ناونیشانی بابەت: ئاو لە ململانێی دەستەڵاتخوازیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا
ئامادەکردن: #مەدیحە سۆفی#
بوونی سامانی سرووشتی بەگشتی، یەکێکە لە ڕەهەندەکانی بوژانەوە و پێشکەوتن و گەشەسەندن، لەوانە نەوت، گاز و خەڵوزی بەرد وەکوو سەرچاوەی وزە، جگە لە کان و کانزا و یوڕانیۆم و میتاڵ و کانزا دەگمەنەکان، لەوانەش گرنگتر سامانی ئاوە، کە لە یاسای نێودەوڵەتیدا بە سامانێکی گشتی دادەنرێت، بەتایبەتی ئاوی ئەو ڕوبارانەی بە دوو وڵات یا زیاتردا تێپەڕدەبن.
سامانی ئاو، گرنگترین سامانی سرووشتییە و بە بنەمای ژیان، گەشەسەندن، پێشکەوتن و شارستانییەت دادەنرێت، دێرینترین سەرهەڵدانی شارستانییەتیش لە جیهاندا، لە سەردەمی سۆمەرییەکاندا لە میزۆپۆتامیا -وڵاتی نێوان دو ڕوبارەکە- (بلاد ما بین النهرین) سەریهەڵدا، کە بە دۆڵی ڕافیدین ناسرابوو.
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەهۆی وشکی کەشوهەواکەی و کەمیی ڕوبار تێیدا، یەکێکە لەو ناوچانەی لەژێر زەبری کەمیی ئاوی شیریندا دەناڵێنێ، بۆ نموونە لە ئوردن، کوێت، ئیمارات، سعودیە و بەحرین و سەرجەم وڵاتانی کەنداو کێشەی ئاو یەکێکە لە کێشە سەرەکییەکانی نێوخۆ. ڕوباری دیجلە و فوراتیش، دوو ڕوباری سەرەکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستن، لە بەرزایییەکانی ئەنادۆڵەوە لە باکووری کوردستانەوە هەڵدەقوڵێن و وەکوو سەرچاوەیەکی گرنگیی سامانی ئاو بۆ هەردوو وڵاتی سووریا و ئێراق ئەژمار دەکرێن.
سیاسەتی قۆرخکردنی ئاو و بەکارهێنانی وەکوو فاکتەرێکی بەهێز بۆ فشار خستنە سەر وڵاتە دراوسێکان، یەکێکە لە سیمای سیاسەتە ناڕەواکانی تورکیا، کە دەمێکە وەکوو چەکێک بۆ بەدیهێنانی ئامانجە سیاسی و ئابوورییەکانی خۆی پەیڕەوی دەکات، جگە لەوەی لە ئێستادا و بە درووستکردنی کۆمەڵێ گرووپی تیرۆرستی و جوڵاندنیان بەپێی مەرام و پلانە فاشیستییەکانی خۆی، وەکوو ئەوەی لە ئێستادا لە ڕۆژاڤای کوردستاندا پەیڕەوی دەکات، هەمان فشار و گەمەی ناپەسەندی خۆی لە ڕێی ئەوانەوە دووبارە دەکاتەوە.
تورکیا بە بنیاتنانی پڕۆژەی گاپ، کە بیرۆکەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ئەتاتورک، بە درووستکردنی 22 بەنداو و 19 ویستگەی بەرهەمهێنانی کارەبا لەسەر ڕوباری دیجلە و فورات، زیانێکی زۆری، ئابووری و کولتوری و کۆمەڵایەتی لە هەردوو وڵاتی ئێراق و سووریا بە گشتی، داوە، وێرای تێکدانی سیمای کولتوری و کۆمەڵایەتیی کورد لە باکووری کوردستان و ڕاگوێزان و خاپورکردنی زێدی سەدان ساڵیان، بە بیانووی بوژانەوە و گەشەکردن و ڕەخساندنی هەلی کار بۆ دانیشتووانی ناوچەکە، بەتایبەتی دوا بەنداوی بە ناوی بەنداوی ئیلیسوەوە لەسەر ڕوباری دیجلە کە جگە لە تێکدانی کەلوپوری هەزاران ساڵی ناوچەی حەسەنکیف، بەڕێژەیەکی زۆریش ئاوی ڕوباری دیجلەی لە خوارووی ئێراقدا کەمکردووەتەوە، هەروەها کاریگەریی نەرێنی زۆری، لەسەر چاندن و بەرهەمهێنانی کشتوکاڵی و زیادبوونی ڕێژەی سوێری ئاوەکە و تێکدانی ژینگە و کەمکردنەوەی سامانی ماسی، هەیە.
تا ئێستا تورکیا پەیڕەوی هیچ یاسایەکی نێودەوڵەتی لەمەڕ مامەڵەکردنی ئاوی ئەو دوو ڕوبارەوە نەکردووە، بە پێی یاسای نێودەوڵەتیی سامانی ئاو سامانێکی تایبەت نییە و گشتییە، بەتایبەتی ئاوی ئەو ڕوبارانەی بە دوو دەوڵەت یا زیاتردا تێپەڕ دەبن، جگە لەوەی تورکیا ڕوباری دیجلە و فورات بە ڕوباری نێودەوڵەتی ئەژمار ناکات، وەکوو خاوەن موڵکێک مامەڵەی لەگەڵ ئاوی ئەو ڕوبارانە کردووە، لە هەمان کاتدا لە هەلومەرجی تایبەتیدا وەکوو فاکتەرێکی سیاسی بەکاریهێناوە و بەکاریدەهێنێت، لە ساڵی 1992 دا سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتەی تورکیا سولەیمان دیمیریل گوتی:
“ئەو دوو ڕوبارەی لە تورکیاوە هەڵدەقوڵێن، تا ئاودیوی سنوور دەبن موڵکی خۆمانە، چۆن چاڵەنەوتەکانی ئەو وڵاتانە موڵکی خۆیانن.”
جگە لەو فشارانەی تورکیا بەهۆی درووستکردنی ئەو بەنداوانەوە دەیخاتە سەر ئێراق و سووریا، دەمێکە تورکیا کەمیی ئاوی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە هەل زانیوە و بوونی ئاوی وەکوو یەکێک لە گرنگترین فاکتەرەکانی فراوانکردنی دەستەڵاتی خۆی لەو دەڤەرەدا بەکارهێناوە و بەکاردێنێت. لە میانەی پێشنیارێکی تورکوت ئوزالی سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتە لە ساڵی 1987دا، پڕۆژەیەکی بە ناوی ‘پڕۆژەی لوولەکانی ئاشتییەوە’ خستەڕوو، بە پێی ئەو پڕۆژەیە تورکیا دەیویست بە بیانووی بێ ئاوی لە وڵاتەکانی کەنداودا، ڕۆژانە بڕی شەش ملیۆن مەتر سێجا ئاو لە ڕوبارەکانی سێحان و جێحان بەرەو وڵاتەکانی کەنداو و سعودیە و ئوردن و ئیسرائیل هەناردە بکات، پاشان لە کۆبوونەوەی وڵاتە عەرەبییەکاندا و پاش تاوتوێکردنی پڕۆژەکە، سەرانی ئەو وڵاتە عەرەبییانە گەیشتنە ئەو ڕاستییەی کە چوونە ژێر باری ئەم پڕۆژەیە، قایلبوونە بەو فشارە ئابووری و سیاسییانەی لە داهاتوودا تورکیا ئاڕاستەیان دەکات، چونکە ئەم پڕۆژەیە پڕۆژەیەکی سیاسیی تورکیی بوو، کە ئاو تێیدا ببوە فاکتەری سەرەکی بۆ فراوانکردنی هەیمەنە و دەستەڵاتی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بۆیە بە کۆدەنگیی وڵاتە عەرەبییەکان بە نەرێنی وەڵامدرایەوە و پڕۆژەکە شکستی هێنا.
لە میانەی تەشەنەکردنی نەخۆشی کۆڕۆنا و گرتنەبەری ڕێوشوێنە تەندرووستییەکان، دووبارە تورکیا بە گرتنەوەی ئاو لە خەڵکی ڕۆژاوا، لە ڕێی گرووپە تیرۆریستەکانی ژێر سێبەری خۆی، دووبارە سیاسەتە فاشیستییەکەی خۆی سەلماندەوە، ویستگەی عەلوک کە ئاو بۆ شاری حەسەکە دابین دەکات و لە کاتی هێرشی ناڕەوای تورکیا کەوتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە و پاش چاککردنەوە و خستنەگەڕی ئامێرەکانی ویستگەکە، لە ئێستادا وەکوو چەک دژ بە کورد بەکاردەهێنرێت، ئەم گرتنەوەی ئاوە هیچ هۆکارێکی تەکنیکیی نییە، بەڵکوو ڕەهەندی سیاسی هەیە و ڕەنگدانەوەی حوکمڕانیی فاشیستی تورکیایە.
ئەگەری شەڕ لەسەر سامانی سرووشتی، بەتایبەتی ئاو، ئەگەرێکی چاوەڕوانکراوە، بەڵام ئەوەی تورکیا دەیکات، تەنیا شەڕ نییە لەسەر قۆرخکردنی وزە و ئاو لە ڕۆژاڤای کوردستان، بەڵکوو شەڕیشە لەسەر سڕینەوەی ناسنامەی کورد لەو ناوچەیەش، ئەوە لە باشووری کوردستان بە پشتیووانی تەبابوون و بوونە خانەخوێ بۆ تورکیا، هیچ پێویستی بە فشارخستنەسەر نییە و بەرژەوەندییەکانی پارێزراون. دەوڵەتی تورکیا وەکوو دەستەڵاتێکی فاشیستی، سڵ لە هیچ هەوڵێک ناکاتەوە بۆ گەیشتن بە مەرامەکانی خۆی.
ئەنجامەکانی ناوەندی نێونەتەوەیی بۆ توێژینەوەی ئاشتی لە ستۆکهۆڵم (Stockholm International Peace Research Institute (SIPRI) ساڵی 2010 دا، ئەو ئەگەرانە دەخەنەڕوو، کە هۆکارەکانی شەڕ لە داهاتوودا زیاتر بریتی دەبێ لە شەڕ لەسەر سامانی سرووشتی، بەتایبەتیش وزە و ئاو، و تا ساڵی 2030 پێداویستی جیهان بۆ وزە 50٪ زیاتر دەبێ، بۆیە کێشەکە هەر لە دەستکەوتنی وزە نییە، بەڵکوو دابینکردنی دڵنیایی بۆ گوازتنەوەی و دەستەڵات سەربازی بەسەر گەرووی دەریا و ئوقیانووسەکان و دابینکردنی ئاوی پێویست بۆ زیاتر لە هەشت ملیار کەس، کارێکی ئاسان و بێ کێشە نابێ، بەتایبەتی لەم سەردەمەی تای جەمسەرەکان لە گۆڕاندان و جڵەوی دەستەڵات لە ئێستادا هاوسەنگ نییە. [1]