$ئەخلاق لە ماڵە گەورەکەدا$
#هێمن عەبدوڵڵا 2#
#03-02-2014#
ڕەوشی یەکێتی زۆر لە ڕەوشی سکرتێری گشتییەکەی دەچێت. هەمووان دەزانین مامە بێتەوە یان نا ناتوانێ ببێتەوە بە مامەی جاران، بەڵام هەر وازناهێنین و گریمانەی ئەوە دەکەین ئەگەر ئەو هاتەوە، کێشەکانی یەکێتی چارەسەردەبن. هەمووانیش دەزانین یەکێتی نابێتەوە بە یەکێتییەکەی بەر لە ساڵی 2009، کەچی هەر دەپرسینەوە: چۆن یەکێتی وەکوو خۆی لێدێتەوە؟ هەم بۆ ئاییندەی #مام جەلال# و هەم بۆ پێشەڕۆژی یەکێتیش بوێرانەترین ئیش کە دەبێ سەرکردەکانی یەکێتی و جەماوەرەکەی بیکەن ئەوەیە واقیعەکە وەکوو خۆی قبووڵ بکەن.
یەکێتی کە دامەزرا شۆڕشەکەی ناونابوو شۆڕشی نوێی گەلەکەمان. شۆڕشێک کە بانگەشەی دەکرد هەڵەکانی شۆڕشی پێش خۆی، واتە شۆڕشی ئەیلوول، ڕاستدەکاتەوە. بەڵام دەیەی هەشتاکان و نەوەتەکانی سەدەی ڕابردوو، لەجیاتی ئەوەی دەیەی ڕاستکردنەوە بن، دەیەی ئەو پەنجانە بوون کە یەکدییان دەشکاند. ئەو یەکێتییەی ئێستا هێزی سێیەمە لە کوردستان، لەو دوو دەیەیەدا قەت قبووڵی نەبوو وەکوو هێزی دووەم سەیری بکرێت. بیرۆکەی بە فیفتی فیفتی بەڕێوەبردنی وڵات و بەدوایدا هەڵایسانی شەڕی براکوژیش هەر لەسەر ئەوەبوو کە ئەو و ڕکابەرەکەی، واتە پارتی، قبووڵیان نەبوو هێزی یەکەم نەبن.
ئێستا ساڵی 2014یە. ئەو مامەیەی تا دوێنێ یەکەمین سەرۆکی کوردی دەوڵەتی ئێراق و لەنێو حیزبەکەشیدا بەرجەستەکاری سیمبۆلیکانەی دەستەواژەی ماڵە گەورەکە بوو، ماوەیەکی نائاسایی درێژە ماڵێکی گەورەی سارد و سڕی لەدوای خۆی بەجێهێشتووە.
دانیشتووانی ماڵەکەش هەروا زۆرتر پەرتەوازە دەبن. دانیشتووانی ئەو ماڵە دەزانن ئەگەر مامە بشگەڕێتەوە جارێکی دیکە ناتوانێ ببێتەوە مامەکەی جاران و باوەشی گەرمی بۆ هەمووان بکاتەوە. بەڵام وەک خۆیان دەڵێن لەڕووی ئەخلاقییەوە خۆیان لەو ڕاستییە نەبان دەکەن.
هەر بە هەمان پێوەری ئەخلاقیش دانیشتووانی ماڵە گەورەکە دان بەوەدا نانێن کە کون و کەلەبەری ماڵەکەیان گەورەتر و گەورەتر دەبن و چیدی ناتوانن شان لە شانی باڵەخانە نوێ و کۆنەکانی دەوروبەریان بدەن.
ڕاست وایە سەرکردەکانی یەکێتی دوو شت بەیەکجاری یەکلایی بکەنەوە. یەکێکیان ئەوەیە کە چیدیکە چاوەڕوانی موعجیزە نەکەن و ڕێز لە مام جەلال بگرن کە سەردەمێک کۆکەرەوەی هەموویان بوو. واتە دان بەوەدا بنێن کە ئێستا لە قۆناغی پۆست مام جەلالدا دەژین.
دووەمیش ئەوەیە کە ئەگەر ئەو سەرکردانەی ئێستا پێکدی ناکۆکن، هێندە لە خەمی یەکێتییەکەیان و ماڵە گەورەکەدان، بەیەکجاری واز لە پۆستەکانیان بهێنن و ڕێگە بدەن نەوەیەکی نوێی کەمتر پێکناکۆک بێتە پێشەوە. ئەگەر یەکێتی ئەوە نەکات، لەڕووی ئەخلاقییەوە بێوەفایی لەگەڵ مام دەکات و ماڵە گەورەکەش دەکاتە کەلاوە. [1]