$پەیکەرێک بۆ مەلا عەلی$
#هێمن عەبدوڵڵا 2#
#13-01-2014#
گرنگ نییە بزانین مەلا عەلیی کەڵەک شیر و مۆز دەداتە نەخۆشان یان شیر و میز، چونکە نەخۆش ئازادیی هەڵبژاردنی شێوازی چارەسەری خۆی هەیە، بەڵام گرنگە بزانین حکومەت چی دەکات بۆ ئەوەی مەلا عەلیی دیکە پەیدا نەبن؟ بۆچی وەک هەنگاوی یەکەمیش پەیکەرێک بۆ دۆزەرەوەی “شیرمیز” لە بەردەم وەزارەتی تەندرووستی دانانێت؟
مەلا عەلی دیاردەیەک نییە تازە دۆزرابێتەوە. دوو دەیە پێش ئێستا “بیردۆز”ە بەنێوبانگەکەی کە بریتی بوو لە بەکارهێنانی خورما و موو و ڕەشکە بۆ سکپڕبوونی ژنان، هەروەها بەکارهێنانی قورئان بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشیی کوشندە، وێردی سەرزاری خەڵک بوو. مەلا عەلی درووست کاتێک دەرکەوت کە سیستمی تەندرووستی لە کوردستان لە خراپ خراپتر بوو، ڕێگەی مووسڵ و بەغدا لەبەر نەخۆشی کورد جمەی دەهات.
ئەوکات نەخۆش لە کوردستان لەبەر بێدەرمانی و بێپارەیی دەمرد. لەنێو ئەو هەموو دڵتەنگییەدا مەلا عەلیی کەڵەک لە ڕێگەی خورافاتەوە ئومێدی دەدایە خەڵک بۆ ئەوەی نەمرن. بۆیەش نەخۆشی بێپارە و بێدەرمان و بێدەرەتان ڕوویان تێدەکرد.
ئێستا دوو دەیە بەسەر پەیدابوونی دیاردەی مەلا عەلیدا تێپەڕیوە و دەنگی لە جاران زوڵاڵتر و خورافاتەکانی لە پێشتر بڕواپێکراوترن. ئەمڕۆ باسی خواردنەوەی شیرمیز دەکات، دوور نییە سبەی، وەکوو پزیشکەکەی زوحاک، گێلاس و مێشکی گەنجان بکاتە دەرمان بۆ حوکمڕانان. بەڵام لەمەدا خۆ ئەوە مەلا عەلی نییە کە گوناهبارە، بەڵکوو ئەوە حکومەتە کە ڕێگە خۆشدەکات بۆ پەیدابوونی جەنابی وەکوو مامۆستا!
دوای دوو دەیە لە پەیدابوونی دیاردەی مەلا عەلی، هێشتاش نەخۆشی کورد بۆ سادەترین ئازار، ڕێی تاران و ئیستەنبوڵ و بومبای و عەممان دەگرێتەبەر.
دوو دەیەیە مەلا عەلی هەیە و نەخۆشی هەژار لە شەقامی پزیشکان لە #هەولێر# فێڵی لێدەکرێت و هەژارتر دەکرێت. پزیشک لە کوردستان چاوی نەخۆش دەردەهێنێت و وەک بەرزەکی بانان بۆی دەردەچێت. لە زانستی پزیشکیدا حاڵەتێک هەیە پێیدەڵێن “پلاسێبۆ ئێفێکت”. ماناکەشی ئەوەیە کە مادام نەخۆشێک بڕوای وایە بە فڵان دەرمان تەندرووستیی باشتر دەبێت، کەواتە دەکرێ باشتر ببێت. لە دەرمانخانەکانی ئەوروپا زۆرجار حەبی ڕەنگاوڕەنگ دەدەنە هەندێک نەخۆش.
حەبەکان هیچ دەرمانێکیان تێدا نییە، بەڵام لەبەرئەوەی نەخۆش بڕوای بە کاریگەریی حەبەکە هەیە پێی چاکدەبێتەوە.
ئەو دەرمانانەی مەلا عەلیش بۆ خەڵکی دادەنێت دەکرێ “پلاسێبۆ ئێفێکت”یان هەبێت، بەڵام مخابن ئەو دەرمانانەی حکومەتەکەی ئێمە دوو دەیەیە بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشییەکانی کەرتی تەندرووستی دایاندەنێت تەنانەت “پلاسێبۆ ئێفێکت”یشیان نییە.
بەردەوامیی دیاردەی مەلا عەلیش بەڵگەی بەردەوامیی شکستی حکومەتە لەو بوارەدا. من وەزیری تەندرووستی بم پەیکەرێک بۆ مەلا عەلی لە بەردەم وەزارەتخانەکەم دادەنێم، بۆ ئەوەی بەردەوام کە دەیبینم لەخۆم بپرسم: چی بکەین بۆ ئەوەی خەڵک پێویستیان بە ئێمە بێت نەک خورافات؟ [1]