$ناوچە دواخراوەکان$
#هێمن عەبدوڵڵا 2#
#28-04-2014#
جاران کێشەی هەرە گەورەی باشووری کوردستان و شۆڕشەکەی، ناوچە دابڕاوەکان بوو، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات بایەخی ئەو کەیسە کاڵتربووەتەوە.
ئەو ناوچانەی شۆڕشیان لەسەر کۆتایی پێدەهێندرا و مێزی دانووستاندنەکان بەهۆیانەوە ساردوسڕ دەبوون، بڕیاردان لەسەر چارەنووسیان ڕۆژبەڕۆژ دوادەخرێت. ڕاستتر وایە لەمەودوا ئەو ناوچانە ناوبنێین ناوچەی دواخراو.
ناوچە دواخراوەکان نزیکەی نیوەی خاکی باشووری کوردستان پێکدەهێنن. کەرکووک گەورەترین شاری ئەو ناوچانەیە و زۆرتر لە هەمووان باسیدەکرێت، بەڵام زۆر شار و گوندی دیکەش هەن کە دانیشتووانیان وەکوو خەڵکی #هەولێر# و #سلێمانی# و دهۆک دانیشتووانی ڕەسەنی کوردستانن. بەڵام ئەو ئازادی و خۆشگوزەرانییەی هەولێری و سلێمانی و دهۆکییەکان هەیانە، ئەوانە لێی بێبەشن. لە شۆڕشەکانی کوردستاندا، بەتایبەتیش لە شۆڕشی ئەیلول، ئەو ڕاستییە دەزانرا و پێداگیریش لەسەر سەلماندنی دەکرا. ئێستاش هەمان پێداگیری لە ئەدەبیاتی حیزبەکاندا هەیە، بەڵام ڕۆژبەڕۆژ خاوتر دەبێتەوە.
لە هەڵمەتی بانگەشەکانی هەڵبژارندا ناوچە دواخراوەکان زۆر کەم باسیانکرا. کاتێک کەیسێک کێشەی هەرە گەورەی وڵات و گەلێک بووبێت و لە هەڵمەتی بانگەشەکردنی هەڵبژاردندا کاندیدەکان بە گرنگی نەزانن باسی بکەن، چیدیکە کێشەی هەرە گەورە نییە. کێشەی گەورە پێویستی بە بیرکردنەوەی گەورە هەیە بۆ چارەسەرکردنی نەک بە قسەی ناو پەڕتووکان.
ڕژێمەکانی ئێراق دەیانوت کورد بۆیە پێداگیری لەسەر کوردستانیبوونی کەرکووک و ناوچەکانی دیکە دەکەن چونکە نەوتیان لێیە. ئەم تێگەیشتنە لە میدیای جیهانیشدا ڕەنگیدابووەوە، بەڵام هەمیشە سەرکردایەتیی کورد ئەمەی ڕەتدەکردەوە. کەچی دوای دۆزینەوەی نەوت لە ناوچەکانی دیکەی باشووری کوردستان، بە ڕێکەوت بووبێت یان بە بەرنامە، ئەو گەرموگوڕییەش بۆ سەلماندنی کوردستانیبوونی ئەو ناوچانە نەما. ئەمەش بەڕوونی لە شێوازی بەشداریکردنی حیزبە کوردییەکان لە هەڵبژاردنەکانی مووسڵ و بەدوایدا لە کەرکووکیش بەزەقی دەرکەوت.
هێشتا کابینەی نوێی حکومەتی کوردستان پێکنەهاتووە و دانووستاندن لەنێوان لایەنەکاندا لەسەر دابەشکردنی پۆستەکان بەردەوامە. یەکێک لەو پۆستانەی دانووستاندنی لەسەر دەکرێت و هەوڵدەدرێت حیزبێکی پێ قایل بکرێت بێتە نێو حکومەتەوە پۆستی سەرۆکی دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستانە. ئەگەر گەڕاندنەوەی ئەو ناوچە کوردستانییانە کێشەی هەرە گەورەی باشووری کوردستان بووایە، نەدەبووایە ئەو پۆستە و ئەو دەزگایە بخرێتە مامەڵەی پێکهێنانی حکومەتەوە.
دەبووایە لەجیاتی ئەوە، دەستەکە بکرێتە دامەزراوەیەکی پرۆفێشناڵی دەستڕۆیشتوو کە لەلایەکەوە زەمینەسازی بکات بۆ گەڕاندنەوەی ناوچە دواخراوەکان و لەلایەکی دیکەشەوە پلانی دوای گەڕاندنەوەیان دابنێت، نەک وەکوو ئیمتیاز بدرێتە ئەم حیزب و ئەو بزووتنەوە.
پرسیارێک کە لە باشووری کوردستاندا زۆر دەبیسترێت ئەمەیە: گریمان وای لێهات هەرێمی کوردستان بووە دەوڵەتی سەربەخۆ، ئایا کەرکووک و ناوچەکانی دیکەش بەشێک دەبن لەو دەوڵەتە یان چارەسەری کێشەکەیان وەک هەمیشە دوادەخرێت بۆ داهاتوو؟ بەو بێنازییەی ئەو ناوچانە لە ئەجێندای سیاسیی حیزبەکانی کوردستاندا هەیانە، پێناچێت پرسیارەکە وەڵامێکی دڵخۆشکەری هەبێت! [1]