەندارێتی وزە و ئاو و سامانی سرووشتییە، لە نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەمدا، ئێراق خاوەنی هەموو ئەو سەرچاوە سەرەکیانە بوو، بەرەو سەرهەڵدانێکی ئابووری بێ وێنە چەکەرەی دەکرد، وەلێ ڕەگە شەڕانگێزە قووڵە نەک هەر ناسیۆنالیست، بەڵکوو دژایەتییەکانی لەگەڵ ڕێڕەوە جیاوازەکانی عەرەبیش، نەیدەهێشت بوارە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی لەگەڵ بوارە سیاسییەکانیدا هاوتەریب گەشە بکەن، لەگەڵ ئەوەشدا بەهۆی هێزیە سەربازیەکەیەوە، تورکیا ئەو بوێریەی نەبوو پەرە بە پڕۆژەی (گاپ) و درووستکردنی 22 بەنداو و 19 ویستگەی بەرهەمهێنانی کارەبا بدات، کە زیانێکی درێژخایەنی، لەسەر ئێستا و دواڕۆژی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی و تەنانەت دیمۆگرافی ئێراقیش بە گشتی دەبێت، کەمبوونەوەی ئاوی شیرین و زۆربوونی دانیشتووانی ئێراق دوو ڕەهەندی پێجەوانەی یەکن، جوڵەی دوو هەڕەشەی بەهێزن بۆ بەرەو داڕوخان و دواکەوتن و ئاڵۆزبوونی بارودۆخی ئەو وڵاتە، بەدەر لە کەمبوونەوەی تەوژمی ئاوی دیجلە و فورات، ناهەموواری پەیڕەوکردنی سیاسەتی ئاو لە ئێراقدا بەتایبەتی دوای ڕوخانی ڕژێمی سەدام و فرە خواوەنداری حکومەت و بەربڵاوی گەندەڵی و نابەرپرسیارێتی بەرانبەر بەهای دەوڵەت و خزمەتکردنی دانیشتووانی، هەموو پێکەوە پایەی داکوتانی ڕەگی بەرەو دواوە چوونن.
جگە لە کەمبوونەوەی ئاوی شیرین، کە ئاساییشی خۆراک ناهاوسەنگ دەکات و کاریگەریی لەسەر چاندنی بەروبوومی کشتوکاڵی و (الاکتفاء الذاتي) هەیە، کە ڕۆڵی گرنگی لە کەمبوونەوەی بەشە خۆراکی دانیشتوواندا دەبێت، واتە تێکچوونی ئاساییشی ئاو، تێکچوونی ئاساییشی خۆراک بەدوای خۆیدا دەهێنی کە دەرئەنجامەکەی تێکچوونی باری ئاساییشی نیشتمانییە، سەرهەڵدانی کێشە و تەنگژەی کەمی خۆراک، هۆکاری سیاسی، ئابووری، ئیکۆلۆژی و ناهەموواری بەڕێوەبردنی هەیە، بێگومان زیادبوونی دانیشتووان، پاشان کەمی ئاو و بەفیڕۆدانی، کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی خۆراک و نەبوونی پلانی درووست بۆ شارەوانی و نیشتەجێبوون، دابین نەکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکان، گۆڕانی کەشوهەوا و وشکەساڵیش، چمکێکی هۆکارەکانی کۆچ و ڕەون چ لە ئێراق و چ لە جیهاندا، بەڵام لە هەندێ شوێنی وەکوو ئێراقدا؛ دۆخە ناهەموارە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانیشی لەگەڵ هاوپێچ دەبن.
هەر بە سەیرکردنی هەیکەلی داڕێژراوی سیاسی ئێستای ئێراق، دەتوانین بزانین بۆ سەرلەنوێ سەرژمێری دانیشتووانی ئێراق ناچێتە بواری جێبەجێکردنەوە. لەو وڵاتە شکستخواردووانەی خاوەنی کۆمەڵێ هێزی سیاسی، ئایینی و تائیفی جۆراوجۆرن، کە ترس لە لەدەستدانی هەیمەنەی دەسەڵات و کورسییەکەی، ڕێ لە پەیڕەوکردنی هەموو هەنگاوێکی نوێخواز و شیاو بۆ بەرەو پێشچوون دەگرێت، ترس لە دۆڕانی دەنگ و هەواداری هەموو هەنگاوێکی ئەرێنی، کە بەرژەوەندی ئەوان سەرەولێژ بکات، ڕەت دەکەنەوە. دڵەڕاوکێی هێزە جۆراوجۆرەکانی ئێستای ئێراق بۆ ئەنجامدانی سەرژمێری، لەبەر ئەوەیە نەوەک دەرئەنجامەکان ببنە هۆی تێکچوونی هاوسەنگی دەسەڵاتیان، ئەوەش گەورەترین ڕێگریە لە یەکلاییکردنەوە و زانینی درووستی ژمارەی دانیشتووانەکەی، کە لەژێر سایەی ئەو دەرئەنجامدانەدا دەتوانرێ کۆمەڵێ ڕێوشوێنی یاسایی، زانستی، کۆمەڵایەتی و ژینگەیی بخرێنە بواری گفتوگۆ و جێبەجێکردنەوە، دەتوانرێ نەخشەی چەندین پڕۆژەی بوژانەوە بکێشرێ، کە بتوانێ بناغەیەکی درووست و پتەو بۆ دابینکردنی کۆمەڵگەیەکی تەندرووست و مۆدێرن فەراهەم بکات.
ئەوە ئەم ئێراقی مێزۆپۆتامیایەیە، کە لە ئێستادا لەژێر باری کۆمەڵێ کێشەی نەزۆک، ناهەموواری باری کۆمەڵایەتی، دواڕۆژی بێ پلان و پەیڕەو، توندڕەوی ئایینی و تائیفیدا دەناڵێنێ، لە شوێنێکی وا بەپیتی جیهان، کە مێژوو جەخت لەسەر سەرهەڵەدانە دێرینەکەی دەکات و لە هەموو سەرچاوەکاندا وەکوو دەستپێکی بوژانەوە ناودێر دەکرێ، وا لە داڕمان و ڕوخاندایە، زۆربوونی ژمارەی دانیشتووانیش، لەژێر سایەی ئەم داڕمانە و ئەم حوکمڕانیەدا، ئەوەندەیتر ئێراق دەکاتە خاوەن دانیشتووانێکی برسی و بێ ئاو، کە بەم زوانە وشیارکردنەوە بە ئاسانی بە هانایدا ناچێت. [1]