$پێویستمان بە چاوسوورکردنەوەی مالیکییە$
#هێمن عەبدوڵڵا 2#
#11-03-2014#
ئەوەی واتێدەگات گرژییەکانی نێوان #هەولێر# و بەغدا لەسەر نەدانی مووچە و هەڕەشە و گوڕەشەکانی بارزانی و مالیکین، نیشانەی ئەوەیە وێنەکەی بەتەواوەتی نەبینیوە. ئەوەی پێشیوابێت ڕووداوەکانی ئۆکراینا کاریگەرییان لەسەر کوردستان نابێت، زوومی کامێراکەی تەڵخە.
شەڕی هەولێر و بەغدا لەسەر پەلهاویشتن بۆ لەویدیکە بێمنەتبوونە. هەولێر هیچ نیگەران نییە لەوەی مالیکی کەللەشەقی دەکات و بیانوو بەدەستەوە دەدات بۆ ئەوەی کورد هێندەی دیکە لە بەغدا دووربکەوێتەوە، چونکە دەزانێت کەللەشەقیی زۆرتری بەغدا، سەربەخۆیی زۆرتری ئابووری و سیاسیی کوردستانی بەدواوەیە. مالیکی و هاوبیرەکانی ئەم ڕاستییە دەزانن، بۆیە کێچ کەوتووەتە کەوڵیانەوە. بودجەبڕین و هەوڵدان بۆ درووستکردنی ناکۆکی لەنێوان کورددا دوو تەڵەن کە بەغدا تەقاندوونی، بەڵام لە هیچیاندا هەولێر پێوە نەبووە.
کەللەشەقیی زۆرتری بەغدا، سەربەخۆیی زۆرتری ئابووری و سیاسیی کوردستانی بەدواوەیە
هەرچەندە خەڵک لە کوردستان دەترسێن و گوشاریان لەسەرە لەبەر بێمووچەیی، بەڵام ئەوە کاتییە و وەکوو ڕۆژووگرتنی موسڵمانانە بۆچوونە بەهەشت. ئەوەش گرنگ نییە کە لەکاتێکدا هەموو کورد لە سیاسەتەکانی مالیکی پەستن و لەسەری هاودەنگن، سەرکردەیەک لە فڵان حیزب سەردانی دەکات، چونکە لەنێو فەردەیەک گوێزی باشدا یەکێکی پووچەڵی هەر تێدایە.
ئەو شەڕەی ئێستا هەولێر لەگەڵ بەغدا لەسەر سامانە سرووشتییەکان دەیکات نابێ ڕاوەستێت و سازشی تێدا بکرێت، چونکە شەڕی ئاییندە تەنیا لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا نا، بەڵکوو لە ئەوروپا و ئاسیای نێوەڕاستیش هەر لەسەر سامانە سرووشتییەکان دەبێت.
ئەمریکا خەریکە وردەوردە منەتی بە ناوچەکەی ئێمە نامێنێت بۆ دابینکردنی سەرچاوەکانی وزە و پشت بەخۆی دەبەستێت. ئەمەش وادەکات کەمتر لەجاران بایەخ بە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بدات. بەڵام ئەوروپا و چین ڕۆژبەڕۆژ زۆرتر پێویستیان بەم ناوچەیەیە کە ئێستا باشووری کوردستانیش تێیدا وەکوو یاریزانێکی گەنج لە کەرتی وزەدا دەرکەوتووە. ئەوروپا خووگرتوو بووە بە غازی ڕووسی و ناتوانێت دەستبەرداری بێت، بۆیە سەرەڕای پێشێلکردنی سەروەریی خاکی ئۆکراینا و هەوڵدان بۆ پارچەکردنی ئەو وڵاتە لەلایەن ڕووسیاوە، کەچی ئەوروپا هەڵوێستێکی شەرمنانەتر و نەرمتر لە ئەمریکای هەیە. خووگرتوویی ئەوروپا وای لێدەکات بیر لە ئەڵتەرناتیڤ بکاتەوە.
بەرژەوەندیی هاوبەشی کوردستان و ئەوروپا لەوەدایە چاوی سووری بەغدا بشکێنن
چارەی ئەوروپا چییە؟ ئومێد دەکرا پڕۆژەی نابوکۆ ببێتە چارەسەر. بەپێی ئەو پڕۆژەیەش، باشووری کوردستان یەکێک بوو لەو وڵاتانەی وای دەکرد ئەوروپا سەرچاوەی وزەی هەرزانتر و کەمدەردەسەرتر لە ڕووسیای دەستبکەوێت. ڕەنگە ئەو پڕۆژەیە سەرنەگرێت و کۆتایی پێهاتبێت، بەڵام دەبێ لە ئاییندەی نێزیکدا ئەوروپییەکان بیر لە ئەڵتەرناتیڤێکی دیکە بکەنەوە.
لە هەموو ئەڵتەرناتیڤێکیشدا دەکرێ کوردستانی تێدابێت. بەڵام کوردستانێک کە بەغدا چاوی لێ سووربکاتەوە، ناتوانێ هاوکارێکی باشی ئەوروپا بێت. بۆیە بەرژەوەندیی هاوبەشی کوردستان و ئەوروپا لەوەدایە کە بۆ نەهێشتنی چاوسوورکردنەوەی ڕووسیا، سەرەتا چاوی سووری بەغدا بشکێنن. [1]