ناونیشانی بابەت: ڤایرۆسی کۆڕۆنا؛ تۆڵەی سرووشت لە دەستدرێژییەکانی مرۆڤ
ئامادەکردن: #مەدیحە سۆفی#
=KTML_Bold=ئەم وتارە لە 11-04-2020 نووسراوە و بلاوکراوەتەوە=KTML_End=
=KTML_Bold=دواجار زانست بڕیاردەدات=KTML_End=
بە پێی ئەو توێژینەوە و ئەگەرانەی لە ماوەی ڕابووردوودا لەلایەن ناوەند و سەنتەری توێژینەوە و بەدواداچووندا کراون، پسپۆر و شارەزاکانی جیهانی لەمەڕ ئەوە کۆک بوون، کە تەنیا هەڕەشە لە ڕیزبەندی یەکەمدا ڕووبەڕووی مرۆڤایەتی دەبێتەوە بریتییە لە تێکچوونی ژینگە و شێواندنی ئیکۆسیستەمی زیندەوەری سەر گۆی زەوی، بەتایبەتیش لەناوچوونی فرەزیندەوەر، کە بە گەورەترین هەڕەشەی سەر ئەو سیستەمە دادەنرێ کە هاوسەنگی نێوان زیندەگی زیندەوەر و ژینگەکەی لە سرووشتدا ڕاگرتووە.
بڵاوبوونەوەی پەتای کۆڤید19 و تەشەنەکردنی بەو شێوە ترسناک و بەربڵاوە، بووە ئەو هەڕەشە هەنوکەیییەی سرووشت، کە مرۆڤی بەو تەکنەلۆژیا پێشکەوتووەوە دەستەوەستان کرد. تاقیقە و ناوەندەکانی مایکرۆبایۆلۆژی و دەرمانسازی خستە بەرانبەر ئاڵنگاریەکی بێوێنە لە مێژوودا کە بەئاسانی و بەپەلە نەتوانن ئەم هەڕەشەیەی سرووشت ڕابگرن.
=KTML_Bold=سەرەتای دەرکەوتنی ئەم ڤایرۆسە:=KTML_End=
- یەکەم نەخۆشی تووشبوو بەم ڤایرۆسە، لە 8 ی دیسەمبەردا لە وڵاتی چێن لە شاری وهان تۆمارکرا.
- لە 31 ی دیسەمبەری 2019 دا، ئەم نەخۆشییە بەفەرمی لە ڕێکخراوی تەندرووستی نێودەوڵەتیدا، وەکوو (درم) ڕاگەیەنرا.
- لە 1 ی جانیوەری 2020 دا، بازاڕێکی گەورەی کڕین و فرۆشتنی ئاژەڵی کێوی لە شاری وهان لە چین داخراوە.
- لە 7ی جانیوەری 2020 دا، ئەم فایرۆسە جودا کرایەوە و سیفات و بۆماوەکانی دیاری کران، لە دونیادا وەکوو ڤایرۆسێکی نوێ بە ناوی کۆڤید-19 تۆمارکرا.
- لە 13ی جانیوەری 2020 دا، یەکەم حاڵەتی ئەم نەخۆشییە، لەدەرەوەی چیندا تۆمارکرا.
گیاندارە کێوییەکان، ئەو گیاندارانەن کە دوور لە نیشتەجێبوونی مرۆڤ، لە ئارایەکی فراوان و بەبێ خاوەن و کۆت و بەند ئازاد دەژین، ئیکۆسیستەمی تایبەتی خۆیان هەیە و هەر جۆرە و بە پێی هەڵکردنی لەگەڵ ئەو کەشوهەوا و خۆراکە و ئەو جوگرافیایە، ژینگەی خۆی دەدۆزێتەوە، لەوانە ئاسکی کێوی، بەرازی کێوی، شەمشەمەکوێرە، پشیلەی کێوی، جرج، پێنگولین و زۆر جۆری تر.
پێشتر شارەزایانی بواری مایکرۆبایۆلۆژی و ڤیرۆلۆژی، گەیشتبوونە ئەو ڕاستییەی کە پێنگولین -جۆرە گیاندارێکی شیردەری پولەکەدارە- بە خانەخوێی پۆلە ڤایرۆسی کۆڕۆنا سەلمێنراوە، پێنگولین گیاندارێکی کێوییە، بەڵام لە وڵاتی چیندا ئەو گیاندارە و زۆربەی گیاندارە کێوییەکانی دیکەش، ڕاودەکرێن و لە بازاڕی فرۆشتنی ئاژەڵدا کڕین و فرۆشتنیان پێدەکرێت، جگە لەوەی بە قاجاغیش ئاودیو دەکرێن و وەکوو خۆراکیش بەکاردەهێندرێت.
پاش توێژینەوە و بەدواداچوون، دەرکەوتووە کە ئەو ڤایرۆسەی پێنگۆلینی وەکوو خانەخوێی خۆی بەکارهێناوە، زۆر لەو ڤایرۆسە دەچێت کە هۆکاری ئەم درمە نوێیەیە، یەکێک لە سیفاتەکانی ڤایرۆسیش ئەوەیە، کە توانای گۆڕینی ناوەکی هەیە، واتە بەردەوام لە موتاتسیۆنە، پاش دیاریکردنی بۆماوەکانی ڤایرۆسی کۆڤید 19 و ئەو ڤایرۆسەی لە گیانداری پەنگۆلیندا هەیە، دەرکەوت کە بە ڕێژەی 99٪ ی هاوشێوەی یەکترن.
توێژینەوەکانی ئەم بوارە، لە ساڵی 2008وە، هۆشداری ئەوەیان داوە کە بە ڕێژەی 72٪ ی هەموو ئەو نەخۆشییانەی لە ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێنەوە، لە ئاژەڵی کێوییەوە سەرچاوە دەگرن، واتە ئەو مامەڵەکردنەی خەڵکی چین لەگەڵ ئاژەڵی کێویدا دەیکەن، بە ڕاوکردن و کڕین و فرۆشتنی لە بازاڕی ئاژەڵ و پاشتر خواردنی، ڕۆڵی سەرەکی، لە گوازتنەوەی ئەو ڤایرۆسانە بۆ مرۆڤ، دەبینێ.
زاناکانی بواری ڤیرۆلۆژی و مایکرۆبایۆلۆژی، دەمێکە ئەوەیان سەلماندووە، کە پێنگولین هەڵگری ڤایرۆسەکەیە، بەڵام سەرچاوەی ڤایرۆسەکە بریتییە لە گرووپی گیانداری شەمشەمەکوێرە، کە نزیکەی 3200 جۆری فایرۆسی کۆڕۆنای تێدا سەلمێنراوە، فایرۆسی ئیبولا، تایفۆئید، سارس و هەنتا هەندێک لەو نمونانەن کە سەرچاوەکانیان گیاندارە کیوییەکانن. لە ساڵی 1960-2004 نزیکەی 335 جۆری نەخۆشی لە جیهاندا بڵاوبوونەتەوە، کە سەرچاوەکانیان بریتی بووە لەو ڤایرۆسانەی لە ئاژەڵەوە گوازراونەتەوە بۆ مرۆڤ [Philip Bethge، Gefahr aus der Höhle، Der Spiegel، S.106].
لێرەدا، بابەتە زانستییەکە وەکوو (پەتا و درم) تایبەتمەندێتیی بواری پزیشکی و توێژینەوەی دەرمانسازییە، بەڵام دەبێ ئێمە لەو ڕوانگەیەوە بچینە نێو باسکردنی ئەم پەتایەوە، کە چڵێسی و چاوچنۆکی و دەستەڵاتدارێتی مرۆڤ دەگرێتەوە، بێئاگا لەوەی کاتێ سرووشت بەرانبەر ئەو هەموو دەستدرێژییەی لێی دەکرێ، دەبێتە داکۆکیکەری خۆی و سرووشت زۆر لە دەستەڵات و چڵێسیی و چاوچنۆکیی مرۆڤ بەهێزترە. سرووشت هێزێکی نەبینراو و کاریگەرە، هیچ کونجێکی دڵنیایی نەهێشتووەتەوە کە دەستەڵاتە ئابوورییەکان خۆیانی تێدا بشارنەوە. هەڕەشەی سرووشت، تەنیا هێز بوو توانی شورای بۆرسە داڕوخێنێ، دەرگای فابریکەکان دابخات، گۆڕەپانی فڕۆکەخانەکان بێدەنگ بکات، هێڵی ئاسنین و هاتوچۆ سست بکات. یەکەم جارە کۆمپانیاکان ناچاری ڕوخسەت بکات بۆ کرێکارەکانیان، ئێستا دەرفەت دەرفەتی زانستە، زانستێک پشت و پەنای ڕاستی بێت بەبێ مەیلی بۆ قازانجی تیمێک، لایەنێک، دەسەڵاتێک، بانکێک یا بەرژەوەندییەکی سەرمایەداری، لەسەر ئاستی جیهاندا متمانە کردن بە هەوڵی گشتی لەسەر ئاستی نیودەوڵەتی، چ بانکی نێودەوڵەتی، مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوی نێودەوڵەتی بۆ تەندرووستی، ئەوەندە سست و کەم بوونەتەوە، کە زلهێزەکانی جیهانی ڕوبەڕووی یەکتر کردووەتەوە. لە ئێستادا ئەمریکا بڕوای بە ڕاپۆڕتەکانی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی تەندرووستی نییە و هۆشداری دەدات، گوایە چین بەرتیلی، بەرانبەر شاردنەوەی هەندێ ڕاستی لە بارەی نەخۆشییەکەوە، وەرگرتووە.
زانستی پاکژ دەستەڵاتێکی سپیە، زانست ئەو دەروازە ئارامەیە، کە ماندووبوون و سەرقاڵی بۆ بەدەستهێنانی ئەنجامەکانی، لەپێناوی کۆ و گشتە، نەک لەپێناوی کۆمپانیایەک یا حەزێکی سەرپێیی. ڕاوکردنی ئاژەڵی کیوی و بە قاچاغ فرۆشتنی، واتە قڕکردنی فرەزیندەوەر، واتە شێواندنی ئیکۆسیستەمی ئەو زیندەوەرە و دەستبردن بۆ حەرەمی ژینگەکەیان، لە کاتێکدا خودا ئەو ئاژەڵەی بۆ سیستەمێکی تایبەتی بێ خاوەنداری درووستکردووە.
پێنگۆلین، ئاژەڵێکی کێوییە و لە گرووپی شەمشەمەکوێرەوە ڤایرۆسەکەی بۆ گوازراوەتەوە، ئەگەر مرۆڤ حەرەمەکەی داگیرنەکات، ئەو ڤایرۆسە ناگاتە نێو لەشی مرۆڤ، بە تەشەنەکردنی ئەم پەتایە، سرووشت هاتە دەنگ و هەڕەشە دەکات، بەوەی باجی بەزینی حەرەمی سرووشت قوڕسە، ڕاستە سیاسەت و ئابووری دوو پایەی تێهەڵکێشن، هەمیشەش سنووری مرۆڤایەتی دەبەزێنن، وەلێ ئەم دوو جەمسەرە ساردە بۆ هەمیشە براوە نابن، لە ئێستادا بەرانبەر هەڕەشەی سرووشت وا چۆک دادەدەن، ئەو سرووشتەی لە توانای مرۆڤایەتی زۆر بەهێزترە ئەگەر بێتە دەنگ، ئێستا هەموو دەرگاکان داخراون، دەرگای زانست نەبێ، کە دەمێکە لەپێناوی پاراستنی سرووشت و ئیکۆسیستەمی زیندەوەر و ژینگەکەیان، لە خزمەتی هەموو مرۆڤایەتیدان نەک تەنیا چەمکێکی باڵادەست.
کاتێ زانست بەو هەموو توێژینەوانەی، هۆشیاری دەدا، کە تاڵانکردن و وێرانکردنی ژینگە و دەستبردن بۆ بڤەکانی سرووشت تاوانن، وەلێ بەرژەوەندی ئابووری ڕێگر بوو لەوەی، ئەو هۆشداریە ببێتە جێ سەرنجی ئەو دەستەڵاتدارانەی، ئەمڕۆ بە ناچاری و لەسەر قسەی زانست، لەودیوی دەرگای ماڵەوەدا خۆیان حەشارداوە. [1]