ناونیشانی بابەت: نان و ئازادی
ئامادەکردن: #مەدیحە سۆفی#
لە سەردەمێکدا، کە باشووری کوردستان بێ نان نەبوو، وەلێ لەبەر زەبروزەنگی ڕژێمە فاشیستەکان و لەبەر توینێتی بۆ ئازادی، نەیدەتوانی لەسەر سفرەی کراوە ژەمەکانی بڕازێنێتەوە، بۆیە دەیکردە وردە نان و دەیئاخنیە نێو گیرفانی و لە سەنگەرەکاندا، وەکوو زادی ڕۆژانەی خەبات، هەناوی برسی خۆی پێ کپ دەکردەوە، ئەو دەمە برسێتی نەبوو، بەڵام ئیڕادە هەبوو بۆ ڕەتکردنەوەی ئەو تێریەی بۆ ئەوسا بەس نەبوو، برسێتی خۆی لە کەلێنێکی دیدا حەشار دابوو، لە زیندانیکردنی هزر، بیرکردنەوە، ناسنامە و خۆسەلماندندا، بۆیە ناهاوسەنگییەک لە تێربوونی گەدە و برسێتی ڕوحدا درووستبووبوو، کە دەستەوەستان دانیشتی ڕەتدەکردەوە و لەو دەمەدا شەرمی لە خودێکی بێ ئازادی دەکرد کە گومانی دەخستە نێو چەمکی ژیانەوە.
لە ئێستادا کاتێ هیشتا هەناسەی ئازادی بەتەواوی نەگەیشتووەتە پارچەکانی دیکەی کوردستان، گڵۆڵەیەکی ئاڵۆزی بگرەوبەردەی بڕوا، بیروبۆچوونی باشووری کوردستانی لەمەڕ ئازادییەوە تەنیوە، لە بازنەیەکی بەتاڵدا، نازانن بوونی کامیان گومانی ژیان دەسڕێتەوه، نان یا ئازادی. لە لایەکەوە قوورسایی سەر شانی هەژار، لەبەر ئەوەی نانی نییە و تەنیا نان دەبینێ، ئەگەر ناتەواو ئازاد و فەراهەمە، ئازادە لەوەی منداڵ لە بازاڕی کاڵادا، لەسەر ڕەفی شتومەک، بۆ فرۆشتن ڕیز بکات، ئەوەش جۆرێکە لە ئازادییەکی کەلەپچەکراوه، لەلایەکیترەوە، پشکێکی لە مێژوویەکی سەختدا هەیە، کە ئەنجامەکانی لەگەڵ ئەمڕۆی یەکانگیر نین، ئەمەش بووەتە ڕەگی بێئومێدی و لە شانەی ژیانی زۆربەدا خۆی داکوتیوە.
لە جیهانی گلۆبالدا و لە ئێستادا، داڕمانی ژینگە، کارەساتی پیسبوونی ژینگە، تاڵانکردنی سامانی سرووشتی، تێکدان و شێواندنی ئیکۆسیستیمی زیندەوەر، لەناوچوونی فرەزیندەوەر، هەروەها چەکی ئەتۆمی و وزەی ئەتۆمی لە کێشە گرنگەکانن، هیچ نەبێ بۆ شارەزا و پسپۆر و خەمخۆرەکانی بواری پاراستنی ژینگە، کە لە سەرەتای حەفتاکانەوە و دوای کۆنفڕانسی نێونەتەوەیی ژینگە لە ساڵی 1972دا لە ستۆکهۆڵم، کێشەکانی ژنگە بە دیقەتەوە جەختی لەسەر کرا، وەلێ ئێمە لەو کاتەوە لەبەر خەباتی بێوچان بۆ وەرگرتنەوەی ناسنامە داگیرکراوەکە و بۆ ڕوخاندن و درزخستنە ئەو شورا قایمەی، بوونی نەتەوەیی ئێمەی داگیرکردبوو، نەدەپەرژاینە سەر پاراستنی ئەو ژینگەیەی، ڕۆژ نەبوو بە تۆز و خۆڵی باروت و خەردەل و قینی فاشیستی ڕژێمی بەعس، وێران و پیس نەبێت. ئەو مەدارەی ئەمڕۆش باشووری کوردستان تیایدا دەخولێتەوە، سەرلێشێواوییەکە، نە چێژ لە کایە ئازادییەکەی دەبینێ، نە ژینگەکەی وەکوو پیرۆزییەک پێ دەپارێزرێ، چونکە ئاساییشەکەی کە خۆی لە ئاساییشی خۆراک و ئاودا دەبینێتەوە، پڕ بووە لە خڵتەی دڵەڕاوکێ و شپرزەیی و هێشتا دڵنیایی بۆ خەڵکەکە دابیننەکردووە.
پاراستنی ئاساییشی دەوڵەت، بە پاراستنی ئاساییشی نیشتمانییەوە دەبێت، پاراستنی ئاساییشی نیشتمانییش پشکێکی گەورەی بە دابینکردنی پێداویستی و کەموکووڕییەکانی هاووڵاتی و پاراستنی ئاساییشی خۆراک و ئاو دەبێت، واتە بە فەراهەمکردنی سەرچاوەکانی بژێوی بۆ هەموو دانیشتووان.
هەرێمی کوردستان، وەکوو هەرێمێکی دەوڵەمەند بە سامانی سرووشتی و بەتایبەتی سامانی نەوت و گاز، وەکوو خاوەن دانیشتووانێکی هەژار و هەمیشە شپرزە، داهاتەکەی، خۆی لە داهاتی ئەو سامانە دەبینێتەوە کە تەنیا وەکوو سەرچاوەیەکی ڕەیعی بۆ نێو گەنجینەی دەوڵەت دەگەڕێتەوە، بەو هەموو سرووشتە لەبارەوە، هیچ بوارێکی نەبووژاوەتەوە، هیچ پیشەسازییەکی سەرەتاییشی نییە تا کەلێنەکانی بازاڕی ئابووریی نێوخۆ پبڤکاتەوە جگە لەو نەوت و گازەی، کە حیزب خاوەنداری دەکات نەک حکومەت، ئەو بوارەی لە بەڕێوەبردنیدا زۆر نادادپەروەر و ناکامڵن، بۆیە ئەگەر لەجیاتی:
- ئەو هەموو زانکۆی ئەهلی و گشتییەی تەنیا گەنجی بێکاری بەرهەمهێناوە و تەنیا گیرفانی خاوەن سەرمایەی پڕکردووە.
- ئەو زانکۆ و قوتابخانە تورکییانەی وەکوو عیشق و نیلۆفەر، ئەوەندەی پێگەی تورکیای لە باشوور توند کردووە، ئەوەندە مۆڕاڵی کوردی نەپاراستووە، جگە لە ڕووتانەوەی پارەیەکی زۆر، سیمای کولتووریشی شێوانددوە.
- ئەو هەموو قوتابخانە ئەهلییەی، تەنیا کۆمەڵگەی کردووەتە دوو چینی زەقی دەوڵەمەند و هەژار.
- لە جیاتی ئەو هەموو کەناڵی تی ڤی و سایت و ماڵپەڕانەی، خەرجی و تێچوویەکی زۆری هەیە و تەنیا لە خزمەتی بازنەی دەستوپێوەندەکانی خۆیانن.
- لەجیاتی ئەو هەموو بندیوار و مشەخۆرەی، کە بەبڕێک پارە ماڵی کراون.
- لەجیاتی ئەو هەموو دەزگای کوێرکردن و ڵاڵکردن و کەڕکردنە.
لە جیاتی ئەوانە، ببینە خاوەنی ئەو دەستی کارەی، لە بەرهەمهێنانی پیشەسازی کشتوکاڵی و پیشەسازی خواردندا، بتوانرێ بۆ فەراهەمکردنی پێداویستییە سەرەتایییەکانی بژێوی ئەم خەڵکە ماندوەدا، بەشدار بێ، نەک وەکوو (بطالة مقنعة) تەنیا لە چاوەڕوانی مووچە بێت، کە چەندین ساڵە گرەو لەسەر هاتن و گەیشتن و دابەشکردنی دەکرێت.
دوای ئەو ئەزموونە سەختەی ساڵی 2014 و نەبوونی مووچە و بژێوی و سەختی ژیان، دەکرا بە دەستپێکێکی نوێی بەرنامەوە، لە جیاتی کێڵانی هزری خەڵک بە وەلائی حیزبی، خەریکی کێڵانی زەویوزار و چەکەرەکردنی بواری پیشەسازی بوونایە، باشووری کوردستان خاوەن دونیایەک نازناوی زانستی تایبەتمەند و خاوەن تایتلی تایبەتمەندە، کە دەتوانرا لە بازنەی پڕۆژەیەکی بەرهەمهێنان، بخرێنە بەر توێژینەوە و داهێنان بۆ ژیانەوەی ژێرخان و هێنانەبەرهەمی پێداویستی و کردنەوەی دەرگا بەڕووی پیشەسازی پیترۆکیمیایی و پیشەسازی کشتوکاڵ و پیشەسازی خۆراک، هەروەها هەوڵدان بۆ هاوسەنگکردنی نێوان (پێداویستی و بەردەستی) لەنێوخۆدا، لەسەر بنەمای پێداچوونەوە و بەدواداچوونی کەلێن و کەموکوورتیەکان، لەکاتێکدا:
- باشترین توتنی ناوچەی خۆشناو و هەندێ ناوچەی دیکەی هەیە.
- بەپیترین خاکت بۆ چاندنی دانەوێڵە بەتایبەتی لە قەراج و کەندیناوە هەیە.
- باشترین کەشوهەوات بۆ چاندنی چەندین جۆر میوە هەیە.
بەهرەدارترین جوتیاری بێستان و چاندنی سەوزەت لە تەواوی کوردستاندا هەیە.
- هەر تەماشای دەشتی شارەزوور و پشدەر بکەی، بەردیشی تێدا دەڕوێ.
-گەشەی بەردەوام، تێهەڵکێشکردنی سەرجەم بوارەکانە بەیەکتر، ئەوەش بە پلانی تۆکمە و کەسی شارەزا و بەدواداچوونی ورد دەکرێ، بە نەهێشتنی بێکاری و بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمی ناوخۆ دەکرێ، بە کێبڕکێی بەردەوامی ئەو ئەنجامانە دەکرێ، کە بە داتا و بەیاناتی ڕاست و درووستەوە کارەکانیان بەرجەستە دەکەن، بە دەستەڵاتی زانست دەکرێ، ئەو دەستەڵاتەی نابێ بە ڕەنگی سیاسەت ڕەنگ بکرێ. [1]