$چی بە ئێراقەوە دەمانبەستێتەوە؟$
#هێمن عەبدوڵڵا 2#
#15-04-2014#
پاش ڕووخانی ڕژێمی سەددام، هەرێمی کوردستان شانازیی بەوەوە دەکرد کە نموونەی ئێراقێکی نوێیە. ئێراقێک کە لەوەتەی هەیە تڕەکەڵەکێکی بەزۆر بەسەریەکەوە ڕۆنراوە و ئەوەی ڕایگرتووە گەمەی ڕۆڵگێڕە نێودەوڵەتییەکانە نەک خواستی خەڵکەکەی.
ئێمە دەمانەویست نموونەی ئێراقە نوێیەکە بین، بەڵام لەخۆمان زیاتر کەس بڕوای بەو ئێراقە نوێیە هەرگیز نەبووە. ئێستا کە وەک هەمیشە بە منگە و شەرمەوە باسی ئاییندەی خۆمان لە ئێراقی پاش سەددامدا دەکەین، چاک وایە بپرسین: چی لەگەڵ ئێراقییەکان بە یەکەوە دەمانبەستێتەوە؟
مانگی ڕابردوو لە دوو شوێنی جیاوازی باشووری کوردستان بووم کە بیریاندەخستمەوە چی بە ئێراقەوە دەمانبەستێتەوە. لە #هەڵەبجە#، کە بۆ دڵخۆشکردنی خەڵکەکەی بڕیارمانداوە ببێتە پارێزگا، گۆڕستانێکی گەورە، مۆزەخانەیەک و عەلییەکی دوای چەندین ساڵ دۆزراوەم بینی. عەلییەک کە لەبەرئەوەی ئێراقی بوو، تاوەکوو تەمەنی گەیشتە سەرووی بیست ساڵیش نە دایکی دیتبوو نە زمانی خۆیشی دەزانی. ئەوەی عەلیی بە ئێراقەوە دەبەستەوە وشەکانی (کیمیاباران) و (کۆمەڵکوژی) بوون. ئایا دەکرێ چاوەڕوانیی ئەوەمان لێی هەبێت کە بیر لە ئێراقێکی نوێ بکاتەوە و گەشبین بێت؟
لەگەڵ هاوڕێیەکمدا بەنێو شەقامەکانی کەرکووکدا تێدەپەڕین. لە یەکێک لە گەڕەکەکاندا دەروازە و پاسەوان دانرابوون. هاوڕێکەم، کە خۆی کەرکووکییە، دەیگوت: “ئەم گەڕەکە کوردییە و لەترسی دزەکردنی تیرۆریستان ئەو دەروازە و پاسەوانانەیان داناون”.
کەرکووکێک کە شۆڕشی کورد باجی گەورەی لەسەر پێداگیریکردن لەسەر کوردستانیبوونی داوە و دانووستاندنەکانی لەگەڵ بەغدا لەسەر تێکداوە، لە ئێراقی نوێدا نوایەکی ئارام نییە بۆ دانیشتووانی. شۆفێرێکی تەکسی لە #هەولێر# چیرۆکی ئەو ڕۆژانەی بۆ گێڕامەوە کە لە هەشتاکان لە کەرکووک دەرکراوە. ئەو هەولێرییانە قسەی دەکرد و دەیگوت: “من جارێکی دیکە ئومێدم بە چوونەوە کەرکووک نییە، بۆیە وازم لە لەهجەکەشم هێناوە”. دەبێ ئەو پیاوە هیچ بە ئێراقەوە بیبەستێتەوە؟
کاتێک پەنابەر بووین و لە شاری #نەغەدە#ی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەژیاین، دوو منداڵی عەجەم تێر لێیاندام. ئەوکات جەنگی ئێران و ئێراق بەردەوام بوو و گوناهی من ئەوەبوو کە ئێراقی بووم! من هەمیشە سوپاسی ئەو دوو منداڵە دەکەم. چونکە فێریانکردم نەوەیەک بەوە ڕازی بێت بەزۆر کرابێتە ئێراقی و هەوڵنەدات ئەوە بگۆڕێت، شایستەی تێهەڵدانە. نەوەیەک دوای ئەو هەموو مەرگەساتەی بەسەر نەتەوەکەی هاتووە ڕازی بێت هێشتا سەرکردەکانی باسی ئێراقیبوون بکەن، جا بەناوی فیدراڵی بێت یان کۆنفیدراڵی یان هەر ناوێکی دیکە، بۆ ئەوە باشە گەشتیارێکی عەرەبی ئێراقی لە شەقڵاوە پێیبڵێت: “ئێرە زۆر خۆشە، بە مەرجێک کوردی لێنەبێت”!
دیسان لەخۆت بپرسەوە: “چی بە ئێراقەوە دەمبەستێتەوە”؟ بۆ من ئێراقیبوون بیرەوەریی دوو شەقە تەڕەکەی دوو منداڵە عەجەمەکەیە. دوو شەق کە فێریانکردم ئێراق و کوردستان دوو وڵاتن لە تەنیشت یەکدی و کورد و عەرەبیش دوو نەتەوەی سەرەکی نین لە یەک دەوڵەتدا. تۆبڵێی سەرکردەکانی کوردستان ئەو شەقانەیان لەبیربێت کە بەهۆی ئێراقیبوونەوە خواردوومانە؟ [1]