ناونیشانی بابەت: ڕاستییە تاڵەکانی وزەی هەرێمی کودستان لەناو ستراتیژی فراوانخوازیی تورکیا
ئامادەکردن: #مەدیحە سۆفی#
مێژووی دۆزینەوەی وزە و دەرهێنانی دەگەڕێتەوە بۆ ئابی 1859 لە پنسلڤانیا، لەو کاتەدا بەرهەمی ڕۆژانەی نەوت پێنج هەزار لیتر بوو، لە سەرەتای ساڵانی سییەکاندا هەرێمی تێکساس زۆرترین بڕی نەوتی تێدا دەهاتە بەرهەم، لەگەڵ هەڵگیرسانی شەڕی دووەمی جیهانیدا و پێداویستی زۆری سوپا بۆ وزە، نەوت بووە پسولەی پەڕینەوە بەرەو بردنەوەی شەڕ، هەر ئەو کاتە چرچل گوتی ” نەوت هاوپەیمانانی بەرەو بردنەوە تاودا” پاشان هەر لە شەڕی دووەمی جیهانیشدا، بە تەکتیکی دابڕانی سوپای هیتلەر لە سەرچاوەکانی وزە، توانرا شکست بە ستراتیژی ئەو جەنگە بهێنرێت، واتە وزە شەڕ هەڵدەگیرسێنێ، شەڕ خامۆش دەکاتەوە، دیکتاتۆر درووستدەکات، دیموکراتی دەکوژێنێتەوە، داهێنان دێنێتەکایەوە، دژەکان یەک دەخات و لە یەکیشیان دەترازێنێ. وزە ئەو وەرچەرخانە مێژوویە بو کە تا ئێستاش ڕەوڕەوەی پلانەکانی بۆ قۆرخکردنی دەستەڵات نەوەستاون.
جیۆپۆلیتیک لە مامەڵەکردن لەگەڵ وزە و گواستنەوەیدا، ئەو شاخوێنبەرەیە کە پشکی دەستەڵاتەکان دیاریدەکات، وڵاتێکی وەکوو تورکیا کە شوێنە ستراتیژییەکەی (تا ئێستا) بۆ پەڕینەوەی نەوت و گاز گرنگ بوو، بەڵام پڕۆژەی نۆرد ستریمی یەک و نۆرد ستریمی دوو، کە بۆ گواستنەوەی وزە لە ڕووسیاوە بەرەو ئەڵمانیا و ئەوروپا بە گشتی بنیاتنرا، ئەوە دەردەخات کە تەکنەلۆژیای ئەمڕۆ دەتوانێ جێگر و ئەڵتەرناتیڤ بۆ تورکیا بدۆزێتەوە. جگە لەوەی سووریاش وەکوو جیۆپۆلیتیک و وەکوو بەندەر لەسەر دەریای سپی ناوەڕاستدا، پێگەی گرنگی خۆی هەیە، ئەگەر نا، لە 2011 وە کرۆکی شەڕ لەوێ، هەر لەسەر پەڕینەوەی گازی ئێران یا قەتەر بوو، جگە لەوەی کورد بۆ پلانە ستراتیژییەکانی داهاتووی خۆی، خاوەن ئەگەری زۆر گرنگ و بێوێنەیە، بەڵام بوونی مەرجی خاوەنداری بۆ کورسی و دەستەڵات لەلایەکەوە و وابەستەبوون بە سیاسەتی ئیقلیمییەوە، مەودای ئەوە نادات کە بگەنە ئەو قۆناغە.
مێژووی دۆزینەوە و مامەڵەکردن بە وزە لە هەرێمدا نە مێژوویەکی دێرینی هەیە، نە ئەزموونێکی قاڵبووی هەیە، بەڵام ئەنجامی نابەجێی هەیە، لە بەدواداچوون بۆ وردەکاری بڕیار و چۆنییەتی هەڵسوکەوت لەگەڵ ئەو سامانە بەبەهایەدا، هەر زوو بەرەو گرێکوێرە و تەمومژ و نادرووستی هەڵوێستەکانت دەئاژوێ، مرۆڤ دەخاتە دوڕیانێکەوە، کە هیچ پرسیارێک تیایدا ناگاتە وەڵامێکی لۆژیکییانە، سیاسەتکردن بە بوونی وزەوە، دەبوو جۆرێکی تری لە ژیار و ئاستێکیتری لە گەشەسەندنی کایەکانی کۆمەڵگەی لێ بکەوتایەتەوە.
ئەردۆغان خاوەن هیچ سەرچاوەیەکی وزە نییە، نە نەوت و نە گاز، بەڵام خاوەن سیاسەتێکی فاشیستییانەی ڕەگەزپەرستی و ناسۆنالیزمیە، سیاسەتەکەی لە ڕەهەندە بۆماوەکانی ئەتاتورکەوە بەرنامەڕێژ دەکات، بە جۆرێک کە ڕوبەری ئێستای تورکیا بە زیاتر لە 780 ملیۆن کم دوجا ئەژمار دەکات، لە چەندین بۆنە و گردبوونەوەدا، ئەو یا هەر کەسێکی باڵا لە حکومەتی ئاکەپە، ئەوەی درکاندووە، کە کەرکووک، موسڵ، حەسەکە، حەلەب و حوموس ئەو شارانەن کە لە ئێستادا لەدەرەوەی سنووری تورکیا دان و نابێ تەمەنی تورکیا وەکوو دەوڵەت و سنوور لە ساڵی 1923وە ئەژمار بکرێ. ئەم لێدوانانەی لێپرسراوەکانی تورکیا بەردەوام و بەبێ هیچ سڵەمینەوەیەک بڵاودەکرێنەوە، پەیامی ئاشکرای ئەو سیاسەتەیە کە لە ئێستادا هەنگاوی بۆ دەنێ.
لە کاتی هەوڵدانی هاوپەیمانان بۆ لەناوبردنی دەستەڵاتی داعش، هەنگاوی گرنگیان (لە ڕاگەیاندنەکاندا) بریتی بوو لە وشککردنی سەرچاوەکانی دارایی یا ئازادکردنی سەرچاوەکانی وزەی ژێر دەستەڵاتیان، لەوانە نەوتی موسڵ و کێڵگەکانی نەوتی کەرکووک و پاشتر ناوچەکانی بەرهەمهێنانی نەوت لە ڕۆژاوای کوردستان، ئەم بڕیارە ڕاستەوخۆ بەو مانایە دێت، کە بەرفراوانکردنەوەیەی سنووری تورکیا بە پشتیووانی ئەو وزەیەیە کە دەبووە دەستکەوتی تورکیا لە ڕێی داعشەوە. لە ئێستاشدا بۆ بەرگرتن لە زیاتر هەنگاونانی تورکیا و پاوانکردنی دەوروپشتی خۆی، دەبێ هەمان هەنگاو بنرێ و ناوقەدی ئابوورییەکەی، کە بە پشتیووانی قۆرخکردنی سامانی وزەی باشووری کوردستان و داعشەوەیە، درزی تێدا بکەوێت.
حیزبەکانی هەرێم، هەر زوو زۆر بەهەڕەمەکی تورکیایان کردە خاوەنی وزەی هەرێم، لە 14ی کانونی دوەمی ساڵی 2003 دا ڕێککەوتنێکیان لەگەڵ تورکیادا بە پشکی 49٪ بۆ تورکیا و 51٪ بۆ هەرێم مۆر کردووە، ئەمە لە کاتێکدا کە تەنیا کێڵگەی تەقتەق بەرهەمهێنانی نەوتی مسۆگەر بووە، ئەم ڕێککەوتنانەش هیچیان بە بێ ڕەزامەندی ئەمریکا نەبوو، بێدەنگی ئەمریکا یا چرایەکی سەوزی ئەوی هەر هاوپێچ کراوە لەو کاتەدا جێنێراڵ ئینێرجی لە سێ چاڵەنەوتی تەقتەق، ڕۆژانە سێ هەزار بەرمیل نەوتی بەرهەمهێناوە
ئەگەر بوون و نەبوونی وزە ڕیزبەندی سەرکەوتن و دۆڕان، یا دەسtەڵاتدار و بێدەستەڵات دیاری بکات، ئەوە بۆ تورکیا سیاسەتە فاشیستەکەی بۆ قۆرخکردنی وزە و دەستەڵات ئەو ڕۆڵە دەبینێ، هاوپێچ بوونی هەرێمی کوردستانیش ئاسانکاری زۆری دەستەبەرکردنی دەستەڵاتی تورکیا کردووە، لە بواری بنیاتنانی خانوبەرەدا زیاتر لە 70٪ ی گرێبەستەکان دراون بە کۆمپانیای تورکی، وەبەرهەمهێنان لە تەواوی هەرێمی کوردتاندا زیاتر لە 80٪ ی لەلایەن وەبەرهێنەری تورکەوە ئەنجام دەدرێ. ئەم ڕۆچوونەی تورکیا بە نێو ئابووریی هەرێمدا هیچ ئاماژەیەکی هاوکاریکردن و بەشداریکردنی تورکیا نییە بۆ پێشکەوتنی هەرێم لە بوارە جیاوازەکاندا بەتایبەتی ئابووری، بەڵکوو خۆبەخاوەنکردن و بەخاوەن دانانێتی، هەروەکوو لە کردنەوەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێردا بینرا، بە کۆڵۆنیال کردنی باشوور لەلایەن تورکیاوە زۆر ئاشکرا و دیارە.
سەرچاوە دارایییەکانی داهاتی داعش هەمان سەرچاوەی داهاتی تورکیایە، لەم ڕوانگەیەوە خاتوو فردریکە بێک، کە ڕۆژنامەنووسێکی بوێری ئەڵمان بوو، لە چاوپێکەوتنێکدا دەڵێت “سەرچاوەی ئەو داهاتانە ئەوەندە قێزەوەنن بە جۆرێک کە لە هەموو بەها مرۆڤایەتییەکانەوە دوورن، جگە لە فرۆشتنی نەوت، کە کۆمپانیا گەورەکانی جیهان تێیدا بەشدارن، مامەڵەکردن بە ئۆڕگانەکانی مرۆڤەوە، سەرچاوەیەکی دیکەی دارایی داعشە کە لەژێر چاودێری تورکیا و بۆ تورکیایە، بەداخەوە ئەم سەرچاوەیەش لەلایەن پزیشکی بیانی و عەڕەبەوە سەرپەرشتی دەکرێ و بۆ ئەم مەبەستەش دکتۆرەکان لە عەممانەوە دەگەنە ئەو ناوچەنە”
لێرەدا ئەبێت دڵنیابین لەوەی وڵاتانی ڕۆژاوا و سیاسەتەکەیان، لەم گەمەیەی ناوجەرگەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێئاگا نین، یانا ئیباسکۆڤا، ژنە پەڕڵەمانتارێکی پەڕڵەمانی یەکێتی ئەوروپایە، ئەندامی لیژنەی کاروباری دەرەوەی یەکێتی ئەوروپایە و لە ساڵی 2011 تا ساڵی 2015 باڵیۆزی یەکێتی ئەوروپا بوو لە بەغدا، ئەم خانمە وردەکاری و زانیاری درووستی لەسەر هەڵسوکەوتی داعش و تورکیا و کاردانەوەی وڵاتانی ڕۆژاوا کۆکردبووەوە، ڕاپۆڕتی لەبارەی هاوکاریکردن و مامەڵەکردنی هەندێ وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا و تورکیا لەگەڵ داعش و کڕین و فرۆشتنی نەوت، پێشکەش بە یەکێتی ئەوروپا کردووە، بێ ئەوەی هیچ کاردانەوەیەکیان هەبوو بێت، بە پێچەوانەوە ئیباسکۆڤا وەکوو سزایەک بۆ ئەو هەڵوێستەی دوورخرایەوە.
سیاسەتی نێودەوڵەتی، سیاسەتێکی دادپەروەر و بێ خەوش نییە، بەتایبەت کاتێک وزە دەبێتە کرۆکی بابەتەکە، لێرەدا زەرەرمەندی یەکەم باشووری کوردستانە، بە هەموو بوارەکانیەوە، چونکە پەروەردەکەی لەسەر بنەمایەکی دوژمنکارانە دژ بە کلتوور و بوونی خۆی سەرچاوە دەگرێ، ڕۆژاوای کوردستان بۆ ڕێگرتن لە داگیرکاری تورکیا، تا ئێستا زیاتر لە یازدە هەزار قوربانی هەیە، ئەی بە بوونی ئەو هەموو نەوت و گازە لە باشووری کوردستان، مامەڵەکردنی تورکیا ئەبێ چۆن بێ، ئەگەر خاوەندارێتی و ڕادەستکردنی سەرچاوەکانی سامانی سروشتی و بە کۆڵۆنیال کردنی نەبێ. [1]