$چی لە ژن بکەین؟$
#هێمن عەبدوڵڵا 2#
#03-03-2014#
بەوە نییە نۆ مانگی ڕێک لە سکی دایکماندا بووین. گرنگیش نییە کە کاتێک گەورەبووین خولیای ماچی کچۆڵەیەک و داڵغەی تێگەیشتن لە بزەیەک ئۆقرەی لێهەڵگرتبووین. قەیناکات کە خوشکەکانمان زۆرتر لە هەر کەسێکی دیکە خۆشیاندەوێین و ئومێدیان پێمانە. ئەوانە هیچیان ڕێگرنین لەوەی کە کاتێک تووڕەبووین یەکێکیان بکوژین.
پیاوە ژنانییەکان دەڵێن ئەو ڕەفتارانە لە ڕەفتاری پیاوی سەدەکانی نێوەڕاست دەوەشێنەوە. نووسەرێکی خۆبەشتزانیش پەڕتووکێکی ئەستوور دەنووسێت لەسەر باشییەکانی یەکسانی لە جڤاکدا و ئامۆژگاریمان دەکات چیدیکە ژن نەکوژین. عەمری نەمێنێ ئەو نووسەرە. خەجاڵەت بێت ئەو مێ-پیاوە. پیاوێک ژن نەکوژێت کەی پیاوە؟ ژنێک پیاو نەیکوژێت کەی ژنە؟
ئێواران کە دەچینەوە ماڵ، هەواڵی کوشتنی ژنێک نەبیستین دڵمان ئاو ناخواتەوە. چاوێک لە ژنەکانمان سوورنەکەینەوە، خەومان لێناکەوێت. شەقێک لە کچەکانمان هەڵنەدەین، هەستدەکەین ئەو ڕۆژە کالۆریمان نەسووتاندووە و خەریکە قەڵەوتر دەبین. کاتێک لە ژنێک دەخووڕین، خۆمان لە نەڕەی خۆمان دەترسین. هەستدەکەین خەریکە ئامادە دەبین بۆ نەڕاندن بەسەر ئەو پیاوانەدا کە ڕقمان لێیانە و قەت نەوێراوین سەیری چاویشیان بکەین.
ئێمە زۆر بەختەوەرین. چونکە لە وڵاتێکداین کە تێیدا ژنکوشتن وەکوو ئاوخواردنەوەیە. ڕاستە ڕێکخراوەکانی ژنانمان زۆرن و بودجە و مووچەی زۆریان بۆ تەرخاندەکەین. ڕاستە هەموو ڕۆژێک لەسەر تەلەڤزیۆن باسی ڕەتکردنەوەی توندوتیژی بەرانبەر ژنان دەکەین.
درووستە کە کاتێک ژنێک دەکوژین تەعزێشی بۆ دادەنێین و دەڵێین خۆی سووتاندووە یان خنکاندووە یان دەرمانخوارد کردووە، بەڵام شتی پیاوانەشمان زۆرن. بۆ نموونە لە قوتابخانە کوڕان و کچان لەیەکدی جیادەکەینەوە و لە منداڵییەوە فێریان دەکەین کە نابێ لێک نزیکببنەوە و لەیەکدی تێبگەن. کاتێک ژنێک لەدەرەوە کاردەکات، ئەگەر جوان بوو هەزار ناووناتۆرەی دوادەخەین و سووکی دەکەین. کە سووکیش بوو، بە هەڕەشە و گوڕەشە ئەوەی پێدەکەین کە دەمانەوێت.
ئێمە بەختەوەرترین پیاوەکانی جیهانین. هێندە بەختەوەرین کە ژنەکانمان حەزدەکەن ببنە پیاو. ئەم مانگە چوار ژن لە وڵاتی ئێمە بە کوژراوی دۆزرانەوە، بەڵام ژنەکانمان نە هاتنە سەرشەقام و نە ورتەیان لێوەهات. تەنیا لەنێوخۆیاندا کەوتنە مقۆمقۆ و گوتیان “کەس لەخۆڕا ناکوژرێت”.
وڵاتی ئێمە هێندە خۆشە کە کاتێک ژنی تێدا دەکوژین، هەر ژنان پاساومان بۆ دەهێننەوە و لێمان تێدەگەن. ئەوان دەزانن کە بۆ قازانجی خۆیان دەیانکوژین، بۆیە بە بزەوە دەمرن. لەوە زیاتر چی بۆ ژن بکەین؟ چۆن ژن وەڵامی ئەو هەموو پیاوەتییەمان دەداتەوە؟ ئیتر چی لە ژن بکەین باشە؟ [1]