$سکی گەورە بۆ هەڵگوشین باشە$
#هێمن عەبدوڵڵا 2#
#24-02-2014#
لەم ڕۆژانەدا دانیشتووانی باشووری کوردستان بە جۆرێک هەڵسوکەوت دەکەن، وەک بڵێی قەت هەژارییان نەدیتبێ و هەرگیز ئابڵووقەی ئابوورییان تاقی نەکردبێتەوە.
خەڵک خووگرتوو بووە بە “پارەی ئاسان”. بۆیە حکومەتی کوردستان کارێکی باش دەکات کە سکەکان هەڵدەگوشێت، بەڵام نابێ هەموو سکێک هەڵگوشێ.
لە کوردستان کەموکووڕیی زۆر هەن. کەرتی تەندرووستی بەدەست کێشەی گەورەوە دەناڵێنێت. شێوەی بەڕێوەچوونی دادگاکان شایانی بەزەییە. فێرکردن هەیە، بەڵام پەروەردە پێناچێت لە 24 ساڵی ڕابردوودا هەر بیریشی لێکرابێتەوە. خراپیی سیستمی بەکارهێنانی هێزی مرۆییش لاولاوە بوەستێت. ئەو قەیرانەی بەهۆی بەتاڵبوونی بانکەکانیشەوە درووستبوو، پێشانیدەدات زۆربەی خەڵک ئامادەیە قسەی گەورە بکات، بەڵام هەڵوێستی مەزن پێشاننادات. گرنگترینیان ئەوەیە کە کەس بە دڵخوازی خۆی، تەنانەت بۆ دامەزراندنی دەوڵەتیش، سکی خۆی هەڵناگوشێت.
$کۆمەڵێک شت هەن چاک دەیانزانین:$
ڕۆژێک هەر دێت بەغدا بودجەکە ببڕێت، ئەو ڕۆژەش نزیکە کە چیدی #هەولێر# پێویستی بەو بودجەیە نابێت کە چارەکێکی داهاتی نەوتی خۆیەتی و بەغدا بە منەت بۆی دەنێرێتەوە. ئەوەش دەزانین کە دەبێ سنوورێک بۆ ئەو تەخشان و پەخشانکردنەی پارە دابنرێت کە ئێستا لە هەرێمی کوردستاندا ڕوودەدات.
لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا ئاسەوارێکی زۆر کاریگەریی سکهەڵگوشینی حکومەت لەسەرشەقام هەستی پێنەکرا. ئەو پڕۆژانەی پارەکانیان بەهۆی ئەو سکهەڵگوشینەوە ڕاگیرا کاریگەرییەکی وایان لەسەر ژیانی ئاسایی خەڵک درووستنەکردبوو تاوەکوو کێشەساز بن. هەروەها نیوەکردنی مووچەی کەسانی مووچەبەرز شەقامی خەمبار نەکرد و لەسەری وەدەنگ نەهاتن.
حکومەت لەم ڕۆژانەدا بە سکهەڵگوشین سنووری بۆ دەستبڵاوییەکانی دانا. بۆیە چاکە هەروا بەردەوام بێت.
ئەوەی نابێ سکهەڵگوشین بیگرێتەوە ئەو کارمەندانەن کە ئەگەر مووچەیان نەبێت کرێی خانوویان دوادەکەوێت و منداڵەکانیان خواردنیان لەسەر سفرە نامێنێت. باشتروایە بۆ ماوەی درێژ حکومەت سکە گەورەکان هەڵبگوشێت، چونکە بۆ تەندرووستییان باشە. سکە بچووکەکانیش بەتێری بهێڵێتەوە. [1]