$دەنگدەر تەقەش دەکات$
#هێمن عەبدوڵڵا 2#
#31-03-2014#
دیموکراسی وشەیەکی گوناهە و هەموو کەس پێیدەوێرێ. تەنانەت ئەوانەی بڕواشیان پێی نییە، وەکوو زەنگیانەی ڕەنگاوڕەنگ دەیکەن بە باڵای خۆیانەوە. بۆ نموونە کۆماری کۆنگۆی دیموکراتی هەموو شتێکە تەنیا دیموکراتی نییە. حیزبە چەپەکان لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئەمریکای لاتین ئامادە نین ئەگەر دەسەڵاتیان هەبێ لچێکی دەسەڵاتەکەشیان پێشانی نەیارە فیکرییەکانیان بدەن، کەچی لە ناوی ڕێکخراو و پارتەکانیاندا هەرگیز دیموکراسی غائیب نییە.
دیموکراسی کچێکی نازدارە کە هەموو کوڕێک، جا خۆشیبوێت یان نا، حەزدەکات لەگەڵ ئەو ناوی بهێنرێت و دەنکی بێت.
بیر لە دیموکراسییەکەی باشووری کوردستان بکەنەوە. بەر لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ڕابردوو، هێندەی ئەو گەڵا پاییزییانەی لە درەختەکان دەوەرین پارتە سیاسییەکان بەڵێنیان بە دەنگدەران دا کە خۆشگوزەرانیان بکەن و خەمیان بخۆن. کەچی درەختەکان گەڵای نوێیان گرتەوە و خەریکە دەوەرن، بەڵام پارتەکان لەسەر پێکەوەکارکردن (تۆ جارێ لە بەجێهێنانی بەڵێنەکانیان گەڕێ!) ڕێکناکەون.
لە ڕۆژاوای کوردستان ئیدارەیەکی خۆماڵی دامەزراوە و لە قوتابخانەکانەوە بگرە تاوەکوو دەگاتە ڕێکخراوە جەماوەرییەکان و تەنانەت ناوی پارتی خاوەن دەسەڵاتیش وشەی دیموکراسیی پێوەیە، بەڵام فرەحیزبی و بەشدارکردنی خەڵک لە حوکمڕانیدا لە قۆناخی ئاخ بۆ هەڵکێشاندایە. بەزمی کابرای ئاییندارە کە گوتوویەتی بەقسەم بکەن بەڵام بەکردەوەم نا!.
لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش ڕەوشەکە لەوە باشتر نییە. لەوێ دوو حیزب هەن کە دیموکراتن، بەڵام تەواو دیموکراتی نین. تاوەکوو چەند ساڵێک پێش ئێستا کاربەدەستانی ئەو حیزبانە ئامادەنەبوون تەنانەت لەسەر لاپەڕەی ڕۆژنامانیش وێنەیان یان لێدوانیان بکەونە تەنیشت یەکدی. لە یەک کەمپی پەنابەرێتیدا دەژیان و وەکوو دوو کۆریاکە بەشی سەرەوە هەقی خوارەوەی نەبوو. ڕێبەرانی ئەو حیزبانە مێشکیان پڕکردووین لە باسی گرنگیی دیموکراتیزەکردنی ئێران، بەڵام ئێستاشی لەگەڵدابێت نەیانتوانیوە لەنێوخۆیاندا بەرەیەکی یەکگرتوو درووست بکەن و فرەیی قبووڵ بکەن.
لە باکووری کوردستانیش دیموکراسی لەسەر کاخەز و نێو پەڕتووکانەوە تەشریفی نەهێناوەتە نێو دنیای واقیع. لە هەڵبژاردنە لۆکاڵییەکانی ئەمجارەی تورکیادا، ئەوەی بەنێوی کوردەوە لە میدیا جیهانییەکاندا تۆمارکرا، شەڕە تفەنگ و چەقۆی نێوان کاندیدەکان بوو. ئەو وێنانەی گوازرانەوە وێنەی خوێن و پێکدادان و کەللەڕەقیی دەنگدەران بوون.
دیسان لەوێش پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە کە کاتێک لەنێوخۆماندا دیموکراسییانە بیرناکەینەوە، چۆن دەتوانین چاوەڕوانیی ئەوە لە داگیرکەرانی کوردستان بکەین دیموکراسی بن لەگەڵمان؟ کاتێک خۆمان نموونەی ئەو گۆڕانکارییە نین کە دەمانەوێ لە دەوروبەرماندا ڕووبدات، چۆن دەتوانین ئەو چاوەڕوانییەمان لەو دەوروبەرە هەبێت؟
ڕەنگە ئێمە بەهەڵە لە دیموکراسی تێگەیشتبین. هێندە هەڵە کە پێمانوابێت دیموکراسی بەمانای پرسەگورگانەکردن بە خەڵک و دواییش پشتگوێخستنیان دێت. هەڵبەت خەڵکیش یادەوەریی لاوازە و ئەوەی زوو بیردەچێتەوە.
مانگی نیسان لە باشووری کوردستان مانگی بەڕێوەچوونی پڕوپاگەندەکانی هەڵبژاردن دەبێت. جا هەر ئەو خەڵکەی لە هەڵبژاردنی ڕابردوودا پرسەگورگانەیان پێکرا، دێنەوە سەرشەقام. زۆریش تووڕەیان بکەیت لەپێناو پارت و کاندیدەکانیاندا تەقەشت لێدەکەن. [1]