ناونیشانی بابەت: شکستی حوکمڕانیی هەرێم لە درووستکردنی چینی ناوەند
ئامادەکردن: #مەدیحە سۆفی#
=KTML_Bold=ئەم وتارە لە 04-02-2020 نووسرارەوە و بڵاوکراوەتەوە=KTML_End=
ئێستا جیهان لە گۆڕانێکی خێرای چاوەڕواننەکراوە کە دواکەوتن لە بوارێکیدا، ڕەنگدانەوە و کاریگەریی بەرچاوی دەبێ بۆ دواکەوتن لە بوارەکانی دیدا. لە ئەگەری ئەوەی کە ڕەوڕەوەی گۆمەڵگا نەیتوانی لەگەڵ ئەو گۆڕانە خێرا و جارجار لەپڕەدا، هەنگاو بنێ، ناتوانێ ئاستی خۆی لەگەڵ ئاستی گەشەسەندن و پەرەسەندنی گلۆبالدا ڕایەڵ بکات. ئەگەرچی ئەمڕۆ تەکنەلۆژیا تا ڕادەیەک جێگەی هەندێ لە تواناکانی مرۆڤی گرتووەتەوە، لێ نە لە هەموو شوێنێک، و نە لە هەموو بوارێک و نە لە هەموو ئاستێکی کۆمەڵگەدا، بۆیە؛ پۆلینکردنی کۆمەڵگەیەک بەپێی ئاستی گەشەکردن و توانای گەشەسەندنی، دەوەستێتە سەر چەند بنەمایەک، لەوانە؛ ئاستی ئابووری، شێوازی دەسەڵات، ئاستی وشیاری، پەروەردە، سامانی مرۆیی و تەندرووستی. لێرەدا بابەتەکە ناخەینە چوارچێوەی توێژینەوەیەکی دەرەکی و دور لە ئەزموونی خۆماڵییەوە، بەڵکوو نموونەیەکی زیندوی کۆمەڵگەی خۆمان، لەژێر ڕۆشنایی زانستە هەنوکەیییەکانەوە، دەخەینەڕو.
یەکێک لە کێشەکانی ژینگە لە جیهاندا، زۆربوونی دانیشتووانە کە ئێستا نزیکەی 7، 7 ملیار کەسە و پێشبینیدەکرێ تا ساڵی 2030 بگاتە 8، 4 ملیار کەس. لە هەمان کاتدا، ژمارەی دانیشتووان ئەگەر ڕێژەیەکی زۆری لە دەستی کار و گەنج پێکهاتبێ، دەبێتە سامانێکی مرۆیی و وەکوو هێزێکی بنیاتنەر و کۆڵەکەی بەرهەمهێنان ئەژمار دەکرێ.
لە کوردستانی باشووردا، ئەگەرچی زیاتر لە چارەکە سەدەیەکە، هیچ سەرژمێریەکی تێدا نەکراوە، هیچ داتایەکی درووست و تەواو لەمەڕ ژمارەی دانیشتووانەوە بەردەست نییە، بەڵام بەپێی ڕێژەیەکی زۆری منداڵبوون، ئەو هەموو زانکۆی نیشتمانی و زانکۆ ئەهلییەی کە کاری تەنیا بەرهەمهێنانی بێکارییە، لەسەر بنەمای کەڵەکەبوونی چەندین ساڵەی دەرچووانی ئەو پەیمانگا و زانکۆیانە، دەتوانرێ بگوترێ کە باشووری کوردستان خاوەن ڕێژەیەکی زۆری گەنجە کە سامانێکی مرۆیی و گەنجینەیەکی زۆر گرنگە و کۆڵەکەی بوژانەوە و پێشکەوتنە ئەگەر وزەکەی لە داهێنان و بەرهەمهێناندا بخرێتە کار، بەڵام لە ئێستادا بوەتە بار بەسەر کۆمەڵگە و هیچ دەرفەتێکی نییە تواناکانی خۆی بخاتەگەڕ.
دەتوانرێ پرسیار بکرێ کە ئایا باری ئابووریی و بوونە خاوەن سامانی سرووشتیی وزە و کان و کانزا، بەتەنیا دەتوانێ گەشەی مرۆیی پەرەپێبدا؟ ئایا پێشکەوتن تەنیا لە بازنەی گەشەی ئابوورییدا سەنگی مەحەکه؟ یا ئایا باری ئابووریی هەڵکشاو بەبێ هاوپێچکردنی سامانی مرۆیی و پەروەردەی مرۆیی لە ناوخۆدا، هاوتا دەبێ لەگەڵ چەمکی گەشەسەندن و پێشکەوتن؟
مرۆڤ، سامان و کەرەستەیەکی خاوی ئەوەندە بەبەهایە کە لەژێر سێبەری پلانی حکومەتێکی دادپەروەر و نیشتمانیی، دەتوانێ ببێتە خوڵقێنەری پێداویستییە مۆڕاڵیی، کۆمەڵایەتیییەکان، داهێنەر و بەئەزموون و ، پاڵپشت بێ بۆ گەشەسەندن و پێشخستنی پێشکەوتنی کۆمەڵایەتیی و کۆمەڵاگە، بۆیە؛ ئەم بابەتە لە سەدەی بیستەمدا و لەلایەن پسپۆرەکانی نێو ڕێکخراوی نێودەوڵەتییدا بووە کرۆکی توێژینەوە و شیکردنەوە بو. محبوب الحق، ڕاوێژکارێکی پاکستانیی بەئەزموون و زرنگی بواری گەشەی مرۆیی بو لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا. هەروهەا پسپۆرێکی زۆر شارەزا بو لە میانەی ئابووریی و کۆمەڵایەتییدا. لەگەڵ هاوکارەکەی پڕۆفیسۆر ئەمارتیا سین، لە چوارچێوەی شیکردنەوەی چۆنییەتیی گەشەسەندنی مرۆڤدا، گەیشتنە ئەو ئەنجامەی کە دەبێ لە سێ ڕەهەندی سەرەکییەوە گەشەی مرۆڤ بخەمڵێنرێ نەک تەنیا لە ڕەهەندی ئابووریی دەوڵەتەوە، ئەویش ڕەهەندی تەندرووستیی، ئاستی خوێندەواریی، ئاستی ژیاریی هەر تاکێک یا وردتر بڵێین بەرکەوتەی هەر وڵاتییەک لە بەشە داهاتی نەتەوەیی وڵاتدا، بەم پێوەرەی دەگوترێت پێوەری گەشەی مرۆیی (Human Development Index) (HDI) ، ئەم پێوەرەش ساڵانە لەلایەن ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە ئامادە و بڵاودەکرێتەوە.
واتە پێوەری گەشەی مرۆیی، ئاستی ئەو وڵاتە دەردەخات لە خستنەگەڕی توانای سامانە مرۆیییەکەی لە بواری ئابووریی و کۆمەڵایەتیی و بەرهەمهێناندا. لە ئێستادا نزیکەی 1، 4 ملیار گەنج لە جیهان هەن و 89٪ ی لە وڵاتانی جیهانی سێیەمن. ئەگەر دەرفەتی تەواوکردنی خوێندن، تەندرووستیی باش، هەلی کاریان هەبێ، بێگومان پێشکەوتن و گەشەسەندنی بەدوادا دێت. هەر ئاستی ئەو وڵاتانەی جیهانی سێیەم، بەڵگەی ئەوەیە کە تا چەند سامانی مرۆییەکەی بوەتە هێزێکی ناوخۆ بۆ بەرهەمهێنان. بەڵام شەڕ، حوکمڕانیی نادیموکرات، بەرژەوەندیی حیزبیی، قۆرخکردنی داهاتی وڵات لەلایەن نوخبەیەکی پاوانخواز، هۆکارن کە سامانی مرۆیی سست و ناکارا بن. بۆ نموونە سووریا لە ساڵی 2012 دا لە ڕیزبەندی 122 بو لە پێوەری گەشەی مرۆییدا، کەچی لە ساڵی 2017 دا بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزی بەرەو ڕێزبەندی 155 ڕۆچووە خوارەوە.
نایەکسانی، کیشە و گرفت نییە، نایەکسانی کرۆک و کلیلی کردنەوەی دەروازەکانە بەرەو نادادپەروەریی کۆمەڵایەتیی و پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و داپڵۆسینی توانا و سەرکوتکردنی ویست و هەنگاوەکانی مرۆڤ. هەر لە هەناوی نایەکسانییەوە، نادادپەروەیی و بەرتەسکردنەوەی ڕای ئازاد، پێشێلکردنی مافی مرۆڤ دێنە کایەوە. نایەکسانی ئەو منداڵدانەیە کە سەرەتای شێواندنی چینەکانی کۆمەڵگەی تێدا لەداییکدەبێ، واتە نایەکسانی درمێکی ئەوەندە دڕندە و جیڕە، کە هەڵاتن لە ماکەکانی مەحاڵە و بنبڕکردنی کاردانەوەکانی، بە دەستەڵاتێک ناکرێ کە خۆی هۆکار و مامۆستا و پلانڕێژی ئەو نایەکسانییە بێت. هەر ئەو نایەکسانییەیە کە کۆمەڵگەی تێدا دابەشدەبێتە سەر دو چین؛ چینێکی تەنکی زۆر دەستەڵاتدار، کە تەنیا حیزب دەگرێتەوە، چینی ژێرەوە کە خەڵکی بێ دەرامەت و بێکار و بێزار دەگرێتەوە. ئەوەی لێرەدا ونە و جێی بەتاڵە چینی ناوەندە. چینی ناوەند ئەو چینە پڕ لە داهات و بەرهەم و توانایەیە کە جڵەوی پێشکەوتن و پەرەسەندن و گەشەسەندن دەگرێ، ئاساییشی ئابووریی و نیشتمانیی دابیندەکات. هیندستان وەکوو وڵاتێکی بوژاوە، هەناردەی سامانی مرۆیی دەکات بەرەو ڕۆژاوا کە لە ئینفۆڕماتیکدا پسپۆرن بێئەوەی هیچ وزەیەکی تەقلیدی هەبێ.
لە باشووری کوردستاندا، سامانی مرۆیی، بە بوونی ئەو هەموو سامانە سرووشتییەوە، کەچی لەبەر نایەکسانیی، نادادپەروەریی کۆمەڵایەتیی، نەخۆشیی، ژینگەیەکی پیس، نەبوونی هیچ پلانێکی داهاتو، بێکاری، نەبوونی هیچ بنەمایەکی پەروەردەیی و وشیارکردنەوە، نەبوونی هیچ بەرچاوڕوونی و ئەگەرێکی خۆشبینیی، دەناڵێنێ. ئەم دۆخە ئەگەرچی ئێستای وێران کردووە، بەڵام داهاتووش لەگەڵ خۆی هاوپێچی زەلکاوێکی ئاڵۆزتر دەکات.
هەر تاکێک لەژێر فشاری ترس، چاودێری، نەبوونیدا بێت، هەر تاکێک نەتوانێ پلانی ژیانی داڕێژێ، ئابوورییەکەی ئازاد نەبێ، لە پەراوێزدا بێ، وەکوو خاشاکێک مامەڵە بکرێ، بارگرانیی بێت بۆ دەتسەڵات، پەروەردە نەکرێ، تواناکانی لە بەرهەمهێناندا نەخرێتەگەڕ، موڵکی خۆی نابێ و ناتوانێ هزر و ئاسۆی بینینی واڵا بێت. هەروەها ناشتوانێ تەندرووست بیرکاتەوە و تەندرووست بژێت. گلۆبالیزم هیچ کاریگەریی لەسەر وێرانکردنی کەسێتیی تاک نییە، بەڵکوو ناهەموواری بەڕێوەبردن و چڵێسی حوکمڕانیی، سەرکوتکردنی سوپایەک لە هێزی مرۆیی و قۆرخکردنی ئازادیی و گەنجێتیی و پێشێلکردنی ئەو توانا خۆڕسکەی لە نەوت و گاز، بۆ ئامادەکردنی کۆمەڵگەیەکی تەندرووست، زۆر گرنگترە.
ئەو پێگە سەرەکییەی، دەتوانرێ ئاستی کۆمەڵگەی تێدا شیبکرێتەوە و ببێتە کۆڵەکەی گۆڕانە ئەرێنییەکان و بچێتە ڕیزبەندێکی ئەوەندە شیاو کە خاوەن ژیارێکی مامناوەندی بێت، تەنیا بوون و گەشەکردنی چینی سێیەمە. چینی سێیەم لە کۆمەڵگە، واتە بوونی کار و کارنامە و دەستی کار و کرێی کار، واتە دڵنیابوون لە دابینکردنی قوتی ژیان بۆ مەودایەکی تا ڕادەیەک دور، واتە دانانی پلان، واتە بوونی کارگە و کارخانە و پەروەردەکردن و خستنەگەڕی سوپایەک لە سامانی مرۆیی، واتە دەستەبەرکردنی دادپەروەریی کۆمەڵایەتیی، ماف، ڕێز، لە کۆتاییدا واتە پەیڕەوکردنی یەکسانی و خوڵقاندنی کۆمەڵگەیەکی تەندرووست، ئەوەی کە ئێمە نیمانە.
لێرەدا پۆلینکردنی وڵاتییان لە باشووری کوردستاندا بەپێوەری گەشەی مرۆیی، نە تەندرووستیی، نە خوێندەواریی، نە داهاتی بە پێی داهاتی نێوخۆیی نیشتمانیی بەرکەوتووە و بەردەکەوێ.
دوای ئەو مێژوە درێژخایەنەی خەبات، نەنگییە ببیتە خاوەن دەستەڵاتێکی وا کە سامانی مرۆیییەکەی بە ئەندازەیەک سەرلێشێواو و بێپلانە، لەژێر زەبری دەستبەتاڵی و بێکاری و بێبەرهەمی و بێبەرنامەییدا بناڵێنێ و خۆی بخواتەوە و ڕو لە کۆچکردن بێ. هێزێک کە لەژێر سێبەری ئەو حوکمڕانییەدا بوەتە بار، بوەتە تاکێکی سەرکوتکراو، پیشەکەی زەوت کراوە، ئەگەر سەر بە حیزب نەبێ ئەوە پەراوێز خراوە، لە بێهیواییدا بڕوای بە خۆی دۆڕاندوە.
یەکێک لە ئەگەری چارەسەرەکان، بنیاتنانی ناوەندی توێژینەوەی زانستییە کە لەژێر چاودێری کەسایەتیی شارەزا و پسپۆردا، بتوانێ ڕەهەندە کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و ئابوورییەکان پێکەوە گرێبدات و بەرچاوڕوونییەک بۆ دەربازکردنی ئەو سامانە خۆماڵییە هەبێ، پێویستی بە ناوەندێکی لێکۆڵینەوەیە کە لەسەر بنەمای زانستیی، ڕێوشوێنی شیاو بۆ بەربەستەکان بدۆزێتەوە و بە شیکردنەوەی گرێکوێرەکان و سەرەداوی چارەسەرەکان، بتوانێ سەرلەنوێ ئەو سامانی مرۆیییە ببوژێنێتەوە کە بەهێزترین پاڵپشتی بەردەوامییە بەرەو نوێخوازی و بەرهەمهێنانی خۆماڵی لەژێر دروشمی بەرهەمی خۆماڵی و پاراستنی ژینگەدا. [1]