$خۆشەویستی بە پۆستەوە$
#هێمن عەبدوڵڵا 2#
#16-12-2013#
لە وڵاتی ماندێللا ئەوەی سەرنجی ڕاکێشاوم فەرهەنگە بەنێوبانگەکەی لێبووردەیی نییە. چونکە لە ماوەی کەمتر لە سێ ڕۆژدا لەگەڵ زۆرتر لە سپیپێست و ڕەشپێستێکدا قسەم کردووە کە بڕوای بەو لێبووردەییە نییە. هەرچەندە بەراوردەکە ڕاست نییە، بەڵام کاتێک ئەفریقای باشوور دەبینم، یەکسەر بیر لە شیعەکانی ئێراق دەکەمەوە. بەراوردەکە بۆیە ڕاست نییە، چونکە ئەو توندوتیژییەی دوای دەسەڵاتدارێتی سیاسەتمەدارە شیعەکان لە ئێراق پەیدابووە، قەت بەراورد ناکرێت بەو هێمنییەی لەسایەی حوکمی ڕەشپێستەکاندا لەم وڵاتەدا هەیە. بەڵام لە هەردوو کەیسدا خۆشی بێ یان ترشی، شیعە و ڕەشپێستەکان زۆرینەی دەنگەکانی هەردوو وڵاتیان هەیە و تازە هەر حوکمڕان دەمێننەوە. مەگەر ئەوە خوایە ئەو تڕەکەڵەکەی ناوی لێنراوە (ئێراق) بڕووخێت و هەمووان بحەسێینەوە.
لە ئەفریقای باشوور وەکوو باشووری کوردستان باسی خەباتکارانی دوێنێ و بازرگانانی گەندەڵی ئەمڕۆ دەکرێت. کاتێک لەسەر شەقام لەگەڵ هەرکەسێکدا قسە دەکەیت و باسی سەرۆکی ئێستا و کاربەدەستانی ئێستای ئەفریقای باشووری لەگەڵ دەکەی، یەکسەر بەتووڕەییەوە وەڵامت دەداتەوە و دەڵێت: “کاتی هاتووە ئەوانە بڕۆن”. ئەوانە لەو ڕستەیەدا کۆمەڵێک کۆنە خەباتکارن کە جاران لێرە خەڵک بەدزییەوە وێنەکانیان لە ماڵی خۆیاندا هەڵدەگرت و لەسەری دەکەوتنە زیندان.
زۆرجار لە میدیاکانی ئەفریقای باشووردا ڕەخنە لە ماندێللا گیراوە کە بەرانبەر هاوخەباتەکانی جارانی بێدەنگە و لێیان قبووڵ دەکات گەندەڵی بکەن. بەڵام ماندێللا خۆی لە بیرەوەرییەکانیدا پاساو بۆ ئەو بێدەنگییەی دەهێنێتەوە و باسی ئەوە دەکات کە جووڵانەوەیەکی جەماوەریی وەکوو حیزبەکەی ئەوان کەسانی خراپ و هەلپەرستیشی تێدەکەون. ماندێللا پێیوابوو تەحەمولکردنی ئەو وردە دز و گەندەڵانە باشترە لەوەی کە جووڵانەوەیەک بەهۆی دووبەرەکییەوە تووشی نسکۆ ببێت.
ئەو قسانە لە کوردستانیش بە بەردەوامی دەبیسترێن. لەلای ئێمەش باسی گەندەڵی دەکرێت، بەڵام جیاوازییەکە ئەوەیە کە لە ئەفریقای باشوور تاوەکوو دوایین خاڵی سنووریش باشترین و پاقژترین ڕێگەوبان ڕاکێشراون. لە سەرتاسەری ئەو وڵاتەدا خزمەتگوزاری هەیە و مرۆڤ کە یەکەمجار دێتە ئەو وڵاتە هێندە شتی زۆرتر لە چاوەڕوانیی دەبینێت کە هەستدەکات زۆر زوڵمی کردووە بەهەڵە بیری لەو خەڵکە کردووەتەوە.
جوانترین وانە کە دەکرا و هێشتاش دەکرێت سەرکردەکانی ئێمە لە ماندێللا فێری ببن، ئەوەیە کە کاتێک ماندێللا لە زیندان ئازاد دەبێت، پێش هەموو شتێک بیر لە ئاوەدانکردنەوەی ئەو گوندە پاشکەوتووە دەکاتەوە کە خۆی تێیدا ژیاوە. ئەو خۆی بە زەبر و زەنگ لەسەر هاوناوچەکانی خۆی ناسەپێنێت. هەرچەندە ڕەنگە ئەوەی بەئاسانی پێ کرابووایە، بەڵام ڕێگەیەکی نزیکتر بۆ دڵیان هەڵدەبژێرێت کە خزمەتکردنیانە. کاتێک لەبارەی ماندێللاوە لە خەڵکی گوندەکە و دەوروبەری دەپرسیت، هیچ دانامێنن و یەکسەر باسی نەخۆشخانە و قوتابخانە و خزمەتە تایبەتەکانی ماندێللا بە منداڵانی ناوچەکە دەکەن. لە کوونۆ منداڵان زۆرتر لە گەورەکان ماندێللایان خۆشدەوێت، چونکە یارمەتیی داون فێری ئینگلیزی بن. پێشنیاز دەکەم سەرکردە و بەرپرسانی کوردستان هەریەکە سەفەرێکی کوونۆ بکەن و لێرە فێربن کە چۆن دەتوانن پۆستیشیان هەبێ و خەڵکیش خۆشیبوێن. [1]